عێڕاق، مۆزەخانەی نەتەوەکان

Sunday, 03/01/2021, 22:23

4919 بینراوە


نەوشیروان مستەفا، لە کتێبی خولانەوە بەدوری بازنەیەکدا باس لە زۆری نەتەوەی جیاواز دەکات لە عێراقدا. ئەو دەڵێت عێراق لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی عوسمانی بەزۆر دروست کراو، لکێنرا بێ ئەوەی ڕەچاوی ئەم هەموو نەتەوە جیاوازە بکرێت کە تیایدا هەن بە کورد و عەرەب و تورک و ئاشورو کلدان و، هتد. بۆیە ئەو ووڵاتەکە بە "متحف الاجناس"، واتە مۆزەخانەی نەتەوەکان دەشوبهێنێت و ناو دەنێت، لە راستیشدا وەکو مۆزەخانەیەک وایە کە چەندین جۆر نەتەوەو ئاینی جیاوازی تیادا دەبینیەوە.
بوونی نەتەوەی جیاواز هەمیشە کارەساتی خوڵقاندووە بۆ عێڕاق بە رادەیەک هەر لە ساتی درووست بوونیەوە-سالی ١٩٣٢_ تا ئێستا سەقامەگیریەکی درێژخایەنی سیاسی و ئەمنی و ئابووری بەخۆووە نەبینیوە، گەر باسی لایەنی کۆمەڵایەتی هەر نەکەین. هەمیشە شەڕ و کودەتاو قەیران میوانی بووە. ووڵاتانی داگیر کردووە و ووڵاتانیش داگیریان کردووە.گەر ئێستا لەگەڵ لایەنە ئیتنیکە جیاوازەکانی قسە بکەین هەر یەکێکی ووڵاتی سەربەخۆی دەوێت، هەرێمی جیاوازی دەوێت، بەبوونی سوپاو پەرلەمان و سەرۆکی تایبەت بەخۆیانەوە. جێگای تێرامانە لە ووڵاتێکی ئاوا ناهۆمۆجین و فرە نەتەوەو مەزهەبی جیاواز چۆن خەڵکەکەی بتوانن بەیەکەوە بژین، لێبوردە بن بەرانبەر بەیەک، ئاشتی بپارێزن، وە دیموکراتیک بن وەکو ئەمریکا ووڵاتەکەی لە پێناویدا داگیر کرد.
لە چەشنە دەوڵەتێکی بەزۆر بەیەک لکێنراودا نابێت لامان سەیر بێت کە دەکرێت هەمیشە بە دابەشکراوی بمێنێتەوە، پێکەوە ژیان تێیدا سەخت بێت وە لەهەمووشی خراپتر ووڵاتانی تر سوود لە فرەیی نەتەوەکانی وەربگرن و دەستوەردان تێیدا بکەن وەکو چۆن واشیان کردووە بە تایبەت لەدوای داگیرکردنی ووڵاتەکە، وە ئەنجامی ئەم دابەشبوونە ئێستا بەبەرچاومانەوە دیارە!
بۆیەشە دەبینین لە عێڕاقدا شەڕی تایەفی روودەدات، قاعیدە دروست دەبێت، داعش سەر دەردێنێت، هەر حیزبێکی سەر بە ووڵاتێکە (ئەمە لە کوردستانی خۆشمان هەر وایە). لە لایەکی تر ئێران بەهۆی بوونی دەسەڵاتێکی شیعە مەزهەب هەمیشە دەستوەردان لە ووڵاتەکە دەکات و دەعمی گروپی چەکداری جیاواز دەکات، تورکیا لەولاوە بە بیانوووی پاراستنی سنوورو تورکمان و پەیوەندی لەگەڵ هەندێک لایەن وا مامەڵە لەگەڵ ووڵاتەکە دەکات وەکو ئەوەی مستەعمەرەی کۆنی ئیمپتراتۆریەکەیان بێت. لە لایەکی ترەوە ئەمریکا قەد چاوی لەسەر هەڵناگرێت، چونکە نەوتی تێدایەو وەبەرهێنانی تێداکردووە بە تێچووی شەرێک کە کۆستەکەی بە چوار ترلیۆن دۆلار مەزەندە دەکات! ئەمە ئەگەر باسی ووڵاتانی خۆرئاوا بەتایبەت ووڵاتە پیشەسازیەکان هەر نەکەین کە هەمیشە عێراق وەکو سینیەکی پڕ لە کێک دەبینن بەهۆی سامانە سروشتیە زۆر و ناوازەکەیەوە.
دوایین نموونەی ئەم دابەشبوونەش، رووداوەکانی چەند رؤژی رابردوو بوون کە چەکدارانی عەسائیبی ئەهلی حەق سەر بە قەیس خەز عەلی، لە گرتەیەکی ڤیدۆیدا هاتنە سەرشەقام و هەرەشەیان لە حکومەتی عێراق کرد بەهۆی پێنچ کەس کە حکومەتەکەی کازمی بە بیانوی دەست تێدا بوونیان لە هێرشێک بۆ سەر بالیۆزخانەی ئەمریکا کە لە ٢٠ ئەم مانگە روویدا دەست بەسەری کردن. ئەم چەکدارانە تابعی کۆماری ئیسلامی ئێرانن، وە گروپێکی میلیشیایین و ئێران پشتگیری سەربازی و داراییان دەکات. لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا چەکدارەکان داوای ئازاد کردنی هاوەڵەکانیان کرد، وە ووتیشیان ئەوان موجاهیدن و دژ بە ئەمریکای استعمار شەریانن کردووەو ئێستاش ئامادەی شەڕن، دەست بردن بۆ سەر هەر موجاهیدێک دەست بردنە بۆ ئەوان، تەنها چاوەرێی فەرمان لە سەرکردەکەیان قەیس خەزعەلین. ئەم رووداوە بە رادەیەک دەنگی دایەوە کە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی هێنایە سەر شەقامەکانی بەغدا، وەخۆی شۆفێری کرد، وەکو پەیامێک کە ئەوان ئەمنیەتی بەغدا دەپارێزن.
ئاسیشی هەر ووڵاتێک بەندەبە بەهێزی دەزگا ئەمنی و بەرگریەکانی ووڵاتەکەوە. نەبوونی سەقامگیری ژیان لە وولاتەکەدا ناهێڵێت و هاووڵاتیان باجی گەورە دەدەن. سەختترین ئاڵەنگاری حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقی نوێ شکستیان بووە لە بەرپاکردنی ئاسایشی و سەقامگیری لە ووڵاتدا. لە ئەنجامیشدا ناوچەکە بووەتە مەیدانی شەری ناوخۆ، ناوەندی سەرهەڵدانی گروپە تیرۆریستیەکان، وە دەست وەردانە نێودەوڵەتیەکان. حکومەتەکەی کازمی هەمیشە دووبارەی دەکاتەوە ئێمە ئەمنیەتی ووڵات دەپارێزین، ژیانێکی پڕ لە ئارامی بۆ عێراقیەکان دابین دەکەین، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە ئەمە بکات. گروپە میلیشیاکان کە لەسەرەوە باس کرا بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ناسەقامگیری وولاتەکە دادەنرێن، ئەوان چەک بەدەستن، سیلاحی قورسیان لەدەستە، وە راهێنراوی سەربازیشن، گوێش لە حکومەت ناگرن، بۆیەشە کۆنترۆڵ کردنی ئەمان کارێکی یەکجار دژوارە. سوننە مەزهەبەکانیش لەلایەکی ترەوە بەرپرسیاریەتی زۆری تێکدانی ئەمن و ئاسایشی ووڵاتەکە هەڵدەگرن، ئەوان تا ئێستاش ئەسەف بۆ لەدەست دانی دەسەڵاتی رابووردوی خۆیان دەخۆن وە خەون بە گێڕانەوەی ئەم دەسەڵاتە دەبینن، لەلایەکی تریشەوە ئەوان بەبەردەوامی پەراوێزخراون لەلایەن حکومەتە زۆرینە شیعەکانی عێراقی نوێوە، لە ئەنجامدا تورەبوون و پەرچەکرداری ئەوان قاعیدەو داعشی لێدەکەوێتەوە.
لە ئێستادا رێککەوتنێکی ستراتیژی گرنگ لە ئارادایە لە نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا وە بەشێکی گرنگی رێککەوتنەکە پاراستنی ئەمنیەتی عێراقە. کازمی خۆی چوو بۆ ئەمریکا و چاوی بە دۆناڵد ترەمپ کەوت سەبارەت بە رێککەتنەکە. یەکێک لە خاڵەکان کە هەر دوو ووڵات لەسەری رێککەوتن چەک پێدانانی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران بوو. بەم چەشنە هەم ئەمریکا لە تەداخولەکانی ئێران رزگاری دەبێت هەمیش کازمی ئەمنیەت بەرقەرار دەکات. بەڵام وەکو باس کرا، ئەمە زێدە دژوارە، وە نموونەیەک لەم دژواریە هەڕەشەی چەکدارەکانی قەیس خەزعەلی بوو، کە گومان دەکرێت چەکدارەکان ئازادیش کرابن، هەرچەندە حکومەتی عێراق رەتی کردەوە.
لە کۆتاییدا بۆ چارەسەری ئەم دۆخە ناجۆرە سیاسی و ئەمنیەی کە عێراق تیایدا نووقم بووە دەگەرێینەوە بۆسەرەتای نووسینەکەمان، ئەویش شێوازی درووست بوونی وولاتەکەیە. عێراق ووڵاتێکی بەزۆر بەیەکدا لكێنراوە، بێ ئەوەی ڕەچاوی لایەنە ئیتنی و مەزهەبییەکانی بکرێت. دەسەڵاتە کۆلۆنایزەکانی ئەورپا بەقەلەم و بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان سنوورەکانیان کێشاوە. بۆیەشە تا ئێستا و هەر لەساتی دروست بوونیەوە ووڵاتەکە کودەتاو پێکدادان و شەڕی ناوخۆ و گروپی تیرۆستی و داگیرکاری بەخۆوە بینیوە. کورد دەڵێت چێ بچێنی هەر ئەوە دەدوریەوە. بێگومان ئەم بەیەک نووساندنە و شێوازی دروستبوونەیە عێراقی گیرۆدەی ئەم ئاڵانگاریانە کردووە. چارەسەری ئەم دۆخە پێویستی بەسەر لەنوێ درووست کردنەوەی ووڵاتەکە هەیە ئەویش بە شێوەیەک کە رەنگدانەوەی گشت مافەکانی پێکهاتەکانی بێت. جۆو بایدن، سیاناتۆر و جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکاو سەرۆکی ئێستا هەلبژێردراوی ووڵاتەکە بە پیاوی پڕۆژەی دابەشکردنی عێراق بۆ سەر سێ هەرێمی کورد و شیعەو سوننە دەناسرێت. ئەو پێیوایە جێبەجێ کردنی وەها پرۆژەیەک عێراق لەم كێشانە رزگار دەکات کە ساڵەهای ساڵە گرفتاریەتی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە