هاوهەستی و هاوسۆزی (Empathy)

Saturday, 12/12/2020, 12:52

4322 بینراوە


تۆ خۆت کرێچی نیت و پارەت بەشی ساڵێک هەیە پێی بژیت، خۆت بخەرە شوێنی موچەخۆرێکی بچوکی کرێچی کە پارەی پاشەکەوتی نیە وخاوەنی ٥ منداڵە، یا خۆت بخەرە جێی کرێکارێکی ژن و منداڵدار کە گەر ڕۆژێ ئیشی نەبێت پارەی نیە خێزانەکەی بەخێوبکات، یا خۆت بخەرە جێی دەرچویەکی زانکۆ کە پێنج ساڵە دەسی دەسیی پێدەکەن بۆ دامەزران و هێشتا دانەمەزراوە و لە بازاڕی ئیشدا
هێشتا ئیشێکی بەردەوام و تێرکەری دەست نەکەوتوە. باوکت پاسەوانێکی خانەنشینە و دو مانگە موچە کەمە کەمکراوەکەیان نەداوەتێ و ڕۆژانە هاوپۆلەکەت بە فیزەوە بە وەنەوشەکەیەوە دێت بۆ قوتابخەنەکەت و زانیاریت هەیە کە باوکی کۆنە جاش بوە و دوای ڕاپەڕین بەهۆی یەکێ لە حیزبەکانی دەسەڵاتەوە بوە بە ملیۆنێر. خۆت بخەرە جێی ئەو کوڕە هەرزەکارەی دایکی نەخۆشیی دڵی هەیە و ئەگەر عەمەلیاتەکەی بە خۆڕایی لە نەخۆشخانەی حکومەتدا بکرێت دەبێت ٦ مانگ لە سەرەدا چاوەڕێ بکات و لەوانەیە لەو شەش مانگەدا بمرێ و فریای عەمەلیاتەکە نەکەوێت ، بەڵام ئەگەر بیست هەزار دۆلاری هەبێت ئەوا دەتوانێ بەو پارەیە لە ماوەی دو هەفتەدا لە نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەت عەمەلیاتەکە بکا و لە مردن ڕزگاری بێت. ئەم نمونانە زادەی خەیاڵ نین و ڕۆژ نیە دەیان چیرۆکی وا نەبیسین و نەبینین.
ئیمڕۆ و ئەمێستا مرۆڤی بە شعور و بەویژدان ئەگەر بە هاوسۆزی خۆی بخاتە جێی ئەو نمونانەی سەرەوە کە مشتێکن لە خەرواری پتر لە چەند ملیۆنێک هاوڵاتیی زوڵملێکراو و برسی و بێئیشکراوی ئەم هەرێمە، ئەوا دەبێت بە ڕەوا و دروست و پێویستی بزانێت کاتێک برسیان و چەوساوان و بێکاران ، هەروەها تێرە بەویژدان و بەهەستەکان بە شێوەیەکی ناتوندوتیژانە خۆپیشاندان بکەن ، تەنانەت ئەگەر دەسەڵات داوای ڕەسمیی خۆپیشاندانیانی قوبوڵ نەکرد.
زۆربەی بەشداربوانی خۆپیشاندانەکانی لە ڕۆژی ٧ ی ١٢ ی ٢٠٢٠ وە دەستیان پێکردوە هەرزەکار و گەنجن . هەمو پزیشکێکی دەرونیی وەک من دەزانێت کە لە هەر سەد خۆ پیشاندەری ئاوا هەرزەکار و لاو و مێرمنداڵ پێنج شەشێکیان پڕوزە و کەف و کوڵن و بڕێک بە توندوتیژیی زمانی و یا تەنانەت توندوتیژیی جەستەیی داواکانیان و ئەوەی لە دڵ و دەرونیان پەنگخیواردۆتەوە دەردەبڕن، لە دۆخێکی ئاوادا ئەوە ئەرکی ئاسایش و پۆلیسە ئەم جۆرە کەسە توندانە هێور و ئارام بکەنەوە نەک لولەی تفەنگەکانیان تێبکەن و ئەوەندەی تر بیانهوروژێنن و ڕقیان هەڵبسێنن، ئەمە یەکێکە لە هۆ گرنگەکانی هەڵمەتبردنی خۆپیشاندەران بۆ سەر بارەگای حیزبەکانی دەسەڵات و دەسگا حکومەتیەکان. بۆیە من بە هەڵەیەکی گەورەی دەزانم کە دەسەڵاتی کوردی کەسانی چەکدار دەنێرێتە سەر جادە بۆ بەرەنگاربونەوەی خۆپیشاندانەکان کە لە بنەڕەتدا ڕەوا و دروست و ناتوندوتیژ و ئاشتیخوازن. دەبێت کەسانێک بنێردرێن بۆ هەڵس و کەوت لە گەڵ خۆپیشاندەران کە ئاستێکی ڕۆشنبیریان هەبێت و پێشتر خولی ڕاهێنانی تایبەت بەم بابەتەیان کردبێت و لە دارێک زیاتر بۆ بەرگری لەخۆیان هیچ چەکێکی تریان پێ نەبێت. ناشرینترین دیمەن ئەوەیە کە چەکدارێکی حکومەتی هەرێم پەنجە لە سەر پەلەپیتکەی تفەنگەکەی بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ناتوندوتیژ و بێچەک ڕاوەستاوە ، وەک ئەوەی لە سەنگەر دا بێت بەرامبەر داعش!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە