ئێوە ئەزانن کێ ڕاپەڕیوە؟

Wednesday, 09/12/2020, 22:56

3473 بینراوە


ئەو گەنجە ڕاپەڕیوە؛ کە بەمناڵی باوکی پارەی قوتووە شیرێکی پێ نەبوو کە بۆی بکڕێت، لە پای نەبوونی شیر و خۆراکی خاس، تووشی بەدخۆراکی بوو، ھەر بۆیە ئێستاش بە لاواز و ڕەقەڵە دێتە بەر چاو،،، ئاخر ئێوە لە ئازاری دایکی کزۆڵە و باوکی بێ دەسەڵات تێ ئەگەن؟.
ئەو گەنجە ڕاپەڕیوە؛ کە خۆێندنی بە ھەزار دەردەسەری، وەک ئەرکێک تەواو کرد و لە ئەنجامیشدا ھیچ مافێکی لێ وەر نەگرت،، ئاخر ئێوە لە بێ ئیشی و بێ پارەیی و بێ ئایندەیی گەنج تێ ئەگەن؟.
ئەو لاوە ڕاپەڕیوە؛ کە تا ئێستا بە دڵی خۆی نە خواردنێک، نە پۆشاکێک، نە پێڵاوێکی كڕیوە، نە مۆبایلێک و وەحدەیەکی بە دڵخوازی خۆی پێ بووە،،، ئاخر تۆ لەم ھەست بەکەمییەی ناو ھاوڕێیان و گەنجان قەد تێ ئەگەیت؟.
ئەو گەنجە ڕاپەڕیوە؛ کە ئیتر لەوە زیاتر ناتوانێت، دەست لە باوکی پان بکاتەوە، و چاو شۆڕی قەرز و قۆڵەی ھاوڕێ و دوکانی سەر سووچی گەڕەکەکەیان بێت،، ئاخر تۆ لە ئازاری بێ توانایی نەدانەوەی قەرزدار و مۆڕە و فیزی خاوەن قەرز تێ ئەگەیت؟.
ئەو لاوە ڕاپەڕیوە؛ کە وەک باوک و مامی و خاڵی، نەبووەتە چەکدار و ئەندامی حیزب، تێ ناگات بۆ ئەبێت حیزبیی بێت، قبوڵی ناکات، ببێت بە پیاو و نۆکەری مەسئولە چاوحیزەکان، ئەو حیزب ھیچی پێ نەبەخشیوە، تا لایەنگری بێت. بۆ ئەو حیزب و بارەگای دەەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن وەک یەکن، چونکە ھەموو درۆ دەکەن، بۆ ئەو ھیچ مانایەک نابەخشن،،،ئاخر ئێوە کوا لە ژیانی سادە و سروشتیی دەرەوەی حیزب و دەسەڵات تێ ئەگەن؟.
ئەو کوڕانە ڕاپەڕیوون؛ کە لە ڕێگەی سۆسیال میدیاوە ھەموو کەشخەیی کاڵا و ژیانی شازادانەی کوڕە مەسئول ئەبینن، کۆشک و ماشین و کەشوفشی سیاسیییەکان ئەبین، درۆ و دەلەسەی سەر شاشەکان ئەبین، جیھانێکی دووڕ و دۆگما ئەبینن و ژیانی جیاوازیی خۆشیان ئەبینن، ھەر بۆیە ھەست بە نامۆ بوون ئەکەن، لە نێوان خودیان و چوار دەوریان گوم بوون، وێڵ و نامۆ بوون، ئاخر ئێوە کەی مانای غەریب بوونی گەنجێک لە ناو کەسوکار و نیشتمانی خۆیدا تێ ئەگەن؟.
ئەو کەسانە ڕاپەڕیوون؛ کە نە موچەخۆرن، نە کارمەندن، نە ھیچ پەیوەندی و پەتێک، بە حکومەت و دامودەزگاکانی ھەرێم، ئەیانبەسێتەوە، ئەوان شەڕی خۆ درووستکردن ئەکەن، ئەوان شەڕی ڕزگاربوون لە خانەوادە و کۆتی حیزب و حکومەت و بڵندگۆکان ئەکەن، ئەوان ھیلاک بوون، وێران بوون بە دەست بێ ئایندەیی و بێ مۆراڵی نەوەی پێش خۆیان، ئەوان ئەو زەلیلیەی باوک و خاڵ و مامیان قبوڵ ناکەن، ئەوان بێگەرد و سادە و پاکن، ئەوان بە فیشاڵی پەیمانی درۆینەی مامۆستا و مەلا و مەسئولەکان، باوەڕ ناکەن و ناخەڵەتێن،، ئاخر تۆ ئەمە تئ ئەگەیت؟.
ئەوان ئیتر ڕۆژیانە، ڕۆژی خۆ سەپاندن و ئازادی خۆیانە، ئیتر ڕۆڵ و نەخشی خۆیان لەسەر نەخشەی وڵات دائەنێن، ئەوان دوای ژیانی بەناموس و سەردەمیانە ئەکەون، ئەوان لاسایی نەوەی پێش خۆیان ناکەنەوە، ئەوان نایانەوێت بزانن جاسووسی و ئیتلاعات و پاراستن و زانیاری بۆ چییە، ئەوان پیاوە دەستەمۆکراوەکانی کۆمەڵگە نین، کە حیزب درووستی کردوون،ئەوان خۆیانن و بە تەنیا خۆیان لە جیھانی تایبەتی خۆیانن. ئەوان باوەڕیان بە ھیچ فلتەر و دەسەڵات و کۆنترۆڵێک نییە، ئەوان ئێوە نین، ئەوان کۆنە نین، ئەوان خۆیانی ئازا و ئازادن. ئاخر ئێوەی دەسەڵات و دارودەستەی داسەپاو کەی لەمە تێ ئەگەن؟.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە