تەماشاکە نیشتمان چۆن هەراج دەکڕێت

Monday, 14/12/2020, 3:49

7807 بینراوە


سەرەتا ئاودیوکردنی شۆفڵ و بلدۆزەرو ئۆتۆبێلەکانی شارەوانی و فرۆشتنی بەنداوی بێخمە و دارتەلی کارەباو کێبڵەکانی، دواتر کێلی گۆڕستان و قیرو چەو گەڵابە هتد...ئاودیوکردنی سەری کوردە ئۆپۆسیسیۆنەکان ئێران و تورکیا و داخستنی دەنگیان و نیشتەجێکردنیان لەئۆردوگاکاندا، پاشان ژن کوشتن و شەق هەڵدان لە مامۆستا و قوتابی و خەڵک، دواتر سواڵکردن لە ڕێگەی رێکخراوە جیهانێکانەوە و فێڵکردن لەخەڵک، کردنی شارێکی وەک هەڵەبجە بە دەغیلەی سواڵ بۆ بەرپرسە سوکەکان و دەسەڵاتداران، دەروەزەکردن و فێرکردنی خەڵک بۆ کڕوزانەوە، وەک چۆن خۆیان لەبەردەم ئەوروپی و ئەمەریکییەکاندا دەکڕوزانەوە و باسی قوربانی دانیان دەکرد بۆیان.بەڕێکردنی خەڵکی بۆمزگەوت تا نزا کانیان لەڕێگەی مەدخەلی و سەلەفییەکانەوە بکەن، نەهێشتنی گوند و کردنی خەڵکەکەی بە پۆلیس و حیمایە و چایچی و باخەوانی باخەکانیان.داگیرکرنی جێگە گشتییەکان و تاپۆکردنی موڵک و ماڵێ مردوو زیندووەکان لەسەر منداڵ و خزمی خۆیان، ئاودیوکردنی ئامێری خەستەخانەکان و دورینەوەی شەرەفی کچان، هێنانی بەلێشاوی ئافرەت لە تورکیا و ئێران وئۆکرانیا، بەکامێراکردنی شەقام و ئوتێل و شوێنە گشتییەکان، کردنەوەی هەزاران مزگەوت و دامەزراندنی لەشکرێک لە موچەخۆر لەوەزارەتی ئەوقاف و وەزارەتەکانی تر.هێنانی لەشکری بێگانە و نیشتەجێکردنیان و کردنەوەی دەیان سەربازخانە، کردنەوەی دەیان جێگە بۆ زیندانکردنی دەنگە نارازییەکان، بە بندیوارکردنی گەلێک و تێکەڵ کردنی جاش و پێشمەرگە و لێبوردن لە سیخوڕ و فایلدارو تاوانباران، داڵدەدانی دەیان جەلاد و ئازادکردنی فڕۆکەوان و ئەنفالچییەکان و پاکانەکردن بۆ سەدان تاوانبار و جەلادی بەعسی کورد و عەرەب لە دادگاکانی جیهان و عێراقدا.دروستکردنی دەیان تۆڕی سیخوڕی جیهانی لە شارەکاندا نیشتەجێکردنیان، بردنی پارە نیشتمان بۆ دەرەوەی ووڵات و چۆڵکردنی بانکەکان.کڕێنی سەدان خانو، ڤێلا، ڕیستۆران لە دەرەوەی نیشتمان وەک دوبەی و ئورد نو ئەوروپا و چەندین ووڵاتی تر، بازرگانی کردن لەگەڵ داعش و هێنانی داعش و دروستکردنی داعش لە مزگەوتەکاندا.ئەمانە هەمووی بۆ مانەوەی ئەو چەند بنەماڵە خائینەیە.
ئاودیو کردن و هەرزان فرۆشتنی ژێرخانی نیشتمان یەکێکێکی ترە لە ترسناک ترین یارییەکانی دەسەڵات و تا ئێستا بەردەوامی هەیە.چۆن سەدام حسێن ووتی : کە عێراقی جێهێشت، دەیکاتە بیابان و دواتر دوای داگیر کردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی عێراق بووە بیابان و نەخۆشی و تاوان و بێوەژن و سەدان کێشەی کۆمەڵایەتی بووە ناسنامەی عێراق، ئێستاش ئەم دەسەڵاتە فاسیدە کە مل بشکێنن لە دوای خۆیان سەدان تاوان کێشەی کۆمەڵایەتی بەمیرات بەجێدەهێڵن بۆمان.
پەرلەمان ئەو دەزگا بەدناوەیە لەهەولێر کە بێدەسەڵات و جێگەیەکە بۆ دانانی پڕۆژەی یاسا بۆ سپی کردنەوەی ئەم سیستەمە کە لە هیچ جێگەیەکی دنیا نمونەی نیییە.بۆیە کاتێک باس لە تاوانباران دەکەین دەبێت، ئاوڕێک لەو پەرلەمانتارانە بدەینەوە کە دوو سەرەواو لە مێشکیاندا نییە، ئەوانە ناتوانن بەهەموو سەرۆک و جێگرو ئەندامەکانیان ناگەن بە حیزبە کارتۆنێکانی سەردەمی سەدام، ئەوان خەڵکانێک بوون گەر خائینیش بووبن شارەزاییان هەبوو، لەنمونەکانی "مەلا ماتۆڕ و شیخ ستار" بۆیە ئەم ڕەوە لە پەرلەمان، نووسەر، چەنەبازەکانی ناو کەناڵەکان، هەموویان هێندەی ئەو دووسێ بنەماڵەیە تاوانبارن، لێرەو لەوێش کە قسەیەکی وەک خۆیان پوچ دەکەن، ئەوە بۆ فریودان و خۆدەربازکردنە لەو تاوانەی لە پشتی پەردەوە بەشداربوون تێیدا.بە واتای ئەوەی ئێمە نابێت فریوی کەسانی دەملوس و سەربۆیاخکراو نووسەری سەر بەدەسەڵات بخۆین، چونکە ئەوانیش بەشێکن لەهەراجی نیشتمان و پشکیان هەبووە لەو تاوانکاریەدا.
ئێستا دیاردەیەکی ترسناک لە ڕێگەی دەسەڵاتەوە پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن، کە جوداخوازیە لە نێوان شارەکاندا، لەم ڕێگەیەوە دەسەڵات دەیەوێت شەڕێک بێڕێزیەک لەناو تاک بەتاکی کوردا دروست بکات، وەک چۆن دەڤەڕی بادینانیان لە سۆران دابڕی و هەورامیان کردە زمانێکی جیاواز لە کوردی و وایان لە کوردانی ئێزیدی کرد حاشا لە کورد بوونی خۆیان بکەن، ئێستاش بەنیازن هەولێر و سلێمانی و کەرکوک بکەنە دوژمنی یەکتر، کەسێک لە سلێمانی بڵێت لە هەولێر برا و هاو خوێنم نییە، یان لە دهۆک هاوخوێنمان نێیە، بەڵام خۆشحاڵانە خەڵکەکە زۆر لەوە هوشیارترە.ئەو کەسە نەفس نزمانەی ئەم پۆستانە لەسەر شارێک ناوچەیەک دەکەن، ئەوە دەیسەلمێنن کە خەڵکانی هزر نەخۆشن و بەرژەوەندیان لەگەڵ مانەوەی ئەم هەموو ستەمەدایە، هیچ کەسێک لەدنیادا بەئازایەتی، یان ترسنۆکی لە دایک نابێت.سەیری گەلی کۆریای باکور بکەن، مێژووی ئەو گەلە مێژوویەکە پڕ لە ئازادی بەڵام ئێستا هەموویان لە مردوو دەچین، هەمان هاوکێشە لە هەولێر و دهۆک هەیە، وەکو لە نزیکەوە ئاگادارم، کە زۆربەی تەکسی ڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر سەر بە پاراستنە، هەموو ئوتێل و میوانخانەیەک جگە لەکامێرای چاودێری چەندین سیخوڕ چاودێری میوانەکان دەکەن، دەسەڵات لە هەموو جێگەیەک دەبێت بەو کارانە هەستێت، بەڵام پێتان وانەبێت ئەمانە قوتار دەبن، مێژوو شای ئێرانمان بە نمونە بۆ دەهێنێتەوە، کە چۆن بەزەلیلی لە میسر مرد.لە کۆتایدا ئەمە بەو مانایە نایەت کە لە سلێمانی جاسوس یان خەڵکی خوێڕی تێدا نەبێت ؟ نا لە هەموو جێگەیەک هەیە.بۆیە ئێمە گرنگە لەم کاتەدا هەموو سامانە دزراوەکان دیکۆمێنت کبەین، خۆشبەختانە کوردستانپۆست بەشی شێڕی بەردەکەوێت، ئەمەش کۆتایی دێت، ناتوانین سامانی ژێرخاک بگەڕێنینەوە، بەڵام دەتوانین سامانی دزراو بگەڕێنینەوە و لاشەی ئەو خائینانە لەگردی ناپاکان لە گۆڕبنێنن.
با مێژوو تفمان لێ نەکات شۆڕشێک بەڕێوەیە با هەریەکەمەن لەجێگەی خۆیەوە خشتێک دانێت، تا کەرامەت بۆ مرۆڤبوونی خۆمان و نیشتمان بگەڕێنینەوە.گردەکان جارێکی تر پاک بکرێنەوە لەلاشەی خائینان و گوڵە بەیبوونەکان هەناسەیەک بدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە