مەسعود بارزانى ده‌زگاى پاراستن به‌ باره‌گاى بارزانى ده‌به‌ستێته‌وه‌


زمانی قورئانەکەی مەسعود

Friday, 01.01.2021, 20:00

3825 بینراوە


ئەفلاتون دەڵێت: درۆکردن لاسایی سۆزی دەرونە فلاتون
مەسعود عبدالخالق یەکێکە لەنمونەدیارەکانی چەواشەکاری لەبواری فەلسەفە و مێژودا، ئەو پیاوە پێوایە دەبێت بڕوانامە پاکانەی بۆ بکات، بۆیە بە گوێرەی سۆزی دەرون لێکۆڵینەوە دەکات و قسەدەکات، لەپێناو سۆزی دەرون اخلاقی زانستی دەخاتە ژێر پێ. بەهۆی پاشەکشەی ڕۆشنبیران و جدی نەبونیان لە مەسەلەی فیکردا ،زەمینەی چەواشەکاری بیرمەندانی ئیسلامی فراوانە.ئەمەش خیانەتی ڕۆشنبیرانە. ڕۆشنبیرانێک کە پێیان وایە نابێ دەمەقاڵە لەگەڵ کەس بکەین"هەتا گەدەمان تێک نەچێت"،یاخود تەساموحمان هەبێت لەپلەی سفردا. بە جۆرێک لەجۆرە کان کولتوری پۆست مۆدێرنە زاڵبوە،ئیتر بێ ئەوەی بەخۆمان بزانین لەدنیایەکی خاڵی لەئەقڵ دەژین .ئەمڕۆ بەهۆی ئەم پاشەکشەوە تارمایی خوڕافیات گەڕاوەتەوە. وەک چۆن بۆشایی سیاسی مەترسیدارە،بۆشایی فیکریش مەترسیدارە،لە ئێستادا بۆشایی فیکری هەیە و نەزانی پەرەیسەندوە عەوام پەرەست سەریان دەرهێناوە بەڕاست و چەپدا خوڕافیات بڵاو دەکەنەوە .زۆریش دڵخۆشن کە نەقیزەی ئەقڵانیەتیان لەسەر نییە و لە مێرگی خورافەدا هاتو چۆ دەکەن .
کاک مسعود توێژەرێکی خراپە ،بەجۆرێک کە ئابڕوی فەلسەفەشی بردووە .ئەم پیاوە لە فەلسەفە و مێژودا بەدوای سۆزەکانی خۆی دەگەڕێت نەک بەدوای ڕاستیدا شتانێک دەڵێت کە خۆیشی باوەڕی پێنین،خۆئەگەر باوەڕی پێبن ئەوا جێگەی بەزەییە. ئەم پیاوە زۆر بۆچونی نازانستی و خوڕافی بەناوی زانست و ئەکادیمیبونەوە بڵاودەکاتەوە. بەڵام کاک مەسعود لای موریدەکانی کەسێکی خۆشەویستە و هەر ئەوخۆشەویستیی و پێ سەرسامبونە وایان لێدەکات بەهەموو دوعایەکی بڵێن ئامین! قسەکردن بۆ عەوام ، ئاسانە لەوانەیە ئەوە بۆسیاسیەک ئەوەندە کێشە نەبێت،بەڵام بۆ ئەکادیمییەک کارەساتە . لەگەڵ ڕێزم بۆ کاک مەسعود بەڵام"درۆیی زانستیش"هەر درۆیە . ئەگەر درۆیەکی ڕاستیش بێت ،لای ئەفلاتون درۆی ڕاست ئەوەیە کەسەکە نازانێت ئەوشتەی دەیڵێت ڕاست نییە ،ڕاستیش نزیکترین شتە لەزانستەوە .لەوانەیە کەسێک شتێک بڵێت و پێی وابێت ڕاستە ،بەڵام لای کەسێکیتر ئەوشتە درۆیە. بۆنمونە یەکێک دەڵێت:"خودا لەقورئاندا دەفەرموێت ..."هەرشتێکی فەرموبێت گرنگ نیە،بەڵام هەر ئەوەی دەڵێت خودا فەرمویەتی ئەوەدرۆیەکی ڕاستە.هیچ پایەکی زانستی و لۆجیکی نییە تەنیا باوەڕە. ئەوە بۆ کاک مەسعودو کەسێکی ئاسایش هەروایە .کاتێک دەڵێین هەرکەس ئازادە چ بیروباوەڕێکی هەیە لە پێناو تەساموحە لەگەڵ مرۆڤ ،بەڵام کارەساتە تەساموح لەسەر حیسابی حەقیقەتو ئەقڵ بێت .ئێمە لەوەدا ئازاد نین بیروباوەڕو سۆزی دەرونمان تێکەڵ بە زانست و فەلسەفە و مێژوو بکەین . هەڵەکانی ئەم پیاوە زۆرن،هەرکەس خوێندەواربێت دەزانێت کاک مەسعود لەتوێژینەوە کانیدا بێلایەن نییە و بەدوای ئارەزوەکانی خۆی دەگەڕێت. ئاشکرایە ئێمە چیمان دەوێت ئەوەمان دەستدەکەوێت ،بەڵام حەقیقەت تەنها لەناوکتێبەکانیش دانییە،لۆجیکی نوێ تەنها لەناو کتێبەکان بۆحەقیقەت ناگەڕێت. لەم ڕۆژانەدا کاک مەسعود بابەتێکی بڵاوکردەوە لەوبابەتەدا دەیەوێت بیسەلمێنێت کە زمانی قورئان عەربی نییە،بەڵام من پێی دەڵێم زمانی قورئان عەرەبییە و قوڕەیشیشە! هەندێ بەڵگە دێنیتەوە بە بەپێی مەنتیقی فۆڕمی یان ئەرستۆیی،کە ئەم مەنتیقەش مەنتیقی جەدەلە و بەکەڵکی ئەمڕۆ نایەت . چونکە ئەم لۆژیکە ئەمڕۆ بەس لای باوەڕداران کاری پێدەکرێت و سەرچاوەی دۆگمابونە. پاساوی ئەوەیە عەرەب خۆیان لەقورئان تێناگەن و قاموس بەکاردێنن بۆ تێگەیشتن وەک خەڵکێکی کەم قسەی پێدەکات . بەڵام کاک مسعود بێ ئاگایە لەوەی کە زمانی دەق و زمانی ڕۆژانە جیاوازە . ئێمە زۆرجار بۆخوێندنەوەی کتێبێکی کوردی پێویستمان بە هەمبانە بۆرینە دەبێت و لەهەندێ وشە تێناگەین بەڵام ئەوە واتای ئەوەنییە ئەم وشانە کوردی نەبن . هەندێ وشە هەن دەمرن، تەنانەت لەنوسینیش دا بەکارنایەت بەڵام ئەوە واتای ئەوەنیە ئەم وشانە لەبونەوەری فەزایی داکەوتبن . ئاشکراشە لەهەموو زمانێکدا وشەی بیانی هەیە،لەقورئانیشدا هەروایە وشەی کوردی و سریانی و ....هەیە،بەڵام ئەوە بەم واتایە نیە کە ئەم زمانە زمانی میللەتێک نەبێت. زمان بەرهەمی بیری مرۆڤە ،یان وەک مەسعود مەحەمەد دەڵێت "زمان تەرجومانی هۆشە".
من نامەوێ بیسەلمێنم کە کاک مەسعود هەڵەیە.چونکە هەربەپێی قورئانەکەی خۆی هەڵەیە. لەقورئاندا هاتوە کە زمانی قورئان عەرەبییە!پاشان هەرلەقورئاندا هاتوە کە بۆهەموو قەومێک پێغەمبارمان ناردووە بەزمانی خۆی!پاشان بەشێکی زۆری قورئان مشتومڕە لەگەڵ عەرەب بەگشتی و قوڕەیش بەتایبەت کەواتا چۆن لە مشتومڕەکەی تێگەیشتن ئەگەر عەرەبی نییە .تەنانەت ئایەت هەیە ڕێک زمانی ئەبو جەهلە کاتێک عەرەبەکان شتێکیان وتوە بۆتە ئایەت و لەقورئاندا جێیکراوەتەوە.ئەوە عەرەب بو بەزمانی عەرەبی وتیان ئەوەی محمد دەیڵێت ئەفسانەی پێشینانە !پاشان وەک وتمان زمانی قورئان تەرجومانی هۆشی عەرەبە . کاک مەسعود دەیەوێت ئەوڕاستیە بشارێتەوە"کە خودا قەرزاری زمانی عەرەبیە"ئەم هەڵەیەی بۆ ئەوەەیە. بەڵێ خودا قەرزاری زمانی عەرەبە،قەرزاری خودی عەرەبە ،عەرەب نەبوایە قورئان نەدەبوو! ئێمە کوردین بەڵام ئەگەر "ماد"ێک زیندوبێتەوە لێمان تێناگات.ئەوەمانای ئەوە نییە کە زمانی ئێمە هیچ پەیوەندی بە مادەکانەوە نییە،بەڵکو مەسەلە ئەوەیە زمان گەشە دەکات ،هەندێ وشە دەمرن و وشەی نوێ دێنەکایەوە. دەکرێ بڵێین زمانی قورئان زمانێکی مردووە،بەو واتایە کە لە گفتوگۆی ڕۆژانە بەکارنایەت .پاشان قورئانی بەزمانێکی شیعری نوسراوە.جا ئەگەر بەقسەی کاک مەسعود بێت ،شیعری سەردەمی جاهیلیش عەرەبی نین.
زمان ناتوانێت سەردەمەکان ببڕێت چونکە بەرهەمی هۆشی گەلێکە لەکات و شوێنێکدا. بۆچی لەقورئاندا وشەی کۆمپیوتەر نییە،چونکە عەرەب لەکات و شوێنێک دا ژیاوە لەسەردەمی قورئاندا، کە ئەوکاتە بە بیری ئەواندا نەهاتوە.ئەوکات تەنها ئەوشتانەیان زانیوە کەبەررهەستن وەک حوشتر و ئەسپ و شمشێر ،یان ئەوشتانەی کە نابەرهەست و باوبون وەک جنۆکە . بۆیە ئەگەر بمانەوێت ئەو هەڵەیەی کاک مسعود بەڕاست دەرخواردی خەڵک بدەین،دەبێ بڵێین قورئان درۆیە و دەستکاری کراوە. بەڵام موریدەکانی شێخ قەت بیرناکەنەوە ، ژیانی ئه وان بەگوێرەی بیرکردنەوەی شێخ بەڕێوەدەچێت،و بەعەینەکی شێخ دەبینن.
ئەم پیاوە لەبابەتەکانیتریشدا هەروایە،بەتایبەت لەمێژودا،مێژو بە پێی ئارەزو و تێگەیشتنی خۆی دەگێڕێتەوە! کاک مەسعود کارەساتێکی گەورەیە بەسەر بیرکردنەوەی انسانی کوردەوە . لە کۆتایدا دەبێت بڵێم خودی شەریعەتی ئیسلامی لەعەرەب وەرگیراوە . ئەوە عەرەب بو حەجی داهێنا و بەردە ڕەشکەی پیرۆز کرد،چوارمانگ جەنگی حەرامکرد ،بەڵام محمد هات هەندێ چاکسازی تێداکرد. خودی محمد تەواوی عەرەب لەخۆدەگرێت .سایکۆلۆژیای محمد سایکۆلۆژیای قەومێکە بەچاکەو خراپەکانیەوە . جاران دەیانگوت محمد نەخێندەواربوە عەرەبی نەزانیوە،ئێستا ئەڵێن نەخێر قورئان عەرەبی نییە . کاک مسعود دەیەوێت قورئان ڕزگاربکات لە لۆژیکی سەردەم،بەڵام ناتوانێت .