بە زمانی زانست و زانیاری بدوێن، نەک بە زمانی ئەکادیمی و نازناوی دکتۆر

Thursday, 17/12/2020, 0:41

5475 بینراوە


جوانترین زانیاری، زانیاری کەسانی زانستن، کەسانی پرسنن، کەسانی لێکۆڵەرەوە، کەسانێک کە هەستو سۆزیان هەیە بۆ کارەکەیان، نەک کەسانێك کە بەزمانی ئەکادیمی گوایە ئەدوێن، بە زمانێکی وشکو درێژدارو بێ تام، نوسینی ئەکادیمی نوسینێکی وشکو برنگە، ستایلێکی دیکتاتۆریە لە نوسینو دەربڕیندا. شکڵی وتاری سەرۆکە : چەقبەستوە، جێگای مشتومڕی تێدا نیە.
ئەمڕۆ بە هۆی گۆڕانکاری لەبواری گەیشتن بە زانیاری، کە شکلێکی دیموکراسی وەرگرتوە، هەمو کەسێک ئەگەر بیەوێت ئەتوانێت زانیاری دەستکەوێت، بۆیە ئەو دیوارە شکاوە، جۆری دەربڕێنی باسەکانیش گؤڕاون، خەڵکی هەست بە خۆبەکەم زانین ناکەن بەرامبەر بەوانەی کە خۆیان بە ئەکادیمی دەناسند، ڕێگا لادان لەجۆری نوسین و بیرکردنەوەی ئەوان بڤە بو .
کەسانی ئەکادیمیش خۆیان کەسانی داهێنەر نین، وەک پۆلیس پاریزگاری لەدەقەکان دەکەن، وەک ئەوەی هیچ بیرو بۆچونێک جێی گومان نەبێتو گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت. لەکاتێکدا کەسانی داهێنەر بەوجۆرە بیر ناکەتەوە.
ئەکادیمیستەکان بەهۆی ئەو ئەقڵە چەقبەستوەی کە هەیانە، تاوانی زۆریان کردوە بەرامبەر بە کەڵچەر و زانیاری گەلانی ژێر دەستە، وەک ئەوەی کە ئەوان خاوەنی بیری ڕەهابن. پۆلات جان لە وتارێکیدا باسی تاوانی ئەکادیمیستەکان دەکات بەرامبەر بە دۆخی کورد، کە چۆن خۆیان دەکەن بە خاوەنی بڕێاردان لەسەر مێژو و زمانی ئەوان، چۆن ئەکادیمیستەکان دەڵێن ناتوانرێت نەتەوەیەکی یەکگترو بۆ کوردان بونی هەبێت، ئێزیدیەکان کورد نین، بەڵکو پاشماوە و جێهێڵراوی سریان و کلدان و ئەرمەن و ئارامیی و عارەبن. 
زازاکان(دملیکی) کورد نین، بەڵکو نەتەوەیەکی ترن، رەنگە لە بناغەدا ئەرمەن بن. زمانی کوردی بوون نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە زمانەکانی عارەبی، سریان، تورکی، ئەرمەنی و فارسیە.
وڵاتی کوردان گردۆڵکەیەکی ئێرانە، هیچ پەیوەندیی بەو دەوڵەتە پیرۆزانە لە سوریا و عێراق و تورکیا نییە.
كوردستان بریتیە لە ئەرمینیای رۆژئاوای گەورە، سوریای گەورە، عێراقی مەزن، ئاشوری مەزن.
کورد گەلێکی بارە و زێدەیە بەسەر ناوچەکە، بۆیە هیچ مافێک یا تایبەتمەندییەک یان داواکاریی نەتەوایەتی نییە، سەرباری ئەوەش مافی جوگرافیشی نییە.
داواکاری کورد بۆ سەربەخۆیی و بەدەستخستنی مافە نەتەوایەتیەکانی یاخود هەوڵدان بۆ دەستخستنی مافی چارەنوس، زیان دەگەیەنێتە دەوڵەتەکانی ئیسلامی و دەبێتە هۆکاری پارچەبوونی ناوچەکە.
هەموو سەرکردە مێژوویەکانی کورد لە بنچیەدا کورد نین، بەڵکو بوونەتە کورد و لە ناو کوردان ژیاون، چونکە ڕێی تێناچێت، کورد چۆن سەرکردەی مەزنی لێ هەڵدەکەوێت ؟
هەموو شارەکانی کورد، هی کوردان نین بەڵکو هی عارەب، سریانی، ئاشوری، ئارامی، یۆنانی، 
کورد هیچ نیین جگە لە بەکرێگیراو بۆ ئیمپریالیزم و زایۆنی و رۆژئاوا و ئیسرائیل و ئەمەریکا.
***
ئەو دەستەواژانەی کە لە وڵاتانی خۆ بەکەمزاندا زۆر بەکار دێن، ( دکتۆر، ئەکادیمی،...تاد......). بۆ جیاوازی کردنە لە نێوان خەڵکی خوێندەوار و عەوام، جیاوازی کردنە لە نێوان کەڵچەر و زمانی زاڵو گەلانی ژێردەستە، هەمو جۆرە سسیاسەتێک بەکار دێنن، هەتاوەکو هەمو کەس بۆی نەبێت بدوێت، یان بێتە ناو کۆمەڵگەی ئەوانەوە، بۆتە جۆرێکە لە جیاوازی چینایەتی. هەر بەو پێیەش بیرۆکەی سۆفیەک ناچیتە ناو زمانی ئەکادیمیەوە، دەفو جوزەلە و ئالەتە مۆسیقا میلیەکانیش نابنە ئالەتی ئەکادیمی. ئەم دیاردەیەش هەندێک جار بۆتە دیاردەیەکی قیزەون.
زمانی ئەکادیمیش بەهەمان شیوە، زمانێكی وشکە. کاتێک لە ( ژۆنژنێ) نوسەری بەناوبانگی فەرەنسیان پرسی، چۆن فێری ئەو زمانە بوە لەکاتێکدا ئەو هەمو ژیانی لەبەنیدخانەو هەژاریدا بەسەربردوە، لەوەڵامدا وتی: بۆ ئەوەی بتوانم وەڵامی جەلادەکانم بدەمەوە دەبوایە زمانی ئەوان فێر ببم.
مۆلیێر، هەر لە کۆنەوە باسی ئەو دیاردەیەی کردوە لە شانۆی : بۆرژوا و پیاوە باشەکە ( ساویلەک) کەدا. چۆن کابرایەک فێری هەڵسو کەوتو قسە دەکەن هەتاوەکوبتوانێت قبوڵ بکرێت لە کۆمەڵگەی بۆرژوازیدا. 
بە پیاوە باشەکە دەڵێن : ئەزانی دەنگی پیتی نون چۆن گۆ دەکرێت ؟
سەری زمانت بە ئاستەم بنوسێنە بە بەشی سەروی پێشەوەی دیواری دەمتەوە و کتوپڕ لێکیان جودا بکەرەوە ، ئەوسا دەنگی پیتی نون دەردەچێت.
کابرا باشەکەش، کاتێک ئەوە دەکات کە داوای لێ دەکەن، دەبینێت دەنگی نون دەردەچێت، زۆر سەری سوڕ دەمێنێتو دەڵێت : شتێکی باشت فێرکردم، نەمدەزانی کە دەنگی نون ئاوەها دەردەبڕێت.
زمانو، دوانو زانست، دەبێتە جۆرێک لە کۆمێدی، کە کەسانێک دەتوانن چەندەها پەڕە پڕ بکەنەوە بەبێ ئەوەی هیچ بڵێن، لەبەر ئەوەی کە هیچیان لە هەگبەدا نیە. بۆیە دەتوانیت چەند پەڕەیەکی دەستپێک بپەڕێنیت لە هەندێک وتاردا، هەتاوەکو دەگەیتە سەر باسی سەرەکی، لەبەر ئەوەی کە نوسەر دەیەوێت پێمان بڵێ کە بەزمانی ئەکادیمی ئەدوێت. ئەو دکتۆرە گەمژەیەی کە تێزی لە سەر وتارەکانی مەسعود بارزانی کرد، بێ شک وەها ئەدوێت، دەنا ئەگەر لە پاقلە فرۆشێک بپرسیت، باشتر لێکۆڵینەوە لە وتارەکانی بارزانی دەکات.
دەستەواژەی ئەکادیمی نەدەبوا هەرگیز بەکار بهێنرایە، ئەکادیمی بەمانای فکری چەقبەستو دێت، بەمانای جۆرێک لە ستایلی دەربڕین دێت، دەبو بوترێت : دوانو ڕونکردنەوە و سەلماندن بە زمانی زانستو زانیاری، نەک بە زمانی بازاڕی و ناڕەزایی. هەمو ئەو زانیاریانەی لەهەر بوارێکدا : زمان، یاری، زانست،....تاد کە پێش تۆ وتراوە لەلایەن دەزگایەکەوە دانی پێدا نراوە و قبوڵ کراون پێیان دەوترێت: ئەکادیمی، زانیاریە ئەکادیمیەکانیش هەمیشە دەهروژێنرێن، دەگۆڕدرێن، لەلایەن داهێنەرانەوە : زانا و هونەرمەند و ئەدیبو مێژونوسانەوە، لەبەر ئەوەی کە هیچ زانیاریەک چەقبەستو نیە. ئەگەر باسی ئەکادیمی هونەرە جوانەکانی پێش سەد ساڵ بکەین، بۆ پەیکەرێک، لێژنەی سەرپەرشتیار دەهاتن، هەمو بەشەکانی لەشی پەیکەرەکەیان دەپێوا، هەتاوەکو بزانن کە ئایا ئەو پەیکەرە دەچێتە ناو زانیاریەکانی ئەوانەوە لە بواری پەیکەر تاشیدا. بەڵام هیچ تابلۆیەکی پیکاسۆ یان هۆنراوەی رامبۆ نە دەچونە ناو هونەر و زمانی ئەکادیمیەوە، ئەکادیمیستەکان باسی ڤانگۆگ ناکەن، لەبەر ئەوەی کە ناتوانن بیخەنە چوارچێوەی لۆژیکی ئەوانەوە. تەنانەت لەو سەردەمەدا پەیکەری پەیکەر تاشی وەک ڕۆدان رەفز کرایەوە لە لایەن لیژنەی ئەکادیمیەوە. بێگومان زانستی ئەکادیمی هەمیشە لە گۆڕاندایە بەڵام کەسانی ئەکادیمی وەک دەروێشو پۆلیس کە نازانن داهێنان چیە، هەمیشە ڕێگرن لەبەردەم بیری نوێو داهێنانی نوێدا.
ئاپۆ لە کتێبی مانیفێست بۆ شارستانیەتێکی دیموکراسی، بە زمانێکی دەوڵەمەندی زانستی ئەدوێت، نۆوا هەراریش لە کتێبی ساپیاندا کە هەمان باسی ئاپۆ دەهروژێنێت، بە زمانێکی گشت ئەدوێت، نۆوا هەراری و ئاپۆ بە زمانی زانست ئەدوێنو هەردوکیشیان بە گژ زانیاری ئەکادیمیدا دەچنەوە. 

دکتۆر

وشەی دکتۆر لە کوردستان جێگای وشەی حاجی گرتۆتەوە، وەک چۆن ئەگەر نەچویتایە بۆ حەج لەلایەن موسڵمانانەوە ڕێزت لێ نەدەگیرا، ئەوا ئەمڕۆ بەهەمان شیوە ئەگەر دکتۆر نەبێت بۆت نیە بدوێیت، ڕێزت لێ ناگیرێت. راستە وەک ئەریستۆت دەڵێت: ( ژیانێک بە بێ تاقیکردنەوە، ئەوە ناهێنێت بژیت ) . تاقیکردنەوە فێرت دەکات کە توانای خۆت بزانیت، خۆت بناسیت، لەهەمان کاتا بچیتە ناو شکڵێک لەجۆری دەربڕینی راو بۆچون. خۆ ناڵێم ماتماتیکمان بە دەنکە نیسک بۆ ڕونبکەرەوە، هەمو زانستێک زمانی خۆیاهەیە. بەڵام هێندە گوێم لە وشەی دکتۆرە لە کوردستان لەهێچ شوێنێکی ئەم زەویەدا گوێم لێ نەبوە، لەئەوروپا لە پەراوێزی وتارێکدا دەنوسرێت فڵانە کەس دکتۆرای لەو باسەدا وەرگرتوە، یان کاتێک بانگهێشتی بەرنامەیەک دەکرێت، دەڵێن فڵانەکەس دکتۆرای لەو باسەدا وەرگرتوە بۆیە بانگهێشت کراوە، ئیتر کەس ئەوی تر بە دکتۆر بانگ ناکات، جگە لە دکتۆری خەستەخانە نبێت. بەرای من زۆر ناشایستەیەو شەرمە کەسێک وشەی دکتۆر بەناوەکەیەوە بنوسێنێت کاتێک ئەو هیچ بەرهەمێکی نیە، چونکە ئەمڕۆ دکتۆرا بە چەند دەفتەرێک دۆلار بەئاسانی دەست دەکەوێت، شتێکی وەها گران نیە، لەئەوروپاش بیانیەکان بەئاسانی دەتوانن دکتۆرا وەرگرن لەبەر ئەوەی خەمیان نیە و دڵێن خۆ لە وڵاتی ئێمە دەرس ناڵێتەوە، دەنا ئەو هەمو دکتۆرە لە کوردستان، کوانێ وتارێکی گرنگ لەسەر باسێک ! لەسەر ئەو باسەی کە دکتۆرایان تێدا هێناوە ؟
دەستەواژەی : دکتۆر، کە بە هەمو ناوێکەوە دەلکێت لە ڕۆژهەڵات، گرنگی بە کەسێک ئەدات پیش ئەوەی ئەو کەسە گرنگی فکر و کاری خۆیمان بۆ نمایش بکات، هەمان دەوری جیاکردنەوەی چینێکە لە چینێكی تر، بۆ ئەوەی کە پێمان بڵێن ئەم کەسە مرۆڤێکی ئاست بەرزە و بۆی هەیە تڕیش لێ بدات، وەک ئەو دکتۆرەی کە لەسەر وتاری مەسعود بارزانی تێزێکی کرد، بێگومان دەتونین لەسەر وتاری مەسعود بارزانی و لەسەر گونی مێشولەش تێز بکەین، بەلام بە بێ ئەوەی ئەو تیزە بیخوێنینەوە، دەزانین ئەو کەسە، ئەو کۆیلەیە، تەنها مەبەستی پیا هەڵدانە، نەک لێکۆڵینەوە، بۆیە لکاندنی دکتۆر بە ناوەکەیەوە هەر هەمان مەبەست دەگەیەنێت.
بێ شك لێرەدا نامەوێت ڕۆڵی خوێندنو دکتۆرا بە بێ بەها بچوێنم، چونکە ئەگەر کەمیش بن، کەسانێک هەنە کە شایەنی ئەو دکتۆرایەن، ئەو خوێندنەن، بەڵام ئەمڕۆ جیهان گۆڕاوە و زانیاری وەدەست هەمو کەسێک دەکەوێت کاتێک بیەوێت بەدوای زانیاریدا بگەڕێت . هەرچۆنێک بێت باشتر وایە لەبری ئەوەی نازناوی دکتۆر وەک حاجی بنوسێنن بەناوەکەیانەوە باشتر وایە وتارێک، شیکارێکی گرنگ بخەنە بەردەم خوێندەر نەک شەهادەیەک کە شەهادەتی هیچت پێ ندات جگە لە خۆ بە گەورەیی زانین نەبێت .
گوێگری گەورەترین مۆسیقاری چەلۆ بوم ، قبوڵی کردبو کە کە ڕێپۆرتاژێکی لەسەر بکەن کاتێک دەرس دەڵێتەوە بەمەرجێک کامێراکە لە دورەوە بێت. کابری مۆسیقار بە دەنگی وەک مرۆڤی سەرەتایی خوێندکارەکەی فێر دەکرد : 
(پە پە، پەپە، تەک، تاک ،بوم، تە تە تە).
ئەم دەنگانەش بەس نەبون، کابرای مۆسیقار وەک سەماکەرێکیش دەستو سەری دەجوڵاند، هەتاوەکو شگردەکەی تێ بگەیەنێت چۆن پەنجە دابنێت لەسەر تەلی ئالەتەکە، بەڵکو ئەو نۆتە دەربجێت کە ئەو ئەیەوێت، بێگومان کابرای مۆسیقار دەمێکە نۆتە و سۆلفێژی خوێندوە، کە زمانی مۆسیقایە.
بۆیە دەڵێم بە زمنای زانستو زانیاری بدوێن نەک بە زمانی ئەکادیمی. چونکە زمانی ئەکادیمی زمانێکی چەقبەستوە، جێگیرە، لە لالیەن چەند پۆلیسو دەروێشێکەوە سنوردار کراوە، دەنا زانست خۆی سنوردار نیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە