بەکۆیلەکردنی گەنجان وەک مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانی کوردی

Wednesday, 13/01/2021, 4:59

6914 بینراوە


کۆیلە بەو کەسانە دەوترێت کە خاوەنی خۆیان نەبن، ژیان و ئازادی، بیرو ھەستیان ملکەچی کەسانی تر بێت، جورئەتی ڕووبەڕووبوونەوە و یاخی بوونیان تێدا نەبێت، بۆ ھەموو شتێک سەردابنوێنن، ھیچ ھەستێکیان بۆ دەربڕینی ھەست و بیرووبۆچوونیان نەبێ. مرۆڤ کاتێک کۆیلە دەکرێت، لەمرۆڤبوون دادەماڵرێت، دەبێت بە جەستەیەکی بێ ڕووح، ئاشکرایە ئەوەی مرۆڤ لەئاژەڵ جیادەکاتەوە، ئەوەیە ئاژەڵ بەدوای مانەوەدا دەگەڕێت، بەڵام مرۆڤ جگە لە مانەوە، بەدوای بوونی خۆشیدا دەگەڕێت، بێگومان ئەو مرۆڤەی کە تەنھا ئامانجی مانەوەیە و نایەوێت خۆی بسەلمێنێت، بەدڵنیای لە جیھانی کۆیلایەتی دایە و بەشێکە لە سیستەمی کۆیلەبوون.
گەنجان توێژێکی گرنگی کۆمەڵگەن و داینەمۆی گۆڕانکارییەکانن، خاوەنی وزە و ھێزی لەبن نەھاتوون، ئومێدی ئێستا و داھاتوون، قۆناغی گەنجێتی، قۆناغی گەڕان و دۆزینەوەی ناسنامەیە، یاخی بوون و سەرکێشی لە تایبەتمەندییە سەرەکیەکانی گەنجانن، گەنجان دەیانەوێت ژیانێکی باشتر و جیاوازتر لە باو و باپیرانیان بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، حکومەت و دەسەڵات لەھەموو کۆمەڵگەیەکدا پشتگیری و پاڵپشتی گەنجان و لاوان دەکەن، ھانیان دەدەن بەوەی خۆیان بن و بوونی خۆیان بسەلمێنن، ھۆشیاریان دەکەنەوە لەوەی کە قەت ڕێگە نەدەن، لەژێر ھیچ ناو و بیانویەکدا ماف و ئازادییان زەوت بکرێت، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی ھەردوو بنەماڵە لە ھەرێمی کوردستان لەجێی ئەوەی پشتگیری لە گەنجان بکەن، پێشگیرییان لێ دەکەن، سەرکردەکانی ھەردوو حیرب بەدەمی پڕ لە درۆیان و بەدەستی پڕ لەدراویان لەھەوڵی بە کۆیلەکردنی گەنجاندان، ئەوەتا مۆدێلێکی نوێی حیزبایەتیان ھێناوەتە کایەوە کە پێشبڕکێ و ململانێی کادرەکانیان لە ستایشکردن و پیاھەڵدان، نۆکەری و ماستاوچێتی و کاسەلێسی.... وە، تا ئاستی شانازی کردن بەکۆیلەبوونی حیزبی و سوجدەبردن بۆ سەرکردەکانیان بردووە، لەھەوڵی چڕدان بۆئەوەی تەواوی گەنجانی کۆمەڵگەی کوردی بەکۆیلە بکەن. کاتێک لەڕاگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی سەربە پارتی نادیموکرات و یەکێتی نا سۆشیال دیموکرات دەڕوانیت، دەبینی پۆست لەدوای پۆست دادەگرن، تێیدا نۆکەری و کۆیلەبوونی خۆیان بۆ دوو ئامۆزای سەرۆک و ھەردوو ئامۆزای ھاوسەرۆک دەردەبڕن، دووپاتی دەکەنەوە کە بەژیان و ڕووحی خۆیان پارێزگاریان لێ بکەن، بەڕاستی کە ئەمانە دەبینی بێز لەمرۆڤ بوونی خۆت دەکەیتەوە، بەداخەوە ئەمانە کەرەستەی ئەم دەسەڵاتە ناکارا و خۆسەپێنەن، کەڵبە و چڕنووکی ئەم ستەمکارانەن، ئەمانە جگە پێناسی کۆیلەبوون ھیچی پێناسێکی تر هەڵناگرن. حەجم و قەبارەی ئەمانە لەنێو گەنجاندا ھەزارانی تێ پەڕاندووە و گەیشتووەتە ئاستێک کە پەنجە دەخەیتە سەر ھەر برینێک کە دەسەڵات بۆ ئەم کۆمەڵگەیەی درووست کردووە ئیتر چ بە نووسین بێ یان بەخۆپیشاندان، سەدان کۆیلەی بێ فکرت بۆ دێتە مەیدان، ڕووحت دەشکێنن، جەستەت دەشێوێنن، ئەگەر قسەش بکەی، بە فەرمانی گەورەکانیان و بەبێ سڵکردنەوە دەتکوژن.
لەکۆتایدا دەتوانین بڵێین ئامانجی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کورد و شۆڕشی نوێ، درووستکردنی تاکێکی ئازاد بووە کە مل کەچ نەکات بۆ ھیچ داگیرکەرێک لەژێر ھیچ ناو و بیانوویەکدا، بەڵام بەداخەوە چاوچنۆکی و نەزانی و بێ ستراتیژی نوخبەی دەسەڵاتی کوردی، ئاراستە و ئامانجی شۆڕشەکەیان گۆڕی، بەچڕی کاریان کرد بۆ درووستکردنی کۆمەڵێک مورید و نۆکەر و کۆیلەی سیاسی کە بنەماڵەكانیان بۆ بخاتە سەروو ئامانج و ستراتیژیەتی گەل و نیشتمانەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە