شێخ نەهرۆ، سۆفیگەرایی یان سیاسەتمەداریی؟

Monday, 04/01/2021, 23:08

5809 بینراوە


ئێمە لەخوا بووین و دەگەڕێنەوە بۆ خوا، لەژێر نوری خوادا دەژین و هەر شتێکیش کە بەلاڕێ و بەلادانماندا بەرێت و سەرقاڵی ژیانی دونیەویمان بکات، ئەوە کفرو لادانە لە تەریقەتەکەمان. ئەمە بنەما و باوەڕی مامەڵەی سوفییە کە دەبێت پەیرەوی بکرێت، وەک بەندەی خوا.


ئیمانداری بە تەسەوف لەناو کەشی سۆفیگەری ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو مرۆڤە لە پەیوەندییەکی بەهێزی ڕۆحیدایە لەگەڵ خوای خۆیدا. لە ژێر چرای خوایا دەژی و هەمیشە لە زکرو جۆش و خۆشەویستی ومەحەبەت و عەشقی خوادایە. ئەم پەیوەندیە بە بەهێزترین پەیوەندی ناو قوتابخانەکانی ئیسلام دەناسرێت بە خواوە، کە پەیوەستەیەکی ڕیشەییە لەنێوان ڕۆح و نوراللە، دور لە دونیای ماتریاڵی و بیر کردنەوە لە جەنجاڵیەکانی ژیان و گوزەرانێکی پڕ لە لەزەت و خۆشی، نەخوازەڵا ژیانی لوکس و سامانداری.
ڕێچکەی ``کەسنەزان`` کە باڵێكە لە قوتابخانەی یان تەریقەتی سۆفیگەری قادری، لەناوە کوردیەکەیەوە دیارە کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شێخە کەسنازانەی کە گوایە شێخ نەهرۆش لەسەڕ ڕێچکەی ئەو دەروات. ئەو کەسنەزانە هەڵگری هەمان پرنسیب و ڕێچکەی کەسنەزان بووە. ناوەکەشی بە هۆی تایبەتمەندیەکانیەوە پێوەی لکاوە و ئەگەرێکی دور هەیە خۆی هەڵیبژاردبێت. ئەو سۆفیەیە کە خۆی لەدونیای ماتریالی و مەشغەلەتی ژیان بەدورگرتووە و نەك هەر سەرقاڵی خۆشگوزەرانی و سامانداری نەبووە. کەسنەزانی کەسێك بووە کە هیچ شتێك دەربارەی نەزانراوە بەهۆی خۆدورگرتن و گۆشەگیریەکەی و هەربۆیە ئەو ناوەی بەسەردا دابڕاوە. ئەو جۆرە مامەڵەیەی کەسنەزان تەواو یەکسانە لەگەڵ ئایدیال و پرنسیپی تەسەوف.
جێگای نەزانی، یان باشتر و ڕونتر بڵێم دووفاقییە درێژپێدانی ئەم قوتابخانەیەی سۆفیگەرییەی کەسنەزان لەلایەن دوا شێخانی وەکو شێخ عەبدولکەریم و نەهرۆی جێگرەوەی. گوایە ئەمڕۆ نەهرۆ دڕێژە پێدەری قوتابخانەی کەسنەزانییە و هەڵگری ڕەوتی سۆفیگەراییە، لەکاتێکدا لە دونیایەکی تەواو ماتریالی و سەروەت و سامانێکی بێشومار، دانیشتنی لەسەر کورسی نیمچە پاشایی ڕازاوە بە ئاوی ئاڵتونی بە کەشخە و نەفخەوە دەژی. خۆبە زل زان و بە چاوبڕین لە سامانی گشتی و خۆ نمایش کردن و بە قات و بۆیەنباخەوە سۆفیزم و شێخایەتی خۆی بە خەڵك و بەرپرسانی فرسەت تەڵەبی حیزب و دەزگا حکومیەکان دەفرۆشێتەوە.
لەسەرەتادا پێویستە ئەم بەناو شێخە وانەی یەکەم و سەرەتایی لەسەر ئەوە بخوێنێت؛ ئایا سۆفی و سۆفیگەرایی و تەریقەتی قادری و کەسنازانی چین و لەسەر چ بنەمایەك بنیاتنراون؟ ناوەکەی لە چییەوە هاتوە؟ سۆفی بەو مانایە دێت کە ئەوکەسەی باوەری بەو تەریقەیە هەیە، دەبێت لەژیانێکی ئەوپەری سادەو ساکاردا بژی، تەنانەت هیچ بایەخێکی نەبێت بۆ جل و بەرگ و تەنها بە پارچەیەک قوماشێکی شڕ و سادەی خوری(صوف)، کە لەو سەردەمانەدا هەرزانترین جۆری قوماش بووە، خۆی داپۆشێت. خۆی دور بگرێت لەدونیای ماتریالی و خۆنمایش کردن، هەر وەک چۆن شێخی کەسنەزان خۆی گۆشەگیرکردبوو. سوفیزم وەک مامەڵەکردنێکی وەرزشی وایە، لەش و بیرو ڕۆح هاوکات دەخاتە بزواندن، بزواندنێك بە ئاراستەی ڕوو لە خوا و دونیای خواپەرستی و خۆشەویستی و عەشق و مەحەبەت بۆ خوا نەك بۆ خۆ و بۆ ناو و پلە و سامانی خۆ.
سۆفیزم یەکێکە لە هەرە قوتابخانە نەرمەکانی ئیسلام کە زۆرداری و خراپ بەکارهێنانی ئایینی تێدا نیە. کەسی سۆفی زۆر گۆشەگیرە بەرامبەر ڕوداوەکان و دەسناخاتە کاری دونیەویەوە و دورە لە دونیای ئەزمونی رۆژانەی مرۆڤ، وەکو ئایینی جولەکەکان بانگخوازی نیە و دەعوەی هاتنە ناو قوتابخانەکەی بۆ کەس ناکات و لەو باوەرەدایە کە مرۆڤ خۆی دەبێت بەو حاڵەتە ڕۆحیە بگات کە بێتە ئەو ڕەوتە ئایینیەوە و ئەو جیهانە جیاوازە ڕۆحیەوە.
سوفی بەدورە لە سەرنجدان لە دونیای سیاسی و دەسەڵات، نەخوازەڵا وەکو شێخ نەهرۆ نایەوێت ببێتە جێگرەوەی دەسەڵات و ئەو چارەسەر و چاکسازیانە ئەنجام بدات کە ٣٠ ساڵە دەسەڵاتداران و حیزبە بنەماڵەییەکان لە قسەدان بۆ چارەسەری و لە کرداردان بۆ خراپتر کردنی. وەك دوا بانگەوازە خەندەئامێزەکەی بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێوە .
لەپال نەزانی و دوفاقی شێخ نەهرۆ بەو ڕەوتە دزێوەی و هەڵپەرستی پیاوانی دەسەڵات و حیزبەکان بە پشتگیری کردنی ئەو هێزیان داوەتی و وا پێشان ددەدەن ئەوەی ئەم شێخە دەیکات کارێکی ڕاستە و لە خزمەت خەڵکدایە. هەر بۆیە لە هەبوونی بۆشایی تێکنۆکراتی، شێخ نەهرۆ لە ژێر چەتری ئەو تەریقەتەیا کە گوایە باوەری پێیەتی و ڕاست مومارەسەی دەکات، خۆی لێ بۆتە ئابوریزان و دەم ڕاستی شاری سلیمانی، گوایە دەیەوێت تەکیەکەی بکاتە مەزار بۆ شۆێنی زیارەت، ئەو تەکیەی کە لە ناورۆکدا کۆشك و دیوەخانی نەزان و هەڵپەرستانە.
هەرگیز لەمێژوی ئیسلامدا سۆفی بەو شێوازە نەژیاوە، ئەوەی ئەم تایبەتمەندیانەی تیادا بێت پێی ناوترێت سۆفی و لەو تەریقەیە بێبەریە و پێی نامۆیە.
لەسەر دەمی پێغەمبەری ئیسلامدا ``اصحاب التصوف`` هەبوون، کە تەنها لە مزگەوتی مەدینە، خۆیان خەریکی زکرو عیبادەتی خوا کردبو، لەهەمان کاتیشدا باوەر و عەقیدەی ئەوەیان هەبوو کە ڕازی بن بە بەشی خوا . ئیمانی ئەوەیان هەبوو کە لەژێر سێبەری خوایا دەتوانن بژین، رەحمەتی خوا ئەوەندە ئاگای لێان دەبێت کەنەمرن لەبرسا، تەنها پارچە پەرۆیەکیان لەخۆیان دەبەست و لەسەر بەڕەیەک دەژیان.
لەگەڵ گۆرانکاری بەسەر سۆفیزمدا لە سەدەی ١١ تا ١٢ بەتایبەت پاش نوسینەکانی غەزالی، هێشتا سۆفی ئەو ڕێگا و باوەڕەی نەگۆری. سۆفی دەبێت ئەو کەسە بێت کە بەو پەڕی هەژاری و خاکی بژی. یەکێک لەهەرە مامەڵەکانی سۆفی ئەوەیە کە زۆربەی کات بەرۆژووە، شەونەخونی دەکەن و هەمیشە لەبیرو زکری خوادان، کەئەمەش بەچەند هەنگاوی قورسدا دەبێت تێبپەرن تادەگەنە نزیک بوونەوە لەخوا.
سۆفی هەمیشە لە هەوڵدایە بۆ گەیشتن بە پایە و پێگەی `` الاتحاد و وحدة الوجود: کە ئەوەش دەیگەیەنێتە ئەوەی کە لە ناخیەوە بگاتە ئەو باوەرە ڕۆحیەی کە تەنها یەک شت هەبوونی هەیە لە بونیدا ، ئەویش تەنها ``خوایە``. هاوتەریب لەگەڵ ئەو یەکێتی و یەکبونەدا ``حلول`` دروست دەبێت،کە ئامێزبونی ڕۆحی و جەستەییە لەگەڵ خوا. خوا دێتە ناو بەشەکانی جەستە، وەک ئەوەی حەلاج و ابن عربی باوەریان پێی هەبوو کە پێی گەیشتون، بەم ڕستەیە دەریان دەبری: ``انا الحق و انا اللە``.
ئەوەی ئەمرۆ لەشێخ نەهرۆ دەبینین و دەبیستین: تەواو پێچەوانەی ئەم پرۆسێسە سۆفییە، ئەوەی ئەو هەوڵ و زکری بۆ دەکات ``اتحاد و الحلول`` ە ، بەڵام بەمانای یەک بوونی و تێکەڵاو بوونی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی گەندەڵ و خراپکار و سەروەت و سامانی گشتی، کە ئەمەش تەواو دورە لە بۆچونی سوفی و بیرو باوەرو عیرفانی قوتابخانەی سوفیگەراییی.
هەرچەندە ریتوێلی سوفیەتی تەنها لە ئیسلامدا نییە، بەڵکو لەهندویزم و زەردەشتی و پلاتۆنیزمی یۆنانیشدا هەیە، بەڵام لەتەواوی کۆی باوەر لە سۆفیگەریدا لەسەر یەک پرنسیب کۆن کە ئەوەش؛ وەرزشی ڕۆحیە لەگەڵ خوایەکدا و بونێکی لەخۆت مەزنتر. دورکەوتنەوەیە لە ژیانی سامانداری و دەسەڵات و ماتەری، کە جەستەی مرۆڤیش دەگرێتەوە. لەهەمان کاتدا ئەو شوێنەی کە دەبێتە تەکیە، هەمیشە دەبێتە شوێنی داڵدەدانی هەژاران و گۆشەگیران. یەکێک لەهۆکارەکانی پەلاماردانی حەلاج ئەوەبوو کە بەتەواوەتی حەجی ڕەت دەکردەوە و دەیوت: پێویستە حەج لە مالەکەی خۆتا بکەیت، ئەوەش لەڕێگای تێرکردنی ٣٠ کەسی برسی و هەژار.
شێخ نەهرۆ لەبری داڵدەدانی برسی و هەژاران و لێقەوماوانی ئەمرۆی کۆمەڵگاکەمان، تەکیەکەی کردۆتە دیوەخان و بانگەشەی کەسایەتیەکان و دزو گەندەڵە پلەباڵاکانی دەسەڵات و حیزبەکان دەکات.
بانگەشەی ژنانی حیزب و ڕێکخراوە وابەستەکان دەکات کە پێشنیاری سەیروسەمەرەی زوتر ئامادەکراوی پێشکەش بکەن.
لەوێشەوە بانگەوازی سیاسی دەردەکات بە سیناریۆی بەتەنگەوەهاتنی دڵسۆزانە بۆ کۆمەڵگاکەمان. لەبری ڕووکردنە خوا ڕووی کردوتە دونیای دەرەوەی سامان و پلەو پایە، لەبری زوهد کردن بۆ خوا زوهد دەکات بۆ گەندەڵی. بەپێچەوانەشەوە بەناو سیاسیەکانمان لەبری خزمەت بە برسی و هەژاران و شەقام، ڕوو دەکەن تەکیەکەی شێخ نەهرۆ بۆ ئامادەکاری دەنگ کۆکردنەوە. ئەوەی لێرەدا لە لایەن هەردو بەناو پیاوانی دینی وەکو شێخ نەهرۆ و دەسەڵاتداران ژێرپێخراوە و لەبیرکراوە؛ خوا و خاك و خەڵکە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە