چوار خاڵ و زیاتر لە پەیوەندیەکانی تورکیا و پارتی

Saturday, 19/12/2020, 19:53

6150 بینراوە


پیلانێکی مەترسیدار دژ بە ئەزموونی کوردستان


کەس ناتوانێت نکۆڵی لەو بکات کە تەواوی سەرکردایەتی پارتی لەژێر تا ژوور بە سەرۆکەکەیانەوە لەدژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد (پەکەکە) لەگەڵ تورکیا ڕێکەوتوون و هەموو هەوڵی خۆشیان بۆ نانەوەی شەڕی ناوخۆیی خستوەتە کار و بوونەتە سەربازی تورکیا بۆ لەناوبردنی شۆڕش و ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان.
لە ٢٠١٢ هەتا ئەمڕۆ پارتی بێدرێغی هەوڵ داوە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان تێکبدات و خەباتی ژنان و دیموکراسی ڕۆژئاوا لەبەرچاوی جیهان ڕەش بکات.
هاوپەیمانی پارتی و تورکیا بۆ دژایەتی پاشەڕۆژی ئازادی گەلی کورد نەبێت هیچ شرۆڤەیەکی دیکە هەڵناگرێت.
ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی سەربە پارتی بانگەشەی ئەوەی کرد گوایە یەپەگە لە سحێلا هێرشی کردوەتە سەر پێشمەرگە.
بەڵام یەپەگە ئەو بانگەشانەی لەزگینی بەدرۆخستەوە و ڕایگەیاند کە ئەوان هیچ هێرشێکیان نەکردوەتە سەر پێشمەرگە و شتێ لەو شێوەیە ڕووینەداوە.
بڕوانن ناوچەی سحێلا کە سەربەست لەزگین بانگەشەی بۆ کرد گوایا یەپەگە لەوێوە هێرشی کردوە بەپێی پەیمانی ٢٠١٩ سوچی هێزەکانی قەسەدە و یەپەگە و یەپەژە لەو ناوچەیە بوونیان نییە.
باشە کەواتە سەربەست لەزگینی پارتی ئامانجی لەو قسەیە چی بوو؟
مەسرور بارزانی ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە لەڕێی تەلەفۆنەوە لەگەڵ نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سوریا جۆیل ڕایبورن قسەی کردبوو.
مەسرور بە ڕایبۆرنی گوتبوو پەکەکە لە ئامێدی هێرشی کردووەتەسەر پێشمەرگە و ئەو چەکانەی هێزەکانی هاوپەیمانان داویانە بە قەسەدە قەسەدەش دەیدات بە پەکەکە شەڕی ئێمەی پیێدەکات.
قسەکانی سەربەست لەزگین هاوکاتی قسەکانی مەسرور بارزانی بوو، بێ گومان بارزانیش بەزمانحاڵی دەوڵەتی فاشیستی تورک ئەو قسانەی کردبوو.
ئەمانەش لە کاتێدا ڕوودەدەن کە پارتی لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ بەردەوام چەک و جبەخانەی قورس دەنێرێتە سەر سنورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سەنگەر و بارەگا لێدەدات.
قسە و بانگەشەکانی پارتی هاوکاتی سەردانەکەی دوو ڕۆژ بەرلەئێستایی وەزیری دەرەوەی عێراق فواد حسێنی پارتییە بۆ تورکیا.
فواد حسێن لەگەڵ و لەوێ شەڕی پەکەکە و ڕۆژئاوای کوردستانیان تاوتوێ کردبوو.
فواد حسێنی بەئاشکرا گوتی، لەگەڵ کاربەدەستانی تورک لەسەر ڕێکەوتنی شەنگال قسەیان کردووە، چی کاری تورکیا بەشەنگال هەیە کە ١٧٥ کیلۆمەتر لەسنوورەکەیەوە دوورە؟.
دوای ناوبراو سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمیش چووە ئەنقەرە و لەلایەن دکتاتۆر ئەردۆغانەوە پێشوازی لێکرا.

ئامانجەکان ئەمانەن:

١- پارتی بەفەرمانی تورکیا بڕیاری شەڕی پەکەکەی داوە و ناگەڕێتەوە
بەم شێوەیە:
ا- ناردنی هێز بۆ هەرێمەکانی گەریلا و دەورپێچ کردنیان.
ب- بڕینی ڕێگاکان و کەمین نانەوە بۆ گەریلاکان و ڕاستەوخۆ لێدانیان لەلایەن پێشمەرگەوە.
پ- هاوکاری سیخوڕی بۆ سوپای تورک و دەستنیشانکردنی پێگەی گەریلاکان بۆ هێرشی ئاسمانی.
ت- هاوکاری میدیایی و ڕاگەیاندنی بۆ تورکیا لە شەرعیەتدان بەشەڕی پەکەکە و بێدەنگکردنی میدیای دژبەر.
ج- دروستکردنی بەرەی پشتگیری لە پەرلەمانی هەرێمەوە تا حزبەکان بۆ تورکیا لە شەڕی دژ بە پەکەکە.
چ- پەلکێشکردنی عێراق بۆ ناو شەڕی پەکەکە.
ح- وەگرتنی پشتگیری لە هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ شەڕی پەکەکە و شوبهاندنی بەداعش لەو ڕوانگەیەوە کە پەکەکە لە لیستی تیرۆری ئەواندایە. 

٢- پارتی بڕیاری هاوکاری تورکیایی داوە لە شەڕی دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان و لەناوبرنی ئەو ئەزموونە.
بەم شێوەیە:
ا- داخستنی سنوورەکان و ناردنی هێز.
ب- دەستێوەردانی سەربازی لەکاتی پێویست.
پ – ناردنی پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ هاوکاری تورکیا لە داگیرکردنی عەین عیسا وەک عەفرین و سەرێکانی.
ت – بەکارهێنانی ئەنەکەسە بۆ نانەوەی ئاژاوە لە ڕۆژئاوای کوردستان و خۆشکردنی زەمینەی دەستوەردان.
ج- گرتنەبەری ڕێگای دبلۆماسی و سیاسی بۆ بڕینی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ ڕۆژئاوا.
چ- نیشاندانی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان وەک ئیدارەی پەکەکە و یەپەگە وەک باڵێکی سەربە هەپەگە.
ح- تیرۆریزەکردنی ڕۆژئاوا و بەتیرۆریست ناساندنی یەپەگە ئەوەی ساڵانێکە تورکیا کاری بۆ دەکات، بەڵام ئەگەر لایەنێکی کوردی بیکات کاریگەری خراپی دەبێت.

٣ – شەڕ بۆ شاردنەوەی شکستی حوکمڕانیان و بێدەنگ کردنی کۆمەڵگا.
ئامانجەکانی پارتی لەم خاڵەدا:
ا- دروستکردنی شەڕ لەگەڵ پەکەکە سەرقاڵ کردنی کۆمەڵگا بەو پرسەوە.
ب- بەشەڕی پەکەکە زومی میدیا بگۆڕێت لە سەر پرسە جەوهەرییەکانی کۆمەڵگا ئابووری و کۆمەڵایەتەکانی هتد... بۆ سەر شەڕ.
پ- پڕوپاگەندەی هەوڵی لەباربردنی ئەزموونی هەرێم لەلایەن پەکەکەوە.
ت- داپۆشینی شکستە ئابووری و حوکمڕانییەکان بەبیانوی هەبوونی شەڕ وەک لە ڕابردوودا شەڕی داعشیان کردبووە بەهانەی نەدانی موچە و خراپی دۆخی ئابووری.
ج- سەرکوتکردنی دەنگەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵگا و ناڕەزایی شەقام بەبەهانەی دەستی پەکەکە.
چ- شەرعیەتدان بە داگیرکاری تورکیا لە باشووری کوردستان.

٤- لەم نێوەنەدەدا خەڵکی کورد و کوردستان گەورەترین زیانی بەردەکەوێت لەوانەش:
ا- لەدەستدانی هەلی زێڕینی سەد ساڵە بۆ ئازادی و سەربەخۆی گەلی کورد لە دوای جەنگی جیهانی دووهەم.
ب- دیزاینکردنەوەی لەسەرنوێی ناوچەکە لەدەرەوەی کورد و هێشتنەوەی کوردستان بەداگیرکراوی بۆ ١٠٠ ساڵی تر.
پ- لەدەستدانی ئەزموونی ١٩ ساڵی باشووری کوردستان کەبە لافاوێک خوێن و شەهید بەرهەم هاتووە.
ت- جارێکی تر دابەشکردنەوەی باشووری کوردستان بەسەر تورکیا و عێراق و ئێراندا.
ج- کوشتنی ڕوحی نەتەوەیی و ئینتمای نشتیمانی لەناو تاکی کورد دا لە هەر چوار بەشی کوردستان.
لێرەدا دەردەکەوێت کە پارتی وەک لە مێژووەکەیدا بینراوە، کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆی ناوێت نەک لەسەر ئاستی چوارپارچە تەنانەت لەسەر ئاستی پارچەیەکیش، بەڵکو پارتی دەیەوێت لە هاوکێشەکاندا پێگەیەکی لۆکاڵی بۆ پاراستنی بنەماڵەیی خۆی و بەرژەوەندییە ئابووریەکانی مسۆگەر بکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە