مەسعود بارزانى ده‌زگاى پاراستن به‌ باره‌گاى بارزانى ده‌به‌ستێته‌وه‌


فیزیای کوانتەم و دەرەنجامە ناوازە و سەرسڕکەرەکانی (بەشی سێیەم)

Tuesday, 12.22.2020, 15:53

1753 بینراوە


بەشی سێیەم: پێکبەندی کوانتەمی و کێشە مەزنەکەی ئەینشتاین


پێکبەندی کوانتەمی (Quantum entanglement)، دیاردەیەکی دیکەی گەلەک سەیر و نامۆی فیزیای کوانتەمە، لە پێکبەندی دوو تەنۆلکەوە دێتە کایەوە، بەوەی هەر کاتێک یەکێکیان دووچاری ڕووداوێک ببێتەوە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەوەی دی دەبێ، بەبێ ڕەچاوکردنی کات و دوورییان لەیەکەوە (ملیاران ساڵی تیشک بێت). ئەمەش کێشە و گرفتێکی دیکەی نێوان زاناکانی کوانتەم و ئەینشتاین بوو کە وای لێکرد بەگاڵتە پێکردنەوە ناوی بنێت بە، کاری لە دوورەوەی تارماییەکی (spooky action at a distance).
ئەم پێکەبەندییە بابەتی تۆژینەوەیەکی هاوبەشی، ئەینشتاین (Albert Einstein) و پۆدۆلسکی (Boris Podolsky) و ڕۆزن (Nathan Rosen) بوو، ناونرا بە دژیەکی ئپڕ (EPR paradox). ئەم زانایانە پێیان وابوو، پێکبەندی تەنۆلکەکان کارێکی ئەستەمە و دژی سروشتی ئاسایی ماددە و بنەمای هۆیەتییە، بۆیە میکانیکی کوانتەم ناتوانێت ببێتە زانستێکی تەواو. ئەوەی هەر لە سەرەتاوە پێویستە بگوترێت، لەمەشیاندا ئەینشتاین و هاوڕاکانی بەهەڵە خرانەوە، چونکە پێکبەندی بووە ڕاستییەکی زانستی و بەکردارەکی لە چەندان ئەزموونگەی جیهانیدا سەلمێندرا.
لە ڕێی ئەم دیاردەیەوە زاناکان بیریان لە بابەتێک کردەوە پێی دەگوترێت، دوورە گواستنەوە، یاخۆ گواستنەوەی دەستبەجێ (Teleportation)، بە واتای گواستنەوەی ڕاستەوخۆی ماددە لە خالێکەوە بۆ خالێکی دی، بەبێ بڕینی دووری نێوانیان. دەشێ هەندێکمان ئەمە وەک ئەندێشەیەکی زانستی ببینین، لەبەرئەوەی ناکارین شتێک، یان کەسێک بە چاوتروکانێک بگوێزینەوە بۆ شوێنێکی یەکجار دوور. لێرەدا بۆ ئەنجامدانی ئەم گواستنەوەیە بەرەوڕووی سێ ئەگەری جیاجیا دەبینەوە.
یەکەم: لەڕێی کونە کرمییەکان (wormhole)، ئەو کونانەی لە شانەی کاشوێندا (کات-شوێن) هەن، بەشێوەی پردێکن و دەبنە هۆی کورتکردنەوەی ماوەی نێوان دوو خاڵی یەکجار دوور لەیەک، دەشێ لە دواڕۆژدا بۆ گەشتە گەردوونییەکان سوودیان لێ ببیندرێت.
دووەم: وەک ئەوەی لە فیلمی کۆچکردن بۆ ئەستیرەکان (Star Trek) بینیمان، بەوەی گشت گەردیلە و تەنۆلکەکانی لەشمانی لێ پێک هاتووە هەڵ دەوەشێنرێن، پاشان هاوشێوەی گورزێک لە تیشکەکان دەنێردرێتە شوێنێکی دیکە، لەوێدا جارێکی دی کۆدەکرێنەوە بۆ دروستبوونەوەی لەش.
سێیەم: ئەو شێوازەیە بەتەواوەتی دەوەستێتە سەر بنەمای پێکبەندی کوناتەمی کە بابەتی ئەم بەشەمانە. لێرەدا سەرلەبەری لەشی کەسێک بە ئامێرێکی تیشک ڕووپێو دەکرێت، پاشان ئەو زانیارییانە لە جێیەکی دیکە بەکار دەهێندرێت، بۆ ڕۆنانی لەشێکی نوێ بە کەرستە و ماددەی جۆراوجۆر.
بەڕاشکاوی دەبێژین، لە ئایندەیەکی نێزیکدا پێشبینی ئەوە ناکرێ کە گواستنەوەی دەستبەجێی بۆ تەنە زل و گەورەکان ئەنجام بدرێت، هەرچەندە زاناکان بە چەندان ئەزموون توانییان ڕاستەوخۆ ژمارەیەکی زۆر لە ئەلیکترۆن و فۆتۆنەکان و تەنۆلکەی دیکە، بۆ سەدان کیلۆمەتر بگوازنەوە.
بۆ تێگەیشتنی پتر لە بابەتی پێکبەندی کوانتەمی، هەوڵ دەدەین بەشێوازێکی ئاسان و چەند نموونەیەکی ئاشکرا ڕوونی بکەینەوە.

ئاراستەی خوولانەوەی ئەلیکترۆن چۆنە؟

زاناکانی ناسا بەرلە سێ ساڵ کۆمەڵە خۆرێکی هاوشێوەی ئەوەی ئێمەیان دۆزییەوە و ناونرا بە تراپیست یەک (TRAPPIST-1)، ئەم کۆمەڵەیە 40 ساڵی تیشکی لێمانەوە دوورە، پێک هاتووە لە حەفت هەسارەی سووڕاوە بەدەوری ئەستێرەیەکی وەک خۆرەکەمان. وا دابنێ بە شێوازێک توانیت بگەیتە یەکێک لە هەسارەکانی کۆمەڵەکە، پێت خۆش بوو لەوێدا نیشتەجێ بیت و ژیان ببەیتەسەر. پاش ماوەیەک ویستت لەڕێی نامەیەکی ئەلیکترۆنی هەواڵی کەسوکار و هاوڕێکانت بپرسی، کەواتە ئەگەر نامەکەت بە خێرایی تیشک بنێریت، بێگومان دەبیت چل ساڵ بۆ چوون و چل ساڵ بۆ وەرگرتن چاوەڕێ بکەیت، بەمەش پێش ئەوەی وەڵام وەربگریتەوە، ئەگەری زۆرە کە مردوویت! هۆکارەکەش ئەوەیە، تۆ ناتوانیت ئەو نامەیەت خێراتر بنێریت، چونکە لەم گەردوونەدا هیچ شتێک ناکارێ بجووڵێت بە خێراییەک پتر بێت لە خێرایی تیشک. چارەسەری ئەم کێشەیە تەنیا بە پێکبەندی کوانتەمی دەبێ، ئەوەی دەشێ ملیۆنان جار لە تیشکیش خێراتر بێت.
پێش پێناسەکردنی پێکبەندی تەنۆلکەیی، پێویستە ئاماژە بدەین بە تایبەتمەندییەکی گرینگی ئەلیکترۆن کە ناو دەنرێت، بە خوولانەوەی تەشیلەیی (Spin). لە میکانیکی ئاسایی، یاخۆ کلاسیکی ئەو جۆرە خوولانەوەیە لەبەر پێکهاتە بچووکەکانی ناوەوەی تەنەکان دروست دەبێ، بەڵام لە فیزیای کوانتەمی خوولانەوەکە تەشیلەییە و تایبەتمەندییەکی خۆیەکی تەنۆلکەکانە. هەرچەندە لێرەدا زیاتر مەبەستمان لە خوولانەوەی ئەلیکترۆنە بەدەوری تەوەرەی خۆی، هاوکات دەبێ بڵێین کە بیرۆکەی ئەوەی ئەلیکترۆن بە دەوری ناوکەی گەردیلە دەسووڕێتەوە وەک خوولگەی هەسارەکان، ئێستە باوی نەماوە و هەڵەیەکی ئاشکرایە. ئەو شێوەیەی کاتی خۆی لە خوێندنگەکان نیشانمان دەدرا کۆن بووە، ئەمڕۆکە چۆنەتی دەرکەوتنی ئەلیکترۆن بەدەوری ناوکە، گەلەک جیاوازە و هاوشێوەی هەورێکە لە دەرکەوتنە ئەگەرییەکان.
یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی فیزیا ئەوەیە، هەر دەمێک بارگەیەک بجووڵێت، ئەوا کایەیەکی موگناتیسی دروست دەکات، ئەلیکترۆنیش بارگەدارە (بارگەی نەرێیی) و دەجووڵێت، بە هاوکێشە شەپۆلەکییەکەی شرۆدینگەر دەکرێ جووڵەکەی بپێوین. لە فیزیادا ناسراوە کە بە دیارکردنی ئاراستەی بارگە، پێمان دەکرێت ئاراستەی کایەی موگناتیسی دەستنیشان بکەین (ڕێسای دەستی ڕاست). ئەوەی سەیرە ئەو کایە موگناتیسییەی ئەلیکترۆن پەیدای دەکات، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە دەبووایە ئەلیکترۆن بەدەوری خۆیدا بخوولێتەوە تا کایە موگناتیسییە ناوازەکەی بەدەستەوە بدات. بۆیەش دەڵێین دەبووایە، چونکە لەڕاستیدا بەهیچ شێوەیەک نابێ ئەلیکترۆن بەدەوری تەوەرەی خۆیدا بخوولێتەوە، لەبەرئەوەی ئەو بڕەی پێوانە کراوە بۆ کایە موگناتیسییەکەی ئەلیکترۆن کە تەنۆلکەیەکی هێندە بچووکە، بەرانبەر دەهاتەوە بۆ خوولانەوەیەک ملیۆنان جار لە خێرایی تیشک زێدەتر بێت، تا بتوانێ کایەیەکی یەکجار مەزن بەبەرهەم بهێنێت. بەڵام هەموومان دەزانین بیردۆزی ڕێژەیی ئەینشتاین، ڕێ نادات هیچ تەنێک خێرایی تیشک ببەزێنێت، یان پێی بگات. ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە، ئەلیکترۆن تەنیا ئەو دەمە پێی دەکرێ ئەو بڕە زۆرە لە کایەی موگناتیسی بەرپا بکات، ئەگەر قەبارەکەی گەلەک گەورەتر بێ لەو گەردیلەیەی خۆی بەشێکە لێی! کەواتە لە هەردوو باردا بەهۆی بوونی ئەو بڕەی کایەی موگناتیسی، ناگونجێت ئەلیکترۆن بەدەوری تەوەرەی خۆیدا بخوولێتەوە. ئاراستەی کایەی موگناتیسی دەڵێت، دەبێ ئەلیکترۆن بەدەوری تەوەرەکەی بخوولێتەوە، بڕەکەشی دەبێژێت نابێ بخوولێتەوە. بێگومان زاناکانی فیزیای کوانتەمی بۆ ڕاڤەی ئەم بابەتە وەڵامێکی سەیریان دایەوە کاتێک گوتیان، خوولانەوەی ئەلیکترۆن بەدەوری تەوەرەکەی تایبەتمەندییەکی خودی ئەلیکترۆنە کە ئێمە نایزانین. هەرچەندە ئێمە باوەڕیش بە فیزیای کوانتەمی نەکەین هەروەک چۆن زۆربەی زاناکان لەدەمی سەرهەڵدانیدا وابوون، کەچی لە چەندان بواردا کاری خۆی دەکات و بەکردارەکی سەلمێنداروە.
لە فیزیادا ئاراستەی خوولانەوەی تەنۆلکەیەک بە تیرێک هێما دەکرێت، بەوەش ئەگەر خوولانەوە بەئاراستەی میلی کاتژمێر بێ ئەوا تیرەکە بەرەو سەرەوەیە، بە پێچەوانەوەش بەرەو خوارەوەیە. زاناکان هاتن گورزێکی ئەلیکترۆنیان هێنا و کردیانە دوو بەش، پاشان سەرنجیان دایە ئەو دوو تیشکە لە ئەلیکترۆنەکان بۆ دیارکردنی ئاراستەیان، بینییان هەریەکەیان بە ئاراستەیەکی جیاواز لەوەی دیکەیان دەخوولێتەوە. دوای ئەمە ئەو گورزەی بە پێچەوانەی ئاراستەی میلی کاتژمێر دەخوولێتەوە، دیسانەوە کردیان بە دوو بەشەوە، جارێکی دی دەبینن دوو گورزەکە بە پێچەوانەی یەکدی دەخوولێنەوە، گەرچی لە سەرچاوەیەکی یەک ئاراستەییەوە وەرگیراون. ئەم ئەزموونەیان چەندبارە کردەوە، کەچی هەردەم دوو گورزی ئاراستەی جیاواز دەهاتنە بەرهەم. بۆ ئەمەش زاناکانی فیزیای کوانتەم وەک کاری هەمیشەییان ڕاڤەی لەهۆشبەدەریان هەیە بۆ دیاردەکان و گوتیان، ئێمە پێشتریش ئەوەمان ڕوون کردەوە ئەو دەمەی لە درزە دووانەکییەکە دواین، بەوەی ئەلیکترۆن لە دەوری ناوکی گەردیلە لە هەموو شوێنێکدا هەیە، بەڵام کاتێک لێی دەڕواندرێ ئەوا یەک شوێن هەڵدەبژێرێت، بەهەمان شێوە ئەلیکترۆن خۆبەخۆ بە گشت ئاراستەیەک دەخوولێتەوە، تەنیا ئەگەر سەیری بکرێ، ئەوا یەک ئاراستە نیشان دەدات. ئەم شتە سەیر و ناوازەیە چیمان پێ دەڵێ؟ دەڵێت، ئەلیکترۆن هەم بە ئاراستەی میلی کاتژمێر، هەمیش بەپێچەوانەی میلی کاتژمێر دەخوولێتەوە لە یەک کاتدا! ئەو دیاردەیەش بەرەو ئەوەمان دەبات ببێژین، گەردوون لەسەر ئەگەرەکان دامەزراوە و هیچ شتێکی چەسپاوی نییە کە لە پێشینەوە بۆی دیار کرابێت.

ئەینشتاین و زار هەڵدانی خوا

ئەم بیرۆکەیە و تێڕوانینە بۆ گەردوون، لە لایەن ئەینشتاینەوە زۆر بەتووندی ڕەت کرایەوە و گوتی، کەواتە هیچ بابەتێک بوونێکی ڕاستەقینەی نییە، هۆکار و دەرنجامی شتگەلەکان هەموویان دەوەستنە سەر بنەما ناجێگیر و ئەگەرییەکان. هەر بۆیە ئەینشتاین لێرەدا ڕستە بەناوبانگەکەی دەڵێت: "خوا یاری زارهەڵدان ناکات"، بەو واتایەی چۆن ئەم گەردوونە بەبێ یاسا و ڕێسایەکی چەسپاوی تۆکمە بەڕێوە دەچێت؟
نیلز بۆر هەرگیز وازی لە هەڕەمەکییەتی سروشت و بنەمای نادڵنیایی هایزنبێرگ نەهێنا کە بنچینەی فیزیای کوانتەمییە، وەڵامی ئەینشتاینیشی بەوە دایەوە:" تۆ بۆت نییە بە خوا بڵێی چی بکا و چی نەکات". ئەم خاڵە کێشەیەکی مەزنی بەرپا کرد لە نێوان ئەینشتاین و لایەنگرانی فیزیای کوانتەمی، ئەینشتاین دەیویست هۆکاری ئەوە بزانێت کە بۆچی گورزێکی یەک ئاراستەیی نابێتە دوو بەشی هاوئاراستە و هەمیشە گورزی دوو ئاراستەی جیاواز دروست دەکات؟ لەمەدا زانایانی کوانتەمی وەڵامێکی وای ئەینشتاینیان دایەوە لە هزر و هۆشەوە بەدەر بێت. گوتیان، ئەو ئەلیکترۆنانەی لە یەک سەرچاوەوە هاتوون پێوەندییەکی ڕاستەخۆیان بەیەکەوە هەیە، بەوەی وا دەکەن دەرەنجامی خوولانەوەیان یەکسان بێت بە سفر. بۆ نموونە، ئەگەر دوو ئەلیکترۆنمان لە یەک سەرچاوەوە وەرگرت و پاشان لەیەکمان جیا کردنەوە، دوایی یەکێکیانمان دەستنیشان کرد بۆ لێکۆڵینەوە، دەبینین پێش ئەوەی سەیری بکەین، ئەوا ئەو ئەلیکترۆنە بە هەردوو ئاراستە دەخوولێتەوە. ئەو دەمەشی لێی دەڕوانین ئەلیکترۆنەکە ئاراستەیەک دەگرێتەبەر، رێک لەو کاتەدا (نامەیەک) بۆ ئەلیکترۆنەکەی دیکە دەنێرێ و پێی دەڵێت، ئاگاداربە من ئەم ئاراستەیەم هەڵبژاردووە، تۆش دەبێ ئاراستەی پێچەوانە هەڵبژێریت. ئەوەی جێی سەرسڕمانە، ئەو نامەیەی ئەلیکترۆنی یەکەم دەینێرێت، ڕاستەوخۆ دەگاتە ئەوەی دووەم لەهەمان چاوترووکانی سەرنجی ئێمە بۆ ئەلیکترۆنی یەکەم، ئەگەرچی دووری نێوان هێندەی ئەمبەر و ئەوبەری گەردوون بێت!
ئەینشتاین پێی وابوو ئەم دیاردەیەی کە ناونرا بە پێکبەندی کوانتەمی بۆچوونێکی زۆر شێتانەیە، چونکە تەواو دژی بیردۆزەکەی خۆی بوو. بۆیە گوتی، ئێوە کە دەڵێن، دوو ئەلیکترۆنی یەک سەرچاوە پاش دابەشبوون بە دوو ئاراستە دەخوولێنەوە دەتوانم تێتان بگەم، بەڵام ئەو نامە ناردنە و پێکبەندییە ڕاستەوخۆیەی لەهەمان کاتدا ڕوو دەدات، تا ڕادەی ئەوەی دووری نێوانیان ملیاران ساڵی تیشک بێ، هەرگیز ناچێتە مێشکی من. لەبەرئەوەی ئەمە وا دەگەینێت کە نامەکە یەکجار خێراترە لە خێرایی تیشک، ئەمە بیرۆزەکەم لە بنچینەوە هەڵ دەوەشێنێت، ئەوەی تێدا سەلماندوومە جووڵەی هیچ تەنێک و گواستنەوەی هیچ زانیارییەک نابێ خێرایی تیشک تێپەڕێنێت. لەڕاستیدا بۆچوونەکەی ئەینشتاین لەجێی خۆی بوو، بە هۆی بوونی دوو مەرج: یەکەمیان، بەگوێرەی هاوکێشەکانی ئەینشتاین چەندەی خێرایی تەنەکان پتر بێت، بارستاییان زیاتر دەبێ، بۆ ئەوەی تەنێک خێراییەکەی بگاتە خێرایی تیشک بارستاییەکەی دەبێتە بێکۆتا، ئەگەر بشمانەوێت بارستاییەکی بێکۆتا بجووڵێنین، پێویستمان بە وزەیەکی بێکۆتا هەیە، ئەمەش لۆژیکی نییە. دووەم مەرج، ئەینشتاین لە بیردۆزەکەیدا سنووری نێوان کات و شوێنی نەهێشت، بەوەی تۆ لە شوێندا دەجووڵێی، ڕاستەوخۆ لە کاتیشدا دەجووڵێیت، ئەو خێراییە نەگۆڕەی کە لە کات و شوێندا پێی دەجووڵێیت خێرایی تیشکە. واتە هەر کاتێک تۆ لەسەر تەوەرە و ئاراستەی شوێندا دەجووڵێی، خێراییت لە کاتدا سفرە، ئەو دەمەشی تۆ لەسەر تەوەرەی کاتدا دەجوولێی خێراییت لە شوێندا سفرە، یان لە کات و شوێندا دەجووڵێیت و هەریەکە لە کات و شوێن بەشێک لە جووڵەکەت وەردەگرن. ئەمە ئەو واتایە بەدەستەوە دەدات، تۆ هەرچەندەی خێراییت لە شوێندا پتر بێت، خێراییت لە کاتدا کەمتر دەبێتەوە (پێچەوانەکەشی ڕاستە)، ئەگەر هەر بەردەوام بیت لە خێراکردنی جووڵانەوەکەت، دەگەیتە بەرزترین خێرایی کە یەکسانە بە خێرایی تیشک، لەو خاڵەدا خێراییت لە کاتدا دەبێتە سفر، یاخۆ بە دەربڕینێکی دیکە، کات لای تۆ دەوەستێت. گریمان زیاتر هەوڵت دا، تا بکاریت خێرایی تیشک تێپەڕێنیت، دەرەنجام دەبێتە هۆی ئەوەی خێراییت لە کاتدا ببێتە نەرێیی و بگەڕێیتەوە بۆ ڕابردوو. بێگومان ئەمەش دەبێتە بابەتێکی ئەندێشەیی و هەرگیز لە زانستدا جێی نابێتەوە. کەواتە لە هەردوو باردا، بە هیچ شێوەیەک ناتوانیت بە خێراییەک بجووڵێیت خۆی لە خێرایی تیشک بدات، یان زۆر لێی نێزیک ببیەوە.
کوانتەمییەکان بە ئەینشتاینیان گوت، باشە تۆ ئەم دیاردەمان بۆ ڕاڤە بکە؟ وەڵامی ئەینشتاین ئەوە بوو، ئەو زانیارییەی لەلای ئەلیکترۆنەکاندا هەیە بۆ خوولانەوەیەکی ئاراستەی پێچەوانە لەوەی دیکە، هەر لە سەرەتاوە تێیاندا گل دراوەتەوە، نەک بۆ یەکدی بنێردرێن. ئەمە ڕێک هاوشێوەی بوونی جووتێکە لە دەستکێش (پەنجەوانە)، بەوەی ئەگەر یەکێکیانت خستە ناو سەندووقێک و ناردتە لایەکی گەردوون، ئەوەی دی لەناو سندووقێکی دیکەت دانا و ڕەوانەی لایەکەی دی گەردوون کرد، کاتێک یەک لە سەندووقەکان دەکەیتەوە و دەبینیت پەنجەوانەی دەستی ڕاستی تێدایە، ئەوا ڕاستەوخۆ دەزانیت سندووقەکەی دووەم تاکە چەپەکەی تێدایە، بەبێ ئەوەی پێویست بکات سندووقەکە بکەیتەوە، واتە ئەوەی چەپ زانیاری لەوەی ڕاست وەرنەگرت تا ببێتە چەپ، بگرە خۆی لە بنچینەدا چەپ بووە. سندووقی دۆخی نادیار و ناجێگیر جێی نابێتەوە لە فیزیای کلاسیکی، چونکە بار و دۆخی گشت سندووقێک لە سەرەتادا دیارکراوە، هۆکارەکەی نەزانینمان پێش کردنەوەی سندووقەکە، شارەزانەبوونمانە لە دانانی دەستکێشەکان لەناو سندووقەکان. فیزیای کوانتەم دەیڵێتەوە کە ئێـمە هەر لە بنەڕەتەوە هیچ دەربارەی ڕاستی و چەپی تاکە دەستکێشەکان نازانین. وەک پێشتریش گوتمان، ئەینشتاین تەواو دژی پێکبەندبوونی کوانتەمی بوو، ئەمەش هەر بەو شێوەیە مایەوە و چاوەڕێ دەکرا کەسێک بێ و بۆمان ڕوونی بکاتەوە، ئایە ئەینشتاین ڕاستە، یان زاناکانی فیزیای کوانتەم؟

بێڵ و یەکلاییکردنەوەی بوونی پێکبەندی

زانایەک لەو دەمەدا هاتە مەیدان هەرچەندە زۆر بەناوبانگیش نەبوو، بەناوی جۆن بێڵ (John Stewart Bell)، ئەو بابەتەی یەکلایی کردوە و سەلماندی ئاراستەی خوولانەوەی ئەلیکترۆنەکان هەر لەسەرەتاوە دانەنراون، بگرە ئەو پێکبەندییە بوونی هەیە و ئەو تەنۆلکانە لە دوورەوە پێوەندییان بەیەکەوە هەیە.
تۆژینەوەکەی بێڵ لە بنچینەدا هەوڵێک بوو بۆ بەهەڵەخستنەوەی بیردۆزی گۆڕەکە شاراوەکان، وەک ڕاڤەیەک بۆ دیاردە کوانتەمییەکان. چونکە ئەو کاتەی دژیەکی (ئێی-پی-ئاڕ) پێشکێش کرا، ئەو سێیانە هەڵسان بە بەرپاکردنی گومانێکی گەورە بۆ ڕاستییەتی میکانیکی کوانتەم، لەبەرئەوەی پەنابردنە بەر لێکدانەوەی لێڵ و گۆڕەکی شاراوە، ڕاستەوخۆ واتای ناتەواوی ئەو سەرلەبەری زانستی کوانتەمی دەگەینێت. بێڵ نەگونجانی هەردوو گریمانەکەی ئەو دژیەکییەی بەرانبەر بە فیزیای کوانتەم خستە بەردەست کە ئەمانە بوون؛
- بنەمایەکی هەرە سەرەکییە، ناکرێ هیچ کاریگەرییەک خێراتر لە خێرایی تیشک بڵاو ببێتەوە.
- ڕوودانی هەر گۆڕانێک لە گۆڕەکە شاراوەکان، ئەگەرەکەی دەبێ لەنێوان 0٪ و 100٪ بێت.
بێڵ سەلماندی ئەم دوو خاڵە، یاخۆ مەرجانە لە هەندێ باری تایبەتی پێڕەو ناکرێن وەک، پێکهاتەی جەوسەرگری خوولانەوەی تەشیلەیی لە تەنۆلکە پێکبەندەکان. بەمەش دەرەنجامەکانی ئەزموونگەریی ئەو سەلمێنراوە بەتەواوی لەگەڵ پێشبینییەکانی میکانیکی کوانتەم یەکیان دەگرتەوە، کەواتە دەبێ یەک لەم دوو گریمانەیەی سەرەوە هەڵە بێت.
چۆن توانرا پێکبەندی ئەلیکترۆنەکان بسەلمێندرێت، بەهەمان شێوە لەسەر تەنۆلکەکانی دیکەش بە ئەزموون و کردارەکی دانی پێدا نرا. لێرەدا گرینگە ئاماژەی پێبدەین، ئەو تەکنیکەی پشتی پێ بەسترا بۆ پێوانەی خوولانەوەکان، ئەوەمان نیشان دەدات ئێمە هەرگیز ناکارین خوولانەوەکان بە هەردوو ئاراستەی ستوونی و ئاسۆیی بپێوین لەیەک کاتدا، واتە ئەمەیان تەنیا بۆ یەک ئاراستە دەست دەدات، یان ئاسۆیی، یانیش ستوونی. ئەمەش مانای ئەوە دەگەینێت، ئەو کاتەی دەنۆڕینە ئەلیکترۆن بۆ زانین و پێوانەی ئەوەی ئایە خوولانەوەکەی بە ئاراستەی میلی کاتژمێرە، یاخۆ پێچەوانەیە، دەبووایە لە سەرەوەڕا و بەئەستوونی چاودێری بکەین، یان خوولانەوەکەی بپێوین، بە ڕوانینمان بۆی بە ئاراستەی ئاسۆیی. ئەوەی جێی سەرسڕمان بوو، ئێمە ئەگەر بە ستوونی سەیری بکەین، دەبینین تەوەرەی خوولانەوەکەی گشت کاتێک بەرە سەرەوەیە، ئەو دەمەشی ئامێرەکەمان بەئاسۆیی داناوە و سەرنجی دەدەینێ، خوولانەوەکەی هەمیشە بە تەوەرە و ئاستێکی ئاسۆییە، کەواتە ئەلیکترۆن بەردەوام هەمان ئاستی ئەو ئامێرەی هەڵدەبژارد کە تێدا پێوانە دەکرێت!
ڕاڤەی ئەم دیاردەیە شتێکی لە هۆشبەدەرە و بەرەو ئەوەمان دەبات بڵێین، گەردوون دەوەستێتە سەر هەموو ئەگەرەکان پێکەوە و لەیەک کاتدا. هزری ئێمەیە کامە ئەگەر دیار دەکات و بڕیار لەسەر بوون و ڕاستییەتی دەدات، ئێمەین ئەو ئەگەرە دەسەپێنین و ئەو شتە ناچار دەکەین بە شێوەیەک خۆی دەربخات کە ئێمە لەناو مێشکماندا بۆیمان داناوە. دەرنجام فیزیای کوانتەم دەیسەلمێنێت، تۆ وەک مرۆڤێک بە هزر و ئاگایی خۆت ئازادیت لە هەڵبژاردنەکان، چونکە وەڵامی تەواو و ڕاستییەتی ڕەها بوونیان نییە. خودی ڕاستییەتی دەبووایە لە لە هەموو هەلومەرجێکدا جێگیر بێ دەرکەوت وانییە و دەگۆرێت، هەر کاتێک تۆ ئەو ڕێیەی دەگریتەبەر بگۆڕیت بۆ گەیشتن پێی. دواجار دەڵێین، ڕاستییەتی بوونی شتەکان ئەو دەمە دەبێتە ڕاستی، تۆ بە هزر و هۆشت هەست بە بوونیان بکەیت، ئەگەر توانیتشت شێوازی بیرکردنەوەت بگۆڕیت، ئەوا هەردەم دەکاریت ڕاستییەتی بوونی شتەکانیش بگۆڕیت!

لە تارمایەکییەوە بەرەو ڕاستییەتی

بینینی تەنۆلکە پێکبەندەکان زۆر دەگمەنە لە سروشتدا، چونکە بەلایەنی کەمەوە پێویستی بە بوونی دۆخێکی یەکجار ڕێکوپێک هەیە، هۆکارەکەشی بۆ یاساکانی دینامیکی گەرمیی دەگەڕێتەوە کە هەمیشە ئارەزووی هەڕەمەکی و پشێوی گشتی دەکات. ئەمە واتاکەی ئەوەیە، پێکبەندی کوانتەمی لە ئاستی گەورەتر لە گەردیلە و فۆتۆنەکان بەگوێرەی ئەو یاسایانە شتێکی پەسند و باو نییە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەش، پێکبەندی کوانتەمی گەلەک جار لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بە ئەزموون و بەکردارەکی ئەنجام درا، نەک هەر ئەمەندە، بگرە زاناکانی فیزیای زانکۆی گلاسگۆی سکۆتلەندا، توانیان وێنەی پێکبەندی دوو فۆتۆن بگرن، لە چوار دۆخی گواستراوەی جیاجیا. بۆیەش فیزیازانێکی ناودار دەبێژێت: کارە تارماییە لە دوورەوەکە - بووە ڕاستییەکی تەواو!
- لە ساڵی 1950 زانای فیزیایی چین شیونگ وو (Chien-Shiung Wu) و ئیرفینگ شانۆڤ (Irving Shaknov)، ڕەفتارێکی پێکبەستراوی نامۆی دوو دانە لە فۆتۆنەکان بووە جێی سەرنجیان. هەرچەندە لەو دەمەدا ڕاڤەیەکیان بۆی نەبوو، بەڵام ئەمەیان بە یەکەمین بینین دەژمێردرێت بۆ پێکبەندی کوانتەمی. پاش ماوەیەک دێڤید بۆم (David Bohm) بۆی بەدەر دەکەوێت، دۆزەوەکەی شانۆڤ هەلێکی چاکە بۆ گواستنەی پێکبەندی لە بیردۆزەکییەوە بەرەو ئەزموونگەکان. لە ساڵی 1981 زانای فڕەنسایی ئالان ئەسپێکت (Alain Aspect)، توانی شێوازە ماتماتیکییەکەی جۆن بێڵ (1964) بە ئەزموونەکی ئەنجام بدات.
- لە ئەزموونێکی یەکجار سەیر و سەرنجڕاکیش، زاناکانی زانکۆی چیکاگۆ توانیان پێکبەندییەکی کوانتەمی لە ئاستی بینراو و پلەی گەرمی ئاسایی ژوور بەدەست بهێنن. ئەمەیان لەسەر تەنکە نیوچە گەیەنەرەکان ئەنجام دا، بە بەکارهێنانی تیشکی لەیزەر، ناوکەی گەردیلە و پێڕەویکردنی کایە موگناتیسییە تا ڕادەیەک بچووکەکان. ئەو داهێنانەی ساڵی 2015 تەنیا ئەزموونێکی ئاسایی نەبوو بۆ ئەو دیاردەیە، بگرە گرینگییەکی یەکجار مەزنی هەبوو لە بەبەرهەمهێنانی پێکبەندی لە تەنۆلکە گەورە و ئاڵۆزتر (قەبارەی خڕۆکەی سووری خوێن) لە فۆتۆنەکان کە پلەی گەرمییەکی نێزیک سفری ڕەهایان گەرەکە، لەگەڵ بوونی کایە موگناتیسییە گەلەک بەهێزەکان. ئەم دۆزەوەیە کاریگەرییەکی مەزنی هەیە لەسەر دواڕۆژی ئامێرە کوانتەمییەکان، بەتایبەتیش لە بواری پزیشکی لە نموونەی، وێنەگرتن بە زرنگانەوەی موگناتیسی کارکراو بە پێکبەندی.
- لەساڵێ 2016دا مانگی دەستکردی کوانتەمی چینی، توانی نامەیەک لەڕێی فۆتۆنە پێکبەندەکان بۆ نێوان دوو خاڵی سەرزەوی بنێرێت کە دوورییان پتر لە 1200 کیلۆمەتر دەبوو. ئەمە شکاندنی ڕیکۆردی پێکبەندی پێشتر بوو کە خۆی لە 100 کیلۆمەتر دەدا، لەبەرئەوەی کێشە و کاری سەختی پێشان هەمیشە ئەوە بوو، لەکاتی گواستنەوەیاندا بۆ دوورییە مەزنەکان بڕێکی باش لەو پێکبەندییانە ون دەبوون. هەنگاوی دیکە لەم بوارەدا دەشێ گۆڕان بەسەر ژیانماندا بهێنێ و ببێتە هۆی وەرچەرخانێکی تەواوی دواڕۆژی تەکنەلۆژیای ڕاگەیاندن، مامەڵەی بانکەکان، ئەنتەرنێت و کۆمپیوتەرە پێکبەندە کوانتەمییە لەڕادەبەدەر خێراکان.