کاتێ پەشێو دەدوێ

Tuesday, 22/12/2020, 2:42

6337 بینراوە


مامۆستا عەبدوڵا پەشێو ئاوێنەی ئازارەکان و پێنووس و زمانی پاراوی نیشتمانە، کاتی پەشێو دەدوێ یانی نیشتمان لە قەیرانە، واتە گیرۆدەی قەیرانی دوای قەیرانە، یانی پلەی ئازارەکان تا بن ئێسخانە. کاتێ پەشێو دەدوێ، یانی جەستەی نیشتمان لە رۆژهەڵات  یان باشوور، رۆژئاوا تا باکوور بە ئازارێکی نوێ دەستبەیەخەیە. کاتێ پەشێو دەدوێ، یانی وشەی کوردی، ڕێزمان و کۆدی کوردیی نووسین لە ژێر تیغی سەری بێ دەلاک تاشینی میدیای کوردی دا هەموو رۆژێ لووت وگوێجکەی دەبڕێ و پەل پەل دەکرێ. پەشێو دەدوێ، چوون ئەو ئاگایە کە بێدەنگی  و کەمتەرخەمی ئەمرۆمان سبەینێی زمانی کوردی بەرەو هەڵدێر و نەمان دەبرێ . پەشێو خەمی وشە دەخوا، تا دێڕ شەلوپەت نەکرێ . کاتێ پەشێو دەدوێ قامەتی ڕاستی دێر بە دێڕی نووسینەکانی، لاروێری و بێ سەروبەری و پاشاگەردانی کوردی نووسینی خۆمان بە بیر دێنێ.

پەشێو حەیران و هۆرەی مراندنی هیواکانی گەلێک دەچرێ کە قەد  لە بەردەم دیکتاتۆرە کانی  یەک بە دوای یەکدا چۆکی دا نەدا و سەربەرزانە ژیا،  لە ژێر گڵارێزانی  داری  ژیندا، زەماوەندی  بۆ  ئەوین دەگێڕا، کە چی ئەوەی دوژمن نەیبەزاند، سەرتاپێ ئیرادە بوو، ئێوە ئیرادەتان لە گەل ستان، بۆیە پەشێو دەلێ ، “نەک هەر داگیرکەران، ئەگەر هەموو دنیا دژی گەلی نەفسبڵندی کوردستان بایە نەیدەتوانی ئاوا، وەک ئێوە، هیوا و کەسایەتی و پیرۆزییەکانی ڕیشەکێش کا.”
 
بۆ ئەوانەی ئەم شاعیرە خاکییە دەناسن، باش دەزانن کە چەندە شێعرەکانی  پەشێو لە خۆی دەچێ . کاتێ پەشێو دەدوێ، ئەو دەزانێ کە چۆن دوژمن گورگی بەرەبابەکانی لە بەرگی سەرکردەی ڕێوونکەر، نەک سەرکردەو ڕێبەر بەرداوەتە ناو ماڵی کورد، و هەندێ کۆێلەی ڕادووی گیرفانیش، هێمن گووتەنی، “غوڵام و ورکە خۆری دەرکی گەوران”  بە چەپڵەڕێزان ئەوانیان بردوە سەرێ، تاکاکێشانی ئاسمان، ئەوەندە دوور تا خۆیان لە مرۆڤی کورد پێ بەرزتر بێ، ئەوەندە دوور کە تەنانەت وشەیەک لە گازندەکانی پەشیویشیان لا هەند نەبێ. ئەوەندە نەخەوێندەوار کە لە ئەلف و بێی دێڕێکی نەگەنێ . پەشێو دەزانێ کە ئەوانەی وا تەنیا کورسی بەرزیان دەکاتەوە، تەنیا گوێیان لە هاوار و نەڕەنەڕی کورسی سوارێکە  کە لە جینیدا مرۆڤ کوشتن متوربەی دەماخی کرابێ، نەک دلسۆزێکی خاک و نیشتمان، نەک شاعیرێ کە خۆی بە تەنیا وێنەیەیەک لە نیشتمان بێ، ئەو شاعیرەی کە خامەی دەستی پڕ لە زووخاوی دڵ و ئاهو حەسرەتی ئۆخەی نەدیوی دایکان بێ.
پەشێو گووتەنی خۆزگا ئەوانە لەزەتی خۆشەویستی خەڵکیان هەست پێ بکردایە، نەک خەڵک ئاوێزانی گیرفانیان بێ، ئنجا دەیانزانی کە ئەو بەهرەیە بە هیچ شتێکی بە نرخی ئەو دونیایە ناگۆردرێت. ئایا کاتی گەرانەوە وچەمانەوە لە بەردەمی گەلدا ناهاتووە.
با کاتێ پەشێو دەدوێ،
 با کاتێ پەشێو دەنووسێ،  
دەنگی هەناسە و ترپەی لێدانی دڵمان ببیسرێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە