کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکا لە ٢٠٢١دا!

Thursday, 12.03.2020, 23:20

3093 بینراوە


ئەمریکا یاریکەرێکی سەرەکییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە بەکارهێنانی هەموو تواناکانی بە هێزی گەرم و هیزی نەرم و بەگڕخستنی گشت کارتە سیاسیەکان، هەوڵی سەرکەوتنی بەرنامە و پلان و ستراتیژیەتی داڕێژراوی خۆی دەدات لە ناوچەکەدا، بە تایبەتی لەو وڵاتانەی کە بە دنیای عەرەبی و ئیسلامی ناسراون. ئەڵبەتە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بەو وڵاتانە مانا و مەغزای گرنگی هەیە، بۆیە هەموو ئەوانەی لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دانیشتوون لەو ناوچەیە، چاویان لەوەیە و هیوا دەخوازن کە، ئەو هەلانەی کە لە زەمانی ترامپدا بۆیان نەڕەخسا بوو، بە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ و هاتنی بایدن و دەستپێکردنی ساڵی ٢٠٢١ بۆیان بڕەخسێت. 

عیراق و ئیران و باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە لە سیاسەتی دەرەوەی زلهێزەکاندا پێگەی تایبەتی هەبووە و هەیە، بە تایبەتی ئێسستا کە ناوچەکە ڕووبەڕووی تەحەدیاتی ئێجگار مەزن لە بواری سیاسی، ئابووریی، سەربازی دەبێتەوە. کارێگەرترین فاکتەر لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و ناسەقامگیری ئاسایش، جەنگی مەدەنی و ناتەبایی نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی ئەو دەڤەرە و بوونی ململانێی زلهێزە ناوچەیەکان و دنیایە، کە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندیی و دەستکەوتی پشکی شێڕ لە سامانە سروشتییەکان، لە ئاو، خاک و ئاسمانی ناوچەکەدا، زەمینەیەکی پڕ لە دڵەڕاوکێ و ناسەقامگیری سیاسیی و ئابووریی و سەربازییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خوڵقاندوە. بێگومان ئەم ئاڵۆزییە، کاردانەوەی لەسەر عیراق و کوردستان بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەبووە و لەهەمان کاتیشدا بووە بە کۆسپ لەپێش دارشتنی سیاسەتی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە بە تایبەتی لە عیراق و ئیران و کوردستان.
لە عیراق ئەم دۆخە لەسەر هەردوو ئاستی ناوەند و هەرێم، تایبەتمەندیەکی بە سروشتی پارت و هێزە بچووکەکان و سەڕۆکەکانیش بەخشیوە. ئەم دیاردەیە بە زەقی لە ئاست سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی و گۆڕان کە هەرسێک بەشدارن لە دامەزراندنی حکومەتی بنکە فرەواندا بە ئاسانی تێبینی دەکرێت. سەرانی ئەو پارتانە توشی ڕاڕای و بێمتمانەی بەخۆ بوون، لە میللەت دوورکەوتونەتەوە، لە ماڵی بارزانی نزیکبوونەتەوە، بۆشایەکی مەزن لەنێوان بەرژەوەندیی ئەوان و میللەت دروست بووە، کە وەک دوو هێڵی تەریب هەرگیز بەیەکتر نەگەن و ناتوانن خاوەن ئەجێندای تایبەت بن. 
دەستڕۆیشتووەکانی هەولێر و سلێمانی بەهێزی خۆیان لە پشتیوانی ئەم زلهێزی ناوچەی و ئەو زلهێزی دنیا دەبینن، هەژمار بۆ هێزی گەل ناکەن، بۆ بەرژەوەندیی و مانەوەی خۆیان، تەنیا لە فەلەکی هێزە ناوچەیەکان و دنیادا دەخولێنەوە، لەشکرێک لە کادیری ناوەندی بێهەڵوێستی، ڕاڕای پارەپەرستی بێ پرنسیپیان لە دەوروبەری خۆیان کۆکردۆتەوە، کە لەسەر ماستاو ساردکردن و لاشەی تەکەتولات و دەرپەڕاندنی یەکدی مرغ لە بەدەستهێنانی پۆستی حکومی وەک وەزیر و وەکیلی و خوارتر خۆشکردوە و بۆ ئەو مەبەستەش بەرامبەر پارتی و بنەماڵەی بارزانی ناوێرن لەل بکەن، بۆ ئەوەی کە کاتێک پارتەکەیان ناویانیان پێشنیار کرد بۆ ئەو پۆستانە ماڵی بارزانی ڕەزامەند بن و کێشەیان بۆ دروست نەکەن لە مسۆگەر کردنی. ئەم دیاردەیە لە دوای ٢٠٠٣وە تا ٢٠٢٠ لەنێو گشت پارتەکانی باشوور لە پەڕەسەندنە کە کادیری ناوەند دەبێت خۆی بدزێتەوە لە هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر پارتی و ناوی بنەماڵەی بارزانی نەهێنێت، نمونە هێندێک لە کادیرانی گۆڕان و یەکێتی بەبێشەرمی لە میدیاکاندا پاڵپشتیان لە بیرۆکەی بوونی "مەسعود بارزانی بە مەرجەع" دەکرد، بێگومان ئەو دیاردەیە زێتر لە جاران لە پەڕەسەندن دەبێت لە ساڵی ٢٠٢١دا!
بە سەدان میدیای ڕاڕا و نووسەری قەڵەم فڕۆش لە هەرێم بەرهەم هاتووە، کە لە ئەنجامدا هەموویان لە گەندەڵی نوقوم بوون، حکومەتی بێ یاسا و داد، میللەتێکی ون لەم گێژاوەیەدا لە بازنەیەکی داخراودا دەخولێتەوە، بە دەستی ئەو پارت و ئەم سەرکردە بە ناوی ئۆپۆزسیۆن بوون دەنگیان کپ کراوە وەک ئەوەی سەرانی گۆڕان کردیان، کە لەسەر سینیەکی زێرین وەک سەوقات شاڵاوێک لە دەنگی ناڕەزایان پێشکەش بە سەرانی پارتی و یەکێتی کرد و لە ئاکامدا شەقامی بێ ئۆپۆزسیۆنیان بۆ دەسەڵاتداران فەراهەم کرد. 
دەبێت ئەوە بگوترێت کە دەنگۆی ئەوە هەیە کە، لە باشووری وڵات هەوڵی نەزۆک بۆ دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن لەنێو هەندێک کۆنە پەرلەمانتاری پارتەکانی باشوور یان ئەوانەی پۆستی باڵایان لە ڕابردوویەکی نزیکدا لەسەر لیستی پارتە ئیکسپایەرەکانی باشوور مسۆگەر کردبوو هەیە و دەرکی پێدەکرێت، کە دەیانەوێت بە ناوی خەباتی مەدەنی موچەی باڵا و خۆشگوزەرانی لەدەست نەدەن و لەلایەکی دیکەش خەڵک فریو بدەن بەوەی کە ئەوان پاڵپشتی لە دەنگی ناڕەزای شەقام دەکەن و هەوڵی دامەزراندنی ئۆپۆزسیۆن دەدەن! ئەم جۆرە هەوڵانە هەر بەنەزۆکی لە دایک دەبن و هەر بەنەزۆکیش دەمرن! باشووری کوردستان ساڵ لە دوای ساڵدا تا تەواوبوونی ساڵی ٢٠٢٠یش باجێکی قورسی ئەو واقیعە تاڵە دەدەن، ئاماژەکان دەریدەخەن کە ساڵی ٢٠٢١یەکیش لەسەر هەمان وتیرە دەڕوات ئەگەر شەقام نەجوڵێت و ئۆپۆزسیۆن لەنێو جەرگەی ناڕەزایی دەنگی خەڵکدا سەرکردایەتیەکی ڕۆشەنبیری پێکهاتوو لە کەسانی پاک، ئازا و چاونەترس و لەخۆبردوو و متمانەبەخۆبوو بەشێوەیکی سروشتی لە دایک نەبێت و گەشە نەکات و نەیەتە پێشێ! 
کەسێک کە لە نزیکەوە ئاگاداری هەموو ڕووداوەکانی عیراق و کوردستان و گرفتی نێوان کەمە نەتەوەکان، کێشەی نێوان مەزهەبە جیاوازەکان و میلیشیاکان و بەکرێگیراوانی ئیران و کەسایەتیی سەرانی پارتە کوردیەکان و عەرەبەکان لە عیراق بێت، ئەوا بێگومان جۆن بایدنە، کە زێتر لە ٢٠ جار سەردانی عیراقی کردوە و لە نزیکەوە لەگەڵ ڕووداوەکان ژیاوە. ئەو یەکێک بووە لەو کەسانەی کە هەمیشە تێبینی لەسەر هەڵوێستەکانی ترامپ هەبووە، دژی ئەوە بووە کە ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئیرانی بکشێتەوە، لەبەرئەوە دوای دەستبەکاربوونی، عیراق یەکێک دەبێت لەو مەلەفە گرنگانەی کە بە شارەزایی ئەزموونێکی قوڵەوە، بایدن کاری لەسەر دەکات. 
ترامپ لە سەرەتای هاتنی بۆ کۆشکی سپی، لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەدا سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەند پڕۆژەیەکی ڕاگەیاند لەوانە، دژایەتی کردنی پرۆگرامی ئەتۆمی ئیران، دواتر سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئەو وڵاتەدا و هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی دەستوەشاندنی ئیران لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی میلیشیاکان و هەوڵدان بۆ کزکردنی دەسەڵاتیان لە عیراق، کوردسستان، ئەفغانستان، پاکستان، لبنان و سوریا و بەگشتی لە ناوچەکەدا و دواتریش کوشتنی قاسم سلێمانی و هەوڵدان بۆ هەڵوەشانەوەی حکومەتی عادل عەبدولمەهدی و پشتیوانی کردن لە دەنگی ناڕەزایی شەقامی عیراقی و دروشمی " ئیران بۆ دەرەوە" لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩دا و سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا.
ئەم سیاسەتانەی ئەمریکا بەرامبەر بە ئیران لەژێڕ ئیدارەی ترامپدا بۆ ماوەی چوار ساڵ بۆ میللەتی کورد لەهەر چوارپارچەی کوردستاندا دەرەتانێکی مێژووی بوو، کە بە شێوەیەکی سروشتی لە ئەنجامی گۆڕانی هاوکێشەی پەیوەندییە نێو دەوڵەتیەکاندا هاتە پێشێ، کە ڕەنگە ئەو دەرفەتە دووبارە نەبێتەوە نمونە، ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەلایەن پارتەکەی بایدن کاتێک کە ئۆباما بوو بە سەڕۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئیران واژۆ کرابوو، پێش هەڵبژاردنەکانیش بایدن لەچەند چاوپێکەوتنێکدا بەتایبەتی لە سی.ئێن.ئێن ڕایگەیاند کە ئەو هەوڵدەدات ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ ئیران دووبارە کارا کاتەوە، بە مانایەکی دی کاراکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە و بوونی ئیران بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی ئەگەر لە بەرژەوەندیی گشت دنیادا بێت ئەوا بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندیی میللەتی کورد نییە. جا لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە، کە ئایا لەم کەینوبەینەدا پارتە کوردییەکان بە شێوەیەکی گشتی و ئەوانەی ڕۆژهەڵات و باشوور بەتایبەتی، تا چی ئاستێک گیانی هاوکاری و هاودەردیان پەرەپێدا، توانیان لەو هەلە مێژوویە سوودمەند بن، بتوانن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەستەکەوتێک بۆ پرسی کورد بپچرکێنن؟ یان پارتە سەرەکییەکانی باشوور ئەوانەی نوێنەریان هەیە لە پەرلەمانی عیراق و خاوەن چەند وەزیرێکن لە بەغداد کە نوێنەرایەتی گەلی کوردیان لە مستدایە، تا چی ئاستێک توانیان لەو دەرەتانە سوودمەند بن و لە بەغداد پێداگری بکەن لە مافە ڕەواکانی میللەتی کورد لە باشوور!؟
خوێندنەوەی ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠٢٠ و ئەزموونی چوار ساڵی ڕابردوو تا ترامپ لە دەسەڵاتدا بوو، پێمان دەڵێت، کە پارتەکانی باشوور لە بەغداد تەنیا بە بابەتی بێناوەڕۆک خۆیان و میللەتیان غافل کرد وەک بابەتی ، موچە دێت یان موچە نایەت!؟ پڕۆژە یاسا و لیژنە دروست کردن، پروپاگەندە دەربارەی پەیوەندییەکانی ناوەند و هەرێم یان شاندی هەرێم هات و چوو بۆ بەغداد یان ئەو کۆمپانیا و ئەم کۆمپانیای بیانی گرێبەستی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ هەرێم واژۆ کرد!؟ سەرانی پارتەکانی باشوور لەوە بترازێت نەیانتوانی لەو دۆخە کە ماوەی چوار ساڵی برد سوودمەند بن، وەک پیشەی هەمیشەیان هەر بە جاشی ئیران و پاشکۆی سەڕۆک ئەو پارت و ئەم پارتی عەرەبی شیعە مانەوە و هەریەکە هەوڵی دا پارێزگاری لە پۆستەکی خۆی بکات و گیرفان پڕ بکات. ئەڵبەتە ئەم دۆخە تەنیا چارەسەری بەدەست شاڵاوێکی ناڕەزایی جەماوەرییە کە لەبنوبۆتکەوە ڕێشەکێشی ئەو ستەمکارانە و ناهەقییە بکات و بتوانێت هەموو ئەو گەندەڵ و گەندەڵکارانە لە دەسەڵاتدا ڕاماڵێت، ئەگەر ئەوە نەبێت ئەوا چاوەڕوانی ئەوە ناکرێت ساڵی ٢٠٢١یش مژدەی ڕزگاربوون و سەرفیرازی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت! 
لەسەر ئاستی عیراق، هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ هیچ ئاکامێکی پۆزەتیفی نابێت، هەمان پارت و هەمان دەموچاو لەژێر پەردەوە یان لە دەرەوە، ڕێشمەی جۆری بەڕێوەبردنی حکومەتی عیراقیان لە دەستدا دەمێنێت، دۆخی سیاسی بەهەمان شێوەی ئێستا بەردەوام دەبێت، بەڵام چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە شەقامی ناڕەزا لە باشوور و ناوەڕاستی عیراق خامۆش نەبێت!

ئیسرائیل و ئەمریکا و سعودیە 

ئیدارەی ترامپ، بەبێ سڵمینەوە لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، پشتیوانی لە ئیسرائیل کرد. هەنگاوی بۆ جێبەجێکردنی "پرۆژەی سەدە"ی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکان نا. باڵوێزخانەی ئەمریکای بۆ شاری قودس گواستەوە، کە ددانپێدانێکی ئاشکرا بوو کە ئەو شارە پایەتەختی ئیسرائیلە، هەروها بە ماوەیەکی کەم پێش هەڵبژاردنەکانی سەڕۆکایەتی ئەمریکا پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات و بەحرێنی ئاسایی کردەوە و چەند ڕێککەوتنێکیان لەسەر ئاستی سەربازی و ئابووری واژۆ کرد، کە چاوەڕوان دەکرێت پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل هەر وەک هەمیشە لە ساڵی ٢٠٢١یەکیشدا بەردەوام بێت و بەهاتنی بایدن هیچ گۆڕانکاریەکی نێگەتیڤانە لەو پەیوەندییە ڕوونەدات. 
پێش هەڵبژاردنەکانی سەڕۆکایەتی ئەمریکا، بایدن چەند جارێک لە میدیاکاندا دوپاتی کردەوە، کە ئەو ئەگەر بوو بە سەڕۆکی ئەمریکا، باڵوێزی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل نایەنێتەوە تەلئەبیب، لەگەڵ ئەوەشدا ئیسرائیل نیگەرانی ئەوەیە کە بایدن وەک ئۆباما هەل برەخسێنێت بە تایبەتی بۆ مەسەلەی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی، کە ئەمە خاڵی هاوبەشی نێوان سعودیە و ئیسرائیلە هەردووکیان دژی ئیران لە بەرەیەکدا خۆیان دەدۆزنەوە. بەگوێرەی میدیای ئیسرائیلی بێت لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بە نهێنی سعودیە و ئیسرائیل لە سعودیە کۆبۆنەوەیەکیان دەربارەی ئەو بابەتە کردوە، پێویستە ئەوەش نەبوێرین کە ترامپ زەمینەیەکی ساز کردوە بۆ نزیک بوونەوەی ئەو دوو وڵاتە و پشتیوانی ناتانیاهۆ و ئەمیر موحەمەد بن سەلمانی کرد. ئەمە ئاماژەیەکە کە ئیسرائیل و سعودیە بە ئاشکرا یان بە نهێنی بێت دژی هەژموونی ئیرانن لە ناوچەکە، کە بێگومان کورد دەتوانێت لەو هاوکێشەیە سوودمەند بێت. ئەگەری ئەوە هەیە سعودیە و ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢١دا زێتر لە یەکتر نزیک بنەوە، بێگومان هەر گۆڕانکاریەکی پۆزەتیفانە لە هەڵوێسستی ئەمریکا بەرامبەر بە ئیران، دەبێتە هۆی زویر بوونی سعودیە، کە وڵاتێکە لە ناوچەکە بۆ ئەمریکا ئێجگار گرنگە و پێگەی بەهێزی هەیە لە ناوچەکەدا. لەبەرئەوە چاوەڕوان دەکرێت کە بایدن هەوڵبدات هاوکێشەی پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ هەردوو وڵات ڕابگرێت. 
سعودیە، هەوڵدەدات زەمینە سازی بکات بۆ ئەوەی پەیوەندیی لەگەڵ بایدن وەک پەیوەندییان لەگەڵ ترامپ بێت، هەروها جگە لە مەلەفی ئیران، سعودیە نیگەرانی هەڵوێستی بایدنە بەرامبەر بە قەتەر، بە تایبەتی دوای ئەوەی پێش هەڵبژاردنەکان بایدن لە میدیاکانەوە بە ڕاشکاوانە گوتی، کە ئەو پشتیوانی لە سعودیە ناکات لە هاندانی جەنگی مەدەنی لە قەتەر، بۆیە موحەمەد بن سەلمان ئەمیری سعودیە ڕایگەیاند کە ئەو ئامادەیە کێشەی لەگەڵ قەتەر چارەسەر بکات وەک دیاریەک بۆ جۆن بایدن، واتە لە سەرەتاوە سعودیە هەوڵی دروست کردنی پەیوەندیەکی پتەو لەگەڵ بایدن دەدات.
ئەوەی دەبێت بگوترێت ئەوەیە کە قەتەر یەکێکە لە کێشەکانی ئەو ناوچەیە، کە تاوانبار دەکرێت بەوەی کە دەستی لەگەڵ داعشدا هەبووە، یارمەتی سەربازیی و ماڵی زۆری داون، ئەو کەناڵی ئەلجەزیرەی بۆ مەرامی تایبەتی دژ بە سعودیە بەکارهێناوە و لەلایەن ئەمریکاو وڵاتانی کەنداو داوای لێکراوە کە بنەکەی سەربازیی تورکیی لە وڵاتەکەی نەهێڵێت و کەناڵی ئەلجەزیرەش دابخات و پەیوەندیی لەگەڵ ئیران نەمێنێت. ڕوون نییە کە قەتەر لە ساڵی ٢٠٢١دا ئامادەبێت ملکەچ بکات بۆ ئەو داوایانەی وڵاتانی کەنداو و لە تورکیا و ئیرانیش دووربکەوێتەوە! بەڵام ئەگەری هەیە ئەویش مەرجی خۆی بخاتە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو ناچار بکات بە مەرج و داواکانی ڕازی بن بەرامبەر بە گۆڕینی سەنگەر. 

تورکیا، سوریا و باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان

ڕۆژئاوای کوردستان بۆ سەد ساڵ دەچێت لەنێو چوارچێوە و سنووری سوریایە، لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا ڕۆڵی سەرەکیی دەبینێت لە کزکردنی خەبات و تێکۆشانی کوردانی ئەو دەڤەرە، ئەم واقیعە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و زلهێزەکانی دنیاش نامۆ نییە، لەبەرئەوە کاتێك کە باسی بەرخوردانی ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان دەکرێت، ناکرێت بازبدرێت بەسەر ڕۆڵی نێگەتیفی تورکیا لە کۆڕ و کۆبونەوە نێودەوڵەتیەکان و جوڵە سەربازییەکانی دژ بە میللەتی کورد بە تایبەتی لە باکوور و ڕۆژئاوای وڵات. 
سوریا و تورکیا ڕۆڵیان هەیە لە چارەنووسی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا و باکوور، بەڵام بەگوێرەی هاوکێشەی هێز بێت هەنووکە سوریا وڵاتێکی داڕماوە، لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی سام و شکۆمەندیەکی ئەوتۆی نییە، خاکەکەی بووە بە گۆڕەپانی ساغکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتیەکان و ناوچەییەکان و جەنگی مەدەنی، لەبەرئەوە بەبێ ڕوسیا دیمەشق هیچ سامێک و شکۆمەندیەکی ئەوتۆی نییە لەچاو تورکیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، وێرای ئەوەش بۆ دژایەتی کردنی پرسی کورد هێشتا وڵاتێکی بەهێزە. 
جەنگی سوریا لەسەر دەستی ئۆبۆمادا هەڵگیرسا و دوای گۆرینی ڕژێمی ئەسەدی دەکرد، کە یەکێکە لە ئەندامانی هەمان پارت کە بایدن تێیدا ئەندامە، واتە هەڵوێستەکانی ئۆباما چۆن بوو بەرامبەر بە ئەسەد بەهۆی گۆڕانی بارودۆخ ڕەنگە ئەم هەڵوێسستانە لە فۆرمی تردا بەرجەستە بکرێت لەکاتی دەستبەکار بوونی بایدن. گەلێک لەو کەسانەی کە لە ئیدارەی ئۆبامادا دەستبەکار بوون زۆربەیان هەنووکە لە دەوری بایدنن و پێیان وایە کە ئەوان نەیتوانی لە سوریا ڕێگربن لە جەنگی مەدەنی و وێرانکردنی ماڵ و ژیانی میلیۆنان کەس و ئاوارەبوونیان، دەربارەی ئەو بابەتە بلینکین دەنووسێت:
 " دەبێت ئیدارەی ڕابردوو ددان بەو ڕاستیەدا بنێت، کە ئەوان سەرکەوتوو نەبوون نەک لەوەی کە هەوڵیان نەدا، ئەڵبەتە لەوەی بتوانن ڕێگر بن لە پەڕەسەندنی جەنگی مەدەنی و کارەساتە مڕۆیەکان و لەناوچوونی خەڵک، دەربەدەربوونیان لە ناوەوە و دەرەوەی سوریا، کە بێگومان ئەو بابەتە هەر لەگەڵمدا دمێنێتەوە تا من لە ژیاندا ماوم" 
گرنگە ئەوە نەبوێرن، کە لە واقیعی دنیای ئەمڕۆدا سیاسەت و بەرژەوەندیی بوون بە دوو هێڵی تەریب لەگەڵ "ویژدان"، بەڵام ئەگەر کەمیش بێت کاتێک کە مڕۆڤێک وێژدانی بەئاگا دێت و ددان بە تاوانە مڕۆییەکان دەنێت، ئەویش بۆخۆی تروسکایەکە لە شەوەزەنگێکی تاریکدا!
بەهەرحاڵ کێشەی سوریا بۆ ئەمریکا ئەسەد نییە، ئەڵبەتە ڕوسیایە و ئێستا ڕۆڵ و گفتی سەرەکیی هەیە لە چارەنووسی ئەو وڵاتە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سوریا، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندی دیمەشق و ئەمریکا هەر بە گرژی بمێنێتەوە و واشینگتون بەردەوام بێت لە یارمەتیدانی هاوپەیمانەکانی بەتایبەتی یەپەگە لە سوریا. 
تورکیا لە ناوچەکە لەچەند وڵاتێکدا سوپا و بنەکەی سەربازی مەزنی هەیە وەک، کوردستان، عیراق، قەتەر و لیبیا، ئەم فرەوان بوونەی دەسەڵاتی تورکیا لەژێر چاوپۆشینی ئیدارەی ترامپدا زێتر لە جاران گەشەی کرد، کە لە ساڵی ٢٠٢١ یەکدا گرفتێکی مەزنە کە ڕووبەڕووی جۆن بایدن دەبێتەوە لە چوار ساڵی داهاتووی دەستبەکاربوونی و دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات. 
چاودێرانی سیاسی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێبینی ئەوەیان کردوە کە ئەردوغان توانیبووی لەگەڵ ترامپ پەیوەندییەکی پتەو ببەستێت، چاوپۆشی لە هەڵوێست و بەزاندنی هێڵی سوور لەسەر ئاستی پەیوەندیی و سیاسەتی دەرەوەی لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکادا بکات. چەند جارێک ترامپ لە میدیاکاندا بە ڕاشکاوانە پاڵپشتی لە ئەردوغان کردوە و بە یەکێک لە هاورێکانی بە دنیای ناساندوە، لەبەرئەوە بووە کە لە ماوەی چوار ساڵی حوکمڕانی ترامپدا چەند جارێک پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئەمریکا گرژی تێکەوتووە وەک پشتیوانی کردنی ئەمریکا لە یەپەگە کە دەسەڵاتدارانی تورکیای توڕە و زویر کرد، هەروها کاتێک کە ئەردوغان بڕیاری کڕینی موشەکی ئێس سیوچواری لە ڕوسیا دا، وێرای ئەوەش هەمیشە ترامپ لە میدیاکاندا بەشانوباڵی ئەردوغانی هەڵگوت و چرای سەوزی بۆ هەڵکرد کە باکووری سوریا بە تایبەتی شاری عەفرین و بەشێک لەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی یەپەگە بوو داگیر بکات. ئەم بابەتە بۆ پارتەکەی بایدن بوو بە چەکێکی کارێگەر و دژی ترامپ بەکارهات، لە چاوپێکەوتنەکانیش پێش هەڵبژاردنەکانی سەڕۆکایەتی ئەمریکا بایدن، هەمیشە لە میدیاکاندا دوپاتی کردۆتەوە کە "گرفتی مەزن تورکیایە"، لەبەرئەوە شرۆڤەکاران و چاودێڕانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیانوایە کە چاوەڕوان دەکرێت بە هاتنی بایدن هەڵوێست و سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ئەردوغان گۆڕانی بەسەردابیت، بەتایبەتی دوای ئەوەی تورکیا سەرکەوت لە پشتیوانی کردنی ئەزەربایەجان و تووشی غروری سیاسی بووە پێشبینی ئەوە دەکات هەموو شتێکی بۆ بچێتەسەر.
بایدن لە ساڵی ٢٠١٧دا لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ "نیویۆڕک تایمز" گوتی: ئەردوغان کابرایەکی "ئۆتۆکراتە و دەبێت باجی هەڵوێست و هەنگاوە هەڵەکانی بدات"، هەروها ئەو گرفتەی کە بایدن پێش بوونی بە سەڕۆکی ئەمریکا پێ وابوو گەلێک مەزنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دەبێت سنوور بۆ سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا دابنرێت، نەهێڵن سوپای تورکیا بە ئارەزووی خۆی لە خاکی وڵاتانی دراوسێ تەراتێن بکات، لە ساڵی ٢٠٢١دا لێپرسراوەتی دەکەوێتە ئەستۆی بایدن، بە تایبەتی هەنووکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دوو بابەتی گرنگ هەیە دژ بە ئەردوغان هەر بە دەستبەکاربوونی جۆن بایدن دەبێت کاری لەسەر بکرێت: 
یەکەم: مەسەلەی قوبرسە، کە وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەتی فرەنسا دژی هەڵوێستەکانی ئەردوغان داوایان کردوە سزای ئابووری بخرێتە سەر تورکیا. 
دووەم: بابەتێک دژی تورکیا لە دادگا ماوە کە بانکی "تورکیا خەڵکن بانکەسی" تاوانبارە بەوەی کە بە بڕی ٢٠بیلیۆن دۆلار ساختە کراوە و دراوە بە ئیران و دادگاش لە مانگی سێی ساڵی داهاتوودا تاوانباران ڕاپێچی دادگا دەکات! کەوات بایدن فەرموو ئەوە ئەرز و ئەوە گەز!
لەدەرئەنجامدا چاوەڕوان دەکرێت کە هەڵوێستەکانی بایدن بەرامبەر بە تورکیا و ئەسەد دەرەتانێکی دی بێت وەک ئەو دەرفەتەی کە لە ئەنجامی هەڵوێستەکانی ترامپ بەرامبەر بە ئیران هەڵکەوت بۆ کوردانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوار ساڵی ڕابردوودا، هەمان هەل بۆ کوردان و بزوتنەوەی ڕزگاری لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان هەڵکەوێت، گرنگە هەر لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا پەکەکە و یەپەگە کار لەسەر ئەوە بکەن، کە سوودمەند بن لەو هەلە مێژوویە کە بەگوێرەی ئاماژەکان و پێشبینی شرۆڤەکاران بێت لەسەر ئاستی دنیادا، لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕوودەدات! 
-----------------------
تێبینی: بۆ بەدەستکەوتنی کتێبی "لە سێبەری شاخ"، کلیکی بەرگی کتێبەکە بکەن، دەتوانن کتێبەکە بە ڕەنگاوڕەنگ یان بە ڕەشوسپی، یان پیدیئێف، یان ئۆنلاینبووک دەستان بکەوێت، کە بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئوسترالی کرا بە کتێب و دەفڕۆشرێت.