مەسعود بارزانى ده‌زگاى پاراستن به‌ باره‌گاى بارزانى ده‌به‌ستێته‌وه‌


دوێنێتان لە بیرە؟!

Monday, 01.11.2021, 21:55

1888 بینراوە


هه‌ر هه‌موو سه‌ركرده‌كانی كورد ته‌مه‌نێكیان له‌ ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری به‌سه‌ربردوه‌، زۆربه‌یان تامی ژێرده‌سته‌یی و جۆرێك له‌ بێ ئیراده‌یی و زۆرێكیشیان نه‌بونیان بینیوه‌، چه‌ندینجار له‌لایه‌ن نه‌یارانه‌وه‌ له‌ ئاواره‌یدا سوكایه‌تیان پێكراوه‌، ساڵانێك خوازیاری گه‌ڕانه‌وه‌بون بۆ خاكی نیشتمان گه‌ر له‌ سایه‌ی كه‌مێك سه‌روه‌ریشدابووه‌! به‌ڵام وائه‌مڕۆ بونه‌ته‌ سه‌رده‌سته‌ و فه‌رمانڕه‌وای نیشتیمانه‌كه‌تان، نازانم چۆن دڵتان دێت ئاوا سوكایه‌تی به‌ خاك و خه‌ڵكی خۆتان بكه‌ن، هه‌زار مه‌خابن! خۆزگه‌ كه‌مێك بیری ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری و نه‌بونی ژێرده‌سته‌یی لای نه‌یاره‌كانتان بكردایه‌ته‌وه‌، گه‌ركه‌مێك وه‌فاتان هه‌بوایه‌ ده‌بونه‌ گه‌ردی ژێرپێی خه‌ڵكی و ده‌بونه‌ بیلبیله‌ی چاوی میلله‌ته‌ خێرله‌خۆ نه‌دیوه‌كه‌ی خۆتان، ده‌بوو هه‌ر به‌ڕاستی خاك و ئاوی نیشتیمانتان وه‌ك گه‌وهه‌ر و  كه‌وسه‌ر ببینیایه‌، خۆزگه‌ هه‌موو پیرۆزیه‌كانی نیشتیمانتان نه‌ده‌كرده‌ قوربانی كورسیه‌كه‌ی ژێرتان، خۆزگه‌ له‌ كورسی گه‌وره‌ترده‌بوون!
به‌ڵام دیسان هه‌زار جا مه‌خابن نه‌یاره‌كانیشمان هێنده‌ی ئێوه‌ سوكایه‌تیان نه‌ به‌خه‌ڵك و نه‌به‌خاك و نه‌به‌ ئاڵای كوردستان نه‌كردووه‌!
تاكی كوردی له‌ سایه‌ی زوڵمی نه‌یاره‌كانیدا هه‌ستی به‌ جۆرێك له‌ شكۆ ده‌كرد، به‌ڵام له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌ی سه‌ركرده‌دا هه‌ست به‌ بێ شكۆیی ده‌كات! 
بۆیه‌ ده‌ڵێم بیرێك له‌ دوێنێتان بكه‌نه‌وه‌ و قه‌دری ئه‌مڕۆتان بزانن، له‌دوباره‌ بونه‌وه‌ی مێژوو بترسن، هه‌رچه‌ند ده‌زانم ئه‌گه‌ر جارێكیتریش لێتان تێك بچێت ئه‌وا هه‌رگیز په‌نا بۆ ئه‌و مێژووه‌ ڕه‌شه‌ی دوێنێتان نابه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ سایه‌ی ئه‌و سامانه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌ی كه‌ به‌نادادی كۆتانكردۆته‌وه‌ ڕێی وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا ده‌گرنه‌به‌ر و جارێكیتر میلله‌ت ده‌ده‌نه‌وه‌ ده‌ست قه‌ده‌رێكی ڕه‌ش و چاره‌نوسێكی نادیار.
بۆیه‌ لێتان ده‌پرسم ئه‌رێ ئێوه‌ دوێنێتان له‌بیره‌؟