وەک (کوردەکانی ئێمە) ئاقڵبن.

Monday, 07/12/2020, 4:11

3824 بینراوە


نووسینی: پۆڵات جان
وەرگێڕانی لە عارەبیەوە بۆ کوردی: نیاز حامید برایم
------------------------
کۆمەڵێک کەس وا خۆیان نیشان دەدەن، کە هەڵگری نازناوی (ئەکادیمی، لێکۆڵەرەوە لە کاروباری، شارەزای ستراتیژیی)ن، کە بەسەر دەوڵەتەکانی رۆژهەڵاتدا دابەش بوونە، لەگەڵ ئەوەی هەریەکە لە شوێنێکن، لێ تێگەیشتنە بۆگەنەکانیان، کۆیان دەکاتەوە.
زانست بە فرت و فێڵ تێکەڵ دەکەن، مێژووی ساختە تێکەڵ بە سیاسەتی ئێستا دەکەن، لە سۆنگەی ئەقڵیەتی (من چەقم)، (من تەنها تێدەگەم)، (من گەورەم)، خۆیان بە گەورەی گەلی کورد دادەنێن.کوردان بە (کوردەکانی ئیمە) و (کوردە خراپەکان) دابەش دەکەن.دیارە کوردی خراپ بەلای ئەوانەوە هەموو کوردە، جگە لە (کوردی بە جەستە مردوو).
هەموو چاڵاکیی و (لێکۆڵینەوەکانیان) و تێگەیشتنەکانیان تەنها بەرەو یەک هەوڵ و ئامانج دەڕوات، کە بریتیە لە ( کورد مافی خاوەندارێتی بۆ گرتنەدەستی کاروبارەکانی خۆیان نین، لە بناغەدا کورد بوونی نییە و کوردانیش هیچ مافێکیان نییە، جگە لەوەی کۆیلەبن لای گەلانی دیکە) بۆ ئەمەش درێغی ناکەن لە بە شان و باڵ پێداهەڵدانی ئەو کەسە بێنرخانە، کە بە درۆ حسابی کوردبوونیان بۆ دەکەن.
ئەوەش لە بیرناکەن ناوە ناوەوە بە بیر کوردانیدا دەهێننەوە، کە کورد گەلێکی بەخشندە بوونە و خاوەنی دەستی سپین بەوەی “رۆژێک لە رۆژان پێشوازییان لە کوردانی قەفقاسیا کردووە، نەیان کوشتن راستەوخۆ، بەڵکو رێگایان داون هەناسە بدەن و زاوزێ بکەن و خانوو بۆخۆیان، لە کەرکوک و هەولێر و عەفرین و ئۆرفا و مەراش و ئەنتاب و دهۆک و زاخۆ و ماردین دورستبکەن.دواتر لەسەر کوردانە کە نابێت ئەو چاکە ئینکار بکەن و خیانەت لە پێکەوە ژیان بکەن و گاز لەو دەستە بگرن کە بۆ هاوکارییان درێژکرا وە و خیانەت لەو ماڵەش نەکەن، کە لە خۆیی گرتوون و لەسەرما و برسێتی ئەوانی پاراستووە.ناشبێت کورد هەرگیز خۆیان باڵاتر ببینن لەبەرامبەر حکومەتەکانی ئەو گەلە میهرەبانانە، کە بەخشندە بوونە لە پێشوازییکردنیان لەسەر ئەو خاکەی، کە خوا هەر لە دروستبوونی مرۆڤەوە، پێیبەخشیون.
قەبارەی ساختەکاریی و فرت و فێل و چەواشەکاریی بۆ راستییەکان و پەرتکردنی زانیارییەکان وا لە مرۆڤ دەکات قێزبکاتەوە و رەشبین بێت لە نغرۆبوون و کەوتنی ئەخلاقیی هەندێک لەو کەسانە کە خۆیان ناودەنێن بە (بژاردە و نوخببە) لە دەوڵەتە فاشیلەکانی رۆژهەڵات.
ئەگەر ئێمە بمانەوێت ریزبەندییەکی ئەو فرت و فێڵ و خورافاتانە و دواتێگەیشتنە هەپرە و بێواتایانە کە (زۆر ئەکادیمیستەکان) بڵاوی دەکەنەوە بکەین، دەتوانین وا رێزی بکەین:
نەتەوەیەکی یەکگرتوو، بۆ کوردان بوونی نییە.
کورد بەدرێژایی مێژووی قەوارەیەکی سیاسی یەکگرتوی نەبووە، بۆیە هەرگیز تا هەتایە نابنە خاوەنی.
ئێزیدییەکان کورد نین، بەڵکو پاشماوە و جێهێڵراوی سریان و کلدان و ئەرمەن و ئارامیی عارەبن.
زازاکان(دملیکی) کورد نین، بەڵکو نەتەوەیەکی ترن، رەنگە لە بناغەدا ئەرمەن بن.
زمانی کوردی بوون نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە زمانەکانی عارەبی، سریان، تورکی، ئەرمەنی و فارسی.
وڵاتی کوردان گردۆڵکەیەکی ئێرانە، هیچ پەیوەندیی بەو دەوڵەتە پیرۆزانە لە سوریا و عێراق و تورکیا نییە.
كوردستان بریتیە لە ئەرمینیای رۆژئاوای گەورە، سوریای گەورە، عێراقی مەزن، ئاشوری مەزن.
کورد گەلێکی بارە و زێدەیە بەسەر ناوچەکە، بۆیە هیچ مافێک یا تایبەتمەندییەک یان داواکاریی نەتەوایەتی نییە، سەرباری ئەوەش مافی جوگرافیشی نییە.
داواکاری کورد بۆ سەربەخۆیی و بەدەستخستنی مافە نەتەوایەتیەکانی یاخود هەوڵدان بۆ دەستخستنی مافی چارەنوس، زیان دەگەیەنێتە دەوڵەتەکانی ئیسلامی و دەبێتە هۆکاری پارچەبوونی ناوچەکە.
هەموو سەرکردە مێژوویەکانی کورد لە بنچینەدا کورد نین، بەڵکو بوونەتە کورد و لە ناو کوردان ژیاون، چونکە مەعقول نییە کورد چۆن سەرکردەی مەزنی لێهەڵدەکەوێت؟!.
هەموو شارەکانی کورد، هی کوردان نین بەڵکو هی عارەب، سریانی، ئاشوری، ئارامی، یۆنانی، ئەرمەنی و ئەکەدین.کوردان هی شار و شارستانی نیین، بەڵکو بریتین لە رەوەندی فارس و هیچی دیکە.
کورد هیچ نیین جگە لە بەکرێگیراو بۆ ئیمپریالیزم و زایۆنی و رۆژئاوا و ئیسرائیل و ئەمەریکا.
لە راستیدا کوردان، هەر کورد نیین.
زۆرتر و زۆرتر لەو چەواشەکارییە و درۆ و دەلەسانە، ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە، کە بۆنی بۆگەنیان لێدێت، بانگەشەیان بۆ دەکەن، ئەم ناوەندانە چەندەها لایەنی توندڕەو، کە خۆیان وەک مەدەنی و پێشکەوتنخواز دەناسێنن، پشتیوانیان لێدەکەن و شانازیی بەو چەواشەکاریی و هەڵخەڵەتێنەرانە دەکەن وەک (ئەکادیمیست و ئاقڵمەند) بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن.کەناڵ و گۆڤار و پێگەکانیان و کیسەی پارەیان بۆ دەکەنەوە.بۆ ئەوەی کەمێک راستگۆیی خۆیان نیشان دەن، دوودڵ نابن، دێن و میوانداری وەک بە خۆیان دەڵێن، کوردانی ( باش) کوردەکانی (خۆمان) دەکەن، چیان بوێت، ئاوا پێیان دەڵێنەوە و شتێکیش نابێت ئەگەر لە پای ئەو خزمەتەیان خەڵاتیشیان بکەن.ئەمەش وەک ئەوەی بڵێن ئەی کورد، وەک ئەو (کوردانەی ئێمە)، بۆ خۆتان ئاقڵ بن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە