تورکیا دۆڵی گورگە بۆرەکان (بەشی یەکەم)

Tuesday, 08/12/2020, 0:52

8098 بینراوە


سەرەتا:

سەربازێکی تورک، لە یاداشتەکانی خۆیدا کە لە سەر ژینۆسایدی کوردانی دەرسیم ساڵی ١٩٣٧  کوردی کوشتووە، ئەم رووداوەی لە یاداشتەکانی خۆیدا نووسیوەتەوە، دەڵێت:
(کاتێک چوومە سەر ماڵی خێزانێکی کورد، ژن و مێردەکە و چەند کەسێکی ناو خێزانەکەم، دوایی تەماشام کرد، منداڵێک لە ناو بێشکەدا لە ژوورێکی دیکە، نوزەی لێوە دێت، چوومە لای و سەری قەمەی تفەنگەکەم خستە ناو دەمی، ئەویش وەکوو مەمکەمژە، دەستی کرد بە مژین!).
سەربازە تورکە، درێژەی دەداتێ و دەگێڕێتەوە:
(ئیتر خۆم نەگرت قەمەی تفەنگەکەم لە دەمی گیر کرد و سەری نوکی قەمەکە لە پشتیی سەریەوە دەرچوو، منداڵەکە قرخە و نوزەیەکی لێوەهات گیانی دەرچوو.) لێی دەپرسن: ئەی بۆ منداڵەکەت کوشت؟ لە وەڵامدا دەڵێت: (بیرم لەوە کردەوە، ئەگەر ئەم منداڵە کوردە گەورە ببێت، رەنگە بە دوای بکوژی کەسوکاریدا بگەڕێت و تۆڵە بکاتەوە).
ئەم رووداوە و دەیان و سەدان رووداوی دیکەی هاوشێوە، کە تورک بەرامبەر بە کورد و نەتەوەکانی دیکەی کردووە، ئەو راستییە دەسەلمێنێت و بڵێین لە ناو تورکدا بە دەگمەن کەسانی مرۆڤدۆست و حەقبێژی وەک ئیسماعیل بێشکچی هەڵبکەوێت، کە جگە لە تورک بڕوایان بە بوونی نەتەوەیەکی تر هەبێت و بە ئاشکرا ناوی بهێنن.
نمونەی ئیسماعیل بێشکچی زۆر نیین، کە ددان بەو راستییەدا بنێن، کە لە تورکیا نەتەوەیەکی تر بە ناوی کوردەوە بوونی هەیە.
هەڵوێستی چەپە تورکەکان بەرامبەر بە کورد لە کەمالیست و عیلمانییەکان باشتر نییە! ئیسلامییە تورکەکانیش لە عیلمانییەکان باشتر نیین، بەتایبەتی ئەوانەی ئەمڕۆ، دەسەڵات بەڕێوەدەبەن، هەموویان وەکو یەک راسیست و نەتەوەپەرست و نامرۆڤن، ئەو هەستە تێیاندا گەیشتۆتە لوتکە.
------------------------
داخوازی کوردی باکور لە تورکیا مافێکی سەرەتاییە، کە داوا دەکات رێگای پێ بدرێت بە زمانی زکماکی خۆی قسە بکات، هەروەها پاریزگاری لە کەلتور و مێژووی خۆی بکات. زۆرینەی تورک ئەم مافە بە کورد رەوا نابینن، چونکە لە منداڵییەوە تورکەکان وا پەروەردە و گۆش دەکرێن، کە رقیان لە کورد بێت. بە بیستینی ناو و وشەی کوردی شێت و هار دەبن.. زۆربەی تورک لەگەڵ نەمان و تواندنەوەی کورددان، نەک تەنیا کورد بەڵکو هەستی رەگەزپەرستیی تورک هێندە ئەستورە، لە لوتکەدایە و گەیشتۆتە ئەو ئاستەی لە پێستی مرۆڤبوونی خۆیان هاتوونەتە دەرێ بوونەتە گورگێکی بۆری دڕندە، دژایەتی هەموو نەتەوەکانی تریش، دەکەن، بەتایبەتی گریکی و ئەرمەنیەکان. هەڵبەت هۆکاریی ئەم هەستە رەگەزپەرستییەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مێژووەی تورکەکان، لەسەر خاک و خوێنی ئەو سێ نەتەوەیە، دەوڵەتی عوسمانییان دروست کرد، کە ئەمڕۆ ناسراوە بە کۆماری تورکیا.
رەفتار و مامەڵەی تورک لەگەڵ زیندانییە کوردەکاندا
پەروەردەی کەسایەتیی تورک، کەسایەتییەکی راسیست و نەتەوەپەرستییە، بە بەراورد بە نازییەکانی ئەڵمان و فاشییەکانی ئیتاڵیا، تورکەکان برەویان بە گورگە بۆرەکان داوە، کە حکومەتی تورکیا پشتگیریان دەکات، نازی و فاشییەکانی ئەڵمانیا و کۆکس کڵانی ئەمەریکا لە چاو تورکدا، بە سۆزتر و مرۆڤدۆستترن.کاتێک جووەکان باسی هۆڵۆکۆستی نازییەکان دەکەن، ئەو هەموو کارەساتانەی لە مێژوودا تورک بەرامبەر بە کورد و نەتەوەکانی تر کردوویەتی، هۆڵەکۆست دەبێتە رووداوێکی زۆر بچووک. تورکەکان ئەو هەموو تاوانەی بەرامبەر بە کۆمەڵگای مۆرڤایەتیی کردوویانە، بە مافی رەوای خۆشی دەزانێت جگە لە خۆیان وەکو مرۆڤ هیچ نەتەوەیەکی دەوروبەریان ناوی هەبێت و بوونی هەبێت.
دوای ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی تەکنەلۆژیا و زانستەکانی تر لە هەموو بوارەکاندا، کە بووە هۆی گۆڕانکارییەکی مەزن بە سەر هزر و بیرکردنەوەی مرۆڤایەتییدا، دنیای بچوکتر و مرۆڤەکانی لە یەکتر نزیک کردەوە، گیان و هەستی هاوکاریی و پێکەوەژیانی گەلانی کراوەتر کرد، بەڵام ئەمە کاری نەکردۆتە سەر عەقڵی تورک، وەکو مرۆڤ ئەو پێشکەوتن و زانست کەڵکی لێوەربگرێت، بۆیە بە خراپی وەریگرتووە و پیادەی دەکات. دژی کورد ئەو زانست و تەکنەلۆژیایەی کە ئەمڕۆ تورکیا فێری بووە و هەیەتی زیاتر بۆ مەبەستی سەربازیی و جۆری هێرش بردنە سەر نەتەوە و وڵاتانی تر بەکاری دەهێنێت، جگە لە دروستکردنی جۆری خۆراک و دەرمانی ژاراوی. مامەڵەکردنی تورک لەگەڵ دنیا و دەوڵەتانی دەوروبەریاندا دوژمنکارانەیە، دەرسیان لە مێژوو، لە تاوانی رابردووی باوباپیرانیان وەرنەگرتووە، نەیانتوانیوە مرۆڤانە بیربکەنەوە و چارەسەری کێشەکانی ناوخۆ و دەرەوە بکەن، بەتایبەتی کێشەی کورد، بە پێچەوانەوە هەستی راسیستی تورکی زیاتر گەشەی کردووە، خەونی کۆنی زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی کەوتۆتە کەللەی سیاسیی و دەسەڵاتدارانی تورک لەناو دۆڵی گورگەبۆرەکاندا رەنگی داوەتەوە.
دوای دروستبوونی کۆماری تورکیا، کەمال ئەتاتورک رقی تورکی بەرامبەر بە کورد گەیاندە لوتکە، تا ئاستی هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردیی، کە هەموو کارێکی نامرۆڤانەی ئەنجام دا. لەو بارەیەوە مێژوو کارەساتی زۆری بۆ تۆمارکردووین، بەناوبانگترینیان ژینۆسایدی کوردی دەرسیمە، هەر بۆیە لە تەواوی سەدەی رابردوەوە تا ئەمڕۆ ئەو رەفتارە نامرۆڤایەتییە بەرامبەر بە کورد بەردەوامی و درێژەی هەیە، نەک تەنیا لە ناو تورکیا بەڵکو هەستی رەگەزپەرستیی تورک، گواسراوەتەوە بۆ دەرەوەی تورکیاش. تورکمانەکانی عێراق، ئازەرییەکانی ئێران، تورکمانستان، ئازربێجان و زۆر وڵاتی تر، لە تورکەکانی ناو تورکیا زیاتر رەگەزپەرستترن.
- بەر لە 30 ساڵ ئەگەر تورکێک بۆ دەرەوەی تورکیا سەفەری بکردایە، وای دەزانی هەموو دانیشتوانی دنیا زمانی تورکی دەزانن، بە تورکی دەکەوتە گفتوگۆ. باوکی کوردۆ باخسی، بۆ یەکەم جار کە تورکیا جێ دەهێڵێت و سەردانی سوید دەکات، وا دەزانێت هەموو سویدییەکان وەکو خۆی تورکی دەزانن، بۆیە لە یەکەم چوونی بۆ بازاڕ بە تورکی دەکەوێتە سەوداو مامەڵەکردن.
بەکارهێنانی ئاینی ئیسلام لای تورکەکان بۆ داگیرکاریی و دوژمنکاری ژیلەمۆی ئەو هەستە راسیستەیە، خۆیان بە خاوەنی هەموو وڵاتانی ئیسلام دەزانن، کوردیش وەکو رێگرێک لە بەرامبەر خەونی زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانیی دەبینن، لەبەر ئەوەی کوردیش تا ئیستا خاوەنی نیشتیمانی سەربەخۆی خۆی و دەوڵەتێک نییە، تورکەکان نەیانشاردۆتەوە لە نەخشە و پالانی هێرشکردنیان هەموو نیشتیمانی کورد بە خاکی خۆیان دەزانن، نەخشەی تورکیای ئەمڕۆ کە بە نافەرمی دەیکێشن هەر لە ئیستاوە هەموو کوردستانیان خستۆتە سەر تورکیا، بڕیاریان داوە کورد لەناو بەرن، وەکو نەتەوەش بیسڕنەوە.
تورکەکان هەموو هەوڵێک بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردی دەدەن. فتح اللة گوڵەن کە بەناو بزووتنەوەیەکی ئیسلامی بەڕیوە دەبات، یەکێکە لەو رابەرە تورکە راسیستانەی، لە رێگای کردنەوەی زانکۆ و قوتابخانە بە زمانی تورکی بەشێک لە ئامانجی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان بەجێ هێناوە، کە بە پلەی یەکەم لە ناوبردنی کوردە، بۆ ئەمەش ئیسلامیی و سەلەفییە کوردەکانی باشووریش بوونەتە بەشێک لەو بانگەشە و بزووتنەوەیەی فتح اللە گوڵەن. ئیسلامە کوردەکان رۆڵی جاشێکی مەترسیدار دەبینن، هەروەها وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمیش زۆربەی رێنماییەکانی خۆی لەسەر سیاسەتی حکومەتی تورکیا دادەڕێژێت و بەڕێوەی دەبات. جگە لە زانکۆ و قوتابخانە تورکییەکان، کە ئامانجیان بڵاوکردنەوەی کەلتور و فێرکردنی زمانی تورکی و سڕینەوەی ناسنامەی کوردییە. ئەمەش بە یارمەتی بنەماڵەی بارزانی ئەم ئیسلامە کوردانە رێگایان پێدراوە پێشڕەوی ئەو خیانەتە نەتەوەییە دەکەن.
سەرباری هەموو ئەمانە راگەیاندنەکانی هەرێم وەکو راگەیاندێکی ناو تورکیا رەفتار دەکەن، زۆربەی کارمەندەکانیان کار بۆ دەزگای سیخوڕی میت دەکەن. بەردەوام لە رێگای فلیم و زنجیرەی تورکییەکانەوە، هەوڵی تێکدانی رەوشتی خێزان و کۆمەڵگای کوردیی دەدەن، توانیویانە شیرازەی کۆمەڵگا تێک و پێک بدەن، هیچ مەلا و ئیسلامێکیی کورد بۆی نییە رەخنە لەو فلیم و زنجیرە تورکیانە بگرێت و باس لە دیاردەی ئافرەتی لەشفرۆش بکات، کە بە پلانی تورکیا بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات رەوشتی بەرزی کۆمەڵگای کوردیی ناهێڵێت.

داود ئۆغڵۆ دەڵێت: ئەگەر خوا دەوڵەتی کوردی دروست بکات، تورک لە خوا دەتۆرێت و لێی هەڵدەگەڕێتەوە.

- ساڵی 2004 لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە سوید کارم دەکرد، هەندێک جار لەگەڵ خۆمدا بۆ پشووی نیوەڕوان خواردنم لەگەڵ خۆمدا دەبرد، وەک دەستوری کوردەواری پێش ئەوەی دەم بۆ خواردنەکە بەرم، فەرمووم لە دەوروبەرەکەم دەکرد، رۆژێک فەرمووم لە سوییدییەکی هاوکارم کرد، کە دوایی زانییم ژنەکەی تورکی ئەستەمبوڵە، خواردنەکەی زۆر بە دڵ بوو، داوای لێکردم، چۆنێتی دروستکردنەکەی بۆ بنووسمەوە، پاش هەفتەیەک لە ماڵەوە، هەمان خواردنمان بە تایبەت بۆ دروست کرد و لە ناو مەنجەڵێکدا بۆم برد، پێیم وت ئەوە ئەو خواردنەیە کە تۆ حەزت لێی بوو، بەتایبەتی بۆتم هێناوە، لەگەڵ خۆتا بیبەرەوە. بێ سێ و دووکردن و وەستان یەکسەر وەڵامی دامەوە و وتی: ببورە ئەو رۆژە کە گەڕامەوە، تامی خواردنەکەی تۆم بۆ ژنەکەم بگێڕایەوە، توڕە بوو، بە گژمدا هات، پێی خۆش نەبوو، خواردنی کوردێکم خواردووە، بۆیە سوپاس ناتوانم لێتی وەربگرم. ژنەکەم قبوڵی ناکات خواردنی کوردی بەرمەوە، یان تامی بکەم.

- ناسر حەفید لە نووسینێکی دا بە ناونیشانی (کورد تورکی کوێر کردووه‌) باس لە رووداوێک دەکات لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی سوێد، کە منداڵی فرە نەتەوەکانی تێدایە، لەوانە کورد و تورک.. کاک ناسر لەسەر ئەمە ئاوا دەگێڕێتەوە:
(ده‌وڵه‌تی سوید له‌و په‌ڕی دنیا ده‌رفه‌ت ئه‌دات به‌ منداڵی کورد له‌ قوتابخانه‌کانیدا بە زمانی خۆیان بخوێننن. حکومه‌تی تورکیی به‌ره‌سمیی ناڕه‌زایی دژی حکومه‌تی سویدیی ده‌رده‌بڕێت. سویدییه‌کان له‌ زمانی باڵنده‌ و ئاژه‌ڵ، رووه‌ک و ماسی تێده‌گه‌ن. به‌ڵام له‌م ئەقڵە تورکییه‌ تێناگه‌ن و سه‌ریان ده‌ئاوسێ. ئاخر زمان هه‌ر وشه‌ نییه‌. تورک دان به‌ بوونی کورددا نانێت. کورد به‌ تورکیی نه‌بێت ناتوانێت به‌ چاوی تورکدا ره‌ت ببێت. کورد تورکی کوێر کردووه‌. تورک به‌م چاوه‌ کوێره‌وه‌ ته‌ماشای هەموو دنیاش ده‌کات. تورک به‌م چاوه‌ کوێره‌وه‌ منداڵه‌کانیشی به‌ خێو ده‌کات.
دایکێکی تورک له‌ وڵاتی سوید ته‌له‌فون هه‌ڵده‌گرێت بۆ قوتابخانه‌ی منداڵه‌که‌ی: "هه‌لاو! منداڵه‌که‌م نایەته‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌. به‌ وانه‌کانی ئێوه‌ نه‌خۆش که‌وتووه‌. ئێوه‌ له‌ ده‌رسا باسی کوردتان کردووه‌. منداڵه‌که‌ی من به‌م باسه‌ تای به‌رز ده‌بێته‌وه.‌").

- خاتو سۆزان سەعید کە دەرچووی بەشی فەلسەفەیە لە زانکۆی برۆکسل لە بەلجیکا، بۆی گێڕامەوە، کە لە پۆلەکەیدا کچێکی تورک لەگەڵیدا بووە. ئەو کچە تورکە لە خێزانێکی خوێندەوار و رۆشنبیریش بووە، پاش ئەوەی زیاتر سۆزانی ناسیوە و تێکەڵی بووە، وتوویەتی: ئیستا بەهۆی تۆوە زانیومە کە کوردیش مرۆڤە، چونکە ئێمە لە تورکیا کورد وەکو جەنگینە (قەرەج) سەیر دەکەین، بەڵام من ئیستا گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی، دەبینم تۆش فەلسەفە دەخوێنیت، رام بەرامبەر بە کورد گۆڕاوە، دەزانم ئێوەش مرۆڤن.
ئەو گۆرانکارییەی بەرامبەر بە کورد کە بەسەر ئەو کچە تورکەشدا هاتووە، لەوەشەوە هاتووە وەک سۆزان خان باسی کرد، کاتێک کچە تورکەکە خۆشی هاتۆتە بەلجیکا، لەلایەن ئەوروپییەکانەوە هەمان مامەلەی لەگەڵدا کراوە خۆشی وەکو بێگانەیەکی پلە دوو سەیر کراوە، هەر وەکو چۆن تورک لە بەرامبەر بە کورد دەیکات. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی بە خۆیدا بچێتەوە و رای بگۆڕێت.

تورکیا دۆڵی گورگە بۆرەکان (بەشی دووەم)


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە