شەڕی مەزارگەکان

Sunday, 03/01/2021, 22:54

5950 بینراوە


خەڵکی سکاڵایان هەیە لە ژیانی مۆدێرن، دەڵێن گوایە هێندە ژیان خێڕا بوە، کاتی هیچیان نەماوە، بەڵام بە وردبونەوە لە ژیانمان، دەبینین کە سەردەمەکەمان هیچی بەخێرا نەکردوە، بگرە هەندێک جار کاتمان زۆرتر پێویستە لە شارە گەورەکاناد بۆ ڕۆشتن لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر.


ئەوەی گۆڕاوە، توانای هەڵبژاردنی زۆرترین کارە لە هەمان کاتا، دەسکەوتنی زانیاری بێ شومارە، کارەکتەری چاوچنۆکی ساپیانیش قۆزتنەوەیەتی. کاتێک لەسەر کۆمپیوتەرەکەم دەنوسم، لەهەمان کاتا بەدوای زانیاریدا دەگەڕێم لەسەر باسێک، بەدەستێکی ترم تەلەفۆن لەگەڵ کوڕەکەم دەکەم، لەگەڵ هاوسەرەکەشم بەتەنیشتمەوە ئەدوێم بۆ پلاندانانی سەفەرێک، وەڵامی برادەرێکیشم ئەدەمەوە لەسەر فەیسبوک، سەیر دەکەم بزانم چەند لایکم بۆ هاتوە لەسەر وتارەکەم، لەسەر ئەمازۆنیش کتێبێک داوادەکەم...تاد. هەمو ئەمانە : سیستەمی کۆمۆنیکاسیۆنی مۆدێرن، وەهایان کردوە کە روداوەکان زۆربنو هێندەی تر ئێمە بە هەڵپەهەڵپو ڕاکە راکە هیچ کاتمان نەبێت بۆ بۆشایی و بیرکردنەوە وەک جاران، لەبەر ئەوەی بۆشایی تەنگژیە بۆ مرۆڤ، بۆیە ژیانی مۆدێرن واتە: نەبونی بۆشایی، ئەم جۆرە ژیانەش ئەگەر مێتۆدێک بێت بۆ شاردنەوەی هەقیقەت لەهەمان کاتا جۆرێکی ترە بە گەیشتن پێی. رۆژەهەڵاتیەکان بە جۆرێکی تر، هەرگیز رێگایان بە بۆشایی نەداوە بترنجێنێتە ژیانی ڕۆژانەیان، هەمیشي چارەسەریان هەبوە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی، بوجۆری دوانو هەڵسوکەوتو دەنگەدەنگ. دەتوانن بۆشایی بە هیچ پڕ بکەنەوە، بە دوبارەکردنەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان ترسنۆکترین بونەوەرن بۆ روبەروبونەوە بەرامبەر بە بۆشایی، هەر بۆیەش فکرەی سۆفی گەری هەر لەکۆنەوە لەو ناوچەیەدا سەری هەڵداوە بۆ ڕوبەروبونەوەی ئەو دیاردەیە. 
ڕێبازی سۆفی گەری واتە: بۆشایی، هەناسەی قوڵو، تەنی جێگیر، بیرکردنەوە و سەرفکردنی کەمترین وزە بۆ کاریگەرترین دەرئەمجام. ڕێبازی سۆفی گەری واتە : (تەریقەت)، بۆ گەیشتن بە هەقیقەت، کە ئێمەی مرۆڤی مۆدێرن هەمو ئەو توانایانەمان لەدەستداوە، چونکە وەک دەیگێڕنەوە باپیرانی شێخ نەهرۆ، هەمو ئەم توانایەیان دەستەمۆکردبو، کاتێکیش خانەگایان جێ دەهێشتو دەچونە شارە گەورەکان، کە بۆ ئەوان ژیانێکی جەنجاڵ بو، بە (هیو) یەک خۆیان لە چەندەها دەردی سەری ڕزگار کردوە، توانیویانە لە دوری سەد مەترەوە بە (هیو) یەک تەکسیەک ڕابگرن، بە هویەک تەنێک بجوڵێنن، نەخۆشێک چاک بکەنەوە. (هیو)، وەک هێزێکی کاریگەر و پڕ لە وزە و نهێنی، کە یاسای فیزیای کۆنتۆم ناتوانێت شیکاری بۆ بکات. بە کاریگەری دەیکێشن بەو شوێنەی، بەو ئاواتەی کە ئارەزوی دەکەن، بەم جۆرە چەندەها موعجیزەی گەورەیان خولقاندوە.
ئەگەر (هیو) دەمێکە توانای خۆی لەدەستداوە، ئەوا وەک مۆدێلێکیش باوی نەماوە، لەبەر ئەوەی بەتەنیشت ژیانی مۆدێرنەوە نەیتوانی بڕبکات، بەڵام مەزارگەی شێخان هەمیشە بازاڕیان گەرم بوە بۆ دەروێشانو خەڵکی ڕەشۆک، وەک پەنایەک، وەک بەهایەکی ڕەسەن، پەنای چینی ڕەشۆک بون لە بێ ئومێدیدا. هەر ئەم مۆدێلەیە : مۆدێلی شیخو مەزارگە کە پیاوانی سیاسی کوردوستان دوبارەیان کردۆتەوە لە بەڕێوەبردندا و بەرگێکی مۆدێرنیان پێدا پۆشیوە، وەک دەبینین مەزارگەکان هەمو ڕۆژێک لە زیادبوندان: مەزارگەی سەری ڕەش، مەزارگەی سەری سەوز، لەم دوایانەشدا مەزارگەی گردەکەی مامە نەوشیروانیش. لەم نێوەندەدا مەزارگەکانی شێخان، مەزارگەی شێخانی ڕەسەن، سەردانیان کەمتر بویەوە، بەهۆی ئەوەی کە ئەوان توانای (هو )ی خۆیان لەدەستدابو. پیاوانی عەشایەری توانیان بە توانای سەربازی ئەوە بۆشاییە پڕ بکەنەوە. لەم سەردەمەشدا کە خەڵکی لەم شیخە بە شکڵ مۆدێرنانە کە دەیانەوێت بە توانای عەسکەریان خۆیان بسەپێنن، بێ هیوا بون، بۆیە گەڕانەوە بۆ بەهای کۆن هەمیشە کاریگەرترە، بەهای کۆن لە بیری مرۆڤدا بەهایەکی پتەوترە، ڕاسیۆنێلترە . لەبەر ئەوەی سیستەمی حوکمڕانی هەمو جیهان کۆپی سیستەمی حوکمڕانی هندۆ ئەوروپیە، کە پێک هاتوە لە سێ کۆڵەکە : هێزی ئەسکەری، ئایدیۆلۆژی، ئابوری. وەک بینیمان ئابوری کوردوستان بۆتە بەرمیلێک نەوتی قاچاغ بەدەست ئۆردوغانەوە، هێزی ئەسکەریشیان پێکهاتوە لە چەند کۆمەڵە جاشیک بۆ پارێزگاریکردن لە بەرمیلە نەوتەکانو هێرش کردنە سەر ڕۆژاڤا، ئەوەی ماوەتەوە ئایدۆلۆژیەکەیانە، کە هەر لە مێژەوە بۆیان ماوەتەوە لە سیستەمی شێخایەتیەوە. وایان دەزانی بە گۆڕینی چەند دەستەواژەیەک : خانەگا بۆ پەرلەمان، تەریقە بۆ ڕێباز، زکرو حەی ئەڵا بۆ کۆبونەوەکانیان لەدەوری سەرۆک، بەکارهێنانی چەند دەستەواژەیەکی ژیانی مۆدێرنیش وەک: دیموکراسی و هەڵبژاردن ...تاد، دەیانتوانی توانای ( هو ) خۆیان نوێ بکەنەوە، بە گونجاندنی سیستەمی شێخایەتی لەگەڵ جیهانی مۆدێرندا. بەڵام هەمو ئەمانە نەیان توانی بڕ بکەن، بۆیە ئێستاکە دەگەڕێنەوە بۆ سەرچاوە و دەلێن پێ دەچێت کە ئێمە لە کۆپیکردندا هەڵەمان کردبێت نەک لە مێتۆدا، بۆیە دەبێت بگەڕیینەوە بۆ سەرچاوە، بۆ تەریقە.

ئارەقت گوڵە، تڕت وەنەوشە، کاکە نەهرۆ

کاتێک کاکە نەهرۆ دەبینین، کێشی خۆی کەم کردوە، ڕیشێکی سۆفیانەی هێشتۆتەوە، سەری ڕادەوەشێنێتو چاوی دائەخات، وا هەست دەکەین کەلەم دوایانەدا چوبێتەوە خەڵوەتەوە، چونکە سەردەمانێک لەمەوبەر هەمان ڕوکەشی نەبو. ئەم جۆرە خۆنواندنە وەک باو و باپیرانی، جۆرێکە لە لاسایی کردنەوەی باوانی، ئەگەر سەرۆکی عەشیار دەیەویست خۆی هەڵواسێت بە ژیانی مۆدێرنو هەندێک ڕؤشنبیریش شیکاری مولتی ناسیۆنالیان بۆ دەکردن ئەوا زۆر بەهەڵدا چون، لەبەر ئەوەی ئەقڵی عيشایە ناتوانێت مۆدێرن بێت، وێنەی نەهرۆی ئەم دواییەش، وێنەی کۆبونەوەکانی سەرۆکی عەشایەرمان دێنێتەوە یاد، لەساڵۆنێکی کەشخەی ڕازاوە بە مۆزو پرتەقالو ئاوی ڤیتێل. جیاوازیەکەی ئەوەیە، کاکە نەهرۆ لاسایی کەڵچەرێکی ڕەسەن دەکاتەوە، بەڵام سەرۆکی عەشایەری نەخوێندەوار، دەیویست لاسایی مۆدێلی مۆدێرنەی حوکمڕانی بکاتەوە، بۆیە خەڵکی باوەڕیان زیاتر بەم لاسایی کردنەوە زیاترە کە هەڵقوڵای کەڵچەرێکی کۆنە، هەتاوەکو لاسایی کردنەوەیەکی ناشرینی سەرۆک عەشایەرێک بۆ ژیانی مۆدێرن.
ئەگەر هەڵە نەبم، بزوتنەوی سۆفی هەر لەسەرەتاوە لە کوردوستان، بۆگونجاندنی ئاینێک بوە کە لە کەڵچەرێکی ترەوە هاتوە، بەتایبەتی ئایینی ئیسلام کە ئایینی ناوچەیەکی بیابان بوە، هەر بۆیەش خانەگا شێوازێکی پتەوی کەڵچەری کوردەواری پێوە دیاربوە، بە گۆرانی و زکر و حاڵەوە، کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئیسلام، بێ شک پەیوەندی سۆفیو چینی ڕەشۆک کاریگەری گرنگیان لەسەر ئەم دیاردەیە هەبوە، هەروەک سەرنجیش ئەدەین هەندێکیان ناوەکانیان مەسعودو مەسرویش نین، تەنانەت باوکە جاشەکەشی بەجلكی کوردی زۆر کەشخەوە دەبینرا لە گەڵ دەروێشەکانیدا، وەک عەلی قەتەری هەڵسو کەوتی نەدەکرد، بۆیە پیاوانی داعشو سەلەفی هەر زو دژی ئەم رەوتە وەستانەوە لە هەمو جیهانی ئیسلامیدا، وەک جۆرێک لە مەترسی بە پەرتەوازەکردنی دینەکەیانو مەترسی لەدەستدانی مەرجەعیان. 
بەڵام تەنگژیەکە ئەوەیە کە سۆفیەکانیش چەندەها لقو پۆپیان لێ بۆتەوە : قادری، یارسانی، نەقشبەندی، ئەلەڤی.....تاد، بۆیە دوای نۆژەکردنەوەی مەزارگەی قادری، پێ دەچێت ئۆردوگانیش مەزارگەی شێخ عوسمانی بیارەمان وەک دیاریەکەی بەنرخ بۆ بەگەڕێنێتەوە بۆ زۆنی زەردو ئەوسا دەبێتەوە بە شەڕی مەزارگەکان، هەر مەزارگەیەکیش پارتێکی سیاسیان لە پشتەوە دەبێتو یاریەکە وەک جاران دەست پێ دەکاتەوە، لەنێوان کۆپی رەسەنو کۆپی نارەسەن. 

هیوادارم کاکە نەهرۆ دەممان لار نەکات بە قودرەتی ‌(هو) ی خۆی. هیچی خراپم نەوتوە .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە