دوای ئەو ھەموو ھەنگاو و دەستکەوتە گرنگانە ، ئیتالیاییەکان دەستیان کرد بە ژیانێکی نوێی ئازاد، لەسایەی یەکێتی جوگرافی و سیاسی و نەتەوەیی خۆیان دا. ئاخر ئەوان شیرمژی بیروباوەڕی دەیانی وەک ماتزینی کە ڕوو لە کرێکارانی وڵاتەکەی دەکا و دەڵێ:« برایینە .. نیشتمانەکەتان خۆش بوێت، نیشتمانەکەمان ھەوارگەمانە..ھەوارگەیەکە خوا پێی بەخشیوین و تێیدا یەک خێزانمان دروست کردووە». و مەکیاڤیللی بوون کە ئەویش دەڵێ:«نیشتمانتان لە گیانی خۆتان خۆشتر بووێت»!!.
ئاکامگیریی:
+ ئیتالییاییەکان بەتێکڕا یەک ھیوا و ئامانج و ستراتیژیان ھەبوو، ڕزگاری نیشتمان و دەرپەڕاندنی ھێزە بێگانەکان...
+ تەواوی دەستەوتاقم و گرووپەکان بەشداری شۆڕش بوون و ڕۆڵیان گێڕاوە، لە خاوەن موڵک و بەگزادە و بەتایبەت دەستەی خوێنەوار و دەستەبژێری ئاکادیمیستەکان و لیبەڕاڵەکان..
+ ھەر دەرفەتێک ھاتبێتە بەردەم ئیتالییەکان بە وریایی و ئاقڵانە و خێرایی بە سوودی پرسە ڕەواکەیان قۆستوویانەتەوە.
+ سێ سەرکردە، ماتزینی باوکی ڕۆحی ڕیسۆرگیمەنتۆ و جەنەڕاڵ گاریباڵدی سەرکردەی مەیدانی درەوشاوە و کافوور وەک سیاسییەکی واقعبینی ریال پۆلەتیکی،لە سێ کایەی جیاوازەوە ئەرکی ژیانەوە و یەکگرتنەوەی ئیتالیایان لە ئەستۆ گرت و بەئەنجام گەیاند.