قومار و سیاسەت!

Tuesday, 22/12/2020, 3:07

7362 بینراوە


ئەوانەی کەوا دەزانن سیاسەت جۆرێکە قومار، بە هەڵەدا دەچن. لە سیاسەتدا جار جار ریسک هەیە، ئەوەش بە کەسیی خاوەن زانست وخاوەن هێز بەڕێوە دەچێ. مەرجیش نییە هەر ریسکێک بەرەو سەرکەوتن تەواو ببێ. یەکێک لە ماناکانی سیاسەت بەرپەرچ دانەوەی دوولایەنە بەرانبەربە یەکتر.
کام لایەن سەردەکەون؟ ئەوەیە پرسی سەرەکی. سیاسەت بە بێ ستڕاتیژیی و بە بێ رێکاریی درێژ خایەنە و کورت خایەن درنگ دەگاتە ئامانج. مرۆی سیاسیکار ئەوەی کە هەستی پێدەکات، جودایە دەگەڵ مرۆڤێکی ئاسایی. مرۆڤی ئاسایی وێنەی کەسایەتییەکی سیاسیی بیر ناکاتەوە، بۆیە جیاوازیی لێرەدا دەردەکەوێ. نیشانەکانی سەرکەوتنی سیاسەت دوای شەڕی دووهەمیی جیهانی خۆی نیشان دا، بۆیە لەو کاتەوە تا ئێستا دووبەرە لە دەستکەوتی سیاسەت بەرهەم هاتوون: بەرەیەک ئەو وڵاتانەن کە پێشکەوتنیان مسۆگەرکردووە، بەرەیەکیش بە وڵاتانی جیهانی سێهەم ناوزەد کراون، کە نێوەی رێگای سەرکەوتنیشیان نەپێواوە! زانستیی سیاسیی بە بێ رەچاوکردن و ناسینیی خەسارناسیی ناگاتە مەبەست. خەسارناسیی بە واتای ئەوەی کە دەست لە سەر کەموکورتییەکان وهەڵەکان دابنڕێ بۆ چارەسەریی کەموکورتییەکان رێگا خۆش بکرێ.
کوردستان لەو بوارەدا هێشتا رێگایەکی دوور و درێژی لە پێشە، بەتایبەت باشووری کوردستان، کە ماوەی ٣٠ ساڵ دەبێ لە لایان دوو بنەماڵە قۆرخ کراوە و دەستی بەسەردا گیراوە. بە واتایەکی دیکە باشووری کوردستان لە چەنگ سەددام رزگاریی هاتووە بەڵام ئازاد نەکراوە!

قومار و سیاسەت:

لە جیهانیی سەردەمدا دوو شت زۆر گرینگن. ئەو دوو بابەتەی کە گرینگیی دەدەنە نرخی سیاسەت بریتین لە کۆمەڵناسی و سیاسەت، کە پێکەوە دەبنە کۆمەڵناسیی سیاسی. ئەو زانستە شڕۆڤە لە سەر رووداوەکانی سیاسی لە روانگەی کۆمەڵناسیی پەرەپێدەدات. هیز و ئابووری و تاقمی کۆمەڵگا و چوارچێوەی هێزە سیاسییەکان ئەو زانستە گرێدراوی دوو تەوەری گرینگن بە ناوەکانی کۆمەڵناسی و سیاسەت. ئەو دوو تەوەرە پێویستە بە جودا پێناسە بکرێن وتێی بگەین، پاشان لە کۆمەڵناسی و سیاسەتدا ناسنامەی بۆ دیاری بکرێ.
ئەو ئاڵوگۆڕەی کە بە رووخانی سەددام لە عێراق و باشووری کوردستان هاتە ئاراوە، بە هیچ جۆرێک پەیوەدنی راستەوخۆی بەو چالاکیانە نەبووە کە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی خۆیانیانی پێهەڵکێشاوە و مەزنیان کردۆتەوە. بەو واتایە هیچ شۆڕشێک بە دەستی سەرکردەکانی ئەو بەشە لە وڵات دژی داگیرکاریی ئەو بەشە لە خاکی کوردستان رووی نەداوە. تاقمێک سەرلێشێواوی بە ناو سیاسی وەک قوماربازێک دێتە بەرچاو، کە لە سەرمێزیی قومار لە سەر ئەرک و خوێنی ئەو نیشتمانە پارە دەدۆڕینن و جار جاری وا دەزانن پارەیان بردۆتەوە.
لێرەدایە کۆمەڵگا لە پێناسەی زانستیی خۆی لادەدا و دەکەوێتە رێگوزەرێکی تیرە و تاریی دیرۆک کە بەگەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی رێگای لێ ون دەبێت. ئەوەی کە ئێستا لە باشوری کوردستان دەیبینین، بە بێگومان دەستی دەرەکی لەو بوارەدا رۆڵێ مەزن دەبینێ. پرسی یەکەم ئەوەیە: نەتەوەیەک چۆن رزگار دەبێ؟ ئایا باشووری کوردستان ئازاد بووە؟
لە پەیوەندیی دەگەڵ زانستی کۆمەڵناسیدا، زانستی سیاسەتیش خۆی ون دەکات! ئایا دوای رووخانی سەددام کۆمەڵگای باشووری کوردستان هوشیار بۆتەوە؟ سیاسەت بەرەو کام ئاقار هەنگاوی ناوە؟ دانیشتوانی باشووری کوردستان خێڕوبێری ئەو خاکەیان پێدراوە؟ داگیرکار کۆمەڵگای باشتر ناسیوە، یان هێزی بەکرێگیراوی خۆماڵی؟ ئەوەی دوژمن بە سەر خەڵكی باشووری کوردستانی هێناوە، خەتای خۆیانە یان دووژمن؟ رێکار چییە؟

کێ تاوانبارە؟

تاکە کەسایەتییەکی بنەماڵەی بارزانیم بۆ وەدۆزە، کە تاقە لاپەڕەیەکی لە سەر کۆمەڵناسیی سیاسەت نووسیبی؟ تاکە دێڕێکم نیشان بدەن کە پیاو و ژنی بنەماڵەی بارزانی باسی کۆمەڵناسیی شۆڕشیان بە نووسین و بەزاردا هاتبێ؟ ئەی چۆنە پەیتا پەیتا باسی شۆڕشی ئەیلوول دەکەن؟ شۆڕشی ئەیلوول لە چوارچێوەی پێناسەی شۆڕشدا جێگای دەبێتەوە؟ ئەگەر مەلا مستەفای باوکیان سەرکردەی ئەو شۆڕشە بووە، بۆ بە غار خۆی گەیاندە شای ئێڕان و گووتی: تۆ دایک و باوکی ئێمەی، هەر چی بیڵێی بەقسەت دەکەین! ئایا مرۆڤی شۆڕشگێر ئاوا زەلیل دەبێ؟ ئەوەش پاش مەلای باوکیان! تورکیا وئێڕان دەسەڵاتیان لەو دەسەڵاتە گەندەڵە لە باشوری کوردستان زیاترە!
بنەماڵەی بارزانی وپاشەکەوتەکانیان تەنیا قوماربازێکی پارە دۆڕاونین،کە لەسەر خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان لە قومارخانەکانی هەندەران پارە بدۆڕێنن! ئەو کوردکوژانە سیاسەتیش وێنەی قومارچاولێدەکەن، بەو واتایە ئەگەر قەرار بێ دامودەزگای سەرکوتیان بەرەو داڕمان بڕوا، دەبێ تەواوی کێشەی کورد بەرەو داڕمان بچێ! بۆ مانەوەی خۆیان پەنا بۆ هەموو خیانەتێک دەبەن!

وێڕای وتارەکە، وێنەیەکی سەرمێزی قومارلە یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپایی دەبینن، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانم وەرگرتوە. ئەو وێنەی ئەگەر فۆتۆشۆپیش بێ هیچ لە بابەتەکە کەم ناکاتەوە. کاتی خۆی دوای ئاشبەتاڵی باپیریان لە شاری کەرەج لە تاران کەریش نەبووە هاتوچووی پێبکەن. ئێستێ لە سای سەری پارەی دزیی نەفت بە فرۆکەی تایبەتی سەفەریی وڵاتانی دەرەوە دەکەن و خەریکی رابواردن وخۆشگوزەرانی و قومارکردنن لە کازینۆکانی گەورەی وڵاتاندا و بە ریشی خەڵک پێدەکەنن. ئەو پارەیەی کە قومار و خۆشگوزەرانی پێدەکەن، بەرهەمیی خوێنی ئەنفال وهەڵەبجەیە! ئەو چەکدارە گێژانەی کە ناوی پێشمەرگەیان لە خۆیانناوە ئەوانە نابینن؟ بڕواننە زیندانەکانی بنەماڵەی بارزانی، پڕە لە مرۆڤی ئازادیخواز و نەترس. رادەی بێویژدانی و سەرکوتی ئەو بنەماڵەیە تا ئەو ئاستەیە، کە کەسوکار و خزمی گیراوەکان لە بەر ترس و تیرۆڕی دامودەزاگای قرێژیی ئاسایش ناوێڕن داوای دیداری بەندکراوەکانی خۆیان بکەن، بچنە بەردەرگای زیندانەکانی سەر بە بارزانی تا بارودۆخی رۆلەکانیان بزانن!
ئەرێ سەردەمی سەددامیش هەرئاوا بووە؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە