مەسعود بارزانى ده‌زگاى پاراستن به‌ باره‌گاى بارزانى ده‌به‌ستێته‌وه‌


ڕۆشنبیرى کۆیلە و نه‌زان و شایه‌ر

Saturday, 01.09.2021, 9:25

1907 بینراوە


له‌ سایتى كوردستان پۆست بابه‌تێكم خوێنده‌وه‌ به‌ناوى (ده‌سه‌ڵاتى كوردى ده‌وڵه‌تی‌ كوردى خوارد).
ئه‌مه‌ قسه‌ى حه‌سه‌ن عه‌له‌وى گه‌وره‌ ڕوناكبیرى عێراقه‌. سه‌ره‌تا ده‌ست خۆشى له‌ ستافى كوردستان پۆست ده‌كه‌م كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌یان بڵاو كردۆته‌وه‌ كه‌ به‌لاى منه‌وه‌ زۆر گرنگ و پڕبایه‌خه‌. حه‌ق وایه‌ هه‌موو كوردیك به‌ پیتى گه‌وره‌ بینۆسێته‌وه‌و بیخاته‌ چوار چێوه‌یه‌كى ئاڵتونه‌وه‌ و له‌شێوێنیكى دیارى ماڵه‌كه‌یدا هه‌ڵیواسیت بۆ ئه‌وه‌ى نه‌وه‌ دواى نه‌وه‌ بزانن سه‌ركرده‌ و به‌ناوسیاسه‌كانى كورد چییان به‌سه‌ر میلله‌تى خۆیاندا هیناوه‌. 
 من لێره‌دا نوسینه‌كه‌ى ستافى كوردستان پۆست وه‌كو خۆى ده‌نوسمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى زۆرترین خه‌ڵك بیبینیت و دواجار ده‌مه‌وێت ئه‌م بابه‌ته‌ به‌راورد بكه‌م به‌ نوسین و لێدوانى هه‌ندێك به‌ناو ڕۆشنبیرى كۆیله‌وه‌.

حه‌سه‌ن عه‌له‌وى ده‌ڵێت من به‌ كوردم گوت:
تێبگه‌ن ئێوه‌ نابن به‌ وڵاتى دوبه‌ى. موبایل و مۆَڵتان بۆچییه‌ ، داهاتوى ئێوه‌ مه‌رو بزن و كشتوكاڵه‌ خوا هه‌موو شتێكى به‌ ئێوه‌ داوه‌. 
له‌ درێژه‌ى قسه‌كانیدا ده‌ڵێت:
500 ساڵ به‌سه‌ر شه‌ڕى چاڵدێراندا تێپه‌ڕیوه‌ و به‌ڵام چاڵدێران هه‌ر ماوه‌و كه‌چى ئێوه‌ خه‌وتونو قاچتان هه‌ر به‌ به‌ر خۆره‌وه‌یه‌ . واته‌ خاوه‌نى هیچى خۆتان نین . 
 ئێوه‌ هه‌ر خه‌رێكى حیزبایه‌تى و ناوچه‌ گه‌رێتین و بۆچى به‌سه‌ر هه‌ولێر و سلێمانی دا دابه‌ش بون و بۆ ئه‌وه‌نده‌ په‌رته‌وازه‌ن؟. ئێوه‌ له‌ دروستكردنى ده‌وڵه‌ت 500 ساڵ دواكه‌وتن. كاتێك كه‌ ده‌وڵه‌تى عوسمانى ڕوخا ئێوه‌ له‌كوێ بون؟. ئه‌ى ساڵى 1991؟ . ئه‌ى له‌ 2003 كه‌ عێراق ڕوخا ئێوه‌ له‌ كوێ بون؟. ئێوه‌ ده‌وڵه‌تتان پێ ئه‌ده‌ن به‌ڵام خۆتان لێی ڕاده‌كه‌ن ! 
كورد به‌ دۆخى ڕه‌تكردنه‌وه‌ى یه‌كترى ڕازییه ‌و گرێیى مێژوى بۆ ناكرێته‌وه‌ .ئێوه‌ دواى ساڵى 1991 ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتتان دروست كرد نه‌ك ده‌وڵه‌ت. ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌ى ئێوه‌ بوو . جارێكى تریش دووباره‌تان كرده‌وه‌ . ده‌سه‌ڵاتیش به‌بێ ده‌وڵه‌ت وه‌كو شێرى برسى وایه‌ . ده‌سه‌ڵاتێكى ئاوا هه‌موو شتێك لۆش ده‌دات و ده‌یخوات .
له‌ كۆتا قسه‌یدا ده‌ڵێت:
بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتى كوردى ده‌وڵه‌تى كوردى خۆى خوارد.

ئێستا با هه‌مومان به‌ یه‌كه‌وه‌ كه‌مێك لێكدانه‌وه‌ بۆ قسه‌كان و نه‌سیحه‌ته‌كان و ڕه‌خنه‌كانى ئه‌م بیرمه‌نده‌ گه‌وره‌ى عه‌ره‌به‌ بكه‌ین چ نه‌سیحه‌تێكى گه‌وره‌ى كورد ده‌كات و چۆن ڕابوردوى خومان به‌ بیر دێنێته‌وه‌ . پێمان ده‌ڵێت: ئێوه‌ خۆتان هپچ نه‌بون، ده‌نا فرسه‌تى زۆر باشتان بۆ ڕه‌خساوه‌و ده‌تان توانى ببنه‌ خاوه‌نى ده‌وڵه‌تى خۆتان. به‌ ڕونى پێمان ده‌ڵێت:
 ئه‌گه‌ر خۆتان هه‌بونایه‌ ساڵى 1991پشتیوانییه‌كى گه‌وره‌ى نێو ده‌وڵه‌تیتان هه‌بوو ده‌تان توانى ببنه‌ خاوه‌نى ده‌وڵه‌ت . پێمان ده‌ڵێت: ساڵى 2003 كه‌ به‌عس ڕوخاو یه‌ك سه‌ربازى عێراقى نه‌مابو له‌ كوێ بون؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وكاته‌ نه‌تان توانى بێت شتێك به‌ده‌ست بهێن تازه‌ ده‌ستان له‌ بنى هه‌مانه‌كه‌ به‌ خاڵى هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌ . له‌ برى ئه‌وه‌ى بیر له‌ سه‌ربه‌خۆیی بكرێته‌وه‌ ،دۆژمنێكمان گۆڕیه‌وه‌ به‌ دۆژمنیِكى تر و نیوه‌ى بادینانمان خسته‌ ژێر پۆستاَلى سوپاى توركه‌وه‌. بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌ پێی قسه‌ى ئه‌م بیر مه‌نده‌ ده‌بوو ئێمه‌ چی بكه‌ین و به‌ڵام ئێمه‌ چیمان كردوچۆن ماڵى خۆمان وێران كرد .
له‌ دواى 1991 وه‌ شه‌ڕى ناوخۆمان دروست كرد و سوپاى عێراقمان هێنایه‌ سه‌ر هه‌ولێر و 31 ئابمان كرده‌ میژویه‌كى قێزه‌ون و له‌وه‌ش خرابتر ئه‌وانه‌ى ئه‌و خیانه‌ته‌یان كرد شانازى پێوه‌ ده‌كه‌ن. ڕیفراندۆممان كرد نه‌ك بۆ سه‌ر به‌خۆیی ، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ى نێوه‌ى خاكى هه‌رێم ڕاده‌ستى به‌غدا بكه‌ینه‌وه‌. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ پارتى تا ئێساش شانازى پێوه‌ ده‌كات, نه‌وتمان ده‌ر هێنا نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى ژێر خانى ئابورى خۆمانى پی بنیات بنێین ، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان بخه‌ینه‌ ڕه‌هنى نه‌وته‌وه‌ .
 سه‌ركرده‌كانى ئێمه‌ له‌ سه‌اڵى 1964 له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان ده‌ریایه‌ك خوێنى ئه‌م میلله‌ته‌یان به‌ خۆڕایی ڕشت، به‌ڵام كاتێك باسى شیرینى نه‌وت هاته‌ پێشه‌وه‌، بونه‌ براو مویان به‌یه‌ینه‌وه‌ نه‌ده‌چوو بڕى 5 ملیار دۆلاریان له‌ناو خۆیاندا به‌شكردو ئه‌وه‌تا ئێستا میلله‌تێكیان كرده‌ سواڵكه‌ر.
 با به‌ناو ڕاوێژكاره‌ كۆیله‌كانى بارزانى و ڕۆشنبیرو مامۆستایانى زانكۆى سه‌ر به‌ پارتى له‌ برى ماستاوكردن و دووڕویی و كۆیلایه‌تى قسه‌ى ئه‌و بیرمه‌ندو كه‌سایه‌تییه‌ جیاهانیانه‌ بۆ به‌رزانى باس بكه‌ن بۆئه‌وه‌ى فێرببیت سیاسه‌ت چۆن ده‌كرێت و ئه‌وان چیان كردوه‌ بۆ میلله‌تانى خۆیان. یان قسه‌ولێدوانى ئه‌و كه‌سانه‌ى بۆ باس بكه‌ن كه‌ ڕاسته‌وخۆ باسى كورد ده‌كه‌ن .
با شایه‌ره‌كان و كۆیله‌كانى بارزانى ئه‌و ڕاپۆرته‌ى (ئیهۆد یعرى) سیاسه‌تمه‌دارى سیاسى ئیسڕائێلى شاره‌زا له‌ كێشه‌ى كورد بۆ مه‌سعود بارزانى ببه‌ن و پێ بڵێن ئه‌مه‌ت له‌سه‌ر نوسراوه‌. زۆر به‌ ڕونى ده‌ڵێت: مه‌سعود بارزانى له‌سه‌ر داواى ئه‌ردۆغان ڕیفراندۆمى كرد بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ركوك له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى یه‌كێتیدا نه‌مێنیت بۆ ئه‌وه‌ى ته‌رازوى هێز به‌لاى یه‌كێتیدا نه‌شكێته‌وه‌ و له‌ ڕێگاى یه‌كێتییه‌وه‌ په‌كه‌كه‌ نه‌گاته‌ ئه‌وێ. زۆر به‌ڕاشكاوى ده‌ڵێت: مه‌سعود بارزانى پێكهێنانى ده‌وڵه‌تى كوردى كرده‌ خه‌ون و ئێستا بۆ شاردنه‌وه‌ى شكسته‌كه‌ى، ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگاى سوشیال میدیاوه‌ یه‌كێتى تاوانبار بكات.
ئه‌مه‌ قسه‌ى ئێمه‌ نییه‌، قسه‌ى شاره‌زایه‌كى ئیسڕائیلییه‌ له‌ بوارى كێشه‌ى كوردا.
با بچن قسه‌كانى گۆَڵ ده‌مه‌ئیر پێنجه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسڕائێلى بۆ بگێرَنه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت:
سه‌ركرده‌ ئه‌وه‌یه‌ سواڵ بۆ گه‌له‌كه‌ى بكات نه‌ك، گه‌له‌كه‌ى بكاته‌ سواڵكه‌ر.
گوڵده‌مه‌ئیر له‌ ئه‌مه‌ریكا ماڵه‌و ماڵ ده‌گه‌ڕا و سواڵى بۆ ئیسڕائیل ده‌كرد. مه‌سعود بارزانیش سامانى ئه‌م نیشتمانه‌ تاڵان ده‌كات.
نیلسۆن مه‌ندیلا ده‌ڵێت:
شه‌رمه‌زارییه‌ سه‌ركرده‌یه‌ك خه‌باته‌كه‌ى خۆى به‌ میلله‌ت بفرۆشیته‌وه‌ و منه‌تیان به‌سه‌ردا بكات.
مه‌سعود بارزانیش به‌رده‌وام ده‌لێت ئێمه‌ خه‌باتمان كردوه‌ و ئه‌م ئه‌زمونه‌مان به‌ده‌ست هێناوه‌.
ئه‌و ئه‌زمونه‌ى ئه‌وشانازى پێوه‌ ده‌كات ئه‌زمونه‌له‌ دزیو تاڵانیدا نه‌ك حوكمڕانییه‌كى ته‌ندروست. ده‌ڵێت: ڕێگا ناده‌ین كه‌س لێمان تیك بدات. واته‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ دزیكردندا.
نیلسۆن مه‌ندێلا 20 ساڵى ته‌مه‌نى له‌ زینداندا له‌ پێناوى میلله‌ته‌كه‌یدا برده‌ سه‌ر. به‌ڵام ڕۆژێك له‌ ڕۆژان هیچى به‌ میلله‌ت نه‌فرۆشته‌وه‌. مه‌سعود بارزانیش له‌ دووره‌وه‌ سه‌یرى شه‌ڕى كردوه‌ و به‌رده‌وام پێمان ده‌فرۆشێته‌وه‌.
هیتله‌ر ده‌ڵێت:
بێ نرخترین كه‌س لاى من ئه‌وانه‌ن كه‌ یارمه‌تیان داوم له‌ داگیركردنى وڵاته‌كه‌یان، له‌ كاتێكدا زانیویانه‌ من دوژمنیانم.
ئه‌وه‌تا مه‌سعود بارزانى په‌لكێشى سوپاى تورك ده‌كات بۆ ناو هه‌ریمى كوردستان. كاتى خۆى شه‌نگالیان ته‌سلیمى داعش كرد ، به‌ڵام په‌كه‌كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ى پاراست.
ئێستا شه‌نگال ته‌سلیمى به‌غدا ده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر داواى توركیا بۆ ئه‌وه‌ى په‌كه‌كه‌ له‌ شه‌نگال ده‌ركه‌ن.
شایه‌ر و كۆیله‌كان ده‌بوو ئه‌م جۆره‌ زانیاریانه‌ بده‌نه‌ ئاغاكانیان، نه‌ك وه‌كو كۆیله‌ له‌به‌رده‌رگا بوه‌ستن و بڵین به‌ڵى قوربان هه‌مووشتێك فه‌رمایشتى جه‌نابتانه‌ و ڕۆڵى پاسه‌وان ببینن.
لێره‌دا قسه‌ى هه‌ندێك ئه‌ندام په‌ڕله‌مانى پارتى و مامۆستاى زانكۆتان بۆ باس ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ى بزانن ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ به‌ قسه‌ى حسه‌ن عه‌له‌وى حكومه‌تى كوردى خواردوه‌ چ نه‌وه‌یه‌كى سه‌قه‌تى به‌رهه‌م هێناوه‌.ئه‌گه‌ر سه‌رنجى قسه‌كانیان بده‌ى به‌ڕاستى له‌ لایه‌ك ته‌ریق ده‌بێته‌وه‌و له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ به‌زه‌یت به‌م میلله‌ته‌دا دێته‌وه‌ دواى چه‌ندین ساڵ چیمان به‌ده‌ست هێناوه‌.
هێمن هه‌ورامى جێگرى سه‌رۆكى په‌ڕله‌مان ده‌ڵێت: ساڵى 2021 چاكسازى ڕاسته‌ قینه‌ ده‌كه‌ین. دیاره‌ گه‌نده‌ڵى هه‌یه‌. باشه‌ كێ به‌رپرسه‌ له‌ خولقاندنى ئه‌م بارودۆخه‌ى ئێستا و كێ ده‌ستى گرتبون پێشتر چاكسازیتان بكردبایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كار نه‌گه‌یشتیه‌ ئێستا. له‌ شوێنێكى تردا ده‌ڵێت: توركیا حه‌قى خۆیه‌تى له‌ هه‌ر شوێنێكى ناوخاكى كوردستان له‌ دوژمنه‌كانى بدات. به‌لاى ئه‌وه‌وه‌ توركیا دۆسته‌و په‌كه‌كه‌ دوژمنه‌. ئه‌وه‌ جێگرى سه‌رۆكى په‌ڕله‌مانه‌كه‌ت بێت ، چاوه‌ڕوانى چ ئاینده‌یه‌ك بۆ ئه‌م نیشتمانه‌ ده‌كه‌ى ؟
ئومێد خۆشتاوسه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌ڕله‌مانى كوردستان ده‌ڵێت:كێشه‌ى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌ موچه‌یه‌و نه‌ پاره‌یه‌. كێشه‌ى ئێمه‌ خاكه‌ ، نیشتمانه‌. تكایه‌ خۆمه‌فرۆشن خاك بپارێزن. باشه‌ كێ له‌ حیزبه‌كه‌ى خۆت نیشتمان فرۆشتر و خاك فرۆشتر وخائینتر به‌گه‌ل و نیشتمان هه‌یه‌. ئه‌ى كێ له‌خۆت باشتر ماستاو ده‌كات و له‌ هه‌مان كاتیشداشایه‌رى باشه‌ ؟ كه‌مێك سه‌رنجى قسه‌كانى حه‌سه‌ن عه‌له‌وى بده‌ بۆ ئه‌وه‌ى مێژوى حیزبه‌كه‌ت باش بزانى. له‌ درێژه‌ى قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: كاك مه‌سرور وه‌كو ئیمامى عومه‌ر وایه‌ له‌ حوكمڕانیدا. ئه‌مه‌ قسه‌ى ئه‌ندام په‌ڕله‌مانێكه‌ نه‌ك كه‌سێكى ئاسایی. كه‌واته‌ میلله‌تى كورد تا زوه‌ قوڕ بكه‌ به‌سه‌رتا.
ئه‌ندام په‌ڕله‌مانێكى ترى پارتى ده‌ڵێت: ساڵی 2021 ئابورى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌نده‌ پێش ده‌كه‌وێت ، ده‌بێ به‌غدا پاره‌ له‌ هه‌رێم وه‌رگرێت. ئه‌مه‌ش هه‌ر قسه‌ى ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ ، نه‌ك خه‌ڵكى ئاسایی مامۆستایه‌كى زانكۆ وابزانم ناوى ساڵح عومه‌ر بوو ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ڵده‌دا نه‌چوبم له‌ كاتى ڕیفرادۆمه‌كه‌دا وتى: دواى 15 ڕۆژى تر حكومه‌تى كوردستان دروست ده‌بێت. مامۆستایه‌كى ترى زانكۆ ده‌ڵێت: حكومه‌تى عێراق چاوى به‌م پێشكه‌وتنه‌ى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵ نایه‌ت و ده‌یانه‌وێت لێمان تێك بده‌ن. مه‌به‌ستى ئه‌وه‌یه‌ شوقه‌ى زۆرمان دروست كردوه‌. ئه‌گه‌ر كوردستان ئاوا پێشكه‌وتوه‌ ، ئه‌ى خێره‌ بۆ به‌غدا چه‌ماونه‌وه‌.
به‌همه‌ن كاكه‌كه‌ عه‌بدوڵا ئه‌ندام په‌ڕله‌مانى كوردستان ده‌ڵێت: تا ئێستا چه‌ندین وڵات داوایان له‌ بارزانى كردوه‌ كه‌ نێوه‌ند گیرى له‌ به‌ینى ئه‌مه‌ریكاو ئێراندا بكات. درۆكه‌ زۆر گه‌وره‌یه‌ له‌ هیچ جه‌واڵێكدا جیگاى نابێته‌وه‌. ئه‌م كۆیلانه‌ قۆناغى درۆكردنیان تێپه‌ڕاندوه‌و ئێستا خه‌رێكى وه‌رگرتنى بڕوانامه‌ى ماسته‌رو دكتۆران له‌ درۆزانیدا. ئه‌م لێدوان و قسانه‌شیان بۆ پراو كردنه‌.
ئه‌مه‌یان خۆشه‌: كه‌سێك دكتۆراى وه‌رگرتوه‌ له‌سه‌ر ڕه‌وان بێژى وتاره‌كانى بارزانى. سه‌یر له‌وه‌دایه‌ بارزانى هه‌ر وتارى نییه‌. به‌ده‌گمه‌ن چاره‌كێك له‌بۆنه‌یه‌كدا قسه‌ى كردوه‌و خۆشى نوسینى نییه‌و ئه‌وه‌ى له‌ باره‌ى ئه‌ویشه‌وه‌ هه‌یه‌ كۆیله‌یه‌كى وه‌كو ئه‌مه‌ بۆى نوسیوه‌ته‌وه‌. كاتى خۆى ده‌یانگوت مامجه‌لال له‌ وتارداندا زۆر درێژ دادڕه‌. واته‌ زۆر قسه‌ ده‌كات. هۆكاره‌كه‌ى ئه‌وه‌بوو مامجه‌لال زۆرى پێبو. ده‌یویست له‌و ماوه‌ كورته‌دا زۆرترین شت باس بكات. مه‌سعود بارزانى هیچى پێ نییه‌و ده‌یه‌وێت زوو بیبڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى توشى ئیحراجى نه‌بێت. ئاخر هه‌ى نا ڕۆشنبیرى كۆیله‌، ئه‌ى شایه‌ر چما مه‌سعود بارزانى وتارى هه‌بوه‌ تا ره‌ِوان بێژ بێت ؟.
ئه‌و پیاوى دیوه‌خانه‌و له‌ دیوه‌خان گه‌وره‌بوه‌و ئێستاش دامو ده‌زگاكانى حكومه‌ت به‌ دیوه‌خان ده‌زانێت.بۆیه‌ ده‌بێ ئه‌وانه‌ى له‌وێن وه‌كو تۆى كۆیله‌ هه‌ر سه‌ر بلقێنن و بڵێن: به‌ڵى فه‌رمایشتى جه‌نابته‌و هه‌رچى تۆ بێڵێێت هه‌ر ئه‌وه‌ ڕاسته‌. دیاره‌ پارتى ده‌ریایه‌ك كۆیله‌ى هه‌یه‌و به‌رده‌وام لێدوانى له‌م شێوه‌یه‌ ده‌ده‌ن و خه‌ڵك چه‌واشه‌ ده‌كه‌ن. به‌ڵام حه‌زم كرد تازه‌ترین لێدوانی كۆیله‌یه‌كى پارتیتان بۆ باس بكه‌م كه‌ له‌له‌ فه‌یسبوك بڵاو كرواته‌وه‌و بۆته‌ مه‌هزه‌له‌ى ناو خه‌ڵك.
به‌ڕاستى ئه‌وه‌ حه‌یا چونى زانكۆكانى كوردستانه‌ خه‌ڵكانى ئه‌وا وانه‌ى تێدا بڵێنه‌وه‌. دڵنیام زوربه‌شتان ئه‌و لێدوانه‌تان بیستوه‌. سه‌یركه‌ن سیاسه‌ت له‌م هه‌رێمه‌دا چۆن سوك بوه‌و ئه‌م ده‌سه‌ڵاتداره‌ دزانه‌ له‌ پێناوى مانه‌وه‌ى خۆیاى كه‌سانى چۆن له‌ ده‌ورى خۆیان كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌. كه‌سێك به‌ناوى (ڕێبین سه‌لام) گوایه‌ هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى دكتۆرایه‌، به‌ڵام له‌بیرتان نه‌چێت دكتۆراى سه‌رته‌نوور. له‌ فه‌یسبوك نوسیویه‌تى: له‌ سایه‌ى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ خه‌ڵك ناوى شوقه‌ى بیستوه‌. باشه‌ شوقه‌ سیماى پێشكه‌وتنه‌ تا شانازى پێوه‌ بكرێت ؟ حه‌ق نییه‌ كه‌سمان هیچى پی بڵێین ته‌نها قسه‌ى سروش هه‌ڵه‌بجه‌یی پارێزه‌رى به‌سه‌ كه‌ بۆى نوسیوه‌:
ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بۆگه‌نه‌ نه‌بێت حه‌ق وابوو كورتانت لێكرابایه‌ نه‌ك هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى دكتۆرابێت و له‌ زانكۆ وانه‌ به‌ جیلى داهاتوى كورد بڵێیته‌وه‌. ئه‌ى كۆیله‌ ناڕۆشنبیر تۆ خۆت له‌ساڵێكدا ته‌نها 5 موچه‌ت وه‌رگرتوه‌و دروستكرنى شوقه‌ش به‌سییماى پێشكه‌وتن ده‌زانێت. من ته‌نها ڕه‌خنه‌یه‌كم له‌ قسه‌كانى خۆشكه‌ سروش هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناوى ڕێبین سه‌لامى له‌گه‌ڵ ناوى كه‌ر هێناوه‌. ئاخر كه‌ر به‌م هه‌مو خزمه‌ته‌یه‌وه‌ چۆن له‌گه‌ڵ شایه‌رێكى ئاوا سوك ناوى بهێنریت و به‌راورد بكرێت.
ئێستا وه‌رن نۆسینه‌كه‌ى حه‌سه‌ن عه‌له‌وى و قسه‌ى هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كانى جیهان و به‌ناوسیاسیه‌كانى ئه‌م هه‌رێمه‌ى كوردستان و ئه‌وه‌ى به‌رهه‌میان هێناوه‌ به‌راورد بكه‌ن و لێكدانه‌وه‌ى بۆ بكه‌ن ئه‌و كات تێ ده‌گه‌ن بۆچى تا ئێستا نه‌بوبنه‌ خاوه‌نى حكومه‌تى خۆمان. دواى سى ساڵى حومڕانى مامۆستاى زانكۆ و ئه‌ندام په‌ڕله‌مانى شایه‌ر په‌روده‌ بكه‌ى بۆ ئه‌وه‌ى به‌رگریت لێ بكه‌ن. هه‌ندێك ئه‌ندام په‌ڕله‌مانى پارتى هه‌یه‌ ته‌نها بۆشه‌ڕو چه‌له‌حانى و قسه‌ى حه‌له‌ق و مه‌له‌ق به‌ به‌رنامه‌ نیرراون بۆ په‌ڕله‌مان. هه‌ر ئه‌ندام په‌ڕله‌مانێكى ئۆپۆزسیۆن ڕه‌خنه‌ له‌پارتى بگرێت، په‌لامار ده‌درێت.
ئه‌وه‌ى رۆِژى 6 ى مانگ له‌ كۆبونه‌وه‌ى نا ئاسایی په‌رله‌ماندا بۆ پێدانى موتمانه‌ به‌ وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان ڕویدا، ئابڕوچونێكى ترى ئه‌م ده‌سه‌ڵاتى مافیانایه‌. پارتى له‌ په‌ڕله‌ماندا له‌سه‌ر بنه‌ماى زۆرینه‌و كه‌مینه‌ كار ده‌كات. بۆیه‌ هه‌ر كه‌سێك ڕه‌خنه‌ له‌ پارتى بگرێت، لێی قبوڵ ناكرێت و سوكایه‌تى پی َده‌كرێت. ته‌لارى په‌ڕله‌مان بۆته‌ هۆڵى كاراتێ شه‌ڕه‌بۆكس.
هه‌موو ئه‌وئه‌ندام په‌ڕله‌مانانه‌ى موتمانه‌یان به‌ وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌خشیوه‌ ، وه‌كو ئه‌و ئه‌ندام په‌ڕله‌مانانه‌ى پارتى تاوان بارن كه‌ هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كانى نه‌وه‌ى نوێ. ئه‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێت به‌رده‌وام ئاگره‌سوره‌ له‌ خۆیان دوور بێت، تا سه‌ر نابێت و ڕۆژێك دێت ئه‌وانیش به‌و ئاگره‌ ده‌سوتین.
لێره‌دا یه‌كێتیش تاوانباره‌و سه‌ره‌ى حه‌سیر مه‌یدانى ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كانى ئه‌وانیش دێت. فاروق ڕه‌فیق ده‌ڵێت: كورد خاوه‌نى یاده‌وه‌رى زۆر كورته‌و ته‌نانه‌ت دوێنێی خۆشى له‌ بیر نه‌ماوه‌. بۆیه‌ له‌بیریان نه‌ماوه‌ چۆن پارتى له‌ بازگه‌ى دێگه‌ڵه‌ ڕێگایان له‌ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ گرت بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو هه‌ولێر به‌ مه‌رجێك له‌وكاته‌دا به‌ناو جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم بوو.
كۆمه‌ڵ گه‌لێك به‌ناو ڕۆشنبیر و و مامۆستاى زانكۆ و ئه‌ندام په‌ڕله‌مانى سه‌ر به‌ پارتى، ڕۆڵێكى زۆر خراپ و مه‌ترسیدار ده‌بینن. ئه‌وانه‌ له‌ پێناوى ده‌سكه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندى خۆیاندا ته‌نانه‌ت بۆ خیانه‌تیش پشتیوانى له‌ به‌رپرسانى پارتى ده‌كه‌ن. ئه‌وانیش پێیان وایه‌ هه‌رچى ئه‌وان ده‌یكه‌ن ڕاسته‌ بۆیه‌ خه‌ڵك پشتیوانیانه‌. ئه‌مانه‌ى كه‌ ناوم هێنان ڕێك بونه‌ كۆیله‌و به‌رده‌وام خه‌رێكى ماستاوكردن وشاردنه‌وه‌ى عه‌یبو عارى دزوو تاڵان چییه‌كانن. ئه‌مانه‌ ڕێك بونه‌ شایه‌رى پارتى و بنه‌ماڵه‌ى بارزانى.
ساڵانى زوو وه‌كو ئێستا فیرقه‌ى مۆسیقا نه‌بوو. ته‌نها ده‌هۆڵ و زوڕنا هه‌بوو. ئه‌وانه‌شى ده‌هۆڵ و زوڕناكه‌یان هه‌بوو پێیان ده‌گوترا شایه‌ر یان لۆتى. له‌ كاتى شایی و ژن گواستنه‌وه‌دا، خاوه‌ن شایی بانگى ئه‌مانه‌یان ده‌كرد و پاره‌یان پێ ده‌دان و شاباشیشیان ده‌كرد. واته‌ پاره‌شیان له‌ خه‌ڵك وه‌ر ده‌گرت. له‌ خۆشى پاره‌ زۆر به‌گه‌رمى ده‌هۆلیان لێ ده‌دا چه‌قه‌نه‌و سورَدانیان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ى هه‌م خه‌ڵك زیاتر دڵ خۆش بكه‌ن و هه‌م پاره‌ى زیاتریش وه‌رگرن.
پارتى و بنه‌ماڵه‌ى بارزانى له‌شكرێك خه‌ڵكى به‌ناوى مامۆستاى زانكۆ و ڕۆشنبیر و ئه‌ندام په‌ڕله‌مان به‌ به‌رنامه‌ پێگه‌یاندوه‌و پاره‌یان پی َده‌دات له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌مانه‌ رۆِڵى شایه‌رو ماستاوچى و كۆیلایه‌تیان بۆ ببێن. ئه‌وه‌تا به‌ به‌رنامه‌ په‌لاماردان و ڵێدانى ئه‌وئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌شیان خستۆته‌ ناو ئه‌و به‌رنامه‌یه‌وه‌و هه‌ر ئه‌ندام په‌ڕله‌مانێك ڕه‌خنه‌ له‌ پارتى بگرێت په‌لامارى ده‌ده‌ن.
كاره‌ساتى گه‌وره‌ى به‌ناو سیاسه‌كانى كورد ئه‌وه‌یه‌ (كه‌ تا ئێستا نازانن و ده‌ركیان به‌وه‌ نه‌كردوه‌ كه‌ئه‌وان سیاسه‌ت نازانن). بۆیه‌ ئه‌وان دان به‌ هه‌ڵكه‌كانى خۆیاندا ناهێنن و هه‌میشه‌ خۆیان به‌راست ده‌زانن و گۆى بۆ كه‌س ناگرن چونكه‌ خۆیان له‌ هه‌موان به‌ عاقڵتر ده‌زانن. بۆیه‌ به‌رده‌وام هه‌ڵه‌كان دوو باره‌و سێ باره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌و وانه‌ له‌ ڕابوردوو وه‌ر ناگرن. چه‌رجڵ ده‌ڵێت: هه‌موو میلله‌تێكى ئه‌م جیهانه‌ ده‌بێته‌ خاوه‌نى ئه‌و حكومه‌ته‌ى كه‌ قابیلیه‌تى. به‌ پێی قسه‌ى ئه‌و بێت ماناى ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ شایه‌نى ئه‌وه‌ین حكومه‌تێكى وه‌كو ئێستامان هه‌بێت،چونكه‌ ئه‌وه‌مان قابیله‌و شانمان ئه‌وه‌ هه‌لأَ ده‌گرێت.