سوپای دوێنێی عیراق ئەو سوپایەی ئەمڕۆ نییە!

Friday, 08/01/2021, 14:37

6514 بینراوە


زۆربەی نووسەر و میدیای عیراقی و کوردییەکان و سەڕۆکی پارت و دەسەڵاتدارانی عیراق لەسەر ئاستی ناوەند و هەرێم، ٦ی کانون وەک یادکردنەوەی دامەزراندنی سوپای عیراقی بە خەڵک دەناسێنن، بەڵام ئەوەی جێگەی باسە لە دوای ڕوخانی سەدام و پێش هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن ئەمریکاوە، ئەو سوپایە بەتەواوی لەیکتر ترازابوو، زۆربەی کادیری سەربازیی پلەداری ئەو سوپایە، یان عیراقیان بەجێهێشتبوو، یان لە زیندان بوون یان بۆ داڵدەدان ڕوویان لە باشووری کوردستان کرد بوو. سەربازەکانیش پەرتەوازە بوون لەنێوان ڕاکردن بۆ دەرەوەی عیراق و یان دانیشتن لە ماڵەوە، ئەوجا دواتر لە دوای ٢٠٠٣دا ئەمریکا بە فەرمیی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سوپایەی ڕاگەیاند، واتە ئەو سوپایەی کە لە ساڵی ١٩٢١دا لە زەمانی مەلیک فەیسەلی یەکەمدا، کاتێک کە بریتانیا دەسەڵاتدار بوو لەو وڵاتە یەکەم فەوجی بە ناوی "ئیمام موسی ئەلکازمی" دامەزراند، هەمان ئەو سوپایەی ئەمڕۆ نییە و تەمەنی ئەو سوپایە لە ساڵی ٢٠٠٣دا تەواو بوو.

مێژوو پێمان دەڵێت، لە عیراقدا سوپا دەزگایەکی سەربازیی سەربەخۆی "نیشتمانی و نەتەوەیی" نەبووە و نییە، هەمیشە لەژێر دەسەڵاتی سەڕۆکەکانی بووە، بۆ یەکلاییکردنەوەی گرفتی نێوان پارتەکان بەکارهاتووە. ئەوان ئەوەندەی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و دامرکاندنەوەی دەنگی ناڕەزایی شەقام ئەو سوپایەیان بەکاردەهێنا، ئەوەندە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و سنوور و مەترسییە دەرەکییەکان بەکارنەهێنراون، بۆیە هەمیشە وەک دەزگایەکی داپلۆسین و وێرانکەر لەلایەن خەڵکەوە چاوی لێدەکرا، دەزگایەکی ناخۆشەویست و نەوێست بوو لەلایەن گەلانی عیراقەوە ڕێزی نەبوو. ئەم واقیعە و پێگەی جەماوەریی لەرزۆکی ئەو سوپایە بە درۆودەلەسە پینە ناکرێت!

لە باشووری کوردستاندا سوپا کۆنەکەی عیراق ئەوەندەی ئەرکی وێران کردنی کوردستانی لە ئەستۆ گرتبوو چارەکێک بە ئەندازەی ئەوە پارێزگاری لە ئاسایشی ئەو دەڤەرە نەکردوە، سوپای ڕەحمەتی عیراقی هەزاران بەرابەر تەمەنی خۆی دەستدرێژی کردۆتە سەر میللەتی کورد و تەنیا بە کوشتن و لەناوبردن نەوەستاوە بەڵکو دەستدرێژی ناموسیشی کردۆتە سەر میللەتی کورد. سوپا بەڕەحمەتبووەکەی عیراق تاوانبارە بە ویرانکردنی گوندەکانی کوردستان، ئەنفال، کیمیابارانی هەڵبجە و بەرەنگاری بوونەوەی ڕاپەڕین لە سەرتان سەری عیراقدا. ئەو بوو کە مەزبەحەت سومێلی دژی ئاشوورییەکان ئەنجام دا، ئۆباڵی کۆمەڵکوژی فورات ئەوسەت و ئەهوارەکانی لە ئەستۆدایە، هەروها کۆمەڵکوژی تورکمانەکان و بە سەدان تاوانی دی کە ئەو سوپایە بە درێژای تەمەنی دژی گەلانی عیراق ئەنجامی داوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئێستا هەموو ئەوانەی کە هەنووکە لە بەغداد و هەولێر و سلێمانی لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دانیشتوون و دەیانەوێت لە وتارەکانیاندا شکۆمەندی تایبەتی بەو سوپایە ببەخشن، مێژووی تەمەنی هەڵوەشاندنەوەی لەیاد خەڵک ببنەوە، تەمەنێکی درێژتری پڕ لە ئازایەتی و نەبەردی بۆ بهۆنەوە، هەر ئەوان بوون کە لە زەمانی سەدامدا لەدەست ئەو سوپایە ڕایانکردبوو و قەیسەریان لێ ببوو بە کونەمشک!

بە درێژای مێژووی دروستبوونی دەسەڵاتی سیاسی عیراق، هەمیشە ئەوانەی کە هاتوونەتە دەسەڵات تەنیا بەوە نەوەستاون کە یەک دەزگەی سەربازیی وەک سوپا دابمەزرێنن، بەڵکو هەمیشە هەوڵیانداوە لەپاڵ ئەو سوپایەش میلیشیا لەژێر ناوی جیاجیادا دروست بکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و تۆقاندنی خەڵک مەشروعیەت بە بوونیان بدەن بۆ نمونە، لە زەمانی سەدامدا جگە لە سوپای عیراقی و دەزگەی هەواڵگری و ئاسایش و پۆلیس، بە دەیان هێز و میلیشیا دروست کرابوون وەک پاسەوانی کۆشکی کۆماری، هێزی تایبەت، هێزی جاش کە پێکهاتبوون لە کوردی چەکداری سەر بە ڕژێمی بەعس ناوی سەڕۆک جاشەکان ببوو بە "موستەشار" و جاشەکانیتریش لەژێر ناوی جەحافیلی خەفیفە کۆکرابوونەوە و هەروها جەیشی شەعبی و چەکدارکردنی عەرەبی ناوچە تەعریبکراوەکان. ئەم مودیلە پێش هاتنی ئەحەمەد حەسەن بەکر و هاتنی سەدام و دوای ئەوانیش لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراق و هەرێم پەیڕەو کراوە، ئێستا لەپاڵ سوپا دەیان هێز و میلیشیای سەر بە حزبەکان دروستکراون وەک حەشدی شەعبی.

حەشدی شەعبی، هێزیکی پتەوی سەر بە ئیرانە و پێشتر وەک میلیشیا دروستکران و بوون بە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی زۆربەی ئەو کەسانەی کە نەخوێندەوارن و دەرچووی کۆلیژی سەربازیی فەرمیی نین و هەڵگری بیروباوەڕی مەزهەبین، بودجەیەکی خەیاڵیان بۆ تەرخان کراو دواتر بە ڕەزامەندی و هاوکاری و واژۆی نوێنەرانی پارتە کوردییەکان وەک هێزێکی فەرمیی ددانی پێداندرا. چەکدارکردنی عەشایرەکان. دامەزراندنی هێزی پێشمەرگە، دژە تیڕۆر، زێرەڤانی، حەشدی کوردی جگە لە ئاسایش و دەزگەی هەواڵگری و هێزی چەکدار و سوپای تایبەتی دەوری سەرانی پارتە عەرەبیەکان و پیاوانی ئاینی و سەرانی پارتە کوردییەکانی وەک ینک و پدک و هێزی چەکداری بۆ پاراستنی خاڵە سنووریەکان. بەم جۆرە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و بەغداد بەهێزی ئەو میلیشیانە لە پەرلەمانەکان دەخوڕن و پێویستیان بە سەپاندنی خزمەتی ئیلزامی نییە، لەبەرئەوەی دۆخی ئابووریی خەڵکیان ئەوەندە خراپ کردوە خەڵک بۆ دابینکردنی قوتی ڕۆژانەی خۆی لەنێو ئەو هێزە چەکدارانە ناونووس دەکات.

سوپای دوای ٢٠٠٣و سروشت و جۆری دامەزراندنی لەگەڵ سوپای ڕەحمەتی جیاوازی بنەڕەتی هەبوو بە تایبەتی بۆ میللەتی کورد وەک، هیچ پارتێک یان سەرکردەیەکی کوردی دەستی نەبوو لە دامەزراندنی سوپای عیراقی لە ساڵی ١٩٢١دا، بەڵام دامەزراندنەوەی سوپای عیراقی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣دا لە قۆناغێکی دیکەی مێژوویدا بوو، لەسەر دەستی ئەمریکا بە هاوکاری ئیران و پارتە شیعی و سونە عیراقیەکان و سەرانی پارتە کوردییەکان بە تایبەتی ینک و پدک بیناغەی بۆ هەڵکەندرا و بووە بەو سوپایەی ئەمڕۆ کە تەمەنی تەنیا لە ١٨ ساڵ تێپەڕ ناکات و زۆربەی ئەوانەی کە لە کۆلێژە سەربازییەکانی هەرێم وانە دەڵێنەوە بە تایبەتی لە هەولێر مامۆستاکانیان ئەفسەرە ڕاکردووەوکانی سوپای ڕەحمەتین!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە