نیشتمان

Saturday, 19/12/2020, 19:14

2019 بینراوە


نیشتمان بریتییە لە پارچە زەوییەک کە کەمینەی زۆرداری نێو ئەو کۆمەڵە خەڵکەی لە سەری دەژین، تەلبەندی دەکەن تا زۆرینەی لاوازو بێدەسەڵاتی تێدا بکەنە کۆیلە. کۆیلەداریی و کۆیلایەتیی ڕەنگە شێوەو روخساری گۆڕابێ، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەر وەک خۆیەتی و هیچ نەگۆڕاوە.
لە سەردەمانی کۆندا کۆیلەدارەکان کۆیلەکانیان هەڵدەبژاردو کۆت و زنجیریان لە دەست و پێیان دەکرد، کۆیلەکانی سەردەمی نوێ خۆیان خاوەنەکانیان هەڵدەبژێرن و بە خواست و ئاواتی خۆیان ئەو ڕەنگەی ژیان هەڵدەبژێرن کە ئەوان بۆیان دیاریی دەکەن.
کۆیلەداران پارچە پەڕۆیەکی ڕەنگاوڕەنگ دەکەنە هێمای زەوییە تەلبەندکراوەکە تا کۆیلەکان شانازیی پێوە بکەن و هەمیشە لە یادیان بێت تا لە نێو کەوشەنی تەلبەندەکەدا بمێننەوە ئاساییش و ئاسوودەییان پارێزراوە.
ئەم پرۆسەیە لە سەرتاسەری جیهاندا لە شێوە و فۆرمی جیاوازدا لە گۆڕێیەو تەنانەت لە کۆمەڵگە بە ناو ئازادو پێشکەوتووەکاندا ئەوی پێیدەڵێن تەکنۆلۆژیا تەنها بە هۆی زەڕوورەتێک کە زۆر بوونی ژمارەی مرۆڤەکان و زیادکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان بە دیهاتووە، ئەو زەروورەتەیش بۆتە هۆی گەشەی ڕێژەی زیرەکیان و ئەو ئەوزارو تەکنۆلۆژیایەش لە ڕاستیدا بۆ ئاسانکارییە لە بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەی کۆیلەداریی و کۆیلایەتییە.
ئەگەر باش وردبینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە هەر کۆمەڵگەیەک لە سەر بنەمای پێناسەیەک وەستاوە کە خۆی بەرهەمی ئەزموونی ئەقڵێکی خودسەنتەری لۆکاڵییەو کۆمەڵگەکەش هەمیشە لە تاکەکانی دەخوازی خۆیان هاوتای ئەو ستاندارە بکەن کە چەمکی پیرۆز ڕاگیراوی پێناسەیەکە کە کۆمەڵگەکە لە سەر ئەو بنەمایە وەستاوە.
خۆ ئەگەر تاکێک لە هەر کۆمەڵگەیەک و بە هەر هۆکارێک هاوتا نەبێت لە تەک ئەو ستاندارەدا ئەوا پەراوێزکەوتوو پشتگوێ خراوەو ژیانی پارێزراو نابێت.
هەتاهەتایەو هەتا ناکۆتا مرۆڤایەتی هەر بەم شێوەیە دەبێ و هەر وا دەمێنێتەوە، تا ئەو ساتەی مرۆڤ پەی بەوە دەبات کە ئەو بوونەوەرێکی گەردوونی و یونیڤێرساڵە نەک تاکێکی لۆکاڵیی بە ڕەنگوبۆیەکی دیاریکراوی سەر بە تەلبەندێکی کە ناوی نیشتمانی لێنراو.
هەموو ئەو فەلسەفانەشی وا ئیش لە سەر بەدیهێنانی دونیایەک دەکەن کە مرۆڤەکان تێیدا شادو بەختەوەر بن، تەنها یۆتۆپیا بەرهەمدێنن و ئەوەش بە بەناو گۆڕینی تاکەکەسگەلێک لە سەر بنەمای دەمارگیریی و ئایدیۆلۆژیی، بە هیوای گۆڕینی کۆمەڵگەی هەنووکە بە کۆمەڵگەیەکی دیکەی کە دواجار دەبێتەوە بە دووبارەبوونەوەی کۆمەڵگەو کۆمەڵگەکانی پێش خۆیی و پێشتر هەڵبەت بە شکڵ و شێوەی جیاوازەوە.
مرۆڤ لە هەر شوێنک و لە هەر کاتێکدا لە دایک بێت هەر بە مڕۆڤی دێتە دنیا و لە هەر شوێن و ساتێکیشدا بمڕێ هەر بە مرۆڤی دەمرێ، ئەمە لە کاتێکدا کە مرۆڤ ئەو ڕاستییەی بە کردار دەرک کردبێ کە بوون تەنها لە میانەی ئەوەوە گوزارشت لە هەبوونی ڕەنگاوڕەنگی خۆی دەکات و ڕەنگاوڕەنگییەکەشی هەڵبەت بە ڕەنگی خۆشییەوە بەرهەمی سروشتی تەماشاکردنی ئەوە، هەر بۆیە ئەو ڕەنگ و فۆرمانەن کە دەبن بە ئەزموونی ئەو و دەبن بە زانین بە سەنتەرێکەوە کە دواجار ئەو پێیدەڵێ (من) و لە ڕاستیدا ئەوی کە لە دایک دەبێت و ئەوەشی کە دەمرێ هەر ئەو وەهمەیە کە بە (من) ئاماژەی پێدەکرێ.
ئیدی ئەگەر گەرەکمان بێت ئەو چرکەساتەی کە لە زەمانی زەینی ئێمەدا زەمەنێکی دوورودرێژە بە ئارامی بەسەربەرین، ئەوا دەبێ بە ئاگابین لە وەهم بوونی ئەو وەهمە، کە ئەمەش پەیبردنە بە گەردوونیی بوون و ژیانی بە کردارە لە ناو ئەو ئاگاییەدا کە ئێستایەکی ئەبەدی و بێ سەرەتا و ناکۆتایە.
هەرچەند دوورکەوتینەوە، بەڵام مەبەستمان ئەوەبوو ڕۆچینە ئەو قووڵاییانەی ڕاستییەکانی تێدا پەنهانن، چونکە ئەوەی پێیدەڵێین ژیان، مادامێکی تێیدا وەک تاک پێناسە دەکرێین و دەبێ بە پێی ستاندار و پێوەرە پێشتر دانراوەکان بژین، ئیدی چ کۆیلەدار چ کۆیلە، دواجار هەر کۆیلەن و هەموان سووتەمەنی پرۆسەیەکن کە زادەی ئەقڵی خودسەنتەرو دەرکی لۆکاڵیانەیەو هەموان تێیدا قوربانین. قوربانی دابەشبوون بە سەر ئەو وەهمانەی بە نیشتمان و ئاڵا ناویان دەبرێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە