دادگای سەورەى بەعس، بە هەموو دڕندایەتییەکى رژێمەکەیان زۆر لە بنەماڵەى بارزانى شەریفتر بوون


فیزیای کوانتەم و دەرەنجامە ناوازە و سەرسڕکەرەکانی (بەشی یەکەم)

Wednesday, 12.09.2020, 14:43

2763 بینراوە


ڕابەری فیزیای کوانتەم نیلز بۆر:"ئەگەر فیزیای کوانتەمت خوێندەوە و تووشی سەرسڕمان نەبووی، کەواتە لێی تێنەگەیشتوویت"

-------------------------
فیزیای کوانتەم کۆمەڵە بیردۆزێکی گرینگ و هەرە سەرەکی زانستی فیزیایە، هاوکات بە ناوازەترین بیردۆز دادەنرێ لە مێژووی هەموو زانستەکان کە هۆش و هزری مرۆڤ پێی گەیشتووە. توانای بۆ پێشبینیەکانی جیهانی وردی مایکرۆسکۆپی یەکجار بەهێزە و وای لێکردووە بە داهێنانەکانییەوە سوودێکی گەلەک زۆری بۆمان هەبێت. 
یاساکانی ئەم زانستە بەرەو ئەوەی بردین تێڕوانیمان بۆ گەردوون و سروشتی دەوروبەرمان بەتەواوی بگۆڕدرێت. کێشەکەی لە بیردۆز و هاوکێشە و ژمێرەکردنەکان، پاشان لە بەکارهێنانیان نییە، بگرە لەوەیە کە بابەتەکانی نامۆن و لەگەڵ هەستی ئاسایی مرۆڤ یەک ناگرنەوە. بیردۆزەکانی کوانتەم وەک ئەوانەی زانستەکانی دیکە نین، تەنیا لە بواری خۆیاندا کار بکەن و واتا ببەخشن، چونکە زۆر جار کاریگەریان هەیە لەسەر بیروڕا و بۆچوونە فەلسەفی و ئاینییەکانیشمان. ئەم زانستە دەڵێت، ئەو گەردوونە بەو شێوەیە نییە ئێمە تێیگەیشتووین، هیچ ڕاستییەکی جێگیر و چەسپاویش نە لە ئێستە و نە لە ڕابردوو و نە لە دواڕۆژدا نابیندرێت، بنەمای هۆیەتی و هاتنیان بەدوای یەک، ڕێسایەکی چەسپاو نییە و هەریەکەیان دەتوانێت ئەوانەی دی بگۆڕێ، یاخۆ بە ئارستەیەکی دیکە ببات. 
زانراوە لەشی ئێمە چەندان کۆئەندام و ئەندامی جیاجیای وەک، دەست و پێ، گەدە، دڵ و مێشکی تێدایە، ئەگەر بە وردبین لێی بروانین، دەبینین هەر هەمووی لە خانەی بچووک پێک دێن، بۆ ئەنجامدانی کار و فەرمانی جۆراوجۆر. ئەگەر بەردەوام بین و پتر بەرەو بەشی وردتر بچین، دەگەینە ئاستی تەنۆلکەکان کە هەتا ئەمڕۆکە کەس نەیبینیووە. ئەوەی جێی سەرنجە ئێمە و سەرلەبەری شتگەلەکانی ئەم سروشتە لەو تەنۆلکانە پێک هاتووین، ئەمانیش جۆرە ڕەفتار و هەڵسوکەوتێک دەنوێنن، ناتوانین تێیان بگەین بەو هەست و هۆشەی کە هەمانە.
هەرچەندە لە درێژەی بابەتەکاندا ئاماژە بەو دیاردە سەرسڕکەرانە دەدەین، بەڵام لێرەوە زۆر بەکورتی چەند دانەیەکیان دەستنیشان دەکەین. لە ژیانی ڕۆژانەماندا ڕاهاتووین لەسەر ئەوەی کە هیچ شتێک نابێ لە دوو شوێن بوونی هەبێ لە یەک کاتدا، لە فیزیای کوانتەم دەشێت و سروشتە دوانەکییەکەی ماددە و وزە زۆر دەرنجامی سەیرتریشی لێ دێتە کایەوە. ئاشکرایە ناکرێ مرۆڤ، یان زیندەوەرێک هاوکات زیندوو و مردوو بێت، کەچی لەم زانستەدا ئەمە گریمانەیەکی ناوازە نییە. ناتوانین بێگومان بین لە بوونی تەنۆلکە هەرە وردەکان، چونکە تەنیا ئەو دەمە بوونیان هەیە کە لێیان دەڕوانین و چاودێرییان دەکەین، بوون و نەبوونی گشت شتێکیش دەوستێتە سەر بنەمای ئەگەرەکان. ڕێسای نادڵنیایی، یاخۆ ناجێگیری پێمان دەڵێ، بۆمان نییە شوێن و خێرایی تەنە وردەکان پێکەوە بزانین، پێوانی یەکێکیان نادیاری و ناجێگیری ئەوەی دی دەردەخات. لەڕێی پێکبەندی لەوانەیە کاریگەریت لەسەر کەسێک هەبێ، بەبێ ئەوەی خۆت بیزانیت، یاخۆ دانەیەکی دیکە لە خودی خۆت لەوبەری گەردووندا هەبێ، بڕیار لەسەر ڕەفتارت بدات. لەبەر ئەمانەیە لەم زانستەدا هەندێ جار ڕاستی دەبێتە ئەندێشە، ئەندێشەش دەبێتە ڕاستی، بۆیە کەسانی وا هەن نەکارن ئەم چەمکانە و هۆکارەکانیان لە زاراوەکانی بە نموونەی گەردوونە تەریبەکان و یازدە دوورییەکان، بە زانستێکی ڕاستەقینە دابنێن.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەش فیزیای کوانتەم سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەست هێناوە، بە پشتەوانی ئەزموون و بەڵگە یەکلاییکەرەوەکانی ڕۆژ بەدوای ڕۆژ پلە و پایەی باڵاتر دەبێ، بەرهەم و داهێنانە دەرئاساکانی پتر دەبن. یەکێک لە گرینگترین دەرەنجامەکانی پێڕەویکردنی ئەم زانستە، بووە هۆی سەرهەڵدانی بیرۆکەی گەیێنەرە نایابەکان و نیوچەگەیێنەرەکان، ئەوانەی پێشکەوتنی مەزنی تەکنەلۆژیایان هێنایە دی بۆ دروستکردنی دایۆد و ترانزیستۆر کە پاشان بوونە بنچینەی هەموو بابەتگەلە ئەلیکترۆنییەکانی وەک، تەلەفزیۆنی ئاسایی و سێ دووریی، ڕادیۆ، کۆمپوتەر و هتد. دواجار بە داهێنانی دیکە تەلەفۆنە ژیرەکەی دەستمان، گڵۆپی لێد، میکرۆسکۆپی ئەلیکترۆنی بۆ بینینی زیندەوەر و پێکهاتە یەکجار وردەکانی هاوشێوەی ترشی ناوەکی (DNA)، تیشکی زرنگاوەی موگناتیسی. جگە لەمانە تیشکی لەیزەر بۆ بڕین لە کارگەکان، خوێندەنەوەی نرخی شتومەکەکان، ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکان، سووتاندنی نیشتە چەورەکانی ناو لوولەکانی خوێن و زۆر ئامێری پزیشکی جۆراوجۆر بە بەرهەم هێندران.
لەلایەنی تیۆرییەوە فیزیای کوانتەمی بەرپرسە لە ڕاڤەیەکی فیزیایی بۆ دیاردەکانی ئاستی گەردیلە و بچووکتر لە گەردیلە. کەواتە ئەمڕۆکە ئێمە خاوەنی دوو بیردۆزی سەرەکین لە فیزیا بۆ تێگەیشتن لە شتگەلەکانی ئەم گەردوونەمان، یەکەمیان بیردۆزی ڕێژەییە (ئەینشتاین) بۆ کاری تەنە لەڕادەبەر مەزنەکان و هێزی کێشکردنی نێوانیان، دووەمیش بیردۆزی تەنۆلکە یەکجار وردەکان، بە مەبەستی پێناسەکردنی هێزی کارۆموگناتیسی و هێزی ناوکەیی گەورە و بچووک. ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بدەین، هەردەمێک زاناکان هەوڵ دەدەن ئەم دوو بیردۆزە لێک گرێ بدەن و پێکەوەیان بسازێنن، دووچاری گرفتێکی لەڕادەبەر سەخت و دژوار دەبنەوە. لەبەرئەوەی ئەم دوو بیردۆزە هەریەکەیان لە بوار و ڕەهەندی تایبەت بەخۆی ڕاست و بێکێشەیە، کەچی ئەگەر پێکەوە کۆیان بکەیەنەوە، هەردووکیان هەرەس دەهێنن و تووشی شکست دەبن، هاوشێوەی ئەوەی لە وڵاتێکدا بژیت دوو رێسای جیاوازی هەبێ بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمۆبێلەکانی، ئاخۆ دەبێ چی ڕوو بدات؟
کوانتەم (Quantum): وشەیەکی لاتینییە واتای بڕێک، یان هەندێک دەگەینێت، لە زانستی فیزیاشدا بە هەرە بچووکترین یەکەی دابەشنەکراو و دابڕاو دەگوترێ لە بڕە فیزیکییەکانی وەک، وزە، یاخۆ ماددە. بۆنموونە، ئەگەر وزە وەربگرین و ببێژین کە بە شێوەی بڕێک دەجووڵێت، واتە مەبەستمان لەوەیە وزە بە یەکەیەک دەگوێزرێتەوە کە بچووکتری نییە، دەرەنجام هەموو بڕە وزەیەک لە چەندجارەی ئەو یەکەیە پێک دێت. بیردۆزی فیزیای کوانتەم، یان میکانیکی کوانتەم (Quantum mechanics)، لە سەدەی بیستەمدا سەری هەڵداوە و بەشێکی تەواوکەرە لە فیزیای هاوچەرخ کە گرینگی دەدات بە چییەتی و ڕەفتاری ماددە و تیشک، هاوکات پێناسیەکی ماتماتیکییە بۆ جووڵە و کارلێکەکانی ئاستی گەردیلە و تەنۆلکەکانی وردتر لە گەردیلەی وەک، ئەلیکترۆن و پرۆتۆن و نیۆترۆنەکان، هەروەها لە پێکهاتەکەی ئەمانە کە ناونران بە کوارکەکان (Quarks). هەر لەڕێی ئەم بیردۆزەوە بوو هەردوو تایبەتمەندی تەنۆلکەیی و شەپۆلەکی لێک گرێدران و زاراوەی دووانەکیی شەپۆل- تەنۆلکە هاتە کایەوە. پێویستە لە سەرەتاوە بڵێین، ئـێمە هەرگیز ناتوانین ئەم زانستەی فیزیای کوانتەم بدەینە پاڵ تاکە یەک زانا، چونکە لەڕاستیدا ژمارەیەکی زۆر لە زاناکان بەشداری داهێنان و سەرخستنی ئەم زانستە گرینگەیان کردووە.
ئەوەی شایەنی گوتنە، بۆ تێگەیشتن لە بیردۆزە زانستییەکان مەرج نییە خوێنەر پسپۆڕ بێت لەو بوارانەدا، بگرە هەریەکەمان بە خوێندنەوەی وتارێک، یان تۆژینەوەیەکی سادە دەربارەی چییەتی ئەو بیردۆزانە دەشێ زانیاری وەربگرین. بەم مەبەستەوە هەوڵ دەدەین لێرەدا بە ئاسانکارییەکی زۆر و شێوازێکی گەلەک ڕوون، هەروەها هێنانەوەی نموونەی ناسرا و ئەم بابەتە بە چەند بەشێک بخەینە بەردەست.

بەشی یەکەم: سەرهەڵدانی فیزیای کوانتەم، سروشتی دووانەکی ماددە و ئەندێشەی هەبوون

زۆربەی تێڕوانینەکانمان بۆ گەردوون لە سەدەی حەڤدەیەم لە بیروراکانی زانای فرەمەزن و ناوداری فیزیا و ماتماتیکی ئینگلیزی ئایزک نیوتن (Isaac Newton)، سەرچاوە دەگرێت. ئەم زانایە پێی وابوو گەردوون وەک ئامێرێکی گەورە بە چەندان یاسای دیارکراو بەڕێوە دەچێت، ئەگەر ئێمە توانیمان لەو یاسایانە بەچاکی تێبگەین، ئەوا دەکارین بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی دەربارەی ڕابردوو و ئێستە کە لەبەردەستماندا هەن، بزانین گەردوون لە دواڕۆژدا چۆن ڕەفتار دەکات. نیوتن توانی کۆمەڵێک یاسا دابڕێژێت لەڕێیانەوە پێناسەی هەموو شتگەلەکانی گەردوونی پێ بکات، هەر لە جووڵەی تەنەکانەوە بگرە، تا دەگاتە هێزی کێشکردن. پاش ئەمەیان چەند زانایەک هاتن وتیان، ئەم گەردوونە هیچ ڕێسایەکی چەسپاوی نییە، هەموو ئەو شتانەی دەیان بینین هیچیان بوونێکی ڕاستەقینەیان نییە، ئەوانەشی پێیان دەگوترێت، ڕابردوو و ئێستە و دواڕۆژ بوونیان نییە، لەوانەیە ڕابردوو کار بکاتە سەر ئەمڕۆ، ئەمڕۆش گاریگەری هەبێ لەسەر دواڕۆژ، لەمە سەیرتر دەشێ دواڕۆژ ڕابردوو بگۆڕێت، ئەمەشە گەردوون لە ڕوانگەی فیزیای هاوچەرخ.
سەرەتای ئەم زانستە لەوەوە دەست پێدەکات، کاتێک تۆماس ئەدیسۆن (Thomas Edison)، لەساڵێ 1879 یەکەمین گلۆپی دروست کرد و ئەوروپای ڕووناک کردەوە، بەمەش گەلەک پرسیار کە لە تاریکیدا شاردرابوونەوە، بەهاتنی ڕووناکی یەک بەدوای یەک خۆیان قوت دەکردەوە و چاوەڕێی وەڵامی گونجاو بوون. بنەمای کاری گڵۆپی ئەدیسۆن ئەوە بوو، بە تێپەڕبوونی تەوژمی کارەبایی بە تەلێکدا، ئەوا تەلەکە گەرمی دەبێ و دەدرەوشێتەوە. بۆ کەسانی وەک ئێمە شتێکی ناوازە نەبوو، بەڵام زاناکان هەڵسان بە پرسیارکردن. لە شێوەی: باشە بۆ ئەو تەلە گەرم ببێ تیشک دەدات؟ یاخۆ بۆ بە گەرمی پتر ڕەنگی تیشکەکە دەگۆڕدرێت، سەرەتا سوورە، بەگەرمی زیاتر دەبێتە زەرد، گەرمتر بکرێ ڕەنگەکەی سپی دەبێت؟ بۆچی دەگەینە ئاستێک هەرچەندە گەرمتر و گەرمتری دەکەین، هەر ڕەنگە سپییەکەی دەمێنێت و ناگۆڕێت بۆ ڕەنگێکی دیکە؟ وەڵامی ئەم سێ پرسیارە هیچ کەسێک نەی دەزانی، تا ئەو ڕادەیەی هەر زانایەک نێزیک دەبووەوە لەو بابەتە و وەڵامێکی دروستی پێ بوو، خەڵاتی نۆبڵی پێ دەدرا! زاناکان گومانیان نەبوو لەوەی کە تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە، ئەگەر بزانن ماددە لەچی پێک هاتووە، تا بۆیان ڕوون ببێتەوە بۆچی بەم شێوەیە ڕەفتار دەکات؟
ئەو بۆچوونانەی لەو سەردەمەدا هەبوون، وایان دادەنا ماددە لە یەکەیەکی یەکجار بچووکی خڕی پتەو هاوشێوەی هەڵماتە (کەلا) پێک دێت، دابەش ناکرێ بۆ بەشی وردتر، کارەبایەکەی هاوبارگەیە واتە نە پۆزەتیفە و نە نێگەتیف، ناسراو بە گەردیلە (Atom). پاشان زانا جۆزیف جۆن تۆمسن (Joseph John Thomson)، تەنۆلکەیەکی بارگە نەرێیی لەناو گەردیلەدا دۆزییەوە و ناوی لێنا ئەلیکترۆن (Electron). گوتی، لەبەرئەوەی ئەلیکترۆن بارگەکەی نەرێیە و گەردیلەش هاوبارگەیە، بۆیە دەبێ بەشەکانی دیکەی گەردیلە بارگەکەی ئەرێیی بێت. دوای ئەمە ڕەزەرفورد (Ernest Rutherford)، لە ئەزموونێکدا تەوژمێکی ئەلفای ئەرێیی دەگرێتە توێژاڵێک لە زێڕ، دەبینێت کە زۆربەی هەر زۆری تێدەپڕێت و تەنیا بەشێکی یەکجار کەمی تیشکەکە دەدرێتەوە. بەمە بۆی بەدەر دەکەوێت گەردیلە زۆربەی بەتاڵە، تەواو هاوشێوەی کۆمەڵەی خۆر، ناوکێکی بچووکی بارگە ئەرێیی کە وای کرد بەشە بچووکەکەی تیشکی ئەلفا بدرێتەوە، لە خولگەکەشیدا ئەلیکترۆنی بارگە نەرێیی هەیە. دوای ئەمانە زانا ماکس پلانک (Max Planck)، دێتە ناو ئەم بابەتە و پێشنیارێک دەخاتە بەردەست و بەتەواوی ڕەوتی فیزیا دەگۆڕێت. پلانک دەبێژێت، من وەک زاناکانی دیکە باسی گەردیلە و تەنۆلکەکان ناکەم، من کارم بە وزە هەیە، ئەو وزەیەی هاوشێوەی ماددە لە شتانێکی ورد پێک دێت و ناوی دەنێم بە بڕ، یاخۆ کوانتەم (Quantum)، پاشان لەمەوە فیزیای کوانتەم، یان میکانیکی کوانتەم (Quantum mechanics) سەری هەڵدا.
زاناکان ئەم تێڕوانینەی پلانکیان گەلەگ سەیر هاتە بەرچاو، ئایە وزە هیچ تایبەتمەندییەکی ماددەیی هەیە تا یەکەی بچووک بێت و بڕی هەبێ، خۆی وزە لە جوولەیەکی لەرەلەردار پتر چی دیکەیە؟ هەر لەو سەردەمەدا گەنجێک بەناوی نیلز بۆر (Niels Bohr)، گوێی لەم تێگەیشتنەی پلانک دەبێ و دەڵێت، ئەمەیە کە من بەدوای دەگەڕام بۆ وەڵامدانەوەی سێ پرسیارەکە دەربارەی تیشکی گڵۆپەکەی ئەدیسۆن! بۆر گوتی، ئەوەی فۆرد پێمانی ڕاگەیاند بۆ سووڕانەوی ئەلیکترۆن لە خوولگەکانیدا بەدەوری ناوکەی گەریلە ڕاستە، بەڵام ئەلیکترۆن چەند خوولگەیەکی دیارکراوی هەیە بۆ سووڕانەوە، بەوەی کاتێک لەڕێی گەرمییەوە ئەلیکترۆن وزەیەک وەر دەگرێت، ئەوا دەچێتە خوولگەیەکی بەرزتر و پاش دەمێک دێتەوە خوولگەکەی خۆی و وزەیەک دەبەخشێت لە شێوەی تیشک.

ئێستەش وەڵامی سێ پرسیارەکە؛

یەکەم: تەلەکەی گڵۆپی ئەدیسۆن کە گەرم بوو، ئەلیکرۆنەکان چوونە خوولگەیەکی سەروو و لەگەڕانەوەیندا وزەیەکیان دایەوە، بەمەش تەلەکە ڕووناک بووەوە.
دووەم: ئەگەر تەلەکە لە پلەیەکی نزمەوە گەرم ببێت، تەنیا هێندە وزە وەردەگرێت بتوانێت ئەلیکترۆنەکان خوولگەیەک بەسەر بخات، لە هاتنە خوارەوەی وزەیەکی کەم دەداتەوە، بۆیە ڕووناکییەکەی کزە و ڕەنگەکەشی سوورە. بە پترکردنی گەرمی ئەلیکترۆنەکان دوو خوولگە سەر دەخرێن، لەگەڕانەوەیاندا وزەیەکی بەهێزتر دەردەکەن بۆ تیشکێکی بەهێزتری خاوەن ڕەنگی زەرد. بە گەرمکردنی زیاتر و زیاتر ئەلیکترۆنەکان بۆ خوولگەی بەرزتر دەچن و لە دابەزین وزەی زۆرتر دەبەخشن، دواجار ڕەنگی دەبێتە سپی، ئەمەش بوو ڕاڤەی گۆڕانی ڕەنگی تەلەکە بە گۆڕینی پلەی گەرمی.
سێیەم: ئەلیکترۆن حەزی بە بەرزی و نزمی و خوولگەی دیارکراوی خۆی هەیە و هەرگیز لە ناوەندی پلەکان و ناوەڕاستی خوولگەکان خۆی نانوێنیت. وەک چۆن پلانک گوتی وزە لە یەکە و بڕی بچووک پێک دێت، ئاواش هەریەکە لەو خوولگانە پێویستیان بە چەند شوێنێکی تایبەتی هەیە تا ئەلکترۆنەکان تێدا بگیرسێنەوە. ئەگەر ئەلیکترۆن لە ئاستی نزمدا وزەی کەمتر وەربگرێت ناچێتە شوێنێکی نزمتر، هاوکات ئەلیکترۆنی خوولگەی سەروو هەرچەندە وزەی پتریشی پێ بدەیت، ناڕواتە خولگەی سەرووتر، لەبەرئەوەش بوو چەند گەرم دەکرا لە ئاستێکدا دەوەستا و ڕەنگە سپییەکەی نەدەگۆڕا. 
گشت زاناکانی هاوسەردەم بەم ڕاڤە بلیمەتانەیە سەرسام بوون، چونکە ئەم تێڕوانینە دەرنجامێکی زۆر سەیری هێنایە کایەوە. من کاتێک بمەوێت لە شوێنێک بچم بۆ یەکیکی دیکە، ناچارم دووریەک ببڕم تا پێی بگەم، بەڵام ئەلیکترۆن وا ناکات، ئەلیکترۆن کە وزەی وەرگرت لە خوولگەی خۆیدا ون دەبێ و لە خوولگەیەکی نوێ سەرهەڵ دەدات، بەبێ ئەوەی دووری نێوان خوولگەکان ببڕێت، لەبەرچی ئەمە بەو شێوەیەیە؟ کەس نایزانێت! لەوانەیە ئەلیکترۆن بچێتە گەردوونێکی تەریب و بێتەوە، یان بەربەستی کات تێک بشکێنێت، یاخۆ بەگوێرەی چەندان بۆچوونی دی سەیرو سەمەرە، شتی دی ڕوو بدات. لەڕاستیدا ئەمانە هەموویان لێکدانەوەی فەلسەفەیی، یاخۆ ئەندێشەی زانستین و بەئاسانی جێیان نابێتەوە لەو پرسەدا.
لەگەرمەی ئەو بابەتە تێکهەڵکێش و ناوازەیە، زانای فرەمەزنی مێژووی زانست ئەلبەرت ئەینشتاین (Albert Einstein) هاتە مەیدان. ئەینشاین لەو دەمەدا کاری لەسەر بیردۆزی کارۆڕووناکی دەکرد و گوتی، ئەگەر دوو تەل بەرانبەر یەکیان بکەینەوە و تیشکێک ئاراستەی خاڵی نێوانیان بکەین، ئەوا تەوژمێکی کارەبایی لە نێوەندە پەیدا دەبێت. واتە کاتێ تیشکێک بگرینە ڕووێک، دەبێتە هۆی بەرەڵاکردنی ئەلیکترۆن، ئەمەشە بووە بیرۆکەی بەبەرهەمهێنانی وزەی کارەبایی لە تیشکی خۆر. ئەینشتاین بۆی دەرکەوت، چڕی تەوژمی تیشک پێوەندی بە بەرەڵاکردنی ئەلیکترۆنەوە نییە، بگرە ئەمە بەندە بە ڕەنگی تیشکەکان. بۆ نموونە، تیشکێکی کزی ڕەنگی شین دەتوانێ ئەلیکترۆن ئازاد بکات، کەچی تیشکێکی ڕەنگ سووری بەهێز، دەشێ ئەوەی پێ نەکرێت. لێرەدا ڕاستەوخۆ تەلەکانی گڵۆپی ئەدیسۆنمان دێتەوە یاد، بەوەی دەگەیشتنە ڕادەیەک هەرچەندە پلەی گەرمیمان پتر دەکرد، ڕەنگەکەی هەروەک خۆی دەمایەوە. کەواتە ڕەنگەکانی تیشک هەریەکەیان بڕ و پلەی دیارکراوی خۆیان هەیە لە وزە، ئەلیکترۆنیش تەنیا ئەو ئاستە هەڵدەبژێرێت کە خۆی دەیەوێت. لەگەڵ ئەوەی بیردۆزی کاروڕووناکی زۆر بەچاکی زیرەکی و بلیمەتی ئەینشتاینی بۆ دەرخستین، بەڵام پاش ئەمە ئەینشتاین بیری کردووە کە بابەتێکی وای هەژاندووە دەرنجامێکی گەلەک مەترسیداری لێ بکەوێتەوە لە فیزیادا. ئاشکرایە ئەلیکترۆن پێکهاتەیەکی ماددەییە واتە تەنۆلکەیە، ئەوەشی خۆی پێدا دەکێشێ و دەیجووڵێنێت دەبێ هاوشێوەی ئەو تەن بێت، ئەمەش بەرەو ئەوەمان دەبات بڵێین تیشک تەنە، یاخۆ تەنۆلکەیە و بارستایی هەیە، ئەم زانیارییەش لەو دەمەدا بەهیچ شێوەیەک نەناسرا بوو. لە سەدەی حەڤدەیەمیش نیوتن وەک ئەینشتاین لەو باوەڕەدا بوو، تیشک گورزێکە لە تەنۆلکەکان، بەڵام پاشان لە چەند ئەزموونێکدا سەلمێندرا کە تیشک شەپۆلە و تەنۆلکە نییە. 
سەرەتا با بزانین شەپۆل (Wave) چییە؟ بە پێناسەیەکی یەکجار کورت شەپۆل شێوان، یان لەرەیەکی ماددەیە. بۆ نموونە کە دەبێژین شەپۆلی ئاو، باسمان لە شێوانێکی ئاوە، نەک ئاوەکە خۆی، یان کاتێک بە پەتێک شەپۆلی بەردەوام دروست دەکەین، ئەوا پەتەکە شەپۆلەکە نییە، بگرە لەرەکەی کە بۆ سەر و ژێر پەیدا دەبێ و وژەی دێت، ئەویان شەپۆلەکەیە. ئێستەش کە ناوی شەپۆلی تیشک دەهێنین، مەبەستمان ئەو شێوان و لەرەیەیە لە تیشکدا ڕوو دەدات، ئەوەی نە ماددەیە و نە بارستایی هەیە. ئەم پێناسیەی کە تیشک بە شەپۆل دادەنێت، لەڕێی چەندان تۆژینەوە و ئەزموونی جۆراوجۆرەوە بووەتە ڕاستییەکی چەسپاو لە زانستدا، گەرچی بیرۆکەیەکی سەیر و نامۆش بێت. بۆیە ناشێ کەسێکی وەک ئەینشتاینیش بێت و بمانگێڕێتەوە بۆ سەردەمی نیوتنی سەدەی حەڤدەیەم و بڵێ، نەخێر تیشک تەنۆلکەیە و شەپۆل نییە. دواجار ئەینشتاین هاتە دەنگ و بابەتەکەی یەکلایی کردەوە و گوتی، تیشک بە تەنیا شەپۆل، یان تەنۆلکە نییە، بگرە هەردووکیانە! ئەم زانیارییەش گوڕوتینێکی بەهێز و کاریگەری بەخشییە ڕەوتی بەرەو پێشەوەچوونی فیزیای کوانتەم.
لە کاتانەدا زانای فڕەنسایی لویس دی برۆی (Louis de Broglie)، خەریکی بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆراکەی بوو، بەڵام ئەو دەمەی گوێ لە گوتەکانی ئەینشتاین گرت، ئەمیش بەشداری کرد لەو گفتوگۆ و کێشمە کێشەیە. دی برۆی بیری لەوە کردەوە، ئەگەر تیشک شەپۆل و تەنۆلکە بێت و بتوانێت ئەلیکترۆن بەرەڵا بکات و بیجووڵێنێت، کەواتە دەکرێ ئەلیکترۆن خۆیشی هەم تەنۆلکە و هەم شەپۆل بێت. لەڕاستیدا ئەم سروشتە دوانەکییەی ئەلیکترۆن وەک تیشک نییە لای هەمووان بە ئاسانی تێپەڕێت، لەبەرئەوەی تێڕوانیمان بۆ چەندان بابەت بەتەواوی هەڵدەگێڕێتەوە و ڕووبەڕووی گەلەک بیرکردنەوەی مەترسیدار و سەرسڕکەرمان دەکات. زانراوە کە هەر دیاردەیەک لەسەر ئەلیکترۆن وەک تەنۆلکەیەک پیادە بکرێت، ئەوا گشت شتەکانی ئەم گردوونەش دەگرێتەوە. شەپۆلییەتی ئەلیکترۆن بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ هزر و لۆژیک ناگونجێت، چونکە ماناکەی ئەوەیە کە گەریلە شەپۆلە، ماددەش شەپۆلە، من و تۆ و ئەینشتاین و دی برۆی و هەموومان شەپۆلین، یاخۆ شێوان و لەرینەوەیەکین و بوونێکی ڕاستەقینەمان نییە!
دوای دی برۆی ئەو سروشتە دووانەکییەی شەپۆل-تەنۆلکە (Wave–particle duality)، نەک کۆتایی پێ نەهات، بگرە گفتوگۆ و مشتومڕی گەلەک قووڵتر کردەوە. لەلای زاناکانی ئەو بوارە چەند پرسیارێک خۆیان قوت دەکردەوە وەک، ئەلیکترۆن کە خاوەنی بارساییە چۆن دەتوانێ شەپۆل بێ، ئەی شوێنی ئەلیکترۆن لەکوێی ئەو شەپۆلەیە، یاخۆ چۆن تێدا خۆی دەنوێنێت؟ ئەم پرسیارانە بەم شێوەیە مانەوە، تا زانایەک پەیدا بوو بەناوی ئێروین شرۆیدینگەر (Erwin Schrödinger)، ئەوەی هاوکێشەیەکی دانا پێی دەگوترێت، هاوکێشەی شەپۆلەکی، هەرچەندە بەتەواوی شوێنی ئەلیکترۆن لەناو گەردیلەدا دەستنیشان ناکات، بەڵام توانی چۆنەتی جووڵانەوەکەیمان پێ بڵێت. ئەمجارە زانا ڤێرنەر هایزنبێرگ (Werner Heisenberg)، هاتە مەیدان و بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو بابەتەی کە شڕۆیدینگەر پێی نەکرا ڕاڤەیەکی لۆژیکی بۆ بکات. هایزنبێرگ دەبێژێت، هەر لە بنچینەدا پرسیارکردن لەو شتە هەڵەیە، بۆ ئەمەش بنەمایەکی داڕشت و ناونرا بە بنەمای نادڵنیایی، یان ناجێگیری کە تێدا هاتووە، ئێمە هەرگیز ناتوانین شوێن و خێرایی ئەلیکترۆن پێکەوە دیار بکەین. واتە یان دەبێ بڵێین، ئەلیکترۆن شەپۆلە تا بزانن چۆن دەجووڵێت، بەڵام نابێ بپرسین لەکوێیە، یاخۆ بە تەنۆلکەی دابنێن و شوێنەی دەستنیشان بکەین، لێرەشدا کەس بۆی نییە لە چۆنەتی جووڵەکەی بپرسێت. پاش ئەمەیان زانا ماکس بۆرن (Max Born)، دێت و دەڵێت، ڕاستە من ناتوانم بەتەواوی شوێنی ئەلیکترۆنی جووڵاوتان بۆ دیار بکەم، بەڵام دەکارم پێتان بڵێم ئەگەری بوونی لەکامە شوێنە. بۆ نموونە، ئەگەر شەپۆلێکم هەبێ، ئەگەری بوونی لەم جێیە 50٪، لەوەی دی 40٪، لەمەی دیکەشیان 20٪، یاخۆ ئەگەری بوونی لەم شوێنەدا یەکجار کەم، یان هەر نییە. بۆرن هاوکێشەکەی شڕۆیدینگەری هێنا و بە تۆزێک دەستکارییەوە کردییە هاوکێشەیەکی نوێ، بۆ دۆزینەوەی ئەگەری بوونی ئەلیکترۆن لە شوێنە جیاجیاکاندا.
هەموو ئەمانە دەرەنجام وامان تێ دەگەینن، ئێمە بەگوێرەی نیلز بۆر بوونێکی ڕاستەقینەمان هەبوو، بەڵام لەلای دی برۆی بوونمان هەیە و نییە، کەچی بوونمان لەلای بۆرن دەوەستێتە سەر ئەگەرەکان. هەر یەکێک پێی وابێ ئەم بابەتگەلانە ئەندێشەیین و جێ متمانە و باوەڕپێهێنان نین، دەبێ بزانێت کە گشتیان بە بەڵگە و ئەزموونی بەکردارەکی سەلمێندراون، وەک چۆن لەسەرەتاشدا ئاماژەمان پێی کرد، لە گەلەک بواردا پێڕەو دەکرێن و زۆر سوودیان لێ وەردەگیرێت.
...........................
دارا سلێمان:
ئەوەی سەرەوە بەشێکە لە بابەتگەلەک بەناوی (زانست و چەند پرسێکی ئاینیی)، کۆمەڵێک بابەتی زانستیی لەخۆ دەگرێت کە زادە‌ی وەرگێڕان، پشکنین، بژارەکردن، بەراوردکردنی سەرچاوەکان لەگەڵ یەکدی، کۆکردنە‌وە و کورتکردنەوەی بیروڕاکانی چە‌ندان نووسەر و نووسینی جۆراوجۆرە.