دیسان مرۆڤی نێندەرتال و گۆڕان

Thursday, 31/12/2020, 4:21

4822 بینراوە


بە لێکۆڵێنەوە دەرکەوتوە کە مرۆڤی نێندەرتال، سندوقی دەنگی وەک ئێمە بوە، کەواتە قسەی کردوە، بەڵام ئەو مرۆڤە چوارشانە و کەلە زلە، دەنگی جوکن بوە، هەروەها زمانەکەی سنورداربوە، وەک مرۆڤی ساپیان ئاڵۆز نەبوە، لەبەر ئەوەی کە بەشی پێشەوە مێشک کە بەرپرسە لە داهێنان و بەشی دواوە، بەرپرسە لە پەیوەندی لەگەڵ هەمو ئۆرگانەکان، لای نێندەرتاڵ زۆر پەرەی نەسەندوە، بۆیە زمانەکەی سنورداربوە، هەر ئەمەش هۆکاری ئەوەبوە بە گروپی ژمارەی کەم پێکەوە بژین.

سەلمێندراوە کە ئەو گوڵانەی دۆزراونەتەوە لەسەر مردوەکانیان بەڕیکەوت نەبوە، وەک کارێکی ڕۆحانی کردویانە بۆ ڕێزگرتن لە هاوەلاکانیان، ئەمەش جۆرێک لە ئاگامەندی دەسەلمێنێت، بەڵام تەنها چەند شوێنێکی کەم دۆزراونەتەوە کە شکی شوێنی کۆبونەوەی ڕۆحانی، یان پەرستگایەکی سەرتایی لێ بکرێت کە جێگای شکن، هەرچۆنێک بێت مرۆڤی نێندەرتاڵ سەدەها ساڵ تەنها سەرە ڕمی داتاشیوە، نەیتوانیوە لەوە زیاتر بکات. مرۆڤی سپایان وەک مرۆڤێکی زۆرزانو چاوچنۆکو بەهەڵپە هەڵپو خۆپەرست دێتە بەرچاومان بەتەنیشت نێندەرتاڵیکی داماو و کەساسەوە.
بە لێکدانەوەی ئەم زانیاریانە پێ دەچیت کە مرۆڤی نێندەرتال مرۆڤێکی زیاتر مرۆڤ دۆستبوبێت، هۆکاری ئەوەش، پێ دەچێت لەبەر ئەوەی کە بە ژمارەی کەم پێکەوە ژیابن، لەبەر ئەوەی زۆربونی ژمارە، هەستی نوێ لای بونەوەر دەهروژێنێت، تەنانەت لای گەلەگورگیش. ئێمە بەرهەمی گەردیلەین، بوینە ئەتۆمو مۆلوکولو ئۆرگانیسمی ئاڵۆز و پاشان ئۆرگانیسمی زیندو، بیرکەرەوە و ئاگامەند. 
دەتوانین چەند کەسێک خەریک بکەین بە یاری تاوڵەوە، بەڵام کاتێک ژمارەکە زۆر دەبێت، هەستی نوێ دەهروژێنێت لای ساپیان، کارەساتی دژوار و روداوی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە، بۆیە دەبێت بەیاریەکی ئاڵۆزو زیرەکتر ئەو کۆمەڵە خەڵکە خەریک بکەین، دەنا هەڵدەوەشێتەوە، ئەو سیستەمەش لە مرۆڤ خۆیدایە و دەیدۆزێتەوە: هەمو سیستەمێک بە ماتریالکردنی هزری مرۆڤ خۆیەتی. وەک پەیوەندیەکی دیالکتیکی لۆژیک لەبازنەیەکدا دەخولێتەوە : ئەگەر مێشکێکی ئاڵۆزم هەیە، توانای زمانێکی ئاڵۆاز و داهێنانم پێ دراوە، ئەوا دەتوانم بە ژمارەی زۆر بە کۆمەڵ بژیم، ئەگەر بە ژمارەی زۆر دەژیم، توانای داهێنانی سیستەمی بەڕێوەبردنم هەیە ....تاد.
ڤایرۆسی کۆرۆناش ئەگەر تەنها ڤایرۆسێکە بەڵام پەیوەندی بەژیانی ئێمەوە هەیە، پەیوەندی بە زۆربونی ژمارەی دانیشتوانو ژینگەوە هەیە، بە ژیانی مۆدێرنی سەردەمەکەمانەوە هەیە. زۆربونی دانیشتوان لەهەمو سەردەمێکدا بۆتە هۆی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیتەمی حوکم ڕانیدا و بەو بۆنەیەوە مرۆڤ بڕێک لە سەربەستی ون دەکات، وەک هاوکێشەیەکی ماتماتیکی بەرامبەر بە بڕێک بەهای نوێ کە خۆیان لە ماتریالدا دەدۆزنەوە.
***
لەم سەردەمەدا شارەوانی پاریس کامپینێکی ڕێكلامی بە جادەکانی پاریسدا دەستپێکردوە: باوکێک بە سۆزەوە منداڵەکەی گرتۆتە باوەش، کچێک کوڕەکەی هاوەڵی ماچ دەکات، دایکێک بەدەم منداڵەکیەوە پێ دەکەنێت، لە ژێریدا نوسراوە: بەم زوانە یەکتری دەکەینەوە باوەش. بە خوێندنەوە و بینی ئەو وێنانە فرمێسک بە چاوتا دێتە خوارێ، وەک ئەوەی باسی ژیانێکی ترمان بۆ بکات کە دەمێکبێت جێمان هێشتبێت، ژیانێک بە بێ ماسک، وەک ئەوەی کە ئەو ژیانە هەرگیز نەیەتەوە، وەک خەوێک دەیهێنینە بەرچاوی خۆمانو دڵی خۆمانی پێ خۆش دەکەین.
پێ دەچیت، ئێمە دوای ساڵێکی تر یەکتری بگرینەوە باوەش، ژیانێکی وەک ئەوەی ڕابوردو دەست پێ بکەینەوە، بەڵام تەنها بۆ کاتێکی دیاری کراوە و توڵ ناکێشێت، لەبەر ئەوەی کە زۆربونی ژمارەی دانیشتوان پێویستی بە سیستەمێکی تری بەڕیوە بردنە. پێویست بەوە ناکات ئێمە بەدوای دۆکیومەنتا بگەڕیین هەتاوەکو بیسەلمێنین هەر کاتێک، ژمارەی دانیشتوان لە زیادبوندابوندا بوە لە مێژودا، شارستانیەت بە بارێکی نالەبارو شلۆقدا تێپەڕیوە، وەک هەمو گۆانکاریەکی ڕیشەیی، وەک کاتێک ئەو سەردەمەی نوسین دۆزرایەوە بۆ بەڕیوەبردنی حوکم ڕانی. 
لەبەر ئەوەی ملیارێک چینی ناتوانن سەردانی پاریس بکەن، بۆیە کۆرۆنا سەری هەڵدا، چین یاسای بازرگانی جیهانی قبوڵ ناکات. تورکیا گرژیەکی ناوەتەوە، کە بەهیچ جۆرێکی تر ناتوانرێت ئەم تەنگژیا چارەسەر بکرێت، مرۆڤی مۆدێرن مانای ژیان ( sens ) ی لەدەست داوە، کاتێکیش مانای ژیان لەدەست ئەدەین واتە هەلوەشاندنەوەی سیستەم، بۆیە دەىێت بە سیستەمێکی تۆکمەتر بارەکە کۆنترۆڵ بکرێت. ئەمەش پێویستی بە کاارەساتە: کارەساتی ژینگەی تر، بەرز بونەوی ئاستی دەریا، کۆچی بێ شوماری دانیشتوان، مردنی بەشێکی زۆری دانیشتوان.... تاد، لە چاوەروانی سیستەمێکی نوێی بەرێوەبردن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە