ئەمرۆمان چەند لە دوێنێمان ئەچێ؟

Monday, 21/12/2020, 3:02

3758 بینراوە


لەوەتەی کورد هۆشی ژێردەستی پاڵی پێوەناوە کە شۆرش بۆ ئازادی بکات و درکی ناداتپەروەری و وەك یەکی لا دروست بوە، بیری لە خەبات کردۆتەوە تا بگات بەسەربەستی وخۆ بەرێوەبردن و دامەزراندنی شێوە دنیایەك کە هەم دادپەروەر بێت وهەمیش بە چاوی کەم سێرنەکرێ تیایداو مافە نەتەویی وشارستانی یەتەکانی تیا دەسەبەر بێت . ستەم و ژێردەستەیی بۆتە بزوێنەرێك بۆ ئەوەی مێشکی تاکی کورد بجولێنێ و هەوڵ بدات گۆرانکاری لە حوكمرانی وکارگێری خۆی بەخۆی بکاتەوە .لەگەڵ ئەم هەوڵ وبیرکردنەوەو بزاوتە تەمەن درێژەی کوردیشدا ، هەمیشە کۆمەڵێ هەبوون لە بۆسەدا بوون تا سواری ئەم خەبات وئەم شەپۆلی تورەیی یە ببن وبەرەو هەڵدێری بەرن . لەوەتی کوردیش خەبات دەکات تەریب لەگەڵیدا ،،کۆمەڵێك هەن خۆیان بۆ دەسکەت وخۆ دوڵەمەند کردنو پارە کۆکردنەوە مەڵاس داوەو بەرژەوەندی تەسکی خۆیان خستۆتە بەر بەرژەوەندی کۆمەڵ ودەسەڵاتیان کردۆتە ئامانج .ئای چەند ئەمرۆمان لە دوێێمان ئەچێت و چەند دوێنێمان لە پێرێمان ئەچێت . شەهید ئارام لە نوسینێکیدا (بزوتنەوە چەکداریەکەی پێشوو سەرئەنجامی بە ئاشبەتاڵ) باس وئەنالیزی ئەشبەتاڵ دەکات ،ووێنەیەکی فۆتۆگرافی جوان و وورد بە ووشە ئەنەخشێنێ و ئاگادارمان دەکاتەوە کە کورد دەبێ پێش ئەوەی هەنگاوێکی نوێ بنێت ،مێژووی خۆی بخوێنێتەوە تا سوودی لێوەرگرێ و بۆ هەنگاوی نوێ لە هەڵەکانی خۆی وانەیەك فێرببێت .بۆ ئەوەی کورد دوچاری ئاشبەتاڵێکی تر نەبێتەوە،، کە بەداخەوە هەموو هاوکێشەکانی دەورو و بەرو ناوچەکەو جیهانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن،بەڵگە نەویستیشە کە زۆر خەتەرناکتر لەوەی پێشووتریش دەبێت،،،دەبوا کەڵکمان لەو هەڵانەی پێشوومان وەربگرتایە و مێژوو لەلای ئێمە خۆی دوبارەنەکردایەتەوە بە لایەنە خراپەکەی و هەمان هۆکاری بنچینەیی کە بوونە خۆرەی ناوەوەی شۆرش وناخی کیانی کورد و بزاوتی کوردیان لە نیوسەدەی رابردودا خواردبوەوەو قاوغێکیان لێ هێشتبوەوە،لەم سەردەم و هەل ومەرجەدا بنبرمان بکردبانایە و ئامرازێکی نوێ و رێگا چارەیەکی نوێمان بۆ بنبرکردنیان هەبوایە بە پەیرەو کردنی پەیرەوێکی شۆرشگیرانەی راستەقینە . دوای ئەشبەتاڵ ، جەولەیەکی تری کوردایەتی بە مۆدیلێکی تر هاتە کایەوە ،بەڵام بێ ئەوەی تەنها تۆزێك سوود لە مێژووی پێشی خۆی وەرگرتبێ وهەڵە کوشندەکان جارێکی تر تیا دووبارە کرانەوەو،تۆختر وقولتریشیان کردەوە . ئەمرۆ دوای نزیکەی ٢٧ ساڵ وحەوت مانگە لە باشوری کوردستان شوێنێك هەیە، بە ناوی پەرلەمانی کوردستان، کە گوایە نوێنەرایەتی گەلی کوردستان دەکات ، کەچی دورترین دەزگایە کە ئازار ومەینەتی وکێشەکانی تاکی کورد بە گوێکانی بگات . ئەمەش تەنها هۆکاری ئەگەرێتەوە بۆ ئەوەی بریار وسەنتەری بریاردان لەو کۆشکانەوە دەرئەجێت کە دەرگاکانیان کلۆم کلۆم دراوە ودەنگی ئازاری خەڵکی نایان کاتەوەو وهاواری برسی وبێ نەوایان ، دیوارە بەرزو پانەکانیان نابرێت ، ئەو حیزبانەش پەرلەمانیان تەژی کردوە لە قەرەقۆز و بوکەڵە تەنها بە دەنگی دەهۆڵی بەرژەوەندی حزبەکانیان سەما دەکەن . تەواوی ئەو چەمکانەی کۆمەڵێك بەرەو ریزی کۆمەڵگای سەردەم دەبەن ومیلەتێك بۆ ریزی ئەو میلەتانە دەگوازێتەوە ، کە کاریگەریان هەیە لە سەر رەوتی ژیان وجیهاندا،، لە کوردستان هەڵاوگێرکراوەو بە دژی ئەو چەمکانە کاردەکرێ.
هەر میلەت وکۆمەڵگایەك گەورەترین گرنتی بەردەوام بوونی وابەست بونێتی بە ئاکاری مرۆڤانە وپەروەردەوە ،،هەر کۆمەڵگایەك بەها ئاکارییەکانی تیا کاڵبونەوەو پەروەردەش بەرەو دارمان چوو ئەو کۆمەڵگایە لە پەشێوی و لێژبوونەوەدایە بەرەو نەمان. لە کوردستان لە سایەی دەسەڵاتی کوردی ئاکار کورتکراوەتەوە بۆ دوو چەمکی بچوکی وەك ئاین وژن و پەروەردەش ئەو پەری بێ مانا کراوە ، . پەروەردە کە بنەمایەکی گەورەی کۆمەڵگای زیندوە ، بەتەواوەتی غایب کراوەو گرنگی یەکی زۆر دراوە بە فەنتازیای ئاینی وپاڵەوانی ئەفسانەیی . ئەو دنیایەی کە خەبات کرا بۆ بەدیهاتنی و خوێنی لە پێناودا رژاو هەزارن مناڵ و ژن لەو پێناوەدا بێ لانە و بێ سەرپەرشت مانەوە، کەوتە ژێر هەژمونی رەوتی تریب و چارەنوسی کۆمەڵگای کوردی بەرەو هەڵدێر بردوە ، هەر بۆیە ئەگەر تەنها روناکی یەك مابێت لە ئاسۆی گۆرانکاری بۆ ژیانێکی شایستەو ئازاد و بە بەها ئەوەیە رەوتی خەبات و تێکۆشان وشۆرشگێری راستەقینە ،موترەبە بە پەیرەوی شارستانی دیموکراتی و دنیا دیتەیی نوێ و خەباتی ژنان یەك بەرە دوروست بکەن و بیکەنە دیفاکتۆ و جڵەوی سیاسەت و کارگێری لە ژێر دەستی لایەنی تەریب دەربهێنن و بیگەرێننەوە بۆ رێرەوی سروشتی خۆی ،، گەر وانەکرێ ، رەنگە کات لە بەرژەوەندی کورد نەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە