هەق سواڵ ناکرێت، هەق رێک دەخرێت!

Saturday, 12/12/2020, 17:36

3084 بینراوە


چارەسەر سواڵی موچە نییە. موچە هەقێکی رەوایە مرۆڤ پێی سەربەرزو بەختیار ببێت!
سواڵی موچە دەتانکات بە سواڵكەری موچە. ئەوەی مرۆڤی پێ سەرشکێن دەکرێت، موچە نییە. ئەگەر گرفتەکە ئاوا ببینن کە موچەیە، ئەوا دڵنیابن بە موچە ناگەن! نەبوونی موچە یەکێکە لە گرفتەکان. گرفتەکان دانەکانی شانەیەکن، پەنجەکانی دەستێکن. بە یەکەوە هەن یان نین. بۆیە: کێشەکە شانەکەیە بە هەموو دانەکانییەوە دەستەکەیە بە هەموو پەنجەکانییەوە. نەبوونی موچە لە ئەنجامی ئەوەوە هاتووە کە گرفتی موچە لە ناو کێشەیەکی سیاسیی گشتییدا نە بینراوە. وەکو پەنجەیەک جیا لە دەستەکەی بینراوە. هاوڵاتان و موچەخۆران پشتیان کردبووە رەوشی گشتیی سیاسیی، هەتا بە تێکچوونی موچە کەوتنە ناهەموارییەوە.
ئێستا پێویستە بە خەبەر بێن! هەتا کێشە گشتییەکە چارە نەکرێت، موچە وەکو پەنجەی بڕاو لە دەستدا دەمرێت و بۆگەنی دێت. موچە هات، موچە نەهات. ئەمە بێڕێزییە خەڵک بە خۆی دەکات.
تانکی بەتاڵ بێ و بۆریەکان شکاو، بەلوعە هەرگیز پیایدا نایەت ئاو! دانی موچەو چارەسەری کێشەکەش، لە دەستی پارتەکان و دەستەڵاتەکانیاندا نییە. ئەوانیش حەز دەکەن هەموو مانگێک موچە بدەن و خەڵک گوێڕایەڵیان بێت. بەڵام ئەوان دەستەڵاتی سیاسیی نین هەتا بتوانن کۆمەڵگا ببەن بە ڕێوە و بیپارێزن. ئەوان ئەوەن کە لە کردەوەدا پیشانیان داوە. ئەوەی خراپی کردووە ناتوانێت چاکی بکات! جەماوەر بە ناڕەزایی و خۆپیشاندان، بە هوتاف و بە بارەگاسوتاندن، داخی دڵی دەڕژێت، گوزارشت لە ناهەقیی دەکات. بەڵام چارەسەر ئامادەبوونێکی لە ئەوە زیاتری دەوێت. چارەسەر پێویستی بە بەرنامە و ئیشە. ئەوەی بیر لە چارەسەر دەکاتەوە، پێویستە خۆی لەگەڵ ئەم سێ خاڵە یەکلایی بکاتەوە:
١. چارەسەر لە دەرەوەی پارتەکان و دامودەستگاکانیانە.
٢. چارەسەر رێکخستنەوەی کۆمەڵگایە لە سەر بناغەی پارێزەریی و بەڕێوبەریی کە موچەش تیایدا مافێکی رێکخراو بێت و ئاسایی بدرێت!
٣. هاوڵاتانی راپەڕیوو پێویستە "دەستەڵاتی گەل" پێک بهێنن بۆ رێکخستنەوەی کۆمەڵگا بە پێی پرەنسیپ و بەهای زانستیی.
هەق سواڵ ناکرێت
هەق رێک دەخرێت!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە