دکتۆر و حاجی

Sunday, 10/01/2021, 18:13

7564 بینراوە


وشەی دکتۆر لە کوردستان جێگای وشەی حاجی گرتۆتەوە، وەک چۆن ئەگەر نەچویتایە بۆ حەج لەلایەن موسڵمانانەوە ڕێزت لێ نەدەگیرا، ئەوا ئەمڕۆ بەهەمان شیوە ئەگەر دکتۆر نەبێت بۆت نییە بدوێیت و ڕێزت لێ ناگیرێت. راستە وەک ئەریستۆت دەڵێت:

(ژیانێک بە بێ تاقیکردنەوە، ئەوە ناهێنێت بژیت ).

تاقیکردنەوە فێرت دەکات کە توانای خۆت و خۆت بناسیت، لەهەمان کاتدا بچیتە ناو شکڵێک لەجۆری دەربڕینی راو بۆچون. بەڵام هێندە گوێم لە وشەی دکتۆرە لە کوردستان لەهێچ شوێنێکی ئەم زەویەدا گوێم لێ نەبووە. لە ئەوروپا لە پەراوێزی وتارێکدا دەنوسرێت فڵانە کەس دکتۆرای لەو باسەدا وەرگرتوە، یان کاتێک بانگهێشتی بەرنامەیەک دەکرێت، دەڵێن فڵانەکەس دکتۆرای لەو باسەدا وەرگرتوە بۆیە بانگهێشت کراوە، ئیتر کەس ئەوی تر بە دکتۆر بانگ ناکات، جگە لە دکتۆری خەستەخانە نەبێت.
بەرای من زۆر ناشایستەیە و شەرمە کەسێک وشەی دکتۆر بەناوەکەیەوە بنوسێنێت کاتێک ئەو هیچ بەرهەمێکی نییە، چونکە ئەمڕۆ دکتۆرا بە چەند دەفتەرێک دۆلار بەئاسانی دەست دەکەوێت، شتێکی وەها گران نییە. لە ئەوروپاش بیانییەکان بەئاسانی دەتوانن دکتۆرا وەربگرن لەبەر ئەوەی خەمیان نییە و دەڵێن خۆ لە وڵاتی ئێمە دەرس ناڵێتەوە، دەنا ئەو هەمو دکتۆرە لە کوردستان، کوانێ وتارێکی گرنگ لەسەر باسێک ! یان لەسەر ئەو باسەی کە دکتۆرایان تێدا هێناوە ؟
دەستەواژەی: دکتۆر، کە بە هەموو ناوێکەوە دەلکێت لە ڕۆژهەڵات، گرنگی بە کەسێک ئەدات پیش ئەوەی ئەو کەسە گرنگی فکر و کاری خۆیمان بۆ نمایش بکات، هەمان دەوری جیاکردنەوەی چینێکە لە چینێكی تر، بۆ ئەوەی کە پێمان بڵێن ئەم کەسە مرۆڤێکی ئاست بەرزە و بۆی هەیە تڕیش لێ بدات، وەک ئەو دکتۆرەی بە ناوی رەوانبێژیی لە قسەکانی مەسعود بارزانی تێزێکی کرد. بێگومان دەتوانین لەسەر وتاری مەسعود بارزانی و لەسەر گونی مێشولەش تێز بکەین، بەلام بە بێ ئەوەی ئەو تیزە بیخوێنینەوە، دەزانین ئەو کەسە، ئەو کۆیلەیەیە، کە تەنها مەبەستی پیا هەڵدانە، نەک لێکۆڵینەوە، بۆیە لکاندنی دکتۆر بە ناوەکەیەوە هەر هەمان مەبەست دەگەیەنێت. من لە جێگای هەر دکتۆرێک بم، لە دوای ئەو تێزەوە ئیتر دەستەواژەی دکتۆر لە ناوەکەم دەکەمەوە.
بێگومان لێرەدا نامەوێت ڕۆڵی خوێندن و دکتۆرا بە بێ بەها بچوێنم، چونکە ئەگەر کەمیش بن، کەسانێک هەن کە شایەنی ئەو دکتۆرا و ئەو خوێندنەن، بەڵام ئەمڕۆ جیهان گۆڕاوە و زانیاری وەدەست هەمو کەسێک دەکەوێت کاتێک بیەوێت بەدوای زانیاریدا بگەڕێت. هەرچۆنێک بێت باشتر وایە لەبری ئەوەی نازناوی دکتۆر وەک حاجی بنوسێنن بەناوەکەیەوە باشتر وایە وتارێک، شیکارێکی گرنگ بخەنە بەردەم خوێندەر نەک بڕوانامەیەک، کە هیچت پێ نادات، جگە لە خۆ بە گەورەیی زانین نەبێت.
لە هەرێمێکی وەک کوردستان. سەرنجیشم داوە ئەوانەی کە بەرهەمی گرنگیان هەیە باسی دکتۆرای خۆیان ناکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە