من و.. من و.. من و.. خۆم، ڕێنماییە پێویستەکان بۆ خەباتی خۆنمایشکردن!

Monday, 11/01/2021, 20:52

4057 بینراوە


زۆر جار کەسانێکی بێئاگا لە دونیای خۆ نمایشکردن، لە ڕێگای هەوڵ و تێکۆشان بۆ خزمەت بە خەڵك، هەوڵی کرداری بۆ کێشە و نەهامەتیەکان و ئەرکە نیشتیمانی و مۆراڵیەکانیان بەجێدەهێنن و ویژدانی خۆشیان ئاسودە دەکەن. بە دڵنیاییەوە ئەو کەسانە لەو ڕێگایەوە خۆیان نەمر دەکەن و بیانەوێت یان نا کەم تا زۆر دەناسرێن. بەڵام ئەو ڕاستیەیان لە بیردا نیە کە بەو شێوازە جگە لەوەی کات و ووزەیەکی بێوچان لەدەست دەدەن، ڕەنگە زۆر کێشەی لاوەکی و جدیان روبەڕو ببێتەوە و هیلاك و ماندویان بکات و دوائەنجام بە مانای ووشەی بێهیوای ڕاستەقینە نەك قەڵغانی بێهیویی لە ژیان و دەوروبەریان بێزار بن. لە هەمان کاتدا ئەگەرچی ئەوە مەبەستیان نیە بەڵام زۆر کەم دەناسرێن و نەمر دەمێننەوە.
بۆیە پاش تاقیکردنەوەیەکی دورودرێژ و چاودێری و مامەڵەی زۆر لە خەڵك و بە تایبەتی چالاکوانانی بازنەی فەیسبوك، وەك ئەوەی '' مەلا بەختیار بیرمەندی پۆستمۆدێرن! '' بە هەق ناوی ناون (فەیسبوكچیەکان). منیش لە لایەن خۆمەوە چەند ڕێنماییەکی نوێ دەگرمە بەر، بۆ زیاتر و زیاتر خزمەت بە خەڵکی بەشمەینەت لە ڕێگایەکی زۆر گرنگ و باوی سەردەم ... خۆ نمایشکردن!.. لە ڕێگا جیاوازەکانی خۆ نمایشکردن! و .. بە ئامانجی پیرۆزی خۆ نمایشکردن!.
ڕێنمایی یەکەم لە بواری فەیسبوك و پەیجەکانمەوە بۆ بنیاتنان و نمایشکردنی من و.. من و.. من و.. خۆم.
پێویستی یەکەم و سەرەتایی ئەوەیە کە لە پاڵ ئەکاونتی فەیسبوکەکەما پەیجێکیش بکەمەوە و بە ناوی خۆمەوە و ڕۆژانە پۆستی نوێ دادەبەزێنم. ئەم ڕێنماییانەی خوارەوەش بە جدی دەگرم و بە هیچ جۆرێك دانوستاندنی لەسەر نەکەم؛ ئەگەر بشزانم بە پێجەوانەی ئەمەوە کوردستان دەکەمە وڵاتێکی نمونەیی لە ناوچەکە و جیهاندا. واز لەم ڕێگا پیرۆزانە ناهێنم!.
1. پۆستەکانم مۆرکێکی زۆر ڕەخنەگرانەی بەرامبەر بە دەسەڵات پێدەدەم و نەهامەتیەکانی خەڵك دەخەمە ڕو، چونکە دەزانم ئەمڕۆ خەڵکی زۆر لە دەسەڵات پڕە و لەو ڕێگایەوە خۆم شۆڕشگێڕ و نوێخواز نمایش دەکەم. بەو شێوازەش دەتوانم باش سەرنجیان بەلای خۆمدا ڕابکێشم. ئەی چارەسەری نەهامەتیەکان؟! ئەوەیان کێشەی من نیە و بۆ گەوجەکانی دادەنێم.
2- لە پاڵ ئەکاونتەکەی خۆما ئەکاونت و پەیجێك بە ناوێکی خوازراوی سەرنجڕاکێشەوە دەکەمەوە و ئەوسا بە بێ سڵەمینەوە کێم ویست بە دڵی خۆم دەیشۆمەوە و سوك و ڕسوای دەکەم و دونیای لەبەرچاو دەخەم. بۆ نمونە لەبری ناوهێنانی مەلا بەختیار بەو شێوەیەی سەرەوە دەنوسم (مەلا کەمتیار) یان (مەلا حیکمەت) یان (سەرشۆڕی بنەماڵەی تاڵەبانی) یان ( داگیرکەری ژنی خەڵك) ... هتد. لە پەلاماردانی پیاوانی دەسەڵاتا لەڕێگای ئەکاونت و پەیجە خوازراوەکەمەوە توند تر دەبم و یەکە بەیەکە ناویان دێنم بە بێ ترس و لەرز. (بەڵام لە ئەکاونت و پەیجەکەی خۆمدا تەنها دەڵێم؛ ئەوان.. ئەمان.. حیزبە ڕسواکان.. دەسەڵاتی خیانەتکار.. یان تەنها بە تەوسێکەوە ناویان دێنم ) بۆ نا؟ چیم لەسەر دەکەوێت؟! خۆ کەس نازانێت منم!، تاکو لە کاتی گەڕانەوەم بۆ کوردستان گەڕم پێ بکەن و فریای سەردانی خزمان و سەیران و گەشت و گەعدەکانی نادی و سەیرانەکانم نەکەوم!. پیاوی زیرەك و هۆشیار دەبێت بزانێت چۆن خەبات دەکات و لەسەریشی ناکەوێت و نابێت بە ماڵ بەسەریەوە!.
3. ئەو هەواڵانەی بەدەستم دەگات زۆر بە نهێنی دەیانهێڵمەوە، نەك لای هاوڕێ و هاوبیرەکانم باسی ناکەم بەڵکو لەبەر خۆشمەوە باسی ناکەم و خێرا بڵاویان دەکەمەوە، نەوەکو هاوسەرەکەم یان منداڵەکانم پێش من لەسەر لاپتۆپەکەم بیبینن و بڵاوی بکەنەوە. جا ئەگەر بە ناوی خۆمەوە نەبێت و لە ئەکاونت و پەیجی خۆما بۆ یەکەمجار بڵاونەکرێتەوە، گەورەترین هەواڵی تاوان و گەندەڵی خراپەکاری پیاوان و حیزبەکانی بنەماڵەکان نرخی چیە بۆ من؟
4. هەرگیز لە کاری هەرەوەزی و گروپ خۆم نزیك ناخەمەوە، لەبەر ئەوەی لە ناو گروپەکاندا ڕەنگ و دەنگم وون دەبێت و کەمتر و کەمتر دەناسرێم. ئەگەر گەمژەیەکیش بمخاتە باشترین گروپێکەوە، چەندە چالاک و ئامادەی کاری کرداری بن ئەوا بە داوای لێبوردنەوە گروپەکە بە جێی دەهێڵم. بێخەمبن بیانوی بە مەشروع پێشاندان زۆرە! ( جگە لەو گروپانەی کە خۆم دامناون).
5. لە هیچ گروپ و دەستە و ڕێکخراوێکدا بەشدار نابم و چالاك نابم، تەنها لەگەڵ کەساتێك بەشدار و چالاک دەبم کە خۆم دەسپێشکەرو بنیاتنەری ئەو گروپە یان دەستەیە یان ڕێکخراوە بوبم. گروپ و دەستە و ڕێکخراوی تر خوای دەکرد نەك تەنها هەرێمەکەمان بەڵکو دونیایان دەگۆڕی و دەکردە بەهەشت، چ نرخێکی هەیە مێژوەکەی بە ناوی خۆمەوە نەبێت و گەورەیی و لەخۆبودویی من نیشان نەدات؟!. لەم بوارەدا ئامانج و بەرژەوەندی و خەڵك، دەچێتە پلەی دوهەم و سێهەم و چوارەم و .... نازانم زیاتریشەوە.
6. بۆ خۆ دزینەوە لە گروپی تر و کاری دەستەیی هەمیشە بیانوی مەشروع و پەسەندکراو پەیدا دەکەم، ئەگەر پاش هەزار و یەك بێنە وبەرە و پشکنین هیچ بەهانەیەکم بۆ نەدۆزرایەوە، ئەوا بە ناچاری بەهانە ستاندارتە باوەکان بەکار دێنم؛ کە بریتین لەمانەی خوارەوە؛
یەکەم؛ زۆر بە خۆشحاڵیەوە ئامادەی هاوکاری و بەیەکەوە کارکردنم، (بەڵام) گەیشتومەتە ئەو باوەرەی کە ئاسان نیە لەگەڵ کەسانێکی تردا کار بکەم و دڵنیام زۆربەی خەڵك بۆ بەرژەوەندی مادی یان مەعنەوی دێنە پێشەوە ، (مەعنەوی مەبەستم لە خۆ دەرخستن و خۆ ناساندنە!. بێگومان وا پیشان نادەم کە خۆشم لەو پۆلە کەسانەم). قەوس یان تێبینیەکی زۆر گرنگ؛ ووشەی (بەڵام) لەم حاڵەتانەدا زۆر گرنگە و پێویستیەکی ژیاریە. دەتوانیت باسی دەیان سەدان لایەنی ئەرێنی بەرامبەر بکەیت بەڵام بە (بەڵام) ێك بیانهێنیتەوە سەر سفر و هەموی بسڕیتەوە.
دوهەم؛ لە ڕاستیا ئێمە دەبێت هەریەکەمان لە جێگای خۆیەوە کار بکەین لەسەر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا، بە نوسین و ڕاوێژی پێویست زۆر گرنگ و کاریگەرترە. بەڵام ( دوبارە بەڵام) کاری ڕێکخراوەیی و چالاکی دەستەیی بە هیچ کوێیەکمان ناگەیەنێت و کێشەکانی زۆرن و هەرگیز گروپ و دەستەکان ناتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ و گونجاو درێژە بە کار و چالاکی بدەن.
سێهەم؛ من یەکێکم لەوانەی کە هەمیشە ئامادەیی خۆبەخشی و هەوڵی بێوچانم هەیە بەڵام ( سێبارە بەڵام) ڕوی ئەوانە ڕەش بێت کە بێهیوایان کردم و دەترسم جارێکی تر لە خشتەم بەرنەوە و توشی شۆك و بێهیوایی ببمەوە. ( ئاخر ئێوە نازانن من لە ناو ڕێکخراوەکاندا و دەرەوەی ڕێکخراوەکان چەند خەبات و تێکۆشانم کرد و دواجار بەم ڕۆژەیان گەیاندم! ).
چورهەم؛ بەڕێزان دڵنیا بن لەوەی کە من بەشبەحاڵی خۆم لە زۆر خەڵکی تر زیاتر بە پەرۆشەوەم بۆ داهاتوی گەل و نیشتیمانەکەم بەڵام (چورهەم جار بەڵام) لەم هەلو مەرجەی نێودەوڵەتیەدا کە وڵاتانی بەهێزی ناوچەکە و وڵاتانی زلهێز بڕیاردەرن چۆن دەتوانین وەکو کەسانێک کە هێزیك پشتیوانمان نەبێت هاوکێشەکان بگۆڕین و بە ئاراستەیەکیاندا بەرین کە خزمەت بە خەڵکی بکات؟ بەداخەوە من هێشتا وای بە گونجاو دەزانم کە جارێ هەریەکەمان لە جێی خۆیەوە ڕاستیەکان بخاتە ڕو، ئێمە پێویستمان بەوەیە کە هێزێك لە پشتمان بێت و ئەوکاتە هەموان بەیەکەوە بێینە مەیدانی خەبات و ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە لەناوبەرین.
پێنجەم؛ بەڕیزم، سوپاس بۆ متمانەتان بە من و جێگای نرخاندنە، بە دڵنیاییەوە تێکۆشان و لەخۆبوردویی ئێوە جێگای ڕێزە لەلام ، بەڵام ( پێنجەم جار بەڵام) زۆر بەداخەوە کە بەو ڕاستیە گەیشتوم کە کۆمەڵگاکەمان خۆیان ئەم سەرکردە و ئەم پارتانەیان دروستکردووە و هێشتۆتەوە و وا پێدەچێت لەوە زیاتر نەهێنن!. دەنا بۆچی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا هەموان دەچن بە پیریانەوە و ڕودەکەنە سندوقی هەڵبژاردنەکان؟. بێگومن ئەوە ڕاستیەکی تاڵە خەڵک و میللەتی گەندەڵ دەسەڵاتی گەندەڵ دێنێتە کایەوە و وا پێدەچیت مستەحەقی باشتر نەبن!. بۆیە داوای لیبوردن دەکەم وا باشە لە پێشدا هەوڵ بدەین خەڵکی لە گەندەڵی بەدور بگرین ئەوسا دەسەڵات خۆی تەنها دەمێنێتەوە و بە ئاسانی دەتوانین ڕایان ماڵین!. کاتێك کە خەڵکی وازی لە واستەو واستەکاری و بەرتیل دان هێنا کەسانی وەکو مەسرور ونێچیر و دەوروبەر و بنەماڵەکانیان و لاهور و قوباد و باوڵ و عومەر مورتاح و بنەماڵەکانیان تەنها و تەنها دەمێننەوە و کارەکەمان ئاسان تر دەبێت! بەڵام ئێستا بەم وەزعەوە کارێکی وای لەبەرچاومان پێناکرێت. بۆیە دوای لێبوردن دەکەم لە هاوکارینەکردنتان. هیوادارم جێی تێگەیشتنتان بێت.
ئەم پێنج بەهانەیە، هەرە گرنگەکانن و مۆرکی قەناعەت و هۆشمەندیان پێوەیە و لە زۆربەی هەلومەرجەکان و لەلایەن هەموانەوە دەکرێت بەکار بهێنرێن، بۆ خۆ دزینەوە لە کاری دەستەیی و هاوکاری یەکتر و یەکدەنگی. چەند ڕێنماییەکی تریش هەیە کە دەکرێت ئەوانەش بەکاربهێنرێن بە تایبەتی لە لایەن ''ڕۆشنبیرەکانەوە''. بۆ نمونە؛
- بەڕێزم لە ڕاستیا من پشتیوانی سەرتاپای هەوڵەکانتان دەکەم -بەڵام- من خۆم کەسێکی ئەکادیمیم و سەرقاڵی کاری ئینتەلەکتوێلیم و نامەوێت خۆم بخەمە ناو کار و گێژاوی سیاسەت و ڕێکخراوەوە و لە کارە ئەنتەلەکتوێلیەکانم داببڕێم. دڵنیام لەم ڕێگایەوە زیاتر سود بە کۆمەڵگاکەم دەگەیەنم.
- زۆر خۆشحاڵم بە هاوکاریتان- بەڵام- ئەم ماوەیە دەسبەکاربوم بۆ نوسینی کتێبێك یان لێکۆڵینەوەیەکی زانستی بۆ هەمان ئامانج، کە ئێوە کاری بۆ دەکەن. لەو باوەرەدام بە بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە یان توێژینەوەکەم یان شێکاریە زانستیەکەم ، ڕەنگە بتوانم خزمەتێکی زۆر زیاتر بە خەڵکی ستەمدیدەی گەلەکەم بکەم و بە دڵنیاییەوە پاش چاپکردنی چەند نسخەیەکیش بۆ بەڕێزتان و هاوڕێیانتان دەنێرم.
هەندێك ڕێگای تریش هەیە بۆ خۆدزینەوە ئەگەرچی زۆر بە هێز و پەسەند نین بەڵام لە هیچ باشترن و دەکرێت ببنە ڕێگایەك بۆ خۆ بەدورگرتن لە کاری بێسودی دەستەیی. بۆ نمونە ؛ باس لە کێشەی تەندروستی خۆت یان دایکی منداڵەکانت. کێشەی خێزانی. کێشەی کاتی وەکو سەرقاڵ بون بە کاری ڕۆژانەوە و گوزەرانەوە یان کۆچی دوایی خەسوتان یان خەزورتان و بەوهۆیەشەوە توشبونی هاوسەرەکەتان بە کێشەی دەرونیەوە و ... هتد
هەوڵ دەدەم لە بەشەکانی داهاتودا زیاتر ڕێنماییەکان بخەمە بەردەم تێکۆشەران و خوێنەران بە مەبەستی خۆدەرخستنی زیاتریان لە ڕێگای میدیا و میدیا کۆمەڵایەتیەکان و خۆ بەدورخستنەوە لە کاری دەستەیی وکرداری و سەریەشەکانی!.
( ئەگەر ئەمە نوسینەم لە ئەکاونتەکەمدا بڵاو کردەوە تکایە زۆرترین لایكم بکەن بە سنگا و کۆمێنتم بۆ بنوسن تاکو چەند شەوێك بە مورتاحی سەربنێمە سەر سەرین و هەست بکەم کە خزمەتێکی گەورەم بە خەڵکی ستەمد.. ببورن بە خۆم کردووە).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە