"نیشتمانی سارا نیشتمانێکی بێ پەروا و ڕۆمانێکی یاخی"

Tuesday, 08/12/2020, 19:33

5890 بینراوە


ڕۆمانی نیشتمانی سارا ڕۆمانێکی ٤٥٠ لاپەڕیی کوردییە. کە لە نووسینی ڕۆماننووس میران ئەبراهامە و بە هەر دوو چاپی ساڵی ٢٠١٨ و ساڵی ٢٠٢٠ کەوتۆتە بەر دیدگای خوێنەرانی ڕۆمانی کوردی و دەتوانرێت وەک یەکێک لە ڕۆمانە ناوازەکان دەست نیشان بکرێت کە بە تەکنیک و شوازێکی جوان زمانێکی ناوازەیی کوردی نووسراوە و کە باڵایە لە چێژی ئەدەبی گێڕانەوە دا.
نیشتمانی سارا وەک ڕۆمانێکی کوردی باس لە کێشە و گرفتی ئەو کوردانە دەکات کە لەسەر ئایینی جوولەکە بوون، بە هۆی پاکتاویی ئاینییەوە ڕووبەڕووی پاکتاوی ڕەگەزیش بوونەتەوە، لە نیشتمانی سارادا مێژوو، ئایین، شۆڕش، ستەمکاری. ئەو چەمکانەن کە ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە لە جوغزیی دا دەسوڕێتەوە.
هەڕچەندە نیشتیمانی سارا بە زمانێکی بەرزی ئەدەبی نووسراوەتەوە و دەق- سەرد- گێڕانەوە، پێکهاتەی سەرەکیین بۆ یەکخستەنەوە و بیرهێنانەوەی ڕووداوێکی مێژوویی مرۆیی، کە نووسەر لێزانانە و بە وردییەوە ڕۆچۆتە نێو ڕووداوەکان و وەک مانافێستێکی تۆمار کردن و یاد هێنانەوەی کەمە ئایینییەکی کوردی لە بیر کراو بۆ بیری خوێنەری کورد دەخرێتە ڕوو، کە دەیەوێت بڵێت لە پێشوودا لە سەر زەمینی ئەم نیشتمانەی کوردان، دەرهەق بە جوولەکەکان لە دابڕان و پاکتاو، جیاکاری، تاوانکاری، چی گوزەراوە، بەمەش نووسەر هۆڵۆکۆستێکی بچووکی لەسەر خاکی نیشتیمان بۆ جوولەکەکان لە سەر ڕووپەڕی کاخەز پیشان داوە.
نیشتمانی سارا بە جۆرێک بە دوای ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە ڕات دەکیشێ وەک ئەوەی دەستت لە ڕەگی نیشتمان گیر بووبێت و ڕۆحت بۆ ناو خاک کێش دەکات، ناتوانی بە ئاسانی دەستبەرداری دیوی دووەمی ناسۆرییەکانی ناو ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە ببیت. لەگەڵ ئەوەشدا نیشتمانی سارا وەک هەر ڕۆمان و دەقێکی تری ئەدەبی شایانی ڕەخنە لێگرتنە و دەبێ بخرێتە ژێر هاوێنەی بینینەکی چڕی ئەدەبی و لایەنە شاراوەکان و کەماسییەکانی ببینرێت.
سەرەتا ناوونیشانی ڕۆمانەکە دەبێتە پرسیارێکی جددی لای خوێنەر و بەدوای دۆزینەوەی هۆکاری ناونانی ڕۆمانەکە دا هەرەتە دەبێ، دواتر لە بەشی (٦) و لا (٢٤٥) سارا وەک کارکتەرێک دەردەکەوێت، دێتە ناو باس و ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە و کە وەک دایکی جووکانی جیهان و خێزانی ئیبراهیم پێغەمبەر و دامەزرێنەری وەچەگەری جوو دێتە بەر باس.
نیشتمانی سارا لە پێنج بەشی سەرەکی و چەندین بەشی بچووک پێکهاتووە، لە ڕووی گێڕانەوە بەپێی مێژووی ڕووداوەکان ڕیزبەندی بەشەکانی کراوە، سەرباری وردبینی و دیقەت گرتنەی نووسەر، لە زۆر شوێن نووسەر لە چەمک و بەکار هێنانی زاراوە دا دەکەوێتە نێو هەڵەوە، هەروەک لە بەشی (١) و لاپەرە (١٢) هاوتووە " ئەو داهۆڵانە پاسەوانن، بۆ ئەوەی پەلەوەرەکان بترسێن و و گەنمەکە نەخۆن" لێرە نووسەر لە بڕی باڵندە پەڵەوەڕی بەکار بردووە، بێ ئاگا لەوەی کە کۆی ئەو گیاندارە دوو پێ و پەڕدارنە دەگرێتەوە کە بەشێکیان تخونی دەغڵ و دان ناکەون، یان هەرلە داهۆڵ ناترسن وەک قاز و مراوی و وشترمەلیش دەچێتە ئەم خانەیە.
یاخود لە بەشی (٢) و لا (١٤) دا دەڵێ " کوڕگەل گیان، لە بازار لێم دوور نەکەنەوە با لێم ون نەبن" ڕۆماننووس وشەی کورگەڵی لە سەر زاری سلێمان بۆ کور و برازاکەی حیکمەت و خایم کە تەنیا دوو کەسن بەکار هێناوە، هەرچەندە دوو کۆیە و تاک نییە، بەڵام بە ڕوانینی من کورگەڵ کە ئاخێزگەکەی مێگەلە و چۆن هەرگیز بۆ دوو سەرە ماڵات مێگەڵ بەکار نایێت و تەنیا دەگوترێ دوو سەر ئاژەڵ، ئاواش بۆ مرۆڤ شیاو نییە بە دوو کەس بڵی کورگەڵ. بۆ چارەسەریش ئێمە لە کوردی دا دەڵێین کوڕینە ئەمە شیاوترین وشەیە بۆ ئەوەی بەرنەمبەر کەمێکی کۆ بەکار بهێندرێت.
لە هەندێ شوێن بە ریەکەوتن لە بۆچوون و دیدگاکانی کارەکتەرەکان دروست دەبێ هەروەک لە هەمان بەش و لا پەرەی سەرەوە لەسەر زاری خایمی منداڵە جوو، کە دەیەوێ جیاوازیی چینایەتی و نێوان پەیڕەوانی ئایینی لە ناو کورد دا نیشان بدات کە دەڵێ " هەرچەندە تا ئەمرۆش لە خەیاڵی خۆمدا بەردەوام ئەم پرسیارە لە خۆم دەکەم، ئایا بۆچی بە مەزەندەی مامە سلیمانم ئێمەی منداڵانی جوو جیاواز بووین لە مندالەکانی تری ئەو شارە؟ " بەم ڕستەیەی "تا ئەمرۆش لە خەیاڵی خۆمدا" بۆمان دەردەکەویت ئەمڕۆی خایم سەردەمی نوێ و گەورە بوون و گەنجیەتیی خایمە، کە بیرەوەری منداڵی خۆی دەگێڕێتەوە بەڵام هەر خۆشی دواتر لە لا (١٧) ئێژێ لە دوای قوتابخانە بە غاردان دەچوونەوە، چونکە منداڵانی هەر دوو گەرەک بەردییان تێدەگرتین تا گەرەکی جوولەکان دوامان دەکەوتن و دەگەیشتەوەی زۆربەی ژن و پیاوی گەرەکیش بەشداریان دەکرد. ئەمە تەنیا بە هۆی ئەوە بووە کە ئەوان جوولەکە بوون یان لە لا (١٩- ٢٠) وای دەیخاتە ڕوو کە ماوەی یەک ساڵ لەگەڵ منداڵێکی هاوپۆڵی قوتابخانەی سەرەتایی لەسەر یەک ڕەحلە و کورسی لە تەینشت یەکەوە دادنیشن، کەچی بە هۆی جیاوازی ئایینییەوە یەکتر نادوێنن تەنانەت دەڵێ " بەردەوام بیرم لەوە دەکردەوە ئاخۆ چی روو دەدات ئەگەر شانم بەر شانی ئەو کوڕە موسڵمانە بکەوێت" کەواتە ئەو دەبێ هەرزوو جیاوازیی ئایینییەکەی خۆی لەگەڵ زارۆیەکی موسڵمان بینیىێت و نەوەک بێ ئاگایی خۆی نیشان بدات.
دیسان لە لا (١٩) کاتێ فواد مەعروف رازی نابێت لە تەک خایم منداڵەجوو دابنیشێت بەم هۆیەوە بە دەست مامۆستا لێدان دەخوات و دەنووسێ " ناچار بوو گوێی گرت و بە دەستەکەی تری دوو شەپازەلەی توندی کێشا بە بناملیدا و بە زۆر لە تەنیشتی منەوە دای نا" لیرە من نازانم ابراهام مەبەستی بناملیدا کوێی جەستەیە! بناگوێ ڕوومەتە و پشتمە مل دواوەی ملە و گەردەن پیشەوەی ملە، چەناگە یان زێچەنە سەری گەردەنە و سینگ خوارەوەی ملە، بەڵام سەیر لەوە دایە نووسەر بناگوێ بکاتە مل، گەر مەبەستی هەمان گوێ بێ ئەوە هەڵەیە گوێ بەملەوە نییە بەسەرە وەیە، گەر مەبەستی سەروەی تەنیشتی مل بێ دەکاتە سەر، یان مەبەستی خوارەوەی مل بێ دەکاتە شان. کەواتە بە هەموو پێوەرێک بنا مڵ وشەیەکەی هەڵەیە و لە پێکهاتەی جەستەی مرۆڤ دا نییە.
هەروەها لە لا (٢١) دەنووسێ " ئەوەندەم نەزانی فواد لەبەردەمم پەیدابوو" لێرەشدا دەبێت بنووسرێ ئەوەندەم زانی واتا کەمێک زانیاری لەسەر پەیدابوونی بەردەستە نەوەک هیچ نەزانین. پاشان لە لا (٢٩) هاتووە کاتێ مەلا کوێر دەیەوێت جوولەکەیەک لە ناو قەڵای بکاتە ئیسلام لەسەر ئەوە دارکاری دەکات کە نازانێ شایەدوئیمان بێ، ئەمە نالۆژیکییە، ئیسلام نەبوون کافییە بۆ ئەوەی کە ئاسایی بێ کەسێک نەزانێ شایەدوو ئیمانی ئیسلامی بێنێ.
لەلایەکی تر لە لا (٣٠) وادەخاتە سەر زاران " ئەوە مەلا ئەبوبکر ئەفەندی مانگێکە بۆ ئەستەمبۆڵ چویتە، " هەرچەندە نووسەر زۆر شێوە زار و بنزاری شارەزایانە بەکارهێناوە، بەڵام ئەم ڕستەیە هەڵەیە دەبێ بنووسرێ : ئەوە مەلا ئەبوبکر ئەفەندی مانگێکە بۆ ئەستەمبۆڵ چووە، یان چۆتە ئەستەمبۆڵ. لە بەشی (٤) و لاپەرە (٣٧) و لە کۆی شوێنەکانی تر لە بڕی ڕۆژی دواتر ڕۆژی دوایی بەکاردێنێت ڕۆژی دوایی لە کوردی دا لە بەرانبەر (یوم القیامە) ڕۆژی پەسڵان یەکلابۆتەوە، بەمەش تێکەڵاوییەکی کردووە کە لە بەرژەوەندی دەقەکە دانییە.
دیسان لە بەشی (٥) و لاپەرە (٤٣) و چەند شوێنیکی دیکە، وشەی عەمبار دەسوێ دەیکات بە عەمار بەمەش لە ناوی شوێنی هەڵگرتنی کەلوپەل دەگۆڕێ بۆ ناوی عەماری کەسی عەرەبی کە بۆ مرۆڤە و لای خوێنەر تێکەڵ دەبێت. ئەمجارە لە لە بەشی (٧) و لاپەرە (٥٦) دەنووسێ " ئەوانەی تر دوای جەن خەرجی چوونە حەجیان بۆ کرا" لێرەش هەمان کەماسی دێتە بەر چاو کە خەرجی چوونە حەج ناکرێ بەڵکو سەرف دەکرێ، یان خەرج دەکرێ ئەم ڕستەیەشیان هەر هەڵەیە. یاخود لە لا (٦٢) دەڵێ " دوای ئەوەی دوکانەکەیان گرت" لێرە نووسەر مەبەستی لە گرتن داخستنە، گرتن واتە دەست بەسەرداگەین، یان بە کرێ گرتن دێ، بۆیە دەبووایە لە بڕی گرتن بنووسێ داخستن.
بەهۆی زاڵ بوونی هەستی نووسەر بەسەر ئەبستکرات و گێڕانەوە لە دەقدا، نەیتوانیوە بە تەواوەتی مشتوماڵی نێو ناوەڕک بکات، بەمەش زیاد لە پێویست ڕووداوەکانی گەورە کردووە و دەبووایە نووسەر هەستیارانەتر مامەڵەی لەگەڵ ناوەڕکی ڕۆمانە کەدا کردبووایە، چونکە لە ئەگەری وەرگێڕانی نیشتمانی سارا بۆ سەر زمانەکانی تر، کورد زۆر بەڕبەری و وەحشیەتگەری نیشان دەدات، ئەمەش هەم ئەرکیکی ئەخلاقییە و هەمیش ڕووداوەکان دوورن لە ڕاستی. بۆ نمونە لە بەشی (٩) و لاپەرە (٩٢) سەبارەت بە ستەمکردن لە جوولەکەکان لەسەر زمانی پۆلاکی مێردی پوری خایم دەنووسێ " چوار جووی لە ڕێگای کەرکوک بەدەستی هەمەوەندییەکان ڕووت کرانەوە و پاشان سەر بڕان" یان لە لا (٩٩) حاخام دەگێڕێتەوە کە مەلاو فەقێکان ئەلیاسی برازایان سەربڕی. بەمەش هەموومان دەزانین سەربڕین تا هاتنی کولتوری تووندڕەوی ئایینی لە نێو فەرهەنگی کوردا نەبووە.
هەرچەندە دەبێت لایەنە جوانییەکانی ناو ڕۆمانەکە فەرامۆش نەکرێ، وەک ئالیکاری سۆفی و دەروێشەکانی سلیمانی و بەهاناوە هاتنی جولەکەکان کە بە وردی لە لا (٢١٩) نووسەر باسی پێکەوە ژیانی کردووە، لە شاری سلێیمانی شایانی هەڵوێستە لەسەر کردنە. بەڵام کاتێ گانجێکی مەسیحی لە سوریاوە بۆ خوێندن لە لا (١٧٤) بەسەلامەتی ئەم هەموو ڕێگایە دەبڕێ و دێتە شاری سلێیمانی لە گەراجی شاری سلێیمانی ڕووت دەکرێت و هەموو شتێکی لێ دەدزن. ئەوەی کە زۆر نیگەرانی کردم بەکار بردنی وشەی زۆرینەیە بۆ شارێک کە نووسەر لە لا (٣١٣) دا باس لە هەڵدانەوەی گۆڕی جوولەکان دەکات کە باهاندانی حکومەت بەوەی پڕوپاگەندەی بوونی زێڕ و زوی لەنێو گۆڕەکان بڵاو کردۆتەوە، بۆیە خەڵکی شاری سلێیمانی دەخاتە داوی حکومەتەوە و دەنووسێ " زۆرینەی خەڵکی شاری سلێمانی وەکو شارو گوندەکانی تری عێراق، شەوان درەنگ بە پاچ و خاکەناز دەهاتن و یەک یەک گۆڕەکانیان هەڵدەدایەوە" بەمەش ناوەستێ دەڵێ " گۆڕی وا هەبوو زیاتر لە دەجار ژێراو ژور کرابوو" ئەمەش ناهەقییە بەرامبەر گەلێکی ستەم لێکراوی وەک کورد، بەتایبەت شارێک کە بەسەری داببڕێت. لە بەرانبەریشدا کە سلێمانی مامی خایم دەچێتە بەغدا لەوێ دەڵێ گورگ و مەڕ بەیەکەوە ئاویان دەخواردەوە، گەر ئەم دەقە لە نووسینی نووسەرێکی عەرەب و یان فارس و تورک بووایە بەو پەڕی فاشستی و ڕاسیستی نەتەوەیی دژی کورد لە قەڵەم دەدرا.
هەروەها لە لا (١١١) لەیەک تێکستدا دوو هەڵە دەکەویتە بەر دیدگا هەروەک نووسەر دەبێژێ" چاوی لێ داچڕیم و توند لا ڕانی گوشیم، لەژێر لێوەوە و بە گوێمدا چپاندی، ئای لە کوێتە قوڕت بەسەر، " من جارێ نازانم چاو چۆن دادەچڕێ پێوست بوو بڵێ دەنووقێ یان چپاند، لە کۆتایی ڕستەکە چەندین جار هێنام و بردم لێی تێنەگەیشتم مەبەستی نووسەر لە کوێتە چییە؟ ئایە مەبەستی وڵاتی کوێتە یان لە کوێ! واتە بۆ کوێ چووی.
لە لایەکی ترەوە لە بەشی (١٢) و لاپەرە (١٢٥) خایم لە سەر نەخۆش بوونی هاوژینەکەی دا وادەخاتە ڕوو " کەتانی خوشکم بە ڕۆژدا خزمەتی دەکرد و منیش کاروباری دوکانەکەم بەرێوەدەبرد" لەم تێکستەش دا بە ڕۆژ هەڵەیە دەبێ بنووسرێ لە ڕۆژ دا. 
سەبارەت بە هاسەرگیری نێوان حەمەجانی موسڵمان و ساشای کچە جوو لە لا (١٣٧- ١٣٨) هەرچەندە کە حمەجان کە داوای دەستی ساشا لە باوکی دەکات، سلێمانی باوکی ساشا مەرجی ئایین گۆڕین بۆ حەمەجان دادەنێت و حەمەجانیش رازی نابێت شین و واوەیلا بۆ لە دەست دانی یەکییان دەکات، ئایینەکەی یان عەشق. دواتر بێ ئەوەی نووسەر ڕوونی بکاتەوە حەمەجان چۆن ساشا دەخوازێ، ئایا حەمەجان دەبێتە جوو یان هەر موسڵمانە، چونکە لەهەموو هەڵوێستەکانی لەگەڵ ماڵی خەزووران و تیرەکەیەتی، کەچی هەر بە موسڵمانی ماوەتەوە، لە کاتێ هەموو هاوسەرگیرییەکی نێوان دوو ئاین بە تایبەتی ئیسلامی لەگەڵ ئەوانەی تر لە کۆمەڵگای ئێمە ڕوونادات تەنیا بەگۆڕینی ئاین نەبێ، گریمان حەمەجان بۆ کچە جوو بووبێتە جوو، لەو سەردەمە وەک ئەو وێنای دەکات، زیندوو مانەوەی لە شوین و شارەکەی خۆی بە ئاسایی مەحاڵە.
هەم دیسان لە لا (٣١٦) سەبارەت بە تێکچوونی باری دەروونی سارای ژنی سالار کە شەو هەردەستێتەوە و دەست دەخاتە سەر دەمی ئاڕۆنی کوڕی و دە ڵێ " دەستی برد پشتیەکەی خۆی بەدەستەوە گرت، بەسەر ئارۆنی کوڕیدا نووشتایەوە و توند پشتیەکەی لەسەر دەموچاوی کوڕەکەی دانا و هەر دوو دەستی توند لەسەری راگرت، چەند هەناسەیەک ئارۆنی بێدەنگ کرد" بە هەموو پێوەرێک دەبێ دایکی ئارۆن کۆرپەکەی خۆی خنکاندبێ، بەڵام نووسەر ئارۆن بە زیندووی دەهێڵێتەوە و بێ ئەوەی هیچ سەرە داوێکی ئەم خنکاندنەی بە دەستی دایکی بخاتەبەر باس.
ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام لە بەشی سێیەمی ڕۆمانەکە یادداشتەکانی سارا لە لا (٣٥٠ – ٣٦٦) بە دوانزە بەش زۆر بەجوانی یادداشتەکانی سارا بەشێک لە گرێچنەکانی ناو ڕۆمانەکە دەکاتەوە. ئەوەی ماوە بڵێم ڕۆمانی نیشتمانی سارا ڕۆمانێکە دەرخستەی بیری یاخیی بووی نێو کۆمەڵگای کوردییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە