خائینەکان نابێ وەچە دوای خۆیان بخەنەوە

Sunday, 27/12/2020, 0:06

5506 بینراوە


چیرۆکەکانی شار 


چەند ساڵێک بوو لە ووڵاتی بەفردا گیرسابوومەوە، لە خەیاڵە خۆشەکەی خۆمدا دەمگوت: هێندە نابات دەگەڕێمەوە نیشتمان و چیرۆکی گەشتەکەم دەگێڕمەوە و وەک گەڕیدەیەکی سەرکێش لە گێڕانەوەیدا سەرسامییەکی زۆر بۆخۆم دەچنمەوە، بەڵام دوایی زۆر زوو زانیم، کە ئێرە جیهانی من نییە، هەر بەڕاستی ئێستاشی لەگەڵدا بێت، خۆشم نازانم چۆن ئەم هەموو ساڵە لێرە ژیانم کردووە و ماومەتەوە...!؟
لە گەڕەکی شاری کۆن دەژیاین، ئەو گەڕەکە مێژووییەکی سەیری هەبوو، چیایەک لە نزیمانەوە بوو، دەیان ووت: ئەم چیایە لە چاخی سەهۆڵبەنداندەکەدا یەکەم جار خۆر ماچی کردووە.لێرە کارخانەی" بۆڕبڕین"ی لێیە هەر ئەوەشە، کە خەڵکەکەی لێرە کۆکردۆتەوە.وابزانم بۆربڕین یەکەمین جار لێرە دروستکرابوو دوایی بە جیهاندا بڵاوبوویەوە.شۆڕشێک بوو زۆرشتی لە جیهاندا گۆڕی، هەر لەبەر ئەوەش بوو خەڵکی زۆر ووڵات لێرە  و نزیک لە کارگەکە هەواریان هەڵدابوو.
کاتێک لە تازە دەگەیتە ووڵاتێک، یان جێگەیەکی نوێ، هەموو شتێک سەرنجت ڕادەکێشێت، بەتایبەتی ئەو شتگەلەی، کە پێشتر نەتبینیووە. پەنجەرەی ماڵەکەمان لە سەر دوو شەقام بوو، شەقامێکیان هەمیشە ئۆتۆمۆبیلە ڕەنگاوڕەنگەکان بەچەپ و ڕاستدا بەیەکدا دەخشان، دەهاتن و دەچوون. ترافیکێک، کە چوارڕیانێکی دروستکردبوو زۆرجاران ئۆتۆمبێلەکانی ڕادەگرت، منیش خوویەکی سەیرم هەبوو، جاری واهەبوو دەمژماردن و خەیاڵم دەڕۆیشت، ماتماتیک لە لام کەوانەیەکی بێتام بوو، هزری داگیر دەکردم و ژمارە کاری لە سەر مێشکم جێدەهێشت. جاری واهەبوو تەنها ڕەنگێکم بۆ ژماردن هەڵدەبژارد: سور، ڕەش، یان سپی...شەقامەکەی تریشیان، کە دوکانێکی ووردەواڵەفرۆشی لێبوو، جوڵەی خستبووە گەڕەکەکەوە، هەرجارێک لە پەنجەرەکەوە سەیرم دەکرد، هامشۆکەرانم دەدەی دێن دەچن، دواتر زانیم خاوەن دوکانەکە خەڵکی ئێرانە و چەند ساڵێکە هەواری غەریبی لێرە هەڵداوە، ئیتر چاک و چۆنی و ئاشنایەتیمان گەرمتر و گەرمتر دەبوو، زۆرجاران لە سەرئەو چەند کورسییەی لە دەرەوەی دوکانەکە داینابوو لە سیلەی کۆڵانەکەدا دادەنیشتم و قسەمان دەکرد.
ئەو پیاوێک بوو پڕ بوو لە خەیاڵ، هەستم دەکرد شای ئێران بۆ ئەو پێغەمبەرێکی لە خاچدراو بووە، بۆیە لەگەڵ ڕاکردنی شای ئێراندا ئەویش نیشتمانەکەی جێدەهێڵێت. دراوسێ دوکانەکەمان، کە باسی شای ئێرانی دەکرد، من مەساسەی مینۆوی ئێرانی و ڕۆنی شاپەسەنم بیردەکەوتەوە، چونکە بەو ڕۆنە زۆر بەیانیان دایکم هێلکە و ڕۆنی بۆ دروست دەکردین و تەنەکەی ڕۆنەکە هەمیشە لای ئاگردانەکەمان بوو. ڕۆنی شاپەسەند یەکێک بوو لەو شتانەی کە بەمنداڵی چاوەکانم وێنەی لێهەڵگرتبوو.
کاتێک ئەمیر ئاغا باسی شای دەکرد، منیش خەندەیەک دەهات و بە دڵ دەموویست قاقایەک لێدەم، بەڵام فەدیم دەکرد، چونکە ئەمیر ئاغا شانازییەکەی لەکەدار دەبوو، نەدەبوو پێبکەنم، چونکە هەمیشە میواندارییەکی نایابی چای دەکرم و منیش دەمخواردەوە، ئاغا چاکەی بەردەوام هەبوو، سەماوەرەکەی قوڵپی دەدا، بەڕاستی من ناوم نابوو ئاغای ڕادیۆکە، چونکە بەردەوام قسەی دەکرد. من لە نیوەی حاڵی نەدەبووم، بە سوئیدی و فارسی تێکەڵ دەکرد و سمبێڵە زللە ماش و برنجییەکەی کە لە ڕیشۆڵە دەچوو لەژێر لوتە زلەکەیدا بەدەستبوویەوە زەلالەتیان بوو.
هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی نیشتەجێبوونمان لەم گەڕەکەدا و وەستانی من لەبەردەم ئەو پەنجەرە ئەفسانەییەدا، هەر جارە و جوڵەیەک سەرنجی ڕادەکێشام، هەموو دەمێک ژن و پیاوێکی ئاسیاییم دەدی پیاسەیان دەکرد، ئەوان لە هەموو دار و دیواریان دەڕوانی و قسەیان بۆ یەکتر دەکرد، تا ڕۆژێک دەستم بەرزکردەوە و سڵاوم لێکردن، ئەوانیش، کە هەموو دەمووچاویان شادی و خەندەبوو دەستیان هەڵبڕی بۆم. ڕۆژ و ئێوارە و شەوان ئەم ژن و پیاوە بەشەقامەکاندا دەگەڕان و دەمبینین پیاسەیان دەکرد، دەشم بینن کاتێک، کە دەچونە دوکانی ئەمیر ئاغا و ماوەیەک لە لای دەمانەوە و قسەیان دەکرد، دوایی شیر، یان ماستیان دەکڕی و دەکەوتنەوە ڕۆیشتن. باران، بەفر، ڕەشەبا، هەتاو، ئەم ژن و پیاوەی نەدەوەستان، بەردەوام بە کۆڵانەکانی شارەکۆندا دەهاتن و دەچوون.
ئەو ڕۆژانەی کە بۆکار نەچوومایە، یان ئەو ڕۆژانی پشووم هەبوایە، لەگەڵ کچەکەم بە داشقەیەک، کە بۆ یەکەمین جار لە شەقامی مەولەوی بەدەست پاقلە فرۆشێکەوە دیبووم بەمنداڵی، لە چەشنی ئەو داشقەیە کچەکەمان تێدەخست و دەگەڕاین وەک ژن و پیاوە ئاسیاوییەکەی گەڕەکمان، بە هاوژینەکەم دەووت: وا بڕوات ئێمەش وەک ئەم ژن و پیاوەمان لێدێت دەبێت لەم شەقامانەدا ڕۆژەکانمان بگوزەرێنین. هاو ژینەکەم دەیووت : ئەوانە بێکارن بۆیە دایم بەم شەقامانەدا وەربوون. هەر جارێک ئەو ژن و پیاوەمان چاوپێدەکەوت لەو پەڕی شەقامەکەوە دەپەڕانەوە و دەهاتن بۆ لامان. بیرم نایەت یەکەم جار چۆن دیدارمان کردن..! بەڵام بیرمە بە کابرام ووت: کە لە کەسێکی نزیکی "هۆرشیمن" دەچیت. ڕاست لەو دەچیت...! پیاوەکە تەنیا پێکەنی، پێکەنینێک کە زۆر شادمانی تێدا بەدی نەدەکرا، وەک ئەوەی جوێنم پێدابێت.
ئیتر زانیم کە خەڵکی ڤێتنامن و منداڵیان نییە، چەند دەیەیە لێرە هەواریان هەڵداوە. لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش ئەمان لەگەڵ ئەمەریکییەکاندا نیشتمانیان جێهێشتوە. لام سەیر بوو زۆر بە تامزرۆوە لەگەڵ کچەکەمدا یاریان دەکرد و جار ناجارێک شیرینیان پێدەدا.
ڕۆژ و ساڵەکان لێرە تڵبونەوە و مانەوەی ساڵەکانم لە هەڵکشاندابوون، ئیتر ساڵەکان بوون بە ژمارە هیچ شتێک لە ڕۆیشتنیان بەری پێنەدەگرتن. بیرمە دووا نیوەڕۆیەک چوم سەردانی ئەمیر ئاغا بکەم، کە ماوەیەک نەخۆشیەک لە خەستەخانە خستبووی و برسکی لێبڕیبوو، تێمڕوانی، ئاغا پیرتر لاوازتر و کەم حەوسەلەتر بووبوو، ڕاستی لە مرۆڤێکی تر دەچوو، گلەیی لە خۆی دەکرد کە منداڵەکانی بە دەنگییەوە نایەن و ژنەکەشی ماوەی چەند ساڵێکە جێیی هێشتووە. ئەمیر ئاغا بەیەقینەوە دەیووت:
- "ئێرە ووڵاتی ژنانە"ــە ئێمە وێران بووین. ئاغا دەیووت:
- من لە ئەزمونەوە قسەدەکەم، برا کوردەکەم.
ئێستا دوکانێکی سارد لە دوکانی ئەمیر ئاغا نەدەچوو، ڕەفەکانی نیوەچۆڵ بوو، هەستت بە بێخاوەنی دەکرد، ئاغا دەیووت: لە سەرفرۆشتی ئەم دوکانە نەعلەتیەم، بۆیە حەوسەڵەم نەماوە کاربکەم، ڕاستر بڵێم توانای کارکردنم نەماوە، خەوەکانم لەبارچوون. ئاغا دەیووت:
- لە بیری نیشتمان و ڕابردودا دەتلێمەوە. من کۆڵێک دڵگران بووم بۆ ئەمیر ئاغای دراوسێمان. رۆژیکی سەیر بوو، قسەکانی ئەمیر ئاغا لە ماڵئاوایی دەچوو.
یەک دوو کچی گەنج هاتن و دوایش ژنە ڤێتنامییەکە، کە ماوەیەک بوو لە هزرمدا نەمابوو دەرکەوت، سەیرم کرد پیرتر بووە چاوەکانی داکەوتبوو، قژی ماش و برنجی بووبوو، ماندوو تا سەر ئێسقان، لە دڵی خۆمدا ووتم: ئەرێ مەنفا وا لە مرۆڤ دەکات ؟ 
سڵاوم لێکرد، هەستم کرد نامناسێتەوە، پرسییم:
- ئەی کوا هاوڕێکەت ؟
ماوەیەک هزری خۆی کۆکردەوە، پاشان پێدەچوو بمناسێتەوە بۆیە، لە قۆڵی چەپیدا تورەکەیەکی زەردباوی تاناو دەستی هێنا و ووتی:
- ئەوە دوا خۆڵەمێشەکەیەتی، ئەوانی ترم بەوجێگایانەدا کردوە کە ماوەی ٣٠ساڵ پیاسەمان تێدا کرد.
ووتم:
- ببورە خانمەکەم، ئێوە منداڵیشتان نییە، کەواتە ئێستا تەنهان؟ 
خانمە ڤێتنامییەکە تەنها سەری لەقاند بەمانای نەخێر: کە لە ناو دەرگاکەدا بوو ئاوڕی دایەوە ووتی: 
- "خائینەکان نابێت وەچە دوای خۆیان جێبهێڵن".
من هیچ تێنەگەیشتم، ویستم بڵێم، ببورە چیت ووت ؟ 
چاوەڕێی نەکردم، بگرە هەر گوێشی نەگرت.
ئاغا هەڵیدایە ووتی:
- من بۆت باس دەکەم، لێیگەڕێ حەوسەڵەی چیرۆکی ژیانی نییە بیگێڕێتەوە.
خانمە ڤێتنامییەکە شیرێکی هەڵگرتبوو بەدەستییەوە، پارەکەی دانا و لە ناکاو وەک "هەوری باران فرمێسکی ڕشت" و لە دەرگای دوکانەکە چووە دەرێ.
ڕاستی من تێنەگەیشتم خانمە ڤێتنامییەکە چی ووت: ووشەی " خائینم" بە سوئیدی نەدەزانی، هەربۆیە لە قسەکەی حاڵی نەبووم.
من بە تامزرۆوە چوم لە سەر کورسیەک لای دەغیلەی پشتی مێزەکەی ئەمیر ئاغا دانیشتم و ووتم:
- گوێم گرتوە فەرموو.
ئاغا ووتی: 
- تۆ نەتزانیبوو کە هاوسەرەکەی مردووە؟
لە وەڵامدا ووتم:
- نا، زۆر دەمێکە نەم دیبوون، پێم وابوو هەر لەم گەڕەکەش نەماون.
ئەمیر ئاغا ووتی:
- دەزانی ئەمانە خەڵکی ڤێتنامن؟
- وتم: بەڵێ.
- ئەی دەزانی ڤێتنام شەڕی کرد لە ئەمەریکایەکاندا ؟
ووتم: 
- سەرەتای شەڕیان لەگەڵ فەڕەنساوییەکان کرد، دوایش ئەمەریکایەکان.
ئاغا ووتی: 
- دەزانم من باسی مێژووت بۆ ناکەم، دەزانم، کە دەزانی. ئەم ژن و پیاوە ساڵانێکی زۆرە لێرە دەژین، پێشتریش چەند ساڵێک لە ئەمریکا ژیابوون.
ووتم: 
- ئەمیر ئاغا ئەو ژنە چی ووت، وا دەستی گرتە گریان، ئایا من پرسیارێکی هەڵەم کرد ؟
ئاغا ووتی: 
- نا تۆ پرسیاری هەڵەت نەکردووە، ئەوانە وا دەزانن کە خیانەتیان لە نیشتمانی خۆیان کردووە و بەشدارنەبوون لە کاتی شەڕەکەدا، بەڵکو لای ئەمەریکاییەکان وەک وەرگێڕ کاریان کردوە. کاتێک ئەمەریکایەکان ڤێتنامیان جێهێشتوە و شۆڕش سەردەکەوێت، ئەمانیش لە ترسی شۆڕشگێرەکان لەگەڵ ئەمەریکاییەکان چوون بۆ ئەمەریکا تا لە توڕەیی خەڵک خۆیان بپارێزن، پیاوەکە بەر لە چەندین ساڵ چیرۆکی ژیانیانی بۆ گێڕامەوە ووتی: ئێمە کەسوکارمان جێهێشت، دوایی ماوەیەکی کەم هەوڵماندا، کە پەیوەندییان پێوە بکەین. نامە و نەختێک پارەمان ناردەوە بۆ دایک و باوک و کەسوکارمان. پاش ماوەیەک نامەکە و پارەکەیان بۆ گەڕاندینەوە، لەگەڵ چەندین وێنەی بۆردمان و لاشەی شێواو و منداڵ و ژن و پیاوی لەت و کوتکراوی گوند و شاری سوتماکیان بۆمان ناردبۆوە، نامەیەکیشیان ناردبووەوە، لە نامەکەدا لێیان نوسیبوو:
- ئێوە شەرم ناتانگرێت لە ووڵاتێکدا دەژین کە نیشتمانی ئێمەیان ئاوا لێکردوە...هەی خائینەکان؟ ئیتر دوایی ئەم وەڵامە کۆچ دەکەن بۆ سوئید و ئەمەریکا جێدەهێڵن.
پیاوە ڤێتنامییەکە بۆی باسکردم، کە ووتی:
- لەو کاتەدا دەمیوست خۆم بکوژم، بەڵام هەستم بەترسنۆکی خۆم دەکرد، گەر خۆم بکوشتایە، ئەوە لەو ئازاری ڕۆحییەم قوتار دەبووم، بڕیارێکی ترم دا، تا ببێتە وانە بۆ هەموو خائینێک. پیاوەکە چووبوو هەردوو "خایە"ی خۆی دەرهێنابوو.
نە ئەمیر ئاغا نە من نەمان دەزانی "گون" بە سوئیدی چییە، ئەمیر ئاغا ووتی: خایەکانی دەرهێنا تا منداڵ دروست نەکات، بۆیە ژنەکەی وەڵامی تۆی دایەوە و بەتۆی ووت: "خائینەکان نابێت وەچە دوای خۆیان جێبهێڵن".
ماوەیەک بێدەنگ بووم، سەرم لەقاند. ئەمیر ئاغا ووتی: منیش دەبوو خایەی خۆم بەو دەردە ببردایە.
ووتم : ئاغا گیان خۆ تۆ خائین نەبوویت؟ 
لە وەڵامدا ووتی: مەگەر ئەوە خیانەت نییە، ووڵاتی خۆت جێبهێڵیت، بۆ ئەوەی خۆش بژیت؟
ووتم: سەیرە....! 
ئاغا ووتی: چی سەیرە؟ کاری ئەو پیاوە ڤێتنامییە ؟
ووتم: نا، خائینەکانی ووڵاتی من سەیرن...! جگە لەوەی "خایەی" خۆیان دەرناهێنن، دەیان منداڵیش دەخەنەوە، لەوەش سەیرتر بیرەوەریی خۆشیان بە بێشەرمیی و نەترسییەوە دەنوسنەوە و خۆیان دەکەنە پاڵەوانی ڕووداوەکان و خیانەتەکانیان بە شۆڕش دەفرۆشنەوە...
ئەی ئەمە سەیر نییە ئاغا گیان؟
چارەنووسی خائینەکان لای نەتەوە زیندووەکان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە