کورتەیەک لە مێژووی ژیانەوە و یەکگرتنەوەی ئیتالیا(بەشی ١ ـ ٢)

Thursday, 03/12/2020, 23:02

3434 بینراوە


کورتەیەک لە مێژووی ژیانەوە و یەکگرتنەوەی ئیتالیا/ Risergimento 1848-1871
ئەزموون و وانەیەک، بۆ لێوە فێربوون
**************************************
نووسین و ئامادەکردنی … ھەڵۆ بەرزنجەیی 11.11.2020 …
ئەو ئیتالیایەی ئێستا لەسەر نەخشەی جیھان دەیبینن، مێژووەکەی بریتییە لە:
بیرۆکەی ژیانەوەی ئیتالیایەکی یەکگرتوو. ڕەنگە باشتر بێت چەند ھەنگاوێ بچینەوە دواوە بۆ ساڵی 1815، کە بە سەرەتای Risorgimento/ ژیانەوە و یەکگرتنەوەی ئیتالیا دادەنرێت. بەڵام بەتێکڕا لە ساڵی1848 ھەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوە چڕ بوونەوە و ھاوشانی شۆڕشەکانی تری ئەوروپا بەتایبەت ئەڵمانی ڕەوتی کرد. یەکێ لە سەرکردە ئیتالییەکان دەڵێ: " میللەتێکی 20 ملیۆنی ناتوانرێ بچەوسێندرێتەوە،گەر یەگکرتوو خاوەن خۆی بێت". ھەڵبەت ھیچ نەتەوە و میللەتێک ڕازی نییە بێگانە حوکمی بکات و ژیانی بندەستی بەسەر بەرێت.. لە ھەر قۆناغ و بە پێی توانا و شیاوبوون، ئامادەبوون بۆ قوربانیدانیش، ھەوڵی سەربەخۆیی و ئازادی دەدەن.
ئیتالیاش دوای نەمانی ئیمپراتۆرێتی ڕۆمانی، بەسەر چەند ناوچەیەکی دابڕاو لە یەکتردا نزیکەی 10 نیمچە دەوڵەتۆکەی پاشانشین دابەش بوو. ئیتالیا بووە تەنھا چەمکێکی جوگرافیایی. ئەم وڵاتە دەوڵەمەند بوو بە سەرمایەی کەلوپەل و کار و شوێنەواری تەلارسازی و ھونەریی و کەسایەتی ئەدیب و وێنەکێش و موزیکزان و نووسەری دیار و ھەڵکەوتووی خاوەن فیکر و ھزرمەندیی، بەڵام لە ڕووی پیشەسازییەوە زۆر پێشکەوتوو نەبوو. جگە لە کولتوور و شانازییەکانی سەردەمی ئیمپراتۆرێتی ناوبراو، ھیچ شتێ پێکەوە کۆینەدەکردنەوە...
یەکێ لە ھۆکارەکان ئەو گورزە کوشندە جەرگبڕە بوو کە فەڕەنسییەکان لە ساڵی 1796 لە ئیتالیان دا و چەند حکومەتێکی جیاجیای ئیتالییان بۆ مەرامی سیاسیی و سەربازی خۆیان دروست کرد. ھاوکات تاڵان و بڕۆی ئیتالیا لەلایەن فەڕەنساوە کرا و باجی قورس لەسەر ئیتالییەکان دانرا.
فەرەنسا ئەم ھەموو مامەڵە خراپەی لەتەک ئیتالیا کردووە، لە گەڵ ئەوەشدا کاتێ ناپلیۆن ساڵی 1805 ئیتالیا داگیر دەکات و پاشا «مالزی» تاجی وڵاتەکەی بۆدێنێ ناپلیۆن پێی دەڵێ: «ھەمیشە ئاواتم ئەوەبووە نەتەوەی ئیتالی ئازاد و سەربەخۆ بێت. من ئەم تاجە وەردەگرم و پارێزگاری لێ دەکەم تا ئەو کاتەی بەرژەوەندییەکانم مەیسەر دەبن».
گرفتی ئیتالیا ھەر پارچەپارچەبوون نەبوو، بەڵکو داگیرکاریش بوو. ئیتالیا بەلانی کەمەوە لەلایەن 3 ھێزی بێگانەوە- نەمسا/ ھابسبۆرگ، بوربۆنەکان/ئیسپانیا و فەرەنساوە- بەڕێوە دەبرا.
لەسەردەمی شەڕەکانی ناپلیۆن دا، زۆرینەی باکووری ئیتالیا لەلایەن فەرەنساوە بەڕێوە دەبران.. باشووریش بە ھەمان شێوە پاشانشینی Neapel ناپۆلی. لێرە دوو دەوڵەتی پاشانشین دروست کرا، ھەردووکیان پاشکۆ و سەر بە دەوڵەتی فەرەنسا بوون. ئەم دوو پاشانشینە ڕاستەوخۆ لەلایەن ناپلیۆنی سێیەم و زۆربەی کەسوکاری تری خودی ناپلیۆنەوە بەڕێوە دەبران.

لەگەڵ ئەمەشدا ھەر لەم دوو دەڤەرەدا ویست و خواست و باوەڕی نەتەوەیی ئیتالی بۆ یەکگرتنەوە تا دەھات بەرزتر دەبۆوە... ھەڵگرانی ئەم بیرۆکەیەش خەڵکانی لیبەڕاڵی ناسیۆنالیستی و ھاوڵاتی مافپارێز بوون. بەڵام بەداخەوە واقعی تاڵی سیاسی شتێکی تری دەنواند.
دوای کۆنگرەی ڤییەنا لەسەر بنچینەی بەدەستھێنانەوە و نوێکردنەوە و ڕەوایەتی Restauration&Legitimität ئیتالیا دۆخێکی تری وەرگرت. زۆربەی باکوور کەوتە ژێر دەست ئیمپراتۆرێتی ھابسبۆرگLombardo,Venetien لە باشوور,Parma,Modena,Taskana بەھەمان شێوە لە لایەن دەستوپێوەندەکانی ھابسبۆرگەوە حوکم دەکرا. لە ھەردوو بەشی حوکمڕانی پاشایی Sizillienسیسیلیا، واتە لە شانشینی سیسیلیا و باشووری ئیتالیا لەلایەن Bourbonen کە لە فەرەنسا و ئیسپانیاوە ھاتبوون بەڕێوە دەبرا. لە ناوەڕاستی ئیتالیادا، دەوڵەتی کڵێسا کە سەر بەدەوڵەتی پاپا بوو، دەسەڵاتی ھەبوو. ئەم دەسەڵاتە خۆماڵی بوو،لە لایەن پاشا و میرەکانی بنەماڵەی ساڤۆیانەوە حوکم دەکرا لەژێر چاودێری فەرەنسادا. بەمجۆرە تەواوی ئیتالیای پارچەپارچەکراو لەلایەن دەسەڵاتی بێگانەوە حوکمی لێ دەکرا..
وەک ئاماژەمان پێدا تەنھا شوێنێ کە لە لایەن ماڵی / بنەماڵەیەکی میرنشینی بەگزادەی ئیتالییەوە بەناوی Savoyen بەڕێوە دەبرا Piemonto-Sardinien بوو..
لەم سەردەمەدا لەنێوان کۆنگرەی ڤییەنا و شۆڕشی 1848دا، لە ئیتالیا تەنھا خەباتی نھێنی و ژێرزەمینی ھەبوو. ئەوانەی ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەریان لەم مەیدانەدا دەگێڕا:-

١- Guisseppe Mazzini /ماتزینی نەتەوەپەروەر و دیموکرات کە ئەندامێکی ھەڵکەوتووی Carbonari / خەڵووزخوازی بوو. - لای خۆشمان ڕێکخراوی دارکەل لەسەر ئەم شێوازە ھاتە کایەوە-. لەگەڵ Garibaldi کە بە پاڵەوانی داستانی یەکگرتنەوە ناودەبرێت. دواتر ماتزینی 1831 بزاڤێکی نھێنی دروست دەکات کە ناسراو بوو بە ئیتالیای لاو/ La Giovine Italia و ساڵی 1833 گاریباڵدش دەبێتە ئەندامی ئەم بزاڤە و پێکەوە خەبات و ڕاپەڕین لەتەواوی ئیتالیادا ڕادەگەیەنن.
ئاڕاستە و ئامانجی ئەم بزاڤە بریتی بوو لە ھەوڵ و خەبات و تێکۆشان بە شێوازی جۆراوجۆر لە پێناوی « یەکگرتنەوە و دامەزراندنی کۆماری ئیتالیای دیموکرات» دا بێ پاشا. بە واتای ئەوەی خەبات لە ژێرەوە بۆ سەرەوە، La Italia fará da sel یەکگرتن لەناو گەلەوە بۆ لای سەرکردە و بەپرس و سیمبۆڵەکان و خەباتی یەکگرتنەوە ئەرکی تەنھا خودی ئیتالیاییەکانە. ماتزینی لە ڕێگای دەرکردنی ڕۆژنامەیەکەوە Lagovien Italia بووە نوێنەر و قسەکەری ئەم بزاڤە نەتەوەییە. ئەم گرووپانە خەریکی ڕێکخستن و سازدانی ڕاپەڕین و چالاکیی بوون و زۆربەی لەدژی دەسەڵاتی بێگانە بوو. ماتزینی و گاریباڵدی زۆر چالاک بوون و کاری گەورەیان لە رێکخستن و ھوشیارکردنەوە و ڕاپەڕین و شۆڕشی ئیتالیادا گێڕا.
٢- ھەوڵی یەکگرتنەوە بە دروشمی لەسەرەوە بۆ خوارەوە لەلایەن ماڵی Savoyen کە پاشای ئیتالیا بوون.ئەمانە باوەڕیان بە ئیتالیایەکی پاشایی ھەبوو. دیارە پێکھاتەی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان لەپێشچاو گرتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا، دوایش دەردەکەوێ ڕۆڵێکی زۆر گرنگ لە پرۆسەی یەکگرتنەوەکەدا دەگێڕن. بەسەرکردایەتی سەرەک وەزیرانە ھەڵکەوتووەکەی Camillo Benso Graf von Cafvour / . کافور و دەرکردنی ڕۆژنامەی بەناوبانگی II Risorgimento...لە ساڵی 1847 دا. ئەمانە دەسەڵاتیان ھەر لە ھی کۆنەوە بۆمابۆوە لە سنووری دەوڵەتی کڵێسادا بوو، فەرەنسییەکان پاڵپشتیان لێ دەکردن. بەکورتی ناوی ئەم رۆژنامەیە بووە ناوی سەرجەم بزاڤی یەکگرتنەوەی ئیتالیا لە مێژوودا...Risorgimento ژیانەوە و یەکخستنەوە..
کەواتە دوو ئاڕاستەی جیاواز لە بزاڤی ڕزگاری ئیتالیدا ھەبووە، لێ ھەردوو تەوژمەکە ئامانجیان یەکگرتنەوە بووە و ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی بێگانە.
+ جەنگی یەکەمی یەکگرتنەوە1848-1849
لەم ساڵەدا تەواوی ئەوروپا بووە شانۆی کۆمەڵی شۆڕشی سەربەخۆیی. بەھەمان شێوە لە شارە گەورەکانی ئیتالیاش و نێو میرنشینەکان دا داوا کرا، ڕێگە بە ھەبوونی دەستوور بدرێ و ئازادی زیاتر فەراھەم بکرێ . پاشای ناوبراویش کارل ئەلبەرتینۆ دەچێتە پاڵ ڕاپەڕیوەکان و پاڵپشتیان لێ دەکات.
Statut Albertino کە بەناوی پادشا Karl Albertino ەوە ناونراوە و لە Piemont-Sardininien بۆ یەکەم جار دەبێتە بنچینەی دەستووری ئیتالیا و تا ساڵی 1946 دەمێنێتەوە.
ئەوەی جێی بایەخپێدانە، تەواوی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی ئیتالیا لە دەڤەرە جیاجیاکاندا ئامانجێکی ھاوبەش و ناوکۆییان ھەبوو، ئەویش دەڕپەڕاندنی ھێزە بێگانەکان بوو لە وڵاتەکەیاندا.
لە Mailand, Florenz,Venedig,Rom تا -Neapel -Palermoواتە میلان، فلۆرێنس،ڤێنێدیگ، رۆما تا نیئاپل/ ناپۆلی و پالێرمۆ ، دەسەڵاتی داگیرکەری ئۆتۆکراتی Habsburg/ ھابسبۆرگ و بوربۆرن و پاپا ڕاماڵن. پاشا Karl Albertino لە Piemot- Sardinien چووە پاڵ ئەم شۆڕش و ڕاپەڕینانە و پشتیوانی لێ کردن و کۆمەڵێ سەرکەوتنیان بەدەست ھێنا.
دەسەڵاتی ئاوستریا/ نەمساوی دژ بەم ڕاپەڕینە وەستایەوە و ئیتالییەکانیان لە شەڕێکی سەخت دا بەسەرکردایەتی رادیسکی لە Lissa&Custozze 1848-1849 تێکشکاند. ئەوە بوو پادشا Karl Albertino وازی ھێنا و کوڕەکەی Viktor Emanuel.II بووە جێگرەوەی.
شایانی ئاماژە پێدانە کەوا کوڕەکەیشی لە ڕێبازی باوکی لای نەدا و بەدڵ و گیان بۆ ئیتالیا تێکۆشا و ئەمیش بەردەوام پاڵپشتی لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکان دەکرد.
کڵپەی شۆڕش ھەر دانەدەمرکایەوە و لەم ھەلومەرجەدا ھەردووک سەرکردەی لێھاتوو ماتزینی و گاریباڵدی سەر بە ئیتالیای لاو، توانییان لە دەوڵەتی کڵێسا ھێزە بێگانەکان دەرپەڕێنن و ڕۆما ئازاد بکەن و لەوێوە بە دەنگێکی دلێرەوە بانگەوازی کۆماری دیموکراتی ئیتالی ڕابگەیەنن.
لەماوەیەکی کورتدا توانرا کۆمەڵێ دەستکەوتی مەزن بۆ ئیتالیا لە بواری نەتەوەیی و سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و خزمەتگووزاریدا ئەنجام درا. مامۆستا و ئەندازیارەکەش ماتزینی بیرمەند بوو،بە هاوکاری هاوڕێکانی. هەر سێ دەوڵەتە زلهێزەکەی ئەوکاتە فەرەنسا و نەمسا و ئیسپانیا تەنانەت ئەڵمانیاش چاویان بەم گۆڕانکارییەی ناوەی ئیتالیا نەدەهات و هەموو چاویان بڕیبووە سەر داگیرکردنەوەی دەوڵەتی کڵێسا و بیخەنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان.
ئەمجارەیان فەرەنسا لە هەموویان زیاتر بەم دۆخە نیگەران بوو.. ساڵی 1849 خۆیان ئامادە کرد بۆ ھێرشکردنە سەر ماتزینی و لایەنگرانی و بۆ پشتیوانی لە کلێسای رۆما . ئەوە بوو فەرەنسا زوو ھاتە سەر ھێڵ و پەلاماری ھەردوو سەرکردە، ماتزینی و گاریباڵدی و ھێزەکانیانی دا و تێکی شکاندن و ھەردوو سەرکردەی و زۆرێک لە لایەنگرانیان ناچاری ھەڵاتن بۆ دەرەوەی ئیتالیا کرد.
«سەرنج:لە وتارێکی سەربەخۆدا، بەجیا باس لە ژیاننامە و تێکۆشان و ھزری ماتزینی دەکەم».
بەم شێوەیە قۆناخی یەکەمی ھەوڵی یەکگرتنەوەی ئیتالیا لە ساڵانی شۆڕشی 1848/1849 شکستی ھێنا.
+ قۆناغی دووەم..
لە ئاکامی ئەم تێکشکاندن و قۆناخە نوێیەی ئیتالیا ڕووبەڕووی بۆوە، پاشا ئیمانوێل ئەلبێرتینۆ و کافور پەند و وانەیەکی باش فێربوون و بوونە خاوەنی ئەزموونێکی نوێ و تەواو ھوشیار بوونەوە.. ئیدی خۆیان بۆ قۆناخی دووەمی ئاواتەکانیان ئامادە کرد..
وەک ئاماژەمان پێدا تێکشکان لە ھەوڵ و شۆڕشی یەکەمدا ، زانیاری زۆر لای ئیتالییاییەکان کۆبۆوە... یەکێ لە ئەزموون و وانەکان ئەوە بوو، کە ئیتالییەکان تێگەیشتن بەتەنھا ناتوانن ھێزەکانی ئاوستریا/ نەمسا ڕاماڵن. بۆیە بەناچاریش بێت، پێویستیان بە کۆمەک و ھاوکاری دەرەکی ھەیە.
کافور و ئەلبەرتینۆ ھەردوو پێکەوە دوای ڕاو ڕاوێژ ،نەخشە و پلانێکی ژیرانەیان داڕشت تا لەنێوان نەمسا و فەرەنسا بتوانن یارییەکی باش بکەن و یەکێکیان بکەنە دۆست و خەریکی شەڕی ئەوی تریان بن. کافور لەسەرەوە نزیکی فەرەنسیییەکان بوو، لێ لەبنەوە پشتیوانی لە بزاڤە ئاتالییەکانی ناوخۆ دەکردو ئارەزوویشی بوو خۆی بێتە سەرۆکی ئیتالیای ئایندە. سیاسەتی بریتی بوو لەوەی فەرەنسا نەوروژێنێ و بەنەرمی و دبلۆماسی مامەڵەی لەگەڵدا بکات. ئەوە بوو بەختی ئەوان لە ساڵی 1853-1856 شەڕی Krim/ قرم ،سەڕی ھەڵدا،کە ڕووسیا دەیویست لاوازی دەوڵەتی عوسمانی بقۆزێتەوە و باڵادەستی تەواو بەسەر بالکاندا و گەرووی دەردەنیلدا بەدەست بهێنێ. فەرەنسا و ئینگلیزیش دژی ئەم هەوڵەی رووسەکان وەستانەوە. ئەم ھەلە زێڕین بوو ھاتە بەردەم دەوڵەتی کلێسا، کە ماڵی ساڤۆیان بەپشتیوانی ڕاستەوخۆی فەرەنسا تێیدا حاکم بوون و جێی پاپا PuisIX بوو واتە ڤاتیکان. فەرەنسا کەوتە شەڕەوە، ئەوە بوو لە Piemont-Sardinien/ کافور توانی لەگەڵ ناپلیۆنی سێیەمدا 1858ڕێکبکەوێ و پێشنیازیان کرد بۆ فەرەنسا لەم شەڕەدا ئەوان پاڵپشتی فەرەنسا دەکەن. وا ڕێکەوتن کافور یارمەتی فەرەنسا بدات لە شەڕیان دژ بە دەسەڵاتی نەمساوی بۆ رزگارکردنی ناوچەکانی Lombardo-Venetiens بەرامبەر بەمە ھەردوو دەڤەری Nizza&Savoyen کە لەلایەن دەوڵەتی کڵێساوە بەڕێوە دەبران و فەرەنسا پاڵپشتی لێ دەکردن، ئارام و سەقامگیر بخرێنە ژێر ڕکێڤی فەرەنساوە...
لە مانگی گوڵانی 1859 دا ، ئیتالییەکان دەسەڵاتی نەمسایان ورووژاند. چونکە لەم چرکەساتەدا نەمسا لە کێشەی گەورەدا بوو لەگەڵ پروسیای تازە هەڵکەوتووی بەهێزدا. باشتر بڵێم شەڕیان پێ فرۆشتن، و شەڕێکی قورس ڕووی دا لە Solferino و ئیتالییەکان بە پشتیوانی فەرەنسییەکان لەشەڕەکەدا سەرکەوتن . بەڵام ئەوە بوو فەرەنسا بە ھۆی گوشاری نێودەوڵەتییەوە زوو لە شەڕەکە کشایەوە. بەم ھۆیەوە لەدوو ناوچەکە توانییان تەنھا لۆمباردۆ بخنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. واتە تەنھا نیوەی ناوچەکە بەدەست بھێننەوە. دیارە ئەمەش بۆ خۆی ھەر سەرکەوتنە بۆ ئیتالیا...لە ڕێکەوتنامەی ئاشتی Zürich زوریخ 1859 تەنھا لۆمباردۆ درا بە فەرەنسا، چونکە ڤێنیسیا ھێشتا لەژێر چنگی نەمسادا مابۆوە..
جێی بایەخە ئاماژە بەوە بدەین بۆ یەکەمجار بەھۆی ئەم شەڕەوە ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی ساڵی 1864لە لایەن هاوڵاتی سویسری Henri Dunantدروست دەکرێت .
1860ڕاپرسییەک/ ڕیفەڕاندۆم لەم ناوچانەی ژێر دەستی دەسەڵاتی نەمساوی ھابسبۆرگ/ بۆربۆردییەکاندا ئەنجام درا. واتە لە ناوچەکانی پارما، مۆدێنا، تۆسکانا، کە بە ئاشکرا داوایان دەکرد، بچنە سەر شانشینی پیمۆنت- ساردینی. دواجار ئەم ناوچانە چوونەوە سەر شانشینی ناوبراو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە