سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


دایکم لاپەڕەیەک بوو لە مێژووی ئەنفال

Tuesday, 22/12/2020, 22:20

4781 بینراوە


لە سەردەمی ئەنفال تەمەنم 6 ساڵانبوو، لەمانای ئەنفالم نەدەزانی، لە دوای ئەنفال دایکم خوشک و برا و برازاکانی و خوشکەزاکانی هەمووی بەر شاڵاوی بەدناوی ئەنفال کەوتبوو، دایکم هەموو ڕۆژێک دەیانجار بەدەنگێکی حەزین دەگریا، لەگەڵ گریانەکەیدا ناوی عومەر برام، فەیم خوشکم، کەریم برازام، یەکە یەکە ناوی برازا و خوشکەزاکانی ئەهێنا، منداڵ لەو تەمەنەدا پرسیار زۆر دەکات، ئەیەوێت لە ماناکانی ژیان تێبگات، بۆیە پرسیارم لە دایکم دەکرد بۆدەگریت، ئەم ناوانە چیە تۆ بۆ بۆیان دەگریت؟ دایکم بە ئەسپایەک ژان و ئازارەکانی ناخی بۆ هەڵدەڕشتم و ئەنفالی تێدەگەیاندم، لە دایکمەوە ئازارەکانی ئەنفال لەناو ناخمدا ئەهاتن و ئەچوون، تێگەشتم ئەنفال چییە. لەدوای ئەنفالەوە دایکم تاکو گەیشتە دوا مەنزڵگەی خۆی، جلی ڕەش و شینی ئەپۆش، هەتا ڕوخانی بەعس بە تەمای هاتنەوەی کەس و کارەکەیبوو، دایکم هێشتا برینەکانی ئەنفال لە جەستەیدابوو، مەرگ هاتوو دوو ڕۆڵەی لێسەندەوە، جەرگیشی سوتا.
ئیدی دایکم ئازاری برین و سوتانی ناو هەناوی بە خوڕەی فرمێسکەکانی بەچاویدا ئەهوەن دەکردەوە.
هەر لە منداڵیمەوە دایکم وەک قوتابخانەبوو بۆمن، فێری کردم کوردبون چی خۆکوژیەکە، فێریکردم چۆن لە ئازاری خەڵک تێبگەم و لەگەڵیاندابم.
کە منداڵبووم، هەرکاتێک ئازارم دەبوو، دایکم سەرمی دەخستە سەر ڕانی و دەستی ئەهێنایە نێو قژەکەم، بەدەم لەبیرچونەوەی ئازارەوە خەو دەیبردمەوە. لە هەمو تەمەنم تفێکی تێنەکردوم لێی نەداوم. هەمیشە ماڵمان خزمەتکاری ئەم نامەردانەبوون، زۆریان نانی دەستی دایکمیان خوارد و بەرانبەر گەل و نیشتمان و ئێمە سفڵە و بێ وەفا دەرچون.
شەهید عومەر برام پێشمەرگەبوو، کاتێک جێش و جاش ئەهاتن بۆ گوندی ۱۲ ئیمام لە کفری، دەبوو ئێمە ڕابکەین بۆ گوندی ڕەحیم مەرقە، من و نەمامی خوشکم یەکی لە تای هەگبەی کەرێکدا دائەنراین،حوسێن برامو شێرزاد برام بە ڕەحمەت بێت لەسەر کەرەکە دائەنران، نەبیهەی خوشکم ڕەشمەی کەرەکەی دەگرت و دایکمیش بەدواماندا ڕامان ئەکرد بۆ گوندی ڕەحیم مەرقە، هەرکاتێک جێش و جاش ڕوی لەگوندی ۱۲ ئیمام دەکرد ئێمە بەو شێوە ڕامان ئەکرد. 
ڕۆژێک فڕۆکە هاتە سەر گوندەکە، نانیان داوە دەستمەوە دوعابکم ڕەمی نەکات، نانەکەم هەمووی خوارد.
بەهۆی ئەم شڕەخۆرانە، کە بەناوی کوردایەتییەوە ڕێشەی خەڵکیان دەرهێنا، دەیانجار دەربەدەر و ئاوارەبوین، ئەنجامەکەشی ئەم دەسەڵاتە خوێنڕێژ و خوێنمژەی لێ بەرهەم هات، ئینسان شەرم دەکات باسی مێژووی قوربانیدانی خۆی بکات.
لێ ئەوەی ئازاریداوم، لە ناخەوە برینداریکردوم، ئەویش بە هۆی هەڵوێستەکانمەوە، دەیان کویلە و کوڕە جاش و ئەنفالچی حیزبەکان جنێوی ناشرینیان بە دایکی ناخ سوتا و دڵبریندارمداوە. هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە.
دایکە گیان چۆن هەموو ژیانت ئازاربوو، بەداخەوە تا دوو خولەک گیان سپاردنت هاوارت لە ئازارەکانی ناو هەناوت دکرد، هەرگیز هاوار و ناڵە و ساتی گیان سپاردنت لە زهنێتمدا ناسڕێتەوە، دایکە گیان تۆ ئەو ڕۆمانەیت، تا ژیانم ماوە لەسەرت بنوسم ناتوانم تەواوی بکەم، لێتەوە فێربوم میهرەبانبم، بۆ ئازاری خەڵکی هەژار هیچیشم پێنەکرێت، بۆیان بگریم، فێربووم ژیانم لە پێناوی خەڵکی چەوساوەدا خەرج بکەم، هەرگیز لە بەرەی مەزڵومبم،دژی زاڵم، بمبورە دایکە گیان کە بە هۆی منیشەوە سەدان جار غەمباربویت، گریاویت، ترساویت جارێکیتر جەرگ سوتاوبیت. 
دایکە گیان ڕوحت شادبێت، گۆڕت ڕوناک بێت، ناخۆشیەکانی ژیان ببێتە چرای ڕوناکی بۆ دوامەنزڵگەت، قوربانی گۆڕکەتبم. 
ئەوەی تۆزێک ئەهوەنم ئەکاتەوە کە لەگەڵ خوشک و برا و براژن و خێزانم توانیمان ئەو چوار ساڵەی لەسەر جێگابویت، خزمەتت بکەین، تکایە دایک و باوکتان خزمەت بکەن، بۆ ئەوەی کاتێک لەدەستاندان، گرێیەک لە ناختاندا دروست نەبێت و بە مەراقەوە نژین و بمرن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە