لەحوکمی ستەمکارێکی عەرەبەوە بۆ حوکمی ستەمکارێکی کورد

Sunday, 29/11/2020, 22:19

4493 بینراوە


ئاشکرایە خەبات و قوربانیدانی کورد لەپێناو دامەزراندنی حوکمێکی دیموکراسی دادپەروەردا بووە، وەکو دەزانین حوکمی دیموکراسی لەسەر سێ کۆڵەکە بنیاد دەنرێت، یەکەم:حوکمی زۆرینە. دووەم: بەرقەرارکردنی یاسا. سێیەم:ئازادی ڕادەربڕین. 
لەیەکەمین ھەڵبژاردنەوە کە لەساڵی ١٩٩٢ ئەنجامدرا تاوەکو ئێستا ھەردوو حیزبە سەرەکییەکە بۆ بەدەستھێنانی زۆرترین دەنگ، پەنایان بۆ ساختەکاری و بەرتیل و کڕینی دەنگ و ھەڕەشە و ترساندن بردووە، واتە یەکەم کۆڵەکەی حوکمی دیموکراسی لەسەر بناغەیەکی ڕزیو بنیاد نرا.
جگە لەوە لەبەرقەرارکردنی یاسادا، ھەردوو حیزب لە دوای ڕاپەڕینەوە بە دزین و ئاودیوکردنی کارگە و ئامێرە بەجێماوەکانی سەردەمی بەعس بۆ ئێران و تورکیا دەستیان پێکرد، ھەر حیزبە لەھەوڵی کۆنترۆڵ کردنی زۆرترین خاڵی گومرگی بوو، بۆئەوەی زۆرترین پارە و داھات بۆ بنەماڵە و حیزب کۆبکەنەوە، واتە خۆیان دەست پێشخەر بوون لە یاسا شکێنی و دەست درێژی کردنە سەر ماڵی گشتی، ھەروەھا جیاوازی لە جێبەجێ کردنی یاسا بەسەر ئەوانەی سەر بەحیزبەکەتن لەگەڵ ئەوانەی کەسەر بە حیزبەکانی ترن، بۆ نموونە ئەگەر کەسێکی سەربە حیزب کەسێکی تر بکوژێت، ئەوە ناگیرێت و سزا نادرێت، پاش ماوەیەک لەڕووداوەکە پیاماقوڵانی حیزب دێن، سوڵح دەکەن بەبڕێک پارە ماڵی کوژراوەکە ڕازی دەکەن، بەمەش بنەمای دووەم لەحوکمی دیموکراسی بەبۆشی بەجێ ھێڵدرا.
سەرەڕای ئەوانە لە کۆڵەکەی سێیەمدا کە ئازادی ڕادەربڕین و مافە مەدەنییەکانە، ھەردوو حیزب ھەستان بە لەقاڵبدانی کۆمەڵگە. ئەویش بە کۆنترۆڵکردن و بەحیزبی کردنی ھەموو کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی مامۆستایان و خوێندکاران و ژنان و کاسبکاران و پزیشکان و پەرستاران....ھتد، بەمەش ھەموو کۆمەڵگە بەحیزبی کران، پانتای ئازادی ڕادەربرین بەرتەسک کرایەوە یان بگرە ھەر خنکێنرا، ئەگەر ھەر دەنگێکی ئازادیش ناوە ناوە دەرکەوت بێت، ئەوە یان بەپارە و سامان کڕدراوە یان بەھەڕەشە و تۆقاندن بێ دەگ کراوە، ئەگەر ئەوانە ئەنجامی نەبووبێت، ئەوە تیرۆر کراوە، کەواتە ئەوەی پارتی و یەکێتی کردویانە بۆ لەقاڵبدان و بێدەنگ کردنی کۆمەڵگە، ھیچی کەمتر نەبووە لەوەی کە حیزبی بەعس کردویەتی.
بەداخەوە خەبات و قوربانیدانی ئەو خەڵکە ڕەنجدەر و چەوسایەی کە لە گوندەکاندا نان و ماڵی خۆی لەگەڵ ئێوە «پارتی و یەکێتی» بەش دەکرد، بۆئەوەی ئێوە بگەیەنێت بەدەسەڵات، نەبووەھۆی دروستبوونی حوکمێکی دیموکراسی دادپەروەر، بەڵکو تەنھا بووەھۆی گۆڕینی ستەمکارێکی بەعسی عەرەب بۆ ستەمکارێکی کورد. لە دەرئەنجامدا دەتوانین بڵێین تا ئەوکاتەی ھەوڵەکان بۆ گۆڕینی دەسەڵات بێت نەوەک بۆ گۆڕینی بیروبۆچوونی تاک بەئاراستەی دامەزراندنی حوکمێکی دیموکراسی دادپەروەردا، ئەوە بەردەوام لەبازنەیەکی داخراودا دەخولێینەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە