بەیتە شیعرێک عوسمانی و سەفەوی بەشەڕ دێنێ

Sunday, 13/12/2020, 20:58

3895 بینراوە


لە ڕۆژی 11 / 12 / 2020 ــەوە شەڕێکی ساردی بە ناوەڕۆک گەرم لە نێوان تورکیا و ئێران دا ھەڵگیرساوە. پێشتریش بەشێوازی جۆراوجۆر ھەبووە تا دەگەینەوە سەرەتاکانی عوسمانی و سەفەوی... ئێرە سەرچاوە و ڕەگی ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو دەوڵەتەیە...
ئەوەی جێی سەرنجە لەم سووکە شەڕەی ئێستا، خوێندنەوەی بەیتە شیعرێکە لە لایەن « ئەردۆغان» لەکاتی بەشداری ئاھەنگەکانی سەرکەوتنی ئازەربایجان بەسەر ئەرمینیادا لە شەڕەکانی ئەم دواییەی نێوانیاندا.
 شیعرەکە دەڵێ:
"ئاراسیان جیا کردەوە و بە زیخ و لم پڕیان کردەوە.
من لە تۆ جیا نەدەبوومەوە، بە زۆر جیایان کردینەوە.
ئەی لاچین و وەی لاچین، هەموو گیان و دڵی من لاچین."
ئەم بەیتە شیعرە بە خێرایی ئاگری بەردایە نێو ھەست و سۆزی نەتەوەیی و ئێرانچێتی سەرلەبەری ئێران بەتایبەت بەرپرسە گەورەکان، لە نێوانیان دا « محەمەد جەواد زەریفی» وەزیری دەرەوەی ئێران. زەریفی گورجوگۆڵانە لە تویتەرێکدا دەنووسێ:

« بە ئەردۆغانیان نەگوتبوو ئەو شیعرەی کە لە باکۆ بە هەڵە خوێندیەوە، پەیوەندیی بە جیاکردنەوەی زۆرەملێی ناوچەکانی باکووری ئاراسەوە هەیە لە وڵاتی ئێرانی دایکیان. ئاخۆ ئەو نەیزانیوە دژ بە دەسەڵاتی نیشتمانیی ئازەربایجان قسەی کردووە؟ هیچ کەس ناتوانێت لەبارەی ئازەربایجانی خۆشەویستی ئێمەوە قسە بکات."

ئێران سەفیری تورکیا بانگ دەکات، گلەیی و گازندەیی خۆیانی پێڕادەگەیەنێ..
ڕۆژنامە ئێرانییەکان بۆ رۆژی دوایی ھێرشی زۆر دەکەنە سەر ئەردۆغان .. تورکیا سەفیری ئێران بانگ دەکات و گلەیی خۆیانی بۆ بەیان دەکات.
شەڕە ھێرشی ڕاگەیاندنی ھەر بەردەوامە و ئێرانییەکان بەم کۆمەڵە پەیامە ھەستی خۆیان سەبارەت بەو ڕووداوە دەردەبڕن:

+ موجتەبا زوننوری، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران لە تویتێکدا داوا لە ئەردۆغان دەکات کە داوای لێبوردن لە خەڵکی ئێران بکات و دەنووسێت: "ئەگەر ئەردۆغان لە تاقیکردنەوەکانی ئەدەبیات و جوگرافیا و مێژوودا دەرچووبایە، دەیزانی ئەو شیعرە لە شینی جیابوونەوەی ئاراس لە نیشتمانی خۆیدا نووسراوە".

+ عەلی ئەسغەر خانی، پەرلەمانتارێکی دیکەی ئێران لەگەڵ وێنەی لە سێدارەدانی سەدام حوسێندا دەنووسێت: "بەڕێز ئەردۆغان، ئەوە چارەنووسی دوایین کەس بووە کە ویستوویەتی دەستدرێژی بکاتە سەر خاکی ئێمە."

+ نوێنەرانی عەلی خامنەییش کە پێشتر لە شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیا پشتی ئازەربایجانیان گرتبوو، دوای ماوەیەک بێدەنگیی خۆیان شکاند و داوایان لە ئەردۆغان کرد پێگەی خۆی بزانێت.

کاردانەوەکانی پەرلەمانتارانی ئێران بوونە هۆی بانگهێشتی باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە تورکیا و کاردانەوەی لە میدیاکانی تورکیادا.
بەڕێزان... لە بارودۆخی ئێستای ڕۆژھەڵاتی ناوین دا، ھیچ دەوڵەتێک نییە، ھێندەی «تورکیا و ئێران» باری ناوچەکەیان تێک دابێت و بووبێتنە مایەی کێشە و شەڕ و ئاژاوەنانەوە و نائارامی... ھەردوو دەوڵەت خەونی پرۆژەی رادیکالی ئیسلامی و ھیلالی شیعەگەرێتیان ھەیە...
بەیتە شیعرێ ئاوا ئاگری تێبەرداون.. لە کاتێکدا ھەردووک داگیرکەری کوردستان و چەند نیشتمانێکی ترن..
من ئەمە وەک نموونەیەکی ساکار بۆ سەرکردە و بنکردە، سیاسی و نا سیاسی و ڕۆشنبیر و تاریک بیر و... خوێنەوار و ڕەشۆکی کورد دێنمەوە،
کە بزانن ئەوان!!، لە چ وێستگەیەکی بیرکردنەوە و خەیاڵ و خەون و ئاواتدان و ئێمەش خەریکی چین؟!...
گەر تاکە دێڕە شیعرێ ئەم بەزمەی لەسەر دروست بێت! دەبێت چ مانایەکی تر لە پشت ئەم چیرۆکەوە ھەبێت؟!...
لای ئێمەش خاک دەفرۆشرێ! ئابڕووی نەتەوەیی پێشێل دەکرێ؟! تۆپباران دەکرێین! ھێرشمان دەکرێتە سەر! بێتاوان لە سێدارە دەدرێین! لە زیندان تووند دەکرێین! بێ ناسنامە و زمان و فەرھەنگ دەکرێین! بە تورک و فارس و عەرەب دەکرێین! بە ھەزاران شێوە و شێواز لە کوردبوونمان دەخەن!...
کەچی دەبینە برای ئەوان، خزمەتکاری ئەوان! سیخوڕ و خەفێ ئەوان، جاش و قروچی و فورسانی ئەوان! ئەوە بوونە حەشدی وەحشیشی ھاتە سەر!
سەرکردەکانمان قومارمان پێوە دەکەن! نیشتمان ھەراج دەکەن!
لە باشوور لەسایەی دەسەڵاتی کوردیدا ، ھەرچی سیاسەت و ڕەفتاری نێگەتیڤە دەرھەقمان جێبەجێ دەکرێ و مەردێک! جوامێرێک! نییە ورتەیەک بکات!؟...
ھەموو سەرمەستی گەمەیەکن، تۆپ و پلانی یاری و دادوەر ھی ئەوانی دوژمنە، تەنیا یاریزانان و وگۆڕەپانەکە ھی ئێمەیە.
ئێمەش وا تێک بەربووین، بەس گۆڵ لە خۆمان دەکەین و تەنانەت شاباشی ئەوانیشمان پێ حەڵاڵ نابێت....!!!
بەڕاستی لەمە کارەساتتر نەبووە و نییە!
ئەم نەتەوەیە تا کەی بەرژەوەندییەکانی خۆی لەبەرچاو ناگرێ و ڕاستەشەقامی گەیشتن بە ئاواتەکانی دیاری ناکات!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە