کفاح مەحمود بەتامی [ محەمەد سەعید سەحاف و گۆبڵز]+

Friday, 11/12/2020, 6:44

3554 بینراوە


دوێنێ شەو [٩.١٢] درەنگانێک کەناڵی [العربیە حدث] لە میانەی هەواڵەکانیدا ڕوماڵی خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کرد ،بەتایبەت دەڤەری زۆنی سەوز.پەیامنێرەکەیان بەتێروتەسەلی هۆکارەکانی ئەو ناڕەزاییانەی خستە ڕوو.پاشان بۆ وەرگرتنی پتر زانیاری پەیوەندی بە کفاح مەحمودەوە کرد ،کە پیشەکەی [ڕاوێژکاری سیاسیە]،بەڵام ڕوون نیە کە ڕاوێژە[پڕ سوودەکانی] پێشکەش بەکێ دەکات؟
ئەم بلیمەتە سیاسیە زۆر لێزانانە ڕاستیەکان دەشێوێنێت بەجۆرێک کە سەر لە لایەنی پرسیارکەر و بینەریش تێکدەدات .
لە شێواندنی ڕاستیەکاندا گۆبڵز و سەعید سەحاف بە شاگرد ڕاناگرێت. بێژەرەکە پرسیاری هۆکارەکانی پشت ئەو خۆپشاندانەی لێکرد ، ئەو وەڵامەکەی بەلاڕێدا بردوو بەستیەوە بە نەناردنی بەشە شایستە داراییەکانی هەرێم لە لایەن بەغداوە ، بەهیچ جۆرێک نەچوو بەلای نەبوونی مووچە و دزی و تاڵانیەکانی جووت حیزبدا کە هۆکاری سەرەکی ئەو خۆپیشاندانانەن.لارای پێشکەشکار زانی لە بابەت دوورکەوتەوە بۆیە داوای لێکرد بگەڕێتەوە سەر بابەتەکە.
سەبارەت بە خۆپیشاندەران هەر هەموویانی کرد بە ئاژاوەگێڕ ،منداڵانی مراهق خوێندگا ناوەندیەکان ، ئەندام و لایەنگرانی پێکاکا ،کە ئەو بە ئەنقەست و بۆ ناشیریان کردنیان بە [پارتی کرێکارانی تورکیا] ناوی هێنان،،حەشدی شەعبیشی خستە ناو خۆپیشاندانەوە بەوەی دەستی ئەوانیشی تێدایە.
ئەوەی سەیر بوو جارێکی دیکەش لە وەڵامەکە خۆی دزیەوەو چووە سەر باسی ڕێکەوتنەکەی سنجار.
سەبارەت بە شوێنی خۆپیشاندانەکان گووتی لە ژێر کاریگەری پێ کا کادا لە شارۆچکەو گووندەکان ڕوویداوە و لە سلیمانی شتی وا ڕوونادات..
ئەوەی زۆر قەبەبوو لە درۆکانیدا دەربارەی دۆخی هەولێر بوو.
پێشکەشکارەکە لێی پرسی بۆ لەهەوڵێر خۆپیشاندان و ناڕەزایی نیە؟ لەوەڵامدا گووتی،هەولێر پایتەختی کوردستانەو هەیبەتی خۆی هەیەو ڕێگەنادەین ئاسایشی و سەقامگیری تێک بچێت،وتی ئێمە ڕێگە بە خۆپیشاندانی مەدەنیانەی ڕێگەپێدراو دەدەین.
ئەمە ئەو درۆ ناشیرینەیە کەبەردەوام لەسەر زاریانە و کەی پێویستیان پێی بوو دەیدەن بە ڕووی نەیارو ڕەخنەگراندا. جێگەی خۆیەتی کە لە گۆبڵزەکەی پارتی بپرسین [خۆ هێزە چەپەکان لە هەولێر داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانی هێمنانەیان کردو بەوەش ناسراون کە هەموو ڕێپێوان و چالاکیەکان بێکێشە چوون بەڕێوە، بۆ پارتی مۆڵەتی نەدا پێیان؟]
ئەندام پەرلەمانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی ئێراق ،سەرکەوت شەمسەدین ،[تویتێکی] بۆ خانمی خوێنەری هەواڵەکان ناردبوو کە ناوەڕۆکەکەی ئەمە بوو[لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا ئازادی ڕادەربڕین نیە و ترس و تۆقاندن زاڵە و چەندین چالاکوانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووس لە بەندیخانەکانی پارتیدا بەندن ،هاوکات لەژێر هەڕەشەی کووشتندا زۆرێک لەو چالاکوانانە دەڤەری ژێر دەسەڵاتی پارتیان جێهێشتوە.
وەک پێشو ئاماژەم پێدا ئەم کەسە وەستایە لە درۆکردندا ،بۆیە بە پێکەنینێکی ژەهراوی وەڵامی خانمە بێژەری بەم جۆرە دایەوە: ئێمە دەوڵەتی دامەزراوەین وبەپێی یاساو ڕێسا دەچین بەڕێوە ،ڕێز لە ئینسان دەگرین وکەس لەسەر خۆپیشاندان و بیروڕا بەند نەکراوە ، کۆمەڵێ دەستەواژەی سواوی تری بەکار هێنا. هاوکات سەرکەوتیشی بە دەستی دەرەکی و تێکدەری ئەزموونی هەرێم ناوزەند کرد و گووتی ،ئەو برادەرە ڕاستناکات کە دەڵێ لە ژێر فشارو ترسدا خەڵکانێک هەولێریان جێهێشتوە،شتی وانابێت چونکە ئیمە تەنانەت پارێزگاری لە برا عەرەبەکانیشمان دەکەین کە لە باژێڕەکانی ئێراقەوە بەمەبەستی ژیانێکی هێمن و دوور لەترس ڕوویان لە ئێمەکردوە و لەگەڵماندا بە ئاسودەیی دەژین.[دیارە مەبەستی بەعسیە تاوانبارەکانە].
ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام ئەو بزە پڕمانایەی [لارا] خانی بێژەر بوو کە پێی گووت {بەگەمژەمان مەزانەو دەزانین وانیە.}
لە کەناڵە عەرەبیەکاندا گەر ڕووداوێک هەواڵێک پەیوەندیداربێت بە هەرێمی کوردساتەوە ، جارو بار ئەم گۆبڵزە دەبێتە میوانی هەواڵەکان .تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەمدی و نەمبیست بۆ تەنها جارێک گچکەترین ڕەخنە لەدەسەڵات بگرێت،یا لە نێو ئۆقیانووسی کەمووکووڕی و ناعەدالەتی و قەیراندا ئاماژە بە هەڵەیەک یا کەمووکووڕیەک بکات. بەردەوام خەریکی جوانکردنی سیمای پۆخڵی دەسەڵاتە،بەجۆرێک پێناسەی دەسەڵات دەکات کە هەمووشت پەرفەکتەو ژیان بێ کێشە وەک کاتژمێری سویسری دەڕوات.گەر کەسێک شارەزای دۆخی نالەباری کوردستان نەبێت و گوێی لە لێدوانەکانی سەحافەکەی پارتی بێت ،واتێدەگات کە مەبەستی سوید یا یابان یا دانمارکە نەک هەرێمێکی نغرۆی قەیرانی هەمەجۆر.
+سەرنج/
- گۆبڵز وەزیری پڕوپاگەندەی هیتلەر بوو ،لە درۆکردندا دەستێکی باڵای هەبوو. وتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەڵێت{درۆبکە درۆبکە تا بڕوات پێدەکەن}.
- محەمەد سەعید سەحافیش کە ناسراوە بە علوج،ئەویش لەدەمی گرتنی عێراقدا وەزیری ڕاگەیاندنی سەدام بوو ،ئەمیش بە درۆ کردن ناوبانگی دەرکردبوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە