ئەو سەرکردە درۆزنە کێ بوو، وتی بژی کوردستان؟!

Thursday, 17/12/2020, 1:33

3121 بینراوە


کورد وەک میللەت، بەڵێ میللەتە، بەڵام وەک داشی دامەش عیلەتە، کورد ئەوەتی هەیە وەک بونەوەر هەناسەدەدات، بەڵام ئازاد نیە لە هەناسەدانێکدا کە پڕ بە سیەکانی تامی ئازادی پێبکات، چونکە نامۆیە بە هەڵوێستی جوامێری کە ئاغاکەی لەسەرەوە دەستەمۆیی کردووە.
کورد ئەوەتی هەیە شۆڕش دەکات، بەڵام شۆڕشێکی چاواشە و پڕ لە قوربانی ڕەنج بە بابوردو، کورد ئەوەتی هەیە هاوار بۆ ئازادی دەکات بەڵام بە مشاری کول جەستەی دووکەرت دەکرێت بە دەستی برا گەمژەکەی خۆیی، چونکە پەروەردەکەی سەقەتە کە فەرمانی گەورەی خۆی جێبەجێ دەکات کە دەمێکە خوێنی ئەویشی فرۆشتوە و داوێتی بە پێکێک شەرابی ژەهراوی دەستی دوژمن.
کەی سەرکردەی کورد شیڕانی و وتی کوردستان لە تەنگژی و کارەساتدایە، ئەوە درۆ دەکات و ئافاتێک بەڕێوەیە، کەی گریا و فرمێسکی تیمساحی ڕشت، ئەوە پاش ماوەیەکیتر بەرگی ڕەش لە بەری چەند دایک و هاوژینی پێشمەرگە و چەند سیڤیڵی کوردی کڵۆڵیتر دەبینیت.
کەی نوسەری سێبەری دەربار فوی کرد بە زوڕنای دەنگی دەهۆڵی شەڕدا ئەوە خوێنی هاوڵاتی کورد نرخی لە بازاڕی شکۆدا هەڵدەوەرێت، کەی گوێت لە سرودی ئاگرینی و هوتافی ناخ هاژێن بوو ئەوە نەیارەکانی کورد لە پارەی نەوتی دزراو پلانی شەڕی ماڵوێران کردنی کوردیان داڕشتووە و تەنها فیکەی سەرکردەکانمانی ماوە بۆ فەرمانی جێبەجێکردنەکەی کە بڵێن؛ بژی کوردستان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە