پرۆژەی بەهەرێم کردنی کەرکوك بۆچی؟

Friday, 01/01/2021, 20:07

3794 بینراوە


لە وەتی کەرکوك هاتۆتە نێو باسە سیاسی یەکان وجێ یەکی گرتوە لە جیوپۆلۆتیکی هەرێمی و ناوچەکەدا ،بۆتە یەکێ لەو خاڵانەی کە هیچ کات ناکرێ رێکەوتنی لەسەر بکرێ . کەرکووك لە سەرەتای سیەکانی سەدەی بیستەوە ، بۆتە کێڵگەیەکی بەرهەم هێنان لەسەر نەخشەی ووزە وبە پێی کات گۆرانکاری بەسەر هاتوە لە رووی گرنگی یەوە. لەو کاتەوەی عەقڵی سیاسی جیهانی گرنگی داوە بە شوێن و سەرچاوەی ووزە وبازار . دەوڵەت نەتەوە وەك مۆدێلێ بۆتە فۆرمی بەرێوەبردن و حوکمرانی .لەو کاتەشەوە دۆسێی کەرکوك لە روانگەی چارەسەری یەوە ،لەسەر مێزی چەندین ووڵات و چەندین دەسەڵاتدا لەناوەوەی عیراق و لە دەروەی عێراق ، تۆزی لێنیشتوەو لە ئایندەیەکی نزیکیشدا چارەسەری کێشەکە ، وەك محاڵێك ئەژمارد دەکرێ . لە مانگی دەی ٢٠٠٥ وە عیراق بۆتە خاوەنی دەستورێك کە لە ١٤٤مادە پێك هاتوە .بەڵام زۆربەی زۆری مادە گرنگەکانی ، لە ژێر پێی حەزی دەسڵاتداری مەزهەبی وتائیفی وناسیۆنالستی یەوە ، نەك هەر جێبەجێ نەکراون ، بەڵکو بەتەواوەتی دژایەتی جێبەجێکردنیان کراوە . کەواتە جێبەجێ نەکردنی مادە دەستوریەکان لەم قۆناغە رەنگە هێندە گرنگ نەبێ بەقەد ئەوەی چەندین دیفاکتۆ لەو نێوەندەدا چەسپاوەو هی نوێش لە رێگادایە بۆ هاتنە دی . پرۆژەی بەهەرێم کردنی کەرکوك بەدەر لەوەی مادەی ، یاسایی هەیە کە پاڵپشتی ئەکات . پێویستی یەکی مێژویی و مرۆیی یە .چونکە لە ماوەی سەت ساڵی رابردودا چارەسەری نەتەوەیی وراسیستی لە رێگای عەسکەرتارییەت و سیاسی یەوە هیچ ئەنجامێکی نەبووە . چەندین بزاوتی چەکداری و سیاسەتی تەهجیر و دابراندنی شار وشاروچکەکان بە بەرنامە وبێ بەرنامە بەرێوە چونە و دەرئەنجامی کۆتاییش تەنها ماڵوێرانی و کاولکاری بوە بۆ شارەکەو دانیشتوانەکەی . پرۆژەی بەهەرێم کردنی کەرکوك چارەسەرێکی لۆژیکی یانەیە بۆ تەواوی ئەو نەهامەتی و دەردە سەری یانەی دوچاری خاك وخەڵکەکەی بۆتەوە . ئەوەی لەو شارە تا ئێستا سەری گرتوە و خاڵی پتەوی و سەنگی هاوکێشەی بەردەوامی بوە ، ئەو پێکەوە ژیانە بوە کە لە نێوان پێکهاتەکانی رەنگی داوەتەوە . لەم سۆنگەیەوە کە خاڵی بەهێزی شارەکە لە پێکەوەژیانێکی دیموکراتیانەوە سەری گرتوە ، دەبێ ببێتە سەرەکەیترین بنەما وپاڵنەری ژیانێکی شایستەو ئاشتیانە وئازادانە . پرۆژەی بەهەرێم کردنی کەرکوك پرۆژەیەکی خۆ بەرێوەبردنەو هەوڵدانێکە بۆ خەباتێکی باڵاتر کە خۆی لە شارستانییەتی دیموکراتی یەت ئەبینێتەوە ، بەوەی هەموو نەتەوە وپێکهاتەکان لە جیاتی ململانێی و یەکتر سرینەوە پێکەوە هەوڵی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی قەبارە بچوك وهەرێمێكی نوێ و بەسنورێکی دیاری کراو بدەن و رۆشەنبیری هەمەلایەنە و هەمە چەشن و یەکتر قبوڵکردن بهێننە ئاراوە . لە پەنای ئەم ئیدارە و هەمەهەنگی یە خۆ بەرێوەبەری یە ، دەبێ دامەزراوەی شارستانی سەردەمیانە ی جودا لەوەی هەیە دروست بێت و هەمیشەش لە گەشەسەندا بێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە