مرۆڤی خۆپەرست، هوشیار و بێ وەی

Monday, 07/12/2020, 2:21

3458 بینراوە


یاخود مرۆڤی خۆپەرست، دواکەوتوو و ئازاربەخش

سەرەتا دەمەوێت ئەو ڕاستیە بڵێم، یەکێک لە سوودە هەر گرنگەکانی کارل مارکس ئەوەبوو، ئێمەی بە کلتوری ئەوروپی بەستاوە، بەر لەوەی بێینە ئەوروپا تاردایەک لە مەترسیەکانی قۆناغی سەرمایەداری ئاگاداری کردبووینەوە، بەڵێ دەسەڵاتی سەرمایەداری کار لەسەر ئەوە دەکات مرۆڤی خۆپەرست و بێ بەرپرسیار دروست بکات.
لەو کاتەی دێیتە هەر وڵاتێکی ئەوروپی ناوە ناوە ئەو لێکدانەوەی مارکست بە بیر دێنەوە، بەڵام کە بۆ خۆت تێیدا ژیایت هەست دەکەیت بەو جۆرەش مەترسیدارنیە، لەبەر ئەوەی هوشیاریە گشتیەکە بەزەقی دیارە، بێ گومان توێژە ڕۆشنبیرەکەی زۆر چالاکە و بە بەردەوامی کێشە و قەیرانەکان بە هەند وەردەگرێت، وایکردووە خەڵکەکەی لە گرنگی و بەهای خۆی بگات، ئەو تاکە خۆپەرست و بێ بەرپرسیارانەشی کە دەیانبینی تاکێکی بێ وەی و بێ کێشەن،وەک دەڵێن بە خەمی خۆیانەوە خەریکن. دەکرێت بە دەیان کتێب باسی ئەو کۆمەڵگەیە بکرێت، بەڵام هەر ویستم چاوێکی خێرا بەسەر ئەو بابەتە بخشێنم و دەزانم بە تەواوی مافی خۆشیم نەداوەتێ، بەڵام وەک سەرەتایەک پێویستم پێی هەبوو.
ئەو دەسەلاتە کوردیەی خۆمان، کە زۆر جار مرۆڤ شەرم دەکات ناوی لێبنێ "دەسەڵات"، بە قەولی ئەو هاوڕێیەم کە زوو زوو ئەو قسە جوانەی گوڵسورخی دووبارە دەکاتەوە، کە دەڵێت" ئەگەر مردم هیچ بەروارێک لەسەر کێلەکەم مەنووسن، با خەڵک نەزانێت لەو زەمەنە ژیاوم" بەڕاستیش وایە، مرۆڤ شەرم دەکات لەو زەمەنە دەژی و چەند دز و جەردەیەکەی بێ مێژوو، بێ کلتور لەسەر ئەو هەموو قوربانەیەدا وەستاون و میلەتێکیان بێ بەشکردووە لە مافە سەرەتاییەکانیان.
ئەو دەسەڵاتە، چەندان سالە کار لەسەر دروستکردنی میکسێک دەکات لە ناخی هەر تاکێکمان، بەخیلی بە هەموو سیفەتە جوانەکانمان دەبات و تاپێی بکرێت لێمان ناشیرین دەکات ، نە دێڵێت خەڵکی گوندەکان وەک لادێیەک مامەڵە بکەن نە خەڵکە شاریەکەش وەک شاری، نە ڕێگا دەدات ئەو داب و نەریتە جوان و پڕ شەهاماتانەی سەدان سالە لە گوندەوە پاراستویەتی لەگەڵ خۆی بێنێت بۆ شار، نە ئەوەی لە شاریش بوو توانی ئەو چەند شتە سەرەتایانەی شاریبوونێک هەیبوو بیپارێزێت.،کۆمەڵگەیەکی دروستکردووە تەواو لە خۆی دەچێت، بێگومان پاش ئەوەی زەواجی کرد لە گەڵ دەسەڵاتی ئاینی، توانی ئەو جۆرە ئەولادانە بەرهەم بێنت کە بۆ خۆی دەیەوێت.
بەر لەوەی باسی پرسەتان بۆ بکەم ناچاربووم ئاماژە بەو هۆکارە گرنگە بکەم.
لە پرسەکاندا گوێبیستی کۆمەڵێک ڕستەی سواو دەبیت، کە هیچ هەست و ئیحساسەکی تێدانیە، لە جیاتی ئەوەی خەم و مرۆڤدۆستی خاوەن پرسەکە زیاد بکات، ئەوەشی لێدەستێنێ، بەڵکو ئەو سیفەتە سروشتیەشی لێدەستێنێ، هەموومان دەزانین مرۆڤ لە کاتی پرسەدا دەبێت بە کائینێکی سۆزدار، بۆیە ئەگەر دیتت خاوەن پرسەکەش وەک ئەوانە، دەبێت پێت ئاسایی بێت، چونکە ئیشی لەسەر کراوە، لویز گلوک دەڵێت" لەکاتی ناشتنی باوکم، گوێم لێبوو باسی کەش و هەوایان دەکرد، دەیانگوت ئەو نۆڤەمبەرە ساردتر لەوەی پار" کەواتە باوکی لە سەنتەری باسەکە نەبوو بەڵکو ساردیەکە، دیستۆفسکی لە شەیتانەکان زۆر جوان ئاماژە بەو حالەتە دەکات، کە مرۆڤ لەو کاتانە زیاتر هەولدەدات خۆی بپارێزێت و خەم بۆ خۆی زیاد نەکات، بەشێک لەو ڕستە بێ خەمانە.
" خوا هێندە قەڵەمی لێدابوو"
'بڕوابکە خوا ئەوی لە ئێمە خۆشتر ویستووە، بۆیە بردیەوە لای خۆی"
"هەموومان هەر دەمرین"
" گوناحتان دەگاتێ، بۆی بگرین، دوعایەکی بۆ بکەن باشترە"
"کێ دەڵێت ئێستا شوێنی لە شوێنی ئێمە باشتر نیە"
"خوا تەجروبەتان دەکات"
زۆر جار دیتومە دەچتە ناو چاوی خاوەن پرسەکە پێ دەڵێت" باشە پێم بڵێ ئایە چیمان پێدەکرێت لەگەڵ کاری خودای" خاوەن پرسەکەش هیچ ناڵێت دیسان ڕووی تێدەکاتەوە" ئێ دە وەڵامم بدەوە؟" وەک بڵێت شتێکی زۆر گرنگی ئاشکرا کردبێت، پاش ئەو دوو ڕستەیەش خۆی دڵنیا دەکات ئیتر تەواو کۆتایی بە ناخۆشیەکە هێنا، کە دەبینی بێدەنگی بالی بەسەر ژوورەکەدا کێشاوە، کەیفەکی بە خۆی دێت وا هەست دەکات، جوانترین قسەو باشترین چارەسەری بۆ ئەو ئازارە دۆزیوەتەوە، یەکسەر دەست بە بابەتێکیتر دەکات ، دوور لە مەسەلەی پرسەکە، چونکە لە ڕوانگەی ئەو تەواو بوو، کەواتە تەواو بوو. بێ گومان ئەو رستانە تەنها بۆ ئەوەنە هەتا بۆ خۆی خەم نەخوات.
لە دوای ڕاپەڕینەوە هێدی هێدی ئاین وەک ئایدلۆژیایەک هاتە ناو کوردستان و قۆناغی ئیمانی بڕی، بۆیە دەبینین هەموو شتێکیشی لە لایەنە روحیەکەی داماڵیوە، ئەمن بەگشتی باوەڕم وایە ئەو کۆمەڵگەی ئێمە ئاینی وەک پرۆسەیەکی تەمبەڵی وەرگرتووە، چونکە کەسێکیتر
لە جیاتی ئەو بیردەکاتەوە
لە جیاتی ئەو بڕیاڕدەدات
لە جیاتی ئەو بژێوی بۆ پەیادەکات
لەجیاتی ئەو هەموو کارێکی بۆ دەکات
ئەگەر سەرکەوتووش نەبێت ئەوە دەبێت هەر ڕازی بێت چونکە حیکمەتێک لە سەرنەکەوتنەکەیدا، بۆیە بۆ ئەو بووە بە باشترین خولیا، بەڵام قەت لە خۆی ناپرسێت ئایە ئاینەکەی داوای ئەخلاق و بەرپرسیاریەتی لێناکات؟ ئایە شوێنی تۆ چیە لەسەر ئەو زەویە؟ هەر بخۆیت و بێدەنگ بیت و منداڵ دروست بکەیت؟ ئایە ئەو هەموو نا عەداڵەتیەی ناو کۆمەڵگە، ئەرکێکی ئاینی و ئەخلاقی تۆش نیە بەرەنگاری ببیتەوە؟ تۆیەک خۆشەویستی خودات لە دڵ و دەروندایە لە چی دەترسیت؟
بە بڕوای من لە هەردوو سەر، مەبەستم لە ڕوانگەی بوون و نەبوونی دنیایەکیتر، زۆر گرنگە ئێمە پەیڕەوی چەند خاڵێک بکەین، خۆشەویستی،ڕێز، لێکتێگەیشتن ، یارمەتیدان و بەگشتی هەوڵدەین ئازاری یەکتر نەدەین، نەک لە دوای مردن ئەو کارانە بکەین
تکایە با پەیوەندی مردوو و خاوەن مردوو هێندە لاواز و بێ واتا نەکەین
تکایە باڕێگا بدەین، خاوەن پرسەکان بە دوای دڵنەواییدا بگەڕێن، لەو کاتە حەزدەکەن باسی ئازیزە لە دەستدراوەکانیان بکەین، ئەگەر هەر هیچمان پێ نەکرێت با گوێگرێکی باش بین، وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا مرۆڤ لەو کاتەنەدا کائینێکی سۆزدارە و بە دوای لاوانەوە و دڵنەواییدا دەگەڕێت، حەزدەکات بە خۆشی و بە باشی باسی ئازیزەکەی بکات و بکەن، با چیتر ڕێگا نەدەیەن ئەو دەسەڵاتە ئاینی و سیاسیە، ئەو سیفەتە جوانە مرۆیەمان لێ دانەماڵن
تێبینی قسەم لەسەر ئاین وەک ئیمان نیە، بەڵکو وەک ئایدلۆژیایەکی سیاسیە، هەموو کەسیش دەزانێت ئێستا ئەو دەزگا ئاینی و مەلا و شێخانە لەبەرژەوەندی کێ و کێ کاردەکەن.
بەهۆی ئەوەی لە پۆستێکیتر ئاماژەم بەو هێرش و کارە هاوبەشەی دەسەڵاتی سیاسی و ئاین کردووە، سەبارەت بە سیستەمی تەندروستی وهەوڵەکانیان بۆ ئەوەی ئەو بوارە سەرکەوتوونەبێت، هەر لە هێنانی دەرمانی ئێکسپایەر و دکتۆری بێ توانا...
ئەوەش بەشێکە لەکارێکی ڕێکخراو بۆ گەڕانەوەی کۆمەڵگە بۆ دواوە، پشتێکردنی لە زانست و مەعریفە،بۆیە نامەوێت دیسان باسی بکەمەوە. چونکە ئەو ڕستەیەش زۆر بەزمانێکی ناشیرین دەگوترێتەوە" کە خوا هەجەلی هێنا، دکتۆر... چیە؟" بێ گومان ئەو بۆشاییە جنێوە لە لایەن خەڵكێکی نەخوێندەوار، بۆ ئەوەی پێمان بڵێن ئەو مەعریفەی ئەو دەیزانێت لەوەی دکتۆریش پڕ مەعریفەترە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە