شۆڕشی مەشروتییەت

Friday, 11/12/2020, 7:15

4248 بینراوە


شۆڕشی مەشروتییەی ئێران، یەکەم ڕاپەڕینی سەرتاسەری بووە دژی ڕژێمە سیاسییە دیکتاتۆرەییەکەی پادشای ئێران.
بەیەکگرتنی چەند دەستەیەکی جیاواز جیاواز لە پێناو لەگۆڕنانی حکومڕانی ستمکارو دیکتاتۆری ئەوکاتی ئێران سەری ھەڵدا.
ھەڵسوڕاوانی سەرەکی ئەم بزوتنەوەیە بەشێکی زۆریان ئەو ڕوناکبیرو ڕۆشنبیرانە بوون کە جیھانی دەرەوەیان دیبوو، ئاشنای حکومڕانی ئەوروپییەکان بووبوون، کە حکومەتی یاسا و قانوون بوون، دەی خۆ ھەر شۆڕشێکی دیکە بەدەر لە شۆڕشی مەشروتیە بەرپا ببوایە تەنھا ھەوڵی ئەوەی دەدا چاکسازی بکرێت لە سیستەمی حکومڕانی ئەودەمەی ئێران، بەڵام شۆڕشی مەشروتییەت نەک ھەر لەپێناو لابردنی حکومەتە دیکتاتۆرییەکەی ئەو دەمی ئێران تێدەکۆشا بەڵکوو داوای حکومەتی یاسا و مەشروتیەتی دەکرد، کەھاوشێوەی حکومەتەکانی ئەوروپا بێت.
شۆڕشی مەشروتییەت ڕاستە بەھاوکاری خەڵکی شاری تارانی پایتەختی ئێران زۆر زەق سەری ھەڵدا، بەڵام بەتایبەتی لە بەشە کوردستانەکەی لە پارێزگای (کرماشان) بەزەقی لەلایەن مەشروتیەت خوازان خرایە بواری پراکتیک و کاری جدی لەسەر دەکراو ڕوبەڕوی لایەنگرانی سەربەدەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران بوونەوە، ھەموو کۆڕو سیمینارو چالاکییەکانی ناو ھۆڵ و سەرجادەکان رۆژ بەڕۆژ کێشەکانی قوڵتر کردەوە، بووە ھۆکاری ئەوەی پاڵ بەبارودۆخی وڵاتەوە بنێت، کە سەرئەنجام ڕوبەڕوو بوونەوەیەکی تووند لە نێوان (پاوانخوازان و ڕزگاریخوازان) کە ڕزگاریخوازان پێیان دەوترا (مەشروتیەت خوازان) لە ئەنجامدا بووە ھۆکاری ئاژاوەیەکی گەورەو بەرپابوونی پاشاگەردانی لە ناوچەکە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ لێدوان و وتاری نووسەرە بەریتانییەکان کەلە چەند دەقێکی (کتێبی شین)دا کە بەفارسییەکەی پێی دەوترێت (کتابھای ئابی) کە دەڵێن ھەراو ئاشووب سەرانسەرو دەوروپشتی کرماشانی گرتەوە، دەی خۆ دەبێت بزانین بۆ دەبێت ئەم ھەراو ئاشوبە تەنانەت ھۆزو تیرەکانی چواردەوری کرماشانی گرتەوە کەسەرجەمیان (حشمەتی کرماشان) بوون ھەندێکیان پێان وایە سوندمەنی حشمەتییەکان بەس ھۆکارەکەی ئەوە بووە خەریکی تاڵانکردن و ڕاو ڕوتکردن بوون، دەی ئایا (مەشروتیەت) لای تیرەو ھۆزەکان چی گەیاندووە ؟!
نوسەرە بەرتانییەکان لە کتێبی شیندا دەڵێن کاتێک ھۆزەکان ھەڵیان دەکوتایە سەر جێگایەک یان شوێنێک دەیانووت (مەشروتیەت) دەکەین کەچی ڕاوروتیان دەکرد، ئەمەش ھۆکارەکەی دیارە ئەگەر ورد لێکی بدینەوە بۆچی مەشروتیەت وەک گۆچانی دەستیان بەکاریانھێناوە.
ئەمەش باسوو خواسێکی زۆر ھەڵدەگرێت.
بەندە تەنھا مەبەستم ئەوەیە لەم وتارەدا کە ھەندێک گەنج ھەیە ھەر نازانێت شۆڕشی (مەشروتیەت) چییەو لە کوێ سەری ھەڵدا.
ئەم بزوتنەوەیە پێش سەرکەوتنی مەشروتیەتخوازان و دەرچوونی فەرمانی مەشروتیەت، لەلایەن (موزەفەرەدین) شاوە دەستی پێکرد.
چەند ھۆکارێکی زەبەلاح و جیاواز جیاوز ھەبوون، بووە ھۆکاری سەرھەڵدانی بزوتنەوەکە لە نێوان ئەو ھۆکارانەدا دەتوانین ئاماژە بدەین بە شۆڕشی مەزنی (فەڕەنسا) کە ئاشنای ئێرانییەکانە، بەتایبەت ئەو رۆشنبیرو روناکبیرانەی سەفەری فەڕەنسایان کردبوو، مەشروتیەتخوزانی ئێران پاش ساڵانێک لەخەبات دژی زوڵم و دیکتاتۆری و پاوانخوازی ئاخۆ (ئیمپرلیازمی) دەرەوە پشتیوانیان دەکات ؟!!
دواجار لەمانگی (زیلقعەدەی ساڵی ١٣٢٣ک) توانیان موزەفەردین شا ناچار بکەن فەرمانی دامەزراندنی (عەدالەتخانە) واتا (ژووری دادوەری) ڕابگەیەنێت ئەوکات (عەینولدەولە) سەرۆک وەزیرانی ئێران بووە کە بەپیاوێکی زۆر دیکتاتۆرو ستەمکارو پاوانخواز بووە.
سەرباری فەرمانی (شا)، (عەینول دەولە) کە سەرۆک وەزیران بوو حیسابی بۆ فەرمانی شا نەکردووە، گوێی بەداواکانی مەشروتیەتخوزان نەداوە، ھەمیشە لەوە گەڕاوە ھەلێکی بۆ ھەڵبکەوێت و مەشروتیەتخوزان سەرەکۆنە و سەرکووت بکات.
خۆ ئێمە بێدەنگ بووین لەم سەردەمی عەولەمە و تەکنۆلۆجیا و کرانەوەی جیھان بەڕوی بەشەریەتدا، بەڵام مەشروتیەت خوازان لەو سەردەمی تاریکی و نەبوونی تەکنۆلۆجیا بێدەنگ نەبوون !!!
 مەشروتییەتخوازان بەردەوام لە چالاکی ھەمەجۆرەکانیان بۆ بەدەستھێنانی خواستەکانی مەشروتیەت دەنگیان ھێندە بەرز بوو کەدواجار (موزەفەرەدین شا) ملی دا بە خواستەکانی مەشروتیەتخوازان.
لە رۆژی (١٤ی جەمادی دووەم ساڵی ١٣٢٤ک) جاڕی فەرمانی مەشروتیەت دراو لە (١٧ی جەمادی دووەم ساڵی ١٣٢٤ک) بەتەواوەتی (ئەنجومەن) دامەزرا لەناو دەوڵەتی شاھانای ئێراندا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە