چیتر ھاواری برسێتی ھەژاران دیواری کۆشکە گەورەکان نابڕێت

Friday, 25/12/2020, 23:58

11043 بینراوە


خۆپیشاندانەکانی شار و شارۆچکەکانی عیراق دژی گەندەڵی و خراپی گوزەران و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، زیاتر لەمانگێکی خایاند پاش «٦٠٠» شەھید و «١٠٠٠» بریندار لەئەنجامدا خۆپیشاندەران توانیان حکومەتەکەی عادل عەبدول مەھدی ناچار بەھەڵوەشاندنەوە بکەن، پاش ئەوە حکومەتێکی کاتی بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی پێکھێنرا.
ئەگەر لە خۆپیشاندەران ووردبینەوە دەبینین زۆربەی ئەوانەی کە خۆپیشاندانەکانیان پێکدەھێنا تەمەنیان لەنێوان ١٥-٢٠ ساڵدا بوو، ئەمەش لەبەرئەوەی ئەم نەوەیەی دوای ساڵی «٢٠٠٠» لەژێر ململانێ و شەڕ و شۆڕ و تەقینەوەدا گەورە بووە و مەحرومە لەژیان، حەڤدە ساڵە شاھیدی تاڵانی و دزی و ماڵوێرانین، حەڤدە ساڵە ھەر ئەو پیرە ناوچاو تاڵانە دەبینن و دووبارە دەبنەوە کە لەدەسەڵاتدان، ئەمانە بەتاوانبار دەزانن لەو دۆخەی کە تێیدان، بینیمان چۆن بەبێ سڵکردنەوە سنگیان دەنا بەلولەی تفەنگی چەکدارانی پیرە ناوچاو تاڵەکانی دەسەڵاتەوە، چۆن دامودەزگا و بارەگا حکومییەکانیان دەسوتاند، لەبەرئەوەی پێیان وابوو ئەمانە چیتر موڵکی گشتی نین.
ئێستا چاوی ھەموو خەڵکی عێراق بەتایبەت خۆپیشاندەرانی بەش مەینەت لەکار و بڕیارەکانی مستەفا کازمییە بۆ چاکسازی و باشترکردنی ژیانیان، بینیمان لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا حکومەت و بانکی مەرکەزی بڕیاریاندا بە بەرزکردنەوەی بەھای دۆلاری ئەمریکی لە «١١٨» ھەزار دینارەوە بۆ «١٤٥» ھەزار دینار، ئەم بڕیارە کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی تێکڕای گشتی نرخەکان، چونکە پێوانەی بەھای کاڵا لەبازاڕەکانی عێراقدا بەدۆلارە، جگە لەوە ئابوری عێراق توانای بەرھەم ھێنانی پێداویستییەکانی بازاڕی نییە، بۆیە ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ کاردەکاتەسەر بەرزکردنەوەی خێرای نرخەکان.
بەشێوەیەکی گشتی بەرزکردنەوەی بەھای دۆلار کاردەکاتەسەر ژیانی مووچە خۆران و بەڕێژەی «١٧٪‏» مووچەکانیان کەم دەبێتەوە، بۆنموونە ئەگەر مووچەخۆرێک مووچەکەی «٤٩٠» ھەزار بێت، ئەگەر بەنرخی پێشووی دۆلار بیگۆڕین کە «١٢٢,٥٠٠» بوو، ئەوە «٤٠٠» دۆلار دەکات، بەڵام بەنرخی ئێستا کە بە «١٤٧» ھەزار دەگاتە دەستی ھاوڵاتیان، دەکاتە «٣٣٣» دۆلار ، واتە ھەر ئەو «٤٩٠» ھەزارەی پێشوو ھێزی کڕینی لە «٤٠٠» دۆلارەوە بۆ «٣٣٣» دۆلار کەم دەبێتەوە، ئەمەش کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر گوزەرانی مووچەخۆران بەگشتی و مووچە کەمەکان بەتایبەتی دەبێت ژیانیان قورستر و زەحمەتتر دەکات.
ئەم بڕیارە بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دووجار قورسترە، چونکە مووچەخۆرانی ھەرێم «٢١٪‏» لە مووچەکانیان دەبڕدرێت، کەواتە جارێک بەھۆی لەدەستدانی «١٧٪‏» بەھای دینار و جاریکی تر بەھۆی لێبڕینی «٢١٪‏» ەوە، بەجارێک ژیانیان قورستر و زەحمەتر دەبێت، بەمەش مووچە خۆرانی ھەرێم «٣٨٪‏» مووچەکانیان لەدەست دەدەن.
لەدەرئەنجامدا دەتوانین بڵێین مستەفا کازمیش وەکو باقی دەسەڵاتدارانی تر بڕیارەکانی لەو کۆشکە گەورانەوە دەردەچن کە دەرگاکانی کلۆم دراوە، دەنگی ئازاری خەڵک نایان گاتێ، ھاواری بێ نەوایان دیوارە بەرزەکانیان نابڕێت، بۆیە بڕیارەکانی ناچنە خانەی خزمەتکردن بەچینی ھەژار و بەش مەینەتی ئەم ووڵاتەوە، بەڵکو بزمارن دەدرێن لە تابووتی مەرگیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە