دەنگی ناڕەزا، فریو نەدرێت و بەدرۆ کپ نەکرێت!؟

Thursday, 10/12/2020, 13:05

4232 بینراوە


پێناسەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم:

دزی سیاسی، قۆڵبڕی سیاسی، بەدڕەوشتی سیاسی، گەندەڵ و درۆزنی سیاسی، بێئابروو و بێشەرمی سیاسی، بازرگانی خوێن و پارە، خیانەت و فڕۆشتنی نیشتمان و بوون بە جاشی ئەنقەرە و تاران، ئا ئەمەیە وسفی سەڕۆکی ئەو حزبە سیاسیانەی کە بەشدارن لە حوکمەتی "خێڵەکی" کە ناونراوە حکومەتی "بنکە فرەوان" کە بە سەڕۆکایەتی چوار حزبی سەرەکیی "پارتی و یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان" بە ڕێبەرایەتی "چیا و نما نەوشێروان، مەسرور و نێچیر بارزانی، قوباد و بافڵ تاڵەبانی و پوریان، لاهور جەنگی و براکانی، دەورەدراو بە لەشکرێک لە کادیری ناوەند و سەروتر، بۆ بەرژەوەندیی و پارە و مسۆگەرکردنی پۆست بوونەتە زۆرناژەنی ئەو پێکهاتە سیاسیەی کە ناونراوە حکومەتی هەرێم و هەوڵدەدەن میللەت بەمیلیشیاو کۆیلە بکەن. لە ئەنجامی ئەو دۆخەدا دەنگی ناڕەزا لەبەرزبوونەوەیە، خەڵک تەقیکردۆتە گیانی و هاتۆتە سەر شەقام.
لەنێو یەکەتیدا هەر لە سەرەتای کە تاڵەبانی خەریک بوو یەکێتی بەخێزان بکات و هاوسەرەکەی بێنێتە پێشێ، دەنگی ناڕەزا لەنێو ئەو حزبەدا لە گەشەسەندن و یاخی بوون بوو، بەڵام سەرانی گۆڕان ئەو دەنگە ناڕەزاییەیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکارهێنا، لەگەڵ دەنگی ناڕەزایی شەقام تێکەڵیان کرد و لەنێو بزوتنەوەی گۆڕاندا تواندیانەوە، ئینجا لەژێر دروشمی بەشدارییکردن لە دەسەڵات، ئەو هێزەیان کرد بە زەلیلی دەستی سەرانی پارتی و یەکێتی و لەنێو گۆڕانیش وەریسی سیاسی پەیدا بوو ماڵوموڵکی گۆڕان و ئەوەی لەنێو یەکەتیش بەریان کەوتبوو بەسەر سێ منداڵەکەی نەوشێروان دابەش کرا!
چارەکە سەدەیەکە، ئەوەی نەکراوە سەرانی ئەو پارتە سیاسییانە بە میللەتی کوردیان کردوە، هەموو حزبەکان ئەوانەی بۆ یەک جار قومە ئاوێکیان لەنێو ئەو زەلکاوەدا خواردۆتەوە، لێپرسراوەتی دۆخی باشووریان لە ئەستۆدایە. 
 
بەدرێژەی چارەکە سەدەیەک، چەند جارێک دەنگی ناڕەزا لە چەند ناوچەیەکی باشوور شەقامیان تەنی، کە دەکرا کاری لەسەر بکرێت و گشت ناوچەکانی باشوور بگرێتەوە، لە ئەنجامدا چارەسەرێک بۆ حاڵی ئەو میللەتە بدۆزرێتەو، بەڵام بەدرۆ و گفتی چەند لایەنێکی سیاسی بەتایبەتی حزبی گۆڕان و کادیرە زمان لوسەکانیان شەقام خامۆش کرا، تومەز هەندێکیان مرغیان لەوە خۆش کردبوو بچنە نێو دەسەڵات و زێتر جێگە پارویی خۆیان خۆش بکەن!
لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا کادیری گۆڕان نەما زوڕنا بۆ هەڵبژاردن لێنەدا، ددان بەوەدا نەنێت کە سیستەمی خێڵەکی سیستەمێکی دیموکراتیە هەڵبژاردن و بەڵێنی کوڕانی بارزانی جێگە متمانەن، ئەوە بوو بەڵێنیان دا ئەگەر لە ماوەی شەش مانگدا گۆڕانکاری ڕوونەدات ئەوان لە دەسەڵات دەکشێنەوە. عەلی حەمە ساڵح لە چاوپێکەتنێکیدا کە لەگەڵ ئەڤین ئاسۆ لە ١٥/٦/٢٠١٩دا لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە لە بەرنامەی ڕەشوسپیدا١:٠٧:٤١
گوتی:
" کاک نێچیرەوان پێمانی گوت: بەتەنیا لەگەڵ یەکێتی چاکسازیمان بۆ نەکرا با هەموومان پێکەوە ئەو چاکسازیە بکەین. لە درێژەی قسەکان دەڵێت خۆ هەر نابێ بڵێن ئەوانە دزن گەندڵن. با خەڵک شەش مانگ چاوەڕێ بێت ئەگەر لە مانگی یەکەم و دوومەدا ڕێکەوتن جێبەجێ نەکرا ئەوە دەڵێن ڕێککەوتنێک هەبوو جێبەجێ نەکرا".
شەش مانگ زێتر تێپەربوو، دۆخی میللەت بەرەو خراپی چوو نەک چێتر، دواتر بە ماوەیەکی کەم پێش ئێستا نەک "گۆڕان" هەر لە حکومەت نەکشیاوە، بەڵکو بۆ ڕازی کردنی کادیرە تەپڵلێدەرەکانی لیستێکی دوورودرێژی لە ناوی چەند کەسێک بڵاوکردوە کە گوایە ئەوانە بە ڕاوێژکار لە حکومەتی هەرێمدا دامەزراون! وەک ئەوەی مەسعود بارزانی و کوڕ و برازاکانی دانیشتون گوێ لەو ڕاوێژکارانەی گۆڕان ڕابگرن!
پارتی و یەکێتی، ئەوەندە ناشرین بوون گەیشتۆتە ئاستێک ئەو حکومەتەی هەرێم و دەسەڵاتەکانی ئەوان هیچ ڕێز و شکۆیەکی نەما بێت، خەڵک ڕیسوایان بکات و بە تاکە پێڵاو بیاناسێنێت وەک ئەوەی ئەو هاووڵاتیە کە ناوی "پێشڕەو حەسەنە" لەو گرتە ڤیدیۆیەی یوتیوبدا دەڵێت: ئێوە ئەو تاکە پێڵاوەن!
خۆپیشاندەرێک بۆ حکومەتی هەرێم : مووچەمان ناوێ بەس بڕۆن لە کۆڵمان ببنەوە !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە