بێ بەھاکردنی نووسەر و ڕووناکبیر لەدەسەڵاتی کوردیدا

Saturday, 12/12/2020, 12:49

3055 بینراوە


لەھەموو کۆمەڵگەیەکدا نووسەران و ڕووناکبیران و چینی خوێندەوار داینەمۆی گۆڕانکارییەکانن، ھیوا و ئومێدی خەڵکن بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی کۆمەڵگە، چونکە ئەمانە بەچاوێکی ووردتر و سەرنجێکی تیژتر دیاردە و ڕووداوەکان دەبینن، لۆژیکیانە ھەڵوێستەکان شی دەکەنەوە و باشی و کەموکوڕییەکانی دەست نیشان دەکەن، چارەسەریش دەخەنەڕوو، ئەرکی ئەمانە ئاگادارکردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار و خەڵکە لەبوونی کەموکوڕییەکان، وە ھوشیار کردنەوە و ئاراستەکردنیانە بۆ باشترکردن و چاککردنیان.
ئاشکرایە لە ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی جەردە و تاڵانی بنەماڵە و حیزب پێناسی ڕووناکبیر و ڕۆشنبیر و ئەدیب و شارەزا و لێکۆڵەری سیاسی ...ھتد بە سەدان کەسداوە، ئەم بەخشینی پێناسەیە بۆ ئەوەیە تاوەکو ڕەخنەی ڕێگەپێدراو بگرن، ھەمیشە پاساو و بیانوو بۆ مانەوەی دەسەڵات بھێننەوە، ئەمانە لە شکرێکن لە جاش قەڵەم، ھیچ تایبەتمەندییەکی جیاوازیان نییە، نە ڕووناکی لەبیرکردنەوەیان، نە ڕۆشنی لەبیر و ھەڵوێستیان، نە ئەدەب لە گوفتار و قسەکردنیاندا ھەیە، لەسەر ھەموو شتێک دەنووسن، لەھەموو بوارێکدا شارەزان بە شان و باڵی سەرکردایەتی حیزب و بنەماڵەكانیاندا ھەڵدەدەن، سادەترین شتی ئاغاکانیان گەورە دەکەن و دەیکەنە بابەتی گەرمی ڕۆژ، پسپۆڕن لە ماستاوکردن و شتایشکردندا و بێشەرمانە خۆیان دەفرۆشن، خاوەنی مووچەی تایبەتی بندیوار و خانوو و باخ و ڤێلا و سەیارەی چەند دەفتەری و ....ھتد.
کاتێک نووسەرێک بابەتێک دەنووسێت و تێیدا باسی نادادی حکومەت و نەبوونی مووچە، یان سەختی ژیان و مەینەتییەکانی خەڵک، یاخود گەندەڵی و قاچاخچێتی حیزب و بنەماڵە دەكات، ڕاستەوخۆ لەشکری جاش قەڵەمەکان دەردەکەون و بەخۆیان و قەڵەمەکانیانەوە دەست دەکەنە ھێرش بۆ سەر ئەو نووسەرە بەزمانێکی زبر و جنێو ئاسا بەرپەرچی دەدەنەوە، چەندین تۆمەتی ناڕەوای بۆ دروست دەکەن، تەنانەت سڵ ناکەنەوە و دەست دەبەن بۆ ژیانی تایبەتی و خێزانی، ئەمەش بەمەبەستی کەمکردنەوەی بەھای نووسینەکە و متمانەی لەلای خوێنەر، ھەروەھا بێ ھیواکردنی خەڵک لەچاککردن و گۆڕانکاری، سارکردنەوە و نائومێدکردن، وە سڕکردنی دەماری بەرھەڵستکاری و ناچارکردنیان بەتەسلیم بوون.
دەبینین چەند ڕۆژێکە ناخی پڕ لەداخی خەڵک خرۆشاوە، ئەو خەڵکە بوونەتە جەستەیەک لە ڕق و تۆڵە، خۆپیشاندان دەکەن و بێ سڵکردنەوە سنگیان دەنێنە بەر لوولەی تفەنگی چەکدارە سەرسەرییەکانی حیزبەوە و داوای مافی خۆیان دەکەن، کەچی دەبینین لەسایت و تەلەفزیۆنەکانی حیزبەوە، ئەم بێ ویژدان و خۆفرۆشانە کە پێناسی شارەزای سیاسی و ڕاوێژکار لەپێش ناوەکانیانەوەیە « کە کۆڵەواری سیاسی و کاوێژکاری حیزبن» بابەت دەنووسن و دەردەکەون، 
لەھەوڵی چەواشەکردن و گەوجاندن و بەلاڕێدا بردنی ئاراستەی خەڵکیدان لە نەھامەتی و سەختی ژیانەوە بۆ کۆمەڵێک شتی لاوەکی و ناپەیوەندیدار بەژیانی خەڵک، بەڕاستی ھەردوو بنەماڵە پشتی بەم سوپایە لە جاش قەڵەم بەستووە، بۆیە ترسی ڕووخانی نییە، ئامادەی ھەموو تاوانێکە، سڵ ناکاتەوە لە سەرکووتکردن و کوشتنی ھاوڵاتیان.
لەدەرئەنجامدا دەگەینە ئەوەی چەندە بنەماڵە و تفەنگ بەدەستە شەلاتی و سەرسەرییەکانیان مەترسین بۆ سەر ھاوڵاتیان، ئێوە دوو ئەوەندە، چونکە ئەوان ژیان و بەرژەوەندییەکانی «دزی و تاڵانی و قاچاخچێتی» ئاغاکانیان دەپارێزن، بەڵام ئێوە جگە لەوەی ئەوان، ژەھریش دەرخواردی مێشک و ڕووحی ھاوڵاتیان دەدەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە