ساڵی 2020 بڕوات و قەت نەگەڕێیتەوە

Friday, 01/01/2021, 19:00

3521 بینراوە


ساڵی 2020 ساڵی گوڵ وەرینی ناوەخت بوو، ئەو ساڵە شومەیە کە بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی وەک ساڵانی ڕەشبگیر و تاعون و دەردە، ئەو ساڵەیە کە سنوری خستە نێوان خۆشەویستانەوە، ئەو ساڵەیە کە برا دوربخاتەوە لە برا و خوشکیش له خوشک، ئەو ساڵە بوو کە هەموو جوانیەکانی لە گەڵ خۆیدا برد، ئەو ساڵەیە کە دڵەڕاوکێی کرد بە هاوڕێی نێو جێگامان تا بخەوێ لە گەڵمان لە جێی هاوژینمان، ئەو ساڵەیە فێری تەنیایی کردین بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنابین بە ڕاڕایی و خەم، ئەو ساڵەیە کە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا کەمترین ئاهەنگی هاوسەرگیری تیادا کرابێت، پرسەی نەهێشت، کۆبونەوەی گرێدا، ئاهنگەکانی سنوردارکرد و بگرە نەشیهێشت، ئەو ساڵەیە کە برا جوانەکەت یان هاوڕێ گیانی بە گیانەکەت نەتوانی پاش چەندین ساڵ لە دووریت ئەم لاو ئەو لای ماچ بکات یان باوەشێک یان دەستگوشێنێک بکەیت.

ساڵی 2020 دەوڵەمەن و هەژاری وەک یەک گوڵبژێرکرد، ڕوی ڕاستەقینەی سیاسیە بێ ئەخلاقەکانی وەک یەک پێناسەکرد، هەندێ لەو سیاسیانە بۆ موزایەدەی ڕوزەردیان بێ ڕوپۆش چونە ناو گۆمەڵگاوە کەچی مێش میوانیان نەبوو، هەندێکیتریش لەو سیاسیانە کە وەک دومەڵ هەڵتۆقیون لە لاپتاپەکانیانەوە فەرمان دەردەکەن و دەروێشەکانیان بۆیان پیادە دەکەن.

ساڵی 2020 واتە ساڵی دەستپێکی کەمکردنەوەی مرۆڤ بە دەستی مرۆڤ Depopulation کە ئەمە بەرنامەیەکی داڕێژراوی چەپەلی چەتونی نەگریسی مرۆڤە نەخۆشەکانە کە وشەی جوانی مرۆڤ بوون دەسڕێتەوە، ئەم سەر زەمینە جوانە وا دەزانن کە تەنها لە بارە بۆ خودا پیاوەکان تەنها و تەنها، ئەوانەی کە بارن بەسەر شانی کۆمەڵگاوە لە ڕێگایی چەندین بەرنامەی داڕێژراوەوە وردە وردە هێدی هێدی هەوڵی کەم کردنەوەی دەدەن و دەبێت بڵێن مەرگ لە کوێت وەرە بمکوژە.

ساڵی 2020 ئەو ساڵە بە دوای ئەو ساڵە دێت، کە بۆ هەتا هەتایە ڕوی کۆمەڵگاکانی گۆڕی، تازە ساڵانی ڕابوردوو بونە خەون، ئەو خەونانەی کە قەت جوانی و خۆشیەکانی ناگەڕێتەوە، بونە چیرۆک ئەو چیرۆکەی دەبێت بۆ هەمیشە مرۆڤ بێزووی پێوە بکات.

بۆیە ساڵی 2020 ی شوماوی بڕۆ هەی ملت بشکێ و قەت نەتبینینەوە، بڕۆ ئازار و خەمەکانمان لە گەڵ خۆتبەرە، زۆر خۆشەویستت لە یەک کرد، زۆر خۆشەویستت لێسەندین، زۆر زیاتر بە خەم ئاشناتکردین، هەژارت هەژاردارتر کرد و دەوڵەمەنت دەوڵەمەنتر کرد، بۆیە هەی سیسناخ بڕۆ و لە کۆڵمان بەرەوە با زەردەخەنە بگەڕێتەوە بۆ سەر لێوەکانمان، با بە دۆست و خۆشەویستان ئاشنا بینەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە