مەسعود بارزانى ده‌زگاى پاراستن به‌ باره‌گاى بارزانى ده‌به‌ستێته‌وه‌


ئاو بێنە و دەست بشۆ

Tuesday, 12.22.2020, 3:43

1906 بینراوە


لە سەرەتای بەگژاچوونی بێ سەروبەری  و قەیرانەکانی حکومەتی ھەرێم، بە تایبەتی لە پرسی نەدانی موچە لە کاتی خۆیدا و یان سیاستی حەکیمانەی  قرتاندنی بەشێک لە موچە؛ موچەخۆران، بە تایبەتی  مامۆستایان، ھاتنە سەر شەقام.
ئەمـجۆرە خۆ نیشاندانەی کارمەندانی  حکومەتی ھەرێم، لە ناو شەقام و ڕێپێوانی ئاشتییانە، ھیچ بەرھەمێک و ئەنجامێکی نەبوو، چونکە دەسەڵادارانی کابینەی نۆ، کێشەکەیان خستە ئەستۆی حکومەتی عێراق.
کاتێکیش کە لە بەغدا تۆپەکە ھەڵدرایەوە مەیدانی ھەرێم و ڕادەسەتکردنی نەوت و گومرگ، ئیتر کارەکە وەک مار و پەیژەی لێھات و خەڵکیشیان کردە گیسکەکەی ھەیاسی خاس.
نەوە و گەنجانی سەدەی بیست و یەک، کە من بە (ھێزی ٢١) ناوزەندیان ئەکەم، بە لێشاوێکی توڕەیی و تەقینەوەیەکی بەرھەڵستکاریانە، نەک ھەر ڕژانە سەر شەقام، بەڵکو پەلاماری بنکە و بارەگا حیزبییەکانیان دا، تەڕ و وشکی ئەو شوێنانەی کە ھاوبەشی سیستەمی ئیدارەییە، سوتان و وێراناین کرد.
ھەر شوێنێکی ئەم وڵاتە کە دەسەڵاتی  حکومەت حیزبی پێوەیە، بوونە ئامانجی ھێزی ٢١، چونکە سەبجێکتی ئەو کۆمەڵە سەروسیمایەی حیزب و حاکمیەتە، کە ئۆبجێکتی سی ساڵەی حکومەتی  ھەرێمن.
کار گەیشتە ئەوەی ئاگرەکە خەریک بوو تەشەنە بسەنێت و بگاتە ماڵ و موڵکی بەرپرسان، بەرفراوان بێت و لە پانتاییەکی بچوکەوە (قابیلی کۆنترۆڵ کردن)، باڵ بکێشێت بۆ تەواوی شار و شارۆچکەکاندا.
ئەوە بوو سێ بەرنامەی خاوکردنەوە وخامۆش کردن و خەساندن (٣خ) دەستی بە کار کرد،کە بریتی بوون لە:
* کۆنترۆڵکردنی ڕاپەرین و تەقینەوەکانی ھێزی ٢١، بە دامەزراندنی کۆنگرەی دەنگی ناڕەزایان (کردنی ڕاپەرین بە ناڕەزایی) و خۆکردن بە کوێخای گەنجەکان و کۆکردنەوەی خەڵک لە کات و شوێنێکی دیاری کراوی وەک پارکی پارێزگا،. کە ئەمە جوڵەیەکی تازە و نامۆ بوو، کە لە تەواوی تەمەنی سلێمانیدا، جێگەی گردبوونەوە و خۆپێشاندان ھەر بەر دەرکی سەرا بووە، ھەر بۆیە وەک داوێک خەڵکیان ھێنایە ناو سەربازخانەیەک و سەرکردەی کۆنگرەکەیان گرت و بڵاوەیان بە خەڵکەکەش کرد.
* ھەندێک لە پەرلەمانتاران وەک نمایشێک کە گوایە ڕێیان نادەن بێنە سلێمانی و مانگرتنیان لە یانەی پەرلەمان دەستپێکرد، خۆنمایشکردنیان وەک پارێزەرانی خەڵکی ناڕازی و بچوکردنەوە داخوازییەکان تەنیا بۆ موچە؛ پەرلەمانتاران ڕۆڵییان سیناریۆیەکی مناڵانەیان تیا بینی.
* داخستنی ئێن ئار تی و کوژانەوەی کەناڵەکە، و زیندوو پیشان نەدانی ڕاپەرینەکان و بزووتنەوەکەی ھێزی ٢١، بەشێکی تری بەرنامەکە بوو.
ھەر بۆیە؛ خۆشیمان بێت و ترشی، بە ئاگا بین و بێ ئاگا، ئەم سێ جوڵەیە بوونە ھۆی دامرکاندنەوەی خەڵکی ڕاپەڕیو و بە سوود و قازانجی دەسەڵات کۆتایی ھات، کە ئامانجەکەی بەم کۆتاییە گەیشت:
* ئازادکردنی سەرانی کۆنگرەی دەنگی ناڕەزایان و بێدەنگ بوونیان و ھەر کەس بۆ ماڵی خۆی.
* کۆتایی ھاتنی مانگرتنەکەی یانەی پەرلەمان و خۆڵی مردوو کران بەسەر پەرلەماندا.
* کردنەوەی کەناڵی ئێن ئار تی و ھەر وەک ئەوەی نە بای بینیبێت و نە باران، و دەسپێکردنەوەی ڕیکلامی برنج و دۆشاوی ورگ زلەکان و ماین چەقەڵەکەی جاڤی لاند.
ئیتر ئەمە دوا چەک و لێھاتوویی ئەو نوخبەیە بوو کە خۆی بە داکۆکیکاری خەڵک لە قەڵەم ئەدا، و چارەسەر و چاکسایی ئەو حکومەتە بوو کە بە شەماڵی بەغدا پرچی پەشۆکاوی دائەھێنێت،  بێ ئومێد کردنەوەی دووبارەی خەڵک و ھێزی ٢١، و ئیتر ئاو بێنە و دەست بشۆ.