کێ پێشنیاری درووستکردنی مۆنومێنتی ھەڵەبجەی کرد؟

Thursday, 31/12/2020, 4:13

4690 بینراوە


لە ٢٠٠١/٣/١٠ لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، وتارێکم نووسی، وەک پێشنیارێک بوو بۆ دکتۆر بەرھەم کە وەک سەرۆک وەزیرانی حکومەتی سلێمانی، تازە دەست بەکار ببوو،،،. پاشان خۆشبەختانە دەستپێشخەرییەکەمان کەوتە کار و کاک بەرھەم، ھیمەتێکی چاک و دڵسۆزانەی کرد و مۆنومێنتەکە درووستکرا. ھەرچەند ئێستاشی لەگەڵ بێت، تێڕوانی جودام ھەیە لە شێوەی نەخشە و ناوەرۆکی مۆنومێنتەکە.
حەزم کرد ئەم زانیاریی و بەڵگەیە، بخەمە ڕوو چونکە جگە لەم کارە، دەیان کار و پێشنیارم کردووە، بەڵام قەد خۆمم پێ ھەڵنەکێشاوە و باسم نەکردووە و نەئەکرد، چونکە ھەمیشە بازاڕی بێشەرمان و پڕ ڕوووان لە برودایە. لەگەڵ ئەوەی بۆ پێشنیاری مۆنومێنت لە ھەڵەبجە  و دامەزراندی مۆنومێنتی ھەڵەبجە لە لاھای، ھەندێک کەس خۆی پێ بائەدا و نان و پیازی پێوە ئەخوارد، بەڵام دیسان من ھەر بێ دەنگ بووم، چونکە لەو ڕوانگەیەی کە من بۆ خەڵک و خاکی کوردەوار ئەو کارەم کردووە، نەک بۆ حیزب و حکومەت، تا پلە و پۆستی پێ وەربگرم. من ھەرچییەکم کردبێت؛ ھەمیشە بە ئەرکی سیاسی و مۆراڵی خۆمم زانیووە، نەک بۆ پاداشت و ناوبانگی.
لێرەوە زۆر سوپاسی برای بەڕێزم کاک خالد ڕەزا ئەکەم، لە ئەرشیفەکەی خۆی ئەو وتارەی بۆ ناردم، کە وەک پێشنیارێک ڕووبەڕووی کاک بەرھەمم کردبوویەوە.
١٩ ساڵ پێش ئێستا پێشنیاری درووستکردنی مۆزە یان مۆنومێنتی ھەڵەبجەم کرد بۆ شاری ھەڵەبجە، و نزیکەی دوو ساڵ تێکۆشان و پاشان بە پێشنیاری من و دەسپێشخەریم بۆ پرۆسەی یاسایی واژوو کۆکردنەوە بۆ شارەوانی لاھای، بە فەرمان و تێچووی وەزارەتی شەھیدان، کە مامۆستا ئارامی وەزیری شەھیدانی ئەو کاتە، دڵسۆزانە ھاتە پێشەوە و توانرا لە ٢٩/٤/٢٠١٢ پەیکەری عومەری خاوەر لە لاھای لە باخچەی ڕێکخراوی نەھێشتنی چەکی کیمیایی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لاھای ( دێنھاخ) پەردەی لەسەر لابدرێت.
ئەم بەڵگانە و ھەموو بەڵگەکانی تر کە لای خۆم پارێزراوە، بۆ ھەر کەس و دەزگایەک کە بیەوێت، کاری لەسەر بکات، ئەتوانرێت بخرێتە بەر دەستی،. لە کۆتاییدا ئەمەوێت ئەوە بڵێم؛ سەردەمی سەربازی ون، لای من ڕۆژی ئاوا بوو، چونکە کەوتوینەتە ڕۆژگارێک؛ قەدری زێڕ لای زێڕدزە، نەک زێڕینگەر.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە