ئێوە تاسەر ئێسقان هەڵە و ئەوانیش تاسەر ئێسقان توڕەن

Saturday, 12/12/2020, 11:35

2540 بینراوە


چەندین ساڵە دڵسۆزانی ئەم کوردستان و کیانە ئامۆژگاری ئێوەدەکەن، کارە هەڵە و ناشیرینەکانتان بۆ دەژمێرن لە دەرەنجامی ترسناکی کارە ناجوامێریەکانتان ئاگادارتان دەکەنەوە، بەڵام ئێوە وەک ئەوەی نیگاتان بۆهاتبێت تەنیا بۆچونەکانی خۆتان بەڕاست و کارەکانی خۆتان بەڕەوازانیوە، ئەوەش دەرەنجامەکەیەتی کەدەیبینین!
من پێم وایە ئەوانەی ئەمڕۆ فەرمانگە و بارەگاکان دەسوتێنن خۆپیشاندەران نین، بەڵکو سیاسەتی هەڵەی سی ساڵەی ئێوەیە، چونکە ئەم ڕوداوە نەخوازراوانە کاردانەوەیە نەک کارێک و هەڵچونێکی کتوپڕ و لەناکاو.
هێشتا لەوباوەڕەدام لەوەتێنەگەشتبن کە ئێستە  بارەگاکانی ئێوە بەلای میللەتەوە وەک بارەگای هێزێکی دژ و ناحەز سەیردەکرێت، خۆشتان لە بارەگاکانتان ناحەزترن.
حەزدەکەم ئەو پەیامەشتان پێ بدەم چەند جیلێکی لاو و مێرمنداڵ بەڕێوەن کە هیچ شتێک لای ئەوان موقەدەس نیە بێجگە لەخودی خۆیان، وە ئامادەن هەرشتێک تێکوپێک پشکێنن کە لەگەڵ تێگەشتنی ئەوان یەک نەگرێتەوە! ئەو جۆرە تێگەشتنەشیان دیسان لە ئەنجامی سیاسەتی ئیدارەی دەوڵەتداریەکەی ئێوەوە بەدەست هاتووە.
کاتێک ئێوە تا سەر ئێسقان هەڵە و خۆشتان بەڕاست بزانن، خۆپیشاندەرانیش تاسەر ئێسقان توڕە، بۆیە تەڕ و وشک پێکەوە دەسوتێنن.
ڕاستە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە یەک دەڤەر ڕودەدات، ئەوە مانای ئەوەنیە کە خەڵکی لە دەڤەرەکەیتر ئاسودەن و هیچ ئاریشەیەکیان نیە، نا هۆکاری ئەو بێدەنگیە زۆرن، دڵنیابن خەڵکی ئەولا گەر لە هی ئەملا توڕەتر نەبن کەمتر نیە، ڕۆژگار ئەوە دەسەلمێنێت.
دەرەنجامەکان پێمان دەڵێت ئێوە ژیرنین، بەهۆش وەرنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە