هەرچەند وشەی درۆینە و عەمارەپۆ، زیاتر ڕەواجی لای دێرینەکانمان هەبووە.
ئەوەی من مەبەستمەکە بیڵێم؛ لە ناو ئێمەدا، لەم
سەر زەمینی کوردەوارەدا، ئەوەندە غەل و غەش برەوی نەبووە، ژیانمان کاتی خۆی، سادە و ڕاستوڕەوان، پاک وەک لەپی دەست بووە.
سادە و ساکار ژیاوین، شاهانە و شکۆدار ڕووبەڕووی یار و نەیارمان بووینەتەوە، ناموس، وەک پرەنسیبی کومەڵایەتی و شەرت و دانایی، پەیڕەویی ژیانمان بووە.
کاتێک کە ئێمە خەنیی و سەرمەستی ژیانی ڕۆژانەی خۆمان بووین و لە ناو سروشتێکی پاک و لە هەوا و هەواری خۆماندا، خاوەندارییەتیمان ئەکرد، خۆمان، خۆمان بووین، هەموو شتێک مانای خۆیی و خۆماڵی هەبوو، دز و چاوچنۆکەکانی دەرەوەی ژینکە و سەرزەمینی کوردەوار، چەتەی دەریا و سەر و ژێری زەوییەکانی قاڕە و وڵاتان بوون.
لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا، هەرچی ئیمپراتۆری عوسمانی و نەمسا-مەجاری و ئەڵمانی و ڕووسییە لەناو بران، ئینگلیز و فەرەنسییەکان، وڵاتانی نوێ و جیاوازیان دامەزارند، بەم عێراق و ئێران و سوریاو تورکیاشەوە، کە ئێستا وا ئەزانین ڕاستییەکە.
ئەم درۆ گەورەیە و ئەم ساختەکردنەی مێژوو، کە ١٧ ملێۆن کوژراوی بە دوای خۆی هێنا، هیچ نە بوو جگە لە بەرنامەی سیستەمی دەسەڵاتداریی جیهانی و پارە و پولی قازانجە گەورەکەی هێڵی ئاسنینی بەرلین- بەغدا بوو.
ئەم ساختەکردنەی مێژووە نزەورەی کە سەد ساڵێک کۆنە، ئاوا درۆینانە ئەکرێت بە قوڕگماندا، ئەی ئاخۆ ئەو هەموو ناو و ڕوودا و شەڕۆ شۆڕەی مێژووی هەزار و دوو هەزار ساڵە، چ درۆیەکی گەورە و چ تەزویرێکی وەستایانە بووبێت، کە وا ئەزانینن واقیعە و ڕوویداوە و خۆمانی پێ بە کوشت ئەدەین!.
بەش بە حاڵی خۆم، لەو بڕوایەدام، ئەوەی کە بەم هەموو میژووە ساختەیەی زمان و ئاین و دەوڵەت، کوردەواریان وێران کردووە، تەنیا درۆیەکە کە لە نێوان ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ ساڵی ڕابروودا نووسراوە و دەستکرد و ساختەکاری سیستەمی دەسەڵاتی جیهانییە، هەر هەمووشی بە دەستی ناکورد نووسراوە و ساختە کراوە.
با زۆر نەڕۆین؛ ئەوەتا لە بەر چاوماندا مێژووی ئەم بزاڤە چەکدارییەی حیزبی کوردی و داستانە درۆینەکانی دەوڵەتە تازە درووستکراوەکانی ناوچەکە، چۆن تەزویر و قۆپی ئەکرێت، و بەکرێگیراویی و پلان و موئامەری نەیاران، بە شۆڕش و قارەمانییەتی، ئەفرۆشنەوە پێمان.
هەر بۆیە ئەوەی نووسراوە و ئەوەی کراوە بە قوڕگماندا، با گومانمان لێ هەبێت کە درۆیە.
با هیچ نەکەین جگە لەوەی تەنیا پرسیارگەلێک بکەین، کە خۆمان وەڵامەکەی نازانین، چونکە نوخبە و سیاسی و ساختەکارانی مێژووی عەمارەپۆی ئێستا و دوێنێمان، هەر ئەو پرسیارە ئەکەن، کە خۆیان وەڵامەکەی ئەزانن، یا خود بە درۆینە و ساختەسازییەوە، وەڵامەکەی دراوەتەوە و ئەدرێتەوە.