ئەمجارەش دەنگی ناڕازییان بە دەردی 17ی شوبات برد

Sunday, 13/12/2020, 18:55

4783 بینراوە


لە درێژەى ئەو خۆپیشاندان و ڕاپەرینەى سلێمانى، کە شار و شارۆچکەکانى گرتەوە ، هێرشى دڕندانەى دەسەڵات بە کوشتن و گرتن و ڕاونان و ئەشکەنجە, بوو بەسیماى سەرەکى و ڕۆژانەى سلێمانى و شار و شارۆچکەکانى ، لەناکاو هەروەکو قارچکى ژەهراوى کۆمەڵێک سیاسى تۆراوى حیزبى گۆڕان قوتبونەوە و کۆنگرەى دەنگە ناڕازیەکانیان لەبەردەم مایکى کەناڵى ڕووداودا ڕاگەیاند و بەردەم بیناى پارێزگاى سلێمانیان بۆ خۆپیشاندان دیاریکرد .
• ئەوانە کەسانێکى تۆراوى حیزبى گۆڕانن و هیچ کامێکیان هەتا ئێستا ڕەخنەیەکى جدیان لەو حیزبە نەبووە بەڵکو خۆیان بەدەروێش و میراتگرى (فکرى) نەوشیروان مستەفا ئەزانن . ئاخ هەڵکێشانیانە .. بۆ نەوشیروانەى سەردەمى ڕێباز حەملان و وەرگرتنى کارگەى چیمەنتۆ و ڕیزە سەردانەکەى بۆ سەرى ڕەش بۆ لاى مەسعودى خیانەت پیشە، توڕەبونى باوکى هەژار و لێقەوماوان لەوانە کە ئەیانوت گردى زەرگەتە بکرێت بەناوى بزوتنەوەکە، بۆ ئەو سەردەمەى کە لە حکومەت و پەڕلەمان هەتا سنورى دێگەڵە دەستیان لە پاشەڵیاندا بوو لە ترسى نوکەشەق. نەوشیروان زمانى گۆى نەکرد تەنها دوو وشە بڵێت و بەداخى فەرمانی گرتنى دادگاکانى مەسعودەوە کۆچی دواییکرد .
• هیچ کەسێک ئەو مافەى بەم کەسانە نەداوە، هەتا بێن و کۆنگرە بەناوى دەنگى ناڕازییەوە ببەستن ، ئەوانە دەنگى ناڕازی نین، بەڵکو جەماوەرى بەشخوراو، برسیکراو ئازادى لێسەندراون، هەتا ئێستا کۆى جم وجۆڵ و ناڕەزایەتییەکان خۆڕسکانە رۆیشت و ئەو هەنگاوەى ئەم برادەرە تۆراوانەى گۆڕان بوو بە گەورەترین کۆسپ و ڕێگر لە بەردەم ئەوەى کە قیادەیى مەیدانى دەربکەون .
• ئەوانە یەکەم هەنگاویان بۆ لە باربردن و بەلاڕێدابردنى ناڕەزایەتیەکاندا دەستپێکرد، تاڕادەیەک بەمەرامى خۆیان گەیشتن ئەویش بەوەى کە ناڕەزایەتى خەڵکیان لە ناو ئاپۆڕاى خەڵکەوە گواستەوە بۆ بەردەم بیناى پارێزگاى سلێمانى، کە شوێنێکى ئاسان و لەبار بوو بۆ ڕاوکردنى گەنجان و خەڵکى ناڕازیی، کە شوێنێکە تەنها دڵۆپە ئاوێکى تێدا دەست نەدەکەوت بیکەن بەچاویاندا و کاریگەرى گازى فرمێسک ڕێژ کەم بکاتەوە .


• پارێزگارى سلێمانى وەک سۆزانییەکى بەئاڵۆش لە باوەشى یەکێتیدا، حیزبەکەشى لەکۆشى مەسرور بەرزانیدا، تەنها بۆ مانەوەى لە پۆستەکەیدا ملى پانى بۆ هەموو سوکایەتى و بێحورمەتیەک نەوییە. هەڤاڵ ئەبوبەکرد خۆپیشاندانى بێمۆڵەت بەتاوان دائەنێت و دەستى هێزى سەرکوتگەر ئاوەڵا ئەکاتەوە بۆ قڕکردنى خۆپیشاندەر و خەڵکى ناڕازىی، بە چ لۆژیکێک تۆ ئەچیتە بەردەمى (بەدروشمى هێمنانە و مەدەنیانە)، لە کاتێکدا پێشتر ئەوان تۆىان تاوانبار کردووە و شارەکەى کردووە بە ئۆردوگاى سەربازى .
• ئەمە سیناریۆیەک بوو بوو دورخستنەوەى خۆپیشاندان بۆ شوێنێکى دوورە دەست و بۆ بەردەم بیناى پارێزگاى سلێمانى - کە لەلاى خەڵکى سلێمانى بەهاى تاکە پێڵاوێکى دڕاو و فڕێدراوى نییە - بۆ ئەوە بوو، کپبکرێتەوە و سەرنەکێشێتە ناو بازاڕ و شوێنە گشتیەکان و ببێت یاخیبونى عصیان) مەدەنى و کە بەنزیکترین کات دەسەڵاتى دزو جەردە دێنێتە سەر چۆک .
• گۆڕان خاوەن تاقیکردنەوەى پێشترە بۆ بەلاڕێدابردنى خۆپیشاندانەکان، پێشتر لەدواخۆپیشاندانە گشتگیریەکەى هەرێم ، لە سلێمانى ئاڕاستەکەیان گۆڕى بۆ خێمەهەڵدان لەبەردەم دادگاى سلێمانى و کارى دادگا و هاوڵاتیانیان پەکخست، لەکاتێکدا دادگا یەکەیەکى خزمەتگوزارییە ، بینیمان شەوانە بووبوو بە چایخانە و بە ڕۆژ نمایشى نوێژى مەلاى سیاسى و ساختەچى تێدا دەکرا .
لە 17ی شوباتدا حیزبى گۆڕان بە بینینى دیمەنى خۆپیشاندان و خەڵکى ڕاپەڕیوو گەنجى ئازا و چاو نەترس و بوێر، سوتاندنى بارەگا حیزبیەکانیان توشى شکستێکى سیاسى و جەماوەرى وەها زەبەلاح کرد، کە هیچ کاریگەرییەکى لەسەر گۆڕەپانى سیاسی نەما، سەرمایەکەى ئەو چەند پلە و پۆستە وەزارى و ئیدارىیە بوو، کە ئەوانەش درا بە کۆمەڵێک گەجەر و گوجەر کۆترباز و بۆ وێرانکردن ئیدارە و ئازاردانى فەرمانبەرانى (زۆنى سەوز )، لە قەڵەمڕوى پارتیدا وەک سەگى گەڕ و بێوەڕە هەڵتروشکان .

حیزبى گۆڕان ئیتر ناتوانێت سوارى شەپۆلى ناڕەزایەتى خەڵک ببێت، ئەمەی کە ئیستا رووی داوە، روویەکی ناشرینی هەڵگرانی بیری نەوشیروان و گۆڕانخوازە تۆراوەکانن، ئێستا دۆخێکیتر هاتۆتە ئاراوە و درۆو دروشمى قەبە و تەڵەکەبازى و پۆپۆلیستانەیان ئاشکرا بووە و کڕیارى نەماوە، بەڵکو لەهەوڵى ئەوەدان لەڕێگەى ئاڕاستەکردنى دەزگاى پاراستنەوە خۆیان بخزێننە ناو شەپۆلى هەڵچون و ناڕەزایەتى گەنجانەوە، کاتێک هەندێک پەڕلەمانتارى لاکەوتە لەبیناى پەڕلەماندا مانیان گرت و پاش ئەو سوکایەتیەى پارتى تەنها لەڕێگەى پۆلیسێکەوە دەرگاى لەسەر داخستن و ئەم نمایشەیان هیچ دەنگدانەوەیەکى نەبوو، بەڵکو خۆیانکرد بەمەزە و قەشمەڕجارى فەیسبوک و سۆشیال میدیا ، گۆڕانچیەکان تاکتیکیان گۆڕیوە .. بەدەم بنێش جوینەوە کاتێک کە بازگەیەى یەکێتى ڕێگرى گەڕانەوەیانى بۆ سلێمانى لێگرتن ئەیانوت لەسەر داخوازى جەماوەر و داخوازى زۆرینە هاتوین بۆ بەشدارى لەخۆپیشاندانەکاندا، خۆ هەولێریش مەڕى لێ نییە هیچ نەبوایە شەقامى بەردەم پەڕلەمانیان بگرتایە .
ئیتر ئەبێت حیزبى گۆران بە چ ڕەویەکەوە بیەوێت خۆى بخزێنێتە ناو جوڵەى خەڵکەوە لەکاتێکدا ٤٠ % ى پۆستەکانى سلێمانى بە دەستەوەیە و پارێزگارە ئێکسپارەکەیان کە سەرۆکى لیژنەى ئەمنی سلێمانیە بەیاننامە لەسەر بەیاننامە دژى خەڵک دەرئەکات و دەستى هێزەکان بۆ کوشتنى خەڵک ئاوەڵاکردووە .
بە سوتاندنى بارەگاکانى ئەم حیزبە فشەڵە پۆپۆلیست و سێڵفیگر و زۆربڵێکانیشى بەمەرگ سپارد ، پێموایە ئەمانیش وەکو شاسوارى کۆنە دۆستى ڕێکخەرى کۆچکردویان ڕیسوا ئەکرێن و لە خۆپیشاندانەکان بەسەرى شۆڕو بتڵە ئاواوە ئاوت ئەکرێن .
دەسەڵات و حیزبى یەکێتى سلێمانیان کردووە بە ئۆردوگایەکى گەورە ، چەندەها کۆنە جاش و بەعسی و خەڵکى ڕسواو سوک و قێزەونى ناوکۆمەڵیان لەدەرەوەى سلێمانى هێناوە بۆ سەرکوت و ئەشکەنجە و کوشتن ، ئێستا سلێمانى لە ساتەکانى پێش ڕاپەرین ئەچێت ، وا ئەبینرێت بەعس گیانى بە بەرداکراوەتەوە ، نمایشى ڕەنگ هەڵبزرکاوەکانى مەڵبەندى یەکێتى هەروەک ئاخر و ئۆخرى سەردەمى بەعسە، کە ئەوانیش هەمان نمایشیان سازئەکرد ، هەڤاڵ ئەبوبەکرى پارێزگاریش دەمارى بەعسێتیەکەى خوێنى تێزاوەتەوە و بەعس ئاسا کەلتورەکەى بەعسى زیندو کردۆتەوە و ئێشکگرى بۆ فەرمانبەرى فەرمانگەکان دەرکردوە! ئاخر گەمژە فەرمانبەر موچەى دزراو سەرەڕاى دەوام بچێت خەفارەتیش بگرێت؟!
هەر گۆڕانێک ویستى بێتە ناو بزوتنەوە و جموجۆڵى جەماوەرى ئازادیخواز و مافدزراو پێویستە داواى لێبوردنى یانزەساڵ درۆ و هەڵخەڵەتاندن لە خەڵک بکات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە