بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە مەچنە دەرەوە.


به‌نیگای سه‌رشه‌قام

Monday, 12.14.2020, 18:32

3192 بینراوە


له‌بیرمه‌ ته‌مه‌نم هێشتا دوانزه‌، سیانزه‌ ساڵانێک ده‌بوو هه‌موو کاتی زه‌رده‌په‌ڕێک له‌سه‌ر دواپلیکانه‌ی خانوه‌که‌‌مان له‌ سه‌رشه‌قام، به‌ده‌فته‌ر و قه‌ڵه‌مێکه‌وه‌، دائه‌نیشتم و له‌به‌رزی تۆم ئه‌روانی...

کاتێ خۆر تیشکه‌ ئارامه‌کانی کاتی زه‌رده‌په‌ڕی به‌سه‌ر لوتکه‌ی بڵندتا، ئه‌نارده‌ لات به‌رگێکی خامۆشت ئه‌پۆشی و شاریشت دڵنیائه‌کرد که‌ له‌ ئارامیدا چاوی لێکنێ. 
هه‌میشه‌ ڕووم له‌ تۆ بوو، تۆش به‌ نیگایه‌کی پڕخه‌م لێتده‌روانیم ... 
"شاخی ڕه‌نگاوڕه‌نگی گۆیژه‌ باعیسی که‌یف و سروور
هه‌رده‌مێ به‌رگێک ئه‌پۆشی گا سپی گا سه‌وز و سوور"
بێکەس 
هه‌ندێجاریش خه‌یاڵ ده‌یبردم بۆ ئه‌و دیو زنجیره‌چیاکانت ... 
ڕۆژێک ده‌بێت پشت ئه‌و زنجیره چیایانه‌‌ت ته‌یکه‌م‌، قه‌ڵای پۆڵایینی شاره‌که‌م، 
وه‌سفی قه‌ومی کورد ئه‌که‌ی تۆ به‌و هه‌موو ڕه‌نگانه‌وه‌
ڕه‌نگی سووریشت باعیسه‌ که‌ کورد قه‌مێکه‌ جه‌سوور"
بێکه‌س
ئه‌و دیمه‌نانه‌ت‌، که‌ تۆماربوون له‌ ڕۆنیای چاوانما له‌ ده‌فته‌ری یاده‌کانما نووسیمنه‌وه. هه‌ر کاتێکیش خۆر له‌ دووری تۆوه‌‌ چاوه‌کانی له‌یه‌کئه‌نا، منیش به‌بێده‌نگ ده‌فته‌ره‌که‌م له‌ قڵیشی دیواری حه‌وشه‌که‌ماندا ئه‌شارده‌وه‌. نه‌کا له‌ نیوه‌شه‌ودا، خوانه‌کرده‌ سیخوڕێک خه‌یاڵه‌کانمی ئه‌و دیو گۆیژه‌م به‌ندبکات و به‌ره‌و باشوور ڕاپێچیانکات.
ده‌فته‌ره‌که‌م بووه‌ دوان و ئه‌مجاره‌یان وشه‌کان گه‌وره‌بوون و باڵیانگرت، له‌گۆیژه‌ وه‌ گه‌ڕه‌ک به‌ گه‌ڕه‌کی شاری هه‌ڵمه‌توقوربانیان ‌چنی، پاشان له‌سه‌ر هه‌ر گه‌ڕه‌کێک ئێستێکان ئه‌کرد و ئه‌بوونه‌ هێشووه‌ وشه‌ و به‌که‌پری ده‌فته‌ره‌که‌مدا خۆیان هه‌ڵئه‌واسی.
ئای که‌ ئه‌و ده‌فته‌رانه‌م شیرین بوون. 
ڕۆحه‌ ساکاره‌ مناڵیه‌که‌م دڵنیایکردبووم که‌ هیچ که‌سێک ئه‌م حه‌شارگه‌یه‌ نادۆزێته‌وه‌. شه‌وانی هاوینانیش قه‌ره‌وێڵه‌که‌م له‌په‌نا ئه‌و دیواره‌دا توند ئه‌کرد و تا خه‌ون ئه‌بووه‌ میوانم له‌ درزی دیواره‌که‌وه‌ له‌گه‌ڵ وشه‌کانی نێو ده‌فته‌ره‌که‌مدا ئه‌دوام و چه‌ندین وشه‌ی تر خۆیان به‌ هێشووه‌کاندا هه‌ڵئه‌واسی و منیش به‌ڵێنم پێئه‌دان که‌ هه‌ر به‌ره‌به‌یان، کاتێک که‌ باپیره‌م له‌ خه‌و هه‌ڵئه‌ستێت و به‌ره‌و مزگه‌وت به‌ڕێئه‌که‌وێت، ئه‌و کات منیش به‌بێده‌نگ وشه‌ نوێیه‌کان به‌ هێشووه‌کانه‌وه‌ هه‌ڵئه‌واسم.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ دایکم نه‌خوێنده‌واربوو، هه‌میشه‌ کتێب و ده‌فته‌ره‌ قه‌ده‌غه‌کراوه‌کانی ئه‌ناسیه‌وه‌. جارجار ئه‌که‌وته‌ پشکنینی ماڵه‌که‌ و هه‌ر کتێبێک یا ده‌فته‌رێکی له‌ په‌نادیوارو گوێسه‌بانه‌ و درزه‌کاندا بدۆزیایه‌ته‌وه‌ گه‌رماوه‌که‌ی پێدائه‌خست. ئه‌یوت "خۆ ئه‌و سه‌گ و گورگانه‌ وه‌خت و ناوه‌ختیان بۆنیه‌ هاکا له‌پڕ خۆیانکرد به‌ ماڵا و گه‌ر شتێک بدۆزنه‌وه‌ ماڵه‌که‌مان به‌سه‌ردا ئه‌روخێنن."
ڕۆژێکیان، کاتێک‌ له‌ قوتابخانه‌ به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ ئه‌گه‌ڕامه‌وه‌ هه‌ر هێشووه‌‌ وشه‌ بوو به‌گه‌ردنما خۆی هه‌ڵدەواسی، ده‌مویست به‌ زووترین کات بگه‌مه‌ لای ده‌فته‌ره‌کانم. کاتێک خۆمکرد به‌ ماڵدا دایکم خه‌ریکی داخستنی گه‌رماوه‌که‌ بوو، کۆمه‌ڵێک کتێب و ده‌فته‌ریشی لایخۆیه‌وه‌ دانابوو، زوو زوو کتێبێک یا ده‌فته‌رێکی بۆ ناو ئاگره‌که‌ هه‌ڵئه‌دا. منیش به‌په‌له‌ خۆم گه‌یانده‌ د‌رزی دیواره‌که‌ و هه‌رده‌ستم ڕاکێشا ده‌فته‌رم نه‌دۆزییه‌وه‌. خۆشم نازانم چۆن خۆم گه‌یانده‌ به‌رده‌م دایکم له‌و کاته‌ی که‌ ده‌فته‌ره‌که‌ی منی به‌ده‌سته‌وه ‌بوو.
ئه‌وجاره‌ ده‌فته‌ره‌کانم له‌ کڵپه‌ی ئاگری گه‌رماوه‌که‌ ڕزگاریان بوو، وشه‌کانم له‌گه‌ردنم ئاڵان و لێم دوور نه‌ئه‌که‌وتنه‌وه‌ و گۆیژه‌ش هه‌میشه‌ سه‌ره‌تاتکێی له‌گه‌ڵدا ئه‌کردم. ده‌فته‌ره‌کانم جارێکی تر به‌ ئامێزی حه‌شارگه‌که‌ شادبوونه‌وه‌.
ئه‌و ڕۆژه‌ی‌ له‌ شاردا جێیه‌کی دڵنیا بۆ من نه‌ما، هه‌ڵهاتم و درزی دیواره‌که‌ی خانووه‌که‌ی سه‌رشه‌قامیش بووه‌ ماڵی ئارامی ده‌فته‌ره‌‌ ونبووه‌کانم.