کچانی کورد لە تاراوگە!

Thursday, 01.14.2021, 0:16

3733 بینراوە


نووسەری بەناو بانگی عێراقی عەلی وەردی لە کتێبی (مهزلة العقل البشري)دا، لە زمانی ئیمامی عەلییەوە ئەڵێت:- (لا تعلموا ابنائکم علی عاداتکم، فانهم مخلوقون لزمان غیر زمانکم).

گەر ئەم وتەیە بهێنی و لە هەر کات و شوێنێکی جیاواز جێ بە جێ بکەیت لە کاتی پەروەردە کردنی مناڵدا، باوەڕ مەکە لە ژێر سایەی سێکولارترین دەسەڵاتدا تووشی هیچ گرفتێک ببیت. ئەمەش بە هۆی ئەوەی ئەم وتەیە یەک داوات لێ ئەکات کە پەروەردە و داب و نەریتەکانت کە لە باوانتەوە فێریان بووی ئەبدەیت و ڕیفۆرم بکەرەوە لە کات و ساتی جیاوازدا تا باشتر و بێ کێشە کاری خۆیان بکەن.

کچان لە ئەوروپا خەمە گەورەکەی خێزانی کوردە. لێڕە زۆربەی باوک و دایکانی خاوەن کچ لە گەڵ هەڵکشانی تەمەنی کچەکانیان، ئیتر خەمی لادان لە ئەخلاقی باوی کوردی (ئەخلاق لە تێڕوانینی کوردەوە) دەبێتە مایەی سەرێشەی بەردەوام بۆیان. کۆی ئەم خەمانەش خۆی لە دەستدانی کۆنتڕۆڵ بە سەریاندا و تێکەڵ بوون بەوی دیکەی کوڕ و گەشەی لایەنی سۆزداری و ژیان کردن وەکو کولتوری وڵاتی خانەخوێدا خۆی دەبینێتەوە. هەموو ئەمانە دەبن بە بارێکی قورسی سەر شانی دایک و باوکەکانی کورد لە تاراوگەدا. 
سەرەتای کێشەکان لە ڕێگری کردن لە پۆشینی جل و بەرگی کورت ونیمچە ڕووتەوە دەست پێ دەکەن. بۆ ڕێگری کردنیش لەم حاڵەتە زۆر خێزان هەر لە مناڵییەوە هەوڵی حیجابکردنی مناڵ دەدەن لە ڕێگەی باس و خواسی ئاگری جەهەنەم و سوتانی جەستە دەرخراو و توڕەبوونی خواوە. هەوڵدانی بەردەوام بۆ چاندنی ئەم واهیمانە له مێشکی مناڵدا. لە قۆناغێکی دیکەشدا لە ڕێگری کردنی کچان لە چوونەدەرەوە و مانەوە جگە لە کاتی دیاری کراوی قوتابخانە نەبێت و تا دەگاتە چاودێری مۆبایل و لاپتۆب و پەیوەندییەکانی کچ لە گەڵ کوڕانی دەرەوەی خێزاندا. 

ئیتر لێرەشەوە وردە وردە قۆناغی ناکۆکی نێوان کچ و باوان دەست پێدەکات. کچان لێرە بە دواوە دابەش دەبن بە سەر چەند گروپێک و هەر گروپەش داهاتوو بە شێوەیەکی جیاواز بۆ خۆی دیاری دەکات. گروپی یەکەم خۆیان ڕادەستی ئەو واقیعە تاڵە دەکەن و بە گوێی تەواوی هەڕەشە و گوڕەشەی باوان دەکەن. ئەمانە دواجار دەبنە خاوەن کەسێتی لاواز و دوودڵ و ڕاڕا و لە باشترین باریشدا لە خوێندن دادەبڕدرێن و مێردێکی سەرمۆریان لە کوردستانەوە بۆ دەگەێیننە ئێرە کە هیچ تێگەیشتنێکی هزری بۆ هەڵسوکەوت کردن لە گەڵ کچێکی تاراوگەدا نیە و زۆربەی کات بەد گومانی لە پەیوەندییاندا بەرقەرار دەبێت و بە جیابوونەوە کۆتایی دێت. 

گرووپێکی دیکەش لە کچان لە دوو کەسێتی جیاوازدا دەژی و لە سنور ماڵەوە کەسی گوێڕایەڵی دایە و بابەیە و لە سنوری دەرەوەش هەموو ئەو ئارەزووانەی کە کچێک هەیەتی هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات، ئەمانەش لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ناتوانن ئەو باڵانسە ڕابگرن و تێدەکەون و شتیان لێ ئاشکرا دەبێت و دەکەونە کێشەی خێزانییەوە جا یان بە خۆڕادەستکردن بە خێزان کۆتاییان دێت یان لای پۆلیس و مناڵپارێزی دەبنە شکاتکەر لە باوانی خۆیان. 
گرووپێکی دیکەش هەر لە سەرەتاوە جۆرێک لە کەسێتی زاڵی بۆ دروست دەبێت و ئەوە دەکات کە دڵی دەیخوازێت و بەرانبەر بە کولتورە کوردییەکەی ماڵەوە ئەکەوێتە گێرمەوکێشەی گەورە و لە کۆتاییشدا یان ژیانی دوور لە خێزان هەڵدەبژێرێ یان دەبێتە قوربانی دەستی خێزان و لە ناودەبرێت یاخود لە هەندێ حاڵەتی کەمدا خێزان ناچار بە بیروڕا و هەڵسوکەوتەکانی خۆی دەکات. لەم حاڵەتەشدا کچەکە گۆڕان لە خێزاندا دروست دەکات و لە کولتوری باوی کوردی دایاندەبڕێت. لە هەندێک حاڵەتی کەم وێنەشدا دەبینیت پەیوەندی نێوان کچ و خێزان بە جۆرێک لە گفت و گۆ و دانوساند تێدەپەڕێ و لە کۆتاییدا هەمووان تیشک ئەخەنە سەر داهاتوو و ژیانی کچ و له نێو هەموو ئەو کێشانەدا خۆشگوزەرانی و داهاتوو بۆ کچەکانیان هەڵدەبژێرن نەک تانە و تەشەری کوردانی دیکە. ئەم گرووپانەی من دەستنیشانم کردوون پاڵپشت نین بە هیچ ئامار و پێوەرێک هێندەی ئەوە نەبێت کە بە درێژایی چەندین ساڵ لە ئەوروپا نزیک و دوور ئاگاداری دەیان حاڵەت و دوخی لەو جۆرە بووم. 

بە شێوەیەکی گشتی لە پشت دروست بوونی ئەم فۆبیایەی باوانی کورد لە تاراوگە بەرانبەر بە کچەکانیان چەند هۆکارێک هەن. پاڵنەری سەرەکی ئەو هۆکارانەش شەرم و حەیا و عەیب و بە ڕادەیەکی کەمیش حەرامەیە. شەرم لە بینینی کچەکانیان بە شێواز و لە فۆرمێکدا کە جیاوازە لە دونیابینی کورد. عەیب و حەیا کردن لە پەیوەندی سۆزداری و کۆمەڵایەتی بە کوڕانەوە دوور لە نەریتە کوردییە باوەکان. حەرامی لە دروست بوونی پەیوەندی سۆزداری یان سێکسی لە دەرەوەی ڕێکارە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکە (کە ڕەنگە بە لای کوردەوە ئەمە لاوازترین هۆکار بێت لە چاو نەتەوەکانی دیکەی وەک عەرەب یان تورک یان هەر ڕەوەندێکی دیکە). ئاشکراشە کە دەڵێم حەرامە هۆکاری سەرەکی ئەو سەرسەختییەی باوانی کورد نیە لە ئاست ئازادی مناڵەکانیان بیانووی باوەڕپێهێنەرم هەیە. ئەویش ئەو ئەرگومێنتەیە کە ئەم قەدەغە کردن و ستەمە کوڕانی هەمان خێزان ناگرێتەوە. کوڕان بەدەرن لە هەر ڕێگرییەک لە بەردەم ئەنجامدانی هەر پەیوەندییەکی سۆزداری و تەنانەت سێکسیش کە هەیان بێت. لە کاتێکدا حەرام بۆ کوڕیش و بۆ کچیش لە ئاییندا وەک یەک هەر حەرامە.
کەواتا ئەم فۆبیای ئازادی مێینە لای کوردانی تاراوگە لە تاکە شتێکەوە سەرچاوەی گرتووە ئەویش پاراستنی شەرەفی خێزانە کە کچە. هەمووشمان ئەزانین کە لە خودی جەستەی کچیشدا کۆبۆتەوە لە پاکیزەیی یان پەردەی کچێنی، ئەویش نەک لە ترسی خوا بەڵکو لە ترسی تانە و تەشەری خێزان و ناسیاو و هاوڕێیانی کوردی دیکەیە چ لە ناوەوە یان دەرەوەی کوردستان.

هەر وەک ئاماژەمان پێدا خێزانە کوردەکان لە ئەوروپا هەر لە مناڵییەوە چەند ڕێگەیەک ئەگرنە بەر بۆ ڕاوەستان بە ڕووی ئەو دونیا کراوە و پڕ ئازادییەی ئەوروپا. دونیای ئەوروپاش کە پڕاوپڕە لە یەکسانی نێوان نێر و مێ و خاوەن پەروەردە و خوێندنێکی بە سیستەمکراون لە گۆش کردنی مناڵان بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانیان جا چ کوڕ بێت یان کچ. گەر هەندێک لەو ڕێگرییانە بە گشتی ئاماژە پێ بکەین ئەمانەن:-

1- یەکێ لەو ڕێگایانە بەحیجاب کردنی کچان و ئیدیعاکردنی ئایینداری و ڕێگرییە ئایینییەکانە. هەر لە مناڵییەوە بە حەرام نیشاندانی پەیوەندی سۆزداری کچ و دروستکردنی واهیمەیەک کە ئەو ڕۆژەی کچ ئەو کارەی کرد یان پەردەی کچێنیی لە دەستدا لە ڕێی جووت بوونی ناشەرعییەوە ئەوە لە چاوی ئێمە و کەسوکار و خودادا گوناهبارێکی گەورەی. دروستی کردنی وەها پەستانێکی دەروونی و وەها فشارێک لە سەر کچ لە کاتێکدایە کە دایک و باوکەکان جگە لەم بەشەی ئایین کە خزمەت بە ئەجێنداکەی خۆیان ئەکات هیچ وابەستەگییەکی ئەوتۆیان بە ئایینەوە نیە و تەنها بە ڕووکەش و سەرزارەکیی نەبێت. 
چونکە خۆیان بە بەر چاوی کچەکانیانەوە لە دەیان کاری ناشەرعی و درۆی شاخداری دژ بەخودی ئایین و جیاوازی کردن لە نێوان خۆی و براکەی لە سەپاندنی هەمان ڕیسای ئایینییدا گلاون. ئەمەش لە جیاتی ئەوەی کۆمەکیان بکات، ڕقی کچ بەرانبەر خێزان ئەستوورئەکات تا ڕادەی شکاتکردن لە باوان لای مناڵپارێزی یان پۆلیس. لە باشترین باریشدا بۆ خێزانەکان کچەکانیان ئەخەنە بەردەم هەڵبژاردنی خەمۆکی و نائارامی دەروونی و خۆدانە دەست قەدەری دایک و باوک و بەڕێکردنی ژیان بەو حەسرەتەوە هەتا دوای مردنی باوانیش بە چەندین دەیە ساڵ. چونکە باوک و دایک بۆ ئەوەی دوا پانزە یان بیست ساڵی تەمەنیان (بە سەربەرزی یان ڕووسووری!!) دوور لە تانە و تەشەری خێزانە کوردەکان بژین ، ئامادەن پەنجا بۆ شەست ساڵی تەمەنی مناڵەکانیان وێران بکەن بە چەپاندن و کپاندنی حەز و ئارەزوو و هەڵبژاردنە هەڵە و نادروستەکان وەک زوو و بە زۆرەملێ هاوسەرگیری و زوو کۆتایی هێنان بە خوێندن و بوون بە ژنی ماڵ و مناڵ بەخێوکردن. لە کاتێکدا دەیان دەرگای بەختەوەری و پێشکەوتن لە ئەوروپادا بۆ کچان لە سەر پشتە، بەڵام باوان لە ترسی قسە و قسەڵۆکی خێزانەکانی تر هەموویان بە ڕووی کچەکانی خۆیاندا دادەخەن (ڕووزەرد و ملکەچی ژیانی مێرد و ماڵەوەیان ئەکەن!!).

2- یەکێکی دیکە لەو ڕێکارانەی دایک و باوک دەیگرنە بەر بۆ ڕێگری کردن لە ئازادی کچەکانیان، ڕێکاری پەروەردەییە. پەروەردەکردنی مناڵ بە ڕق و کینە بەرانبەر بە کۆمەڵگا ئەوروپییەکان بەوەی کە بێ ڕەوشتن، قێزەونن، پڕن لە خراپەکاری، پیس و پۆخڵن، ڕقیان لە بێگانەیە و ڕەگەزپەرستن. کە ئەمەش جۆرێکە لە گەوجاندنی مناڵ و بە گێل کردنی بەرانبەر بە هەندێ حەقیقەت کە پێچەوانەی حیکایەتی خێزانە. هەروەها لە هەندێ حاڵەتیش هاندانی کچەکان بەوەی درێژە بە خوێندن نەدەن چونکە دەزانن ڕۆچوونە نێو قوناغەکانی خوێندن چاوکراوەیی زیاتر و لە دەستدانی زیاتری کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی بە دوادا دێت. جا ئەمەش زۆربەی کات بە هۆی ئەوەی کۆلێژ و بەشی دوور لە شوێنی نیشتەجێ بوونی خێزان دەبن بە نسیبی کچەکانیان یاخود کچەکان بە پلان ئەو کۆلێژی و بەشانە هەڵدەبژێرن تا لە چاوی خێزان دوور بکەونەوە! لەم ڕووەشەوە خێزان هەبووە لە بەر خاتری نزیک بوونەوە لە شوێنی خوێندنی کچەکەیان ماڵ و حاڵیان فرۆشتووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنی خوێندنی کچەکانیان. 

هەشبوون کاریان بۆ ئەوە کردووە خوشک و برا لە یەک بەش یان یەک زانکۆ بخوێنن تا دواجار پێکەوە بژین و لەم ڕێگەیەوە کۆنتڕۆڵی کچەکانیانی پێ بکەن. هەر بۆیە هەڵبژاردنی نەخوێندن بۆ کچ باشترین ڕێگەی دەست بە سەردا گرتن و زنجیرکردن و تێوەگلانی لە پرۆسەیەکی هاوسەرگیری بەرنامە بۆ داڕێژراوە. لە لایەکی دیکەشەوە تەنها هاندەری تێکەڵ بوونی مناڵە کچەکان لە گەڵ مناڵانی خێزانی دیکەی چوون یەک بیر و کولتور، ئەوەیە تا لە کاریگەری چاوکرانەوە بیانپاریزن. بەشێکی ئەم هاندانەش لە ئەنجامی گومان خستنەسەر هەر پەیوەندییەکە لە گەڵ مناڵی ئەوروپی یان تێکەڵاوی تەنانەت ئەو خێزانە کوردانەش ناکەن کە لە نەریتی باوی کوردی لایان داوە، تا وەکو کچەکانیان تووشی پەتای ئازادییەکان نەبن. بەڵام هەر ئەم خێزانە داخراوانە خۆیان لە دانیشتنە خێزانییەکانیاندا زۆرجار هەر بە لاشعوری ستایشی ئەوروپا ئەکەن لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و دارایی و تەندروستییەکانیان، تەنانەت هەڵسوکەوتی ڕاستگۆیانە و مرۆڤانەشیان. 

بەمەش کچان دووڕیی و ناڕاستی باوانیان بۆ دەردەکەوێت کە هاندەر ئەبن بۆ ئەوەی جۆرێک لە دوو ڕوویی پیادە بکەن دەرهەق بەو دووڕووییەی باوک و دایک و بە دزییانەوە بە پێچەوانە هەڵسوکەوت ئەکەن. بە بارێکی تریشدا دەبنە هۆکارێک بۆ ڕق لێ بوونەوە لە خود و هەڵسوکەوتی نەشاز و دوژمنکارانە بەرانبەر بە کۆمەڵگای بێ ڕەحمی کوردی لە لایەک و بەرانبەر بە کۆمەڵگای ئەوروپیش لە لایەکی دیکە کە بێ ئاگایە لە هەموو ئەو کارەساتانەی لە نێو خێزانە کوردەکان ڕوو دەدەن. جێی خۆیەتی لێرەشدا ئاماژە بە گرووپێکی فیس بووک بدەم کە لە نەرویج لە لایەن کچانی کوردەوە کراوەتەوە و بە زمانی نەرویجی دەردە دڵی خۆیان ئەکەن و بیروڕا ئەگۆڕنەوە و هەموو ئەندامەکانیان مێینەن و ئەگەر مرۆڤ بیەوێت لە کچان کورد لە نەرویج تێبگات ئەبێت گوێ لەو نزا و شکاتانەیان بگرێت کە لە دەستی دایک و باوکی بێ ئاگای خۆیانی دەکەن. 

3- ڕێکارە کۆمەڵایەتییەکانیش جۆرێکی دیکەن لەو ڕێکارانەی کە خێزانە کوردەکان دەیگرنە بەر، ئەویش بەوەی لە نێو ڕەوەندی کوردیدا لە ئەوروپا دابەشکاری هەیە بەوەی کۆمەڵەی بچوکتر دروست دەبێت، کە لە پەیوەندیدان بە یەکەوە. ئەمانەش پێکهاتوون لەو خێزانانەی یەک جۆر بیرکردنەوەیان هەیە لە پەروەردەکردن و تێڕوانین بۆ ئازادی کچان. ئەمەش لە کۆمەڵە خێزانی داخراوترینەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە کراوەترینیان کە ئەوانیش ئەو خێزانەن کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن. چونکە دواجار خێزانی کۆمەڵە داخراوەکان کچەکانیان بە زۆرەملێ لە گەڵ خۆیاندا ئەگێڕن لە سەردانی کردنەکانیان و هەر لەو دانیشتنانەدا بە خراپ باس لە ئازادی و کرانەوە ئەکەن و پاڵپشتی بیروڕاکانی خۆیان ئەکەن بەو هیوایەی کە ئەمە بچەسپی لە هۆش و بیری کچەکانیان. لە لایەکی دیکەشەوە ئەم سەردانانە جۆرە نمایشێکە بۆ کچەکانیان تا وەکو لە گەڵ کوڕانی ئەو خێزانانە پەیوەندی و داخوازییە نەریتییەکان دروست ببێت. هەندی قوتابخانەی نا فەرمیش بە ناوی فێر بوونی زمانی کوردی بۆ مناڵانی کورد دروست بوون و لە لایەن حکومەتەوە پاڵپشتی داراییش دەکرێن بەڵام لە بنەچەدا هەوڵێکە بۆ کاریگەری کولتوری و ئایینی دانان لە سەر مناڵانی خێزانە کوردەکان. شایەنی باسە ئەو مناڵانە بە هیچ شتێکی ئەو قوتابخانە کوردییانە دڵخۆش نین و بەزۆرەملێ دەنێردرێن.

لە نێو هەموو ئەم کێشمەکێش و گرفتە قووڵ و دەردە کۆمەڵایەتییانەی خێزانە کوردەکان لە ئەوروپا کوڕانی هەمان ئەو خێزانانە بێ سەرئێشە و ئازاد و بێ گرفت بە وێنەی کۆمەڵگا کوردییەکە لە ناوخۆدا لێی دەردەچن. بە جۆرێک، کۆڕان ئازادن لە چوونەدەرەوە و نەگەڕانەوە بۆ ماڵ و پەیوەندی سۆزداری بەستن و باسکردنیشی بە بێ پەردە و بە بەرچاوی خوشکەکانیانەوە لە هەمان خێزاندا.
بە شێوەیەکی گشتیش بەرهەمی هەموو ئەم جۆرە لە پەروەردە و تێڕوانینی خێزانەکان بۆ کچەکانیان وێنەی جۆرێک لە کچانی لاواز لە ڕووی کەسێتی و تێکشکاو و دوو دڵ و خەمبارترمان لە کچانی ناوخۆی کوردستان بۆ بەرهەم دێنێ. چونکە لە کوردستان بە گشتی ژیان و بیرکردنەوە گشتییەکە وەهایە و گەر ئازادیش بدرێتە کچان ڕەنگە خۆیان دەستبەرداری زۆرێکی بن چونکە فەزای خێزان و کۆڵان و قوتابخانە و کۆمەڵگا وەکو یەک بیردەکەنەوە. ئەوان جۆرێک لە رێککەوتنیان لە سەر مەسەلەی ئازادی کچان و مێینە هەیە و جۆرێک لە پشتگیری خودی کچانیشی لەگەڵە. بۆیە دەڵێم ڕەنگە کچانی وڵات دڵخۆشتر و ئارامتر بژین تا بەشێکی بەرچاوی کچانی تاراوگە. چونکە لە وڵات وەک عەرەب ئەڵێت (الحشر مع الناس عید) بەڵام ئەوەی قوڕەکەی بۆ بەشی زۆری کچانی تاراوگە خەست کردۆتەوە تەنها تێڕوانینی بەشێک لە خێزانەکان ئاراستەی ژیانی گۆڕیون، دەنا پەروەردەی گشتی و کۆمەڵگای دەرەوە و یاسا و ڕیساکان شتێکی پێچەوانە دەڵێن. 
لێرە لە ئەوروپا دەیان نەتەوەی ئاسیایی موسڵمان ئایین دەژین. لە نێو هەموواندا هیچ نەتەوەیەک هێندەی کورد و ئەفغانی داخراو و دواکەوتوو نین لە تێڕوانینیان بۆ ئازادی مێ. وە هەموو ئەو نەتەوانەی دیکە لە کورد زیاتر وابەستەشن بە ئاییینەوە.

لێرەشەوە گەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەی کە داخران و تێڕوانینی دواکەوتووی کورد بۆ ئازادی مێینە، کەمتر لە ئایین پەروەرییەوە سەرچاوەی گرتووە تا بیری باوی کۆمەڵایەتی و گرێی دەروونی شەرەفی خێزان و پەردەی کچێنی و نەریتەکانی هاوسەرگیری ئەم دەماری باوکسالاری و هەستی پیاوەتییەی خێزان ئەبزوێنێ. با ئایینیش بەردی بناغەی ئەم تێڕوانینەشی دانابێت.
هەر بۆ نموونە جارێکیان لە باوکێکی نەریتی کوردم پرسی کە زیاترلە بیست ساڵە لە ئەوروپا دەژی و زۆر دژ بە ئازادی کچان بوو، کە ئەگەر هەرچی خێزانی کوردی خاوەن کچ و کوڕە، بیانبەن بۆ دوورگەیەک و یاسا و ڕێسایەکی تایبەتییان بۆ دەربکەن و لە کۆبوونەوەیەکدا لە یەک رۆژدا هەموو کچ و کوڕەکانیان ئازاد بکەن کە پەیوەندی سۆزداری و سێکسی ببەستن. ئەگەر بزانی ئەو کات نابێتە شەرم و عەیبەیەک بۆ هیچ کەس، چ ڕەفتارێک ئەنوێنیت؟ لە وەڵامدا وتی وەک ئەو عالەمە!!
کەواتە دەروونی کچەکانتان ئازار مەدەن و ئازادییان لێ زەوت مەکەن. چونکە ئێوەی باوکان و دایکان حەزی خوایی و بەهرەی جەستەیی و بیر و هزری سروشتیانە و هۆکارەکانی گەشەی ساغلەمی کچەکانتان کردووە بە قوربانی تەنها قسە و قسەڵۆکی کەمینەیەک له باوک و دایک و خێزانی نەریتی لە ئەوروپادا. لە نێو عالەمێک لە خەڵکی دیکە کە تەواو پێچەوانەی تۆ بیر ئەکەنەوە و کچەکانی ئێوەش پەروەردەی ئەو جیهانەن. گەر ڕۆژێک مافی ئازادییەکانی خۆیان پەیڕەو کرد بزانن کە ناخیاندا پێتان دەڵێن بابە و دایە من چیمە بە سەر قسەی ئەم وئەوەوە، منیش وەک ئەو عالەمەم. 

ئەمڕۆ لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی (NRK و NRK SUPER) وڵاتی نەرویج چەندین زنجیرەی تەلەفزیۆنی تایبەت بەو کێشانە نیشان دەدرێت، که زۆرینەی ئەکتەرەکان کوڕ و کچی ڕەوەندەکانی نەرویجن. تەنانەت داڕێژەری سیناریۆکانی هەندێکیشیان هەر ئەو گەنجە بێگانانەن. یەکێ لەو زنجیرانە ناوی (LIK MEG) یە واتە (خۆشت بوێم) کە ئەکتەری سەرەکی کچێکی کوردە بە ناوی سانا عمر و باس لە کێشەی کچە گەنجێکی موحەجەبەی کورد ئەکات لە گەڵ خێزانەکەیدا. وا دەردەکەوێت کە ئەو کچە بە هیچ جۆرێک خۆی بە یەکێک لە کولتوری باوکی و دایکی نازانێت و بڕیار ئەدات شەڕی ئەو کولتورەی نەرویج بە خێزانەکەی بفرۆشێت. هەر ئەمەش وتەی ڕەوەندێکی تورکی بیرخستمەوە کە بەختیار عەلی لە کتێبی ناشوێندا ئاماژەی بۆ کردووە کاتێ دەڵێت (غوربەتی باوکم بوو بە نشتیمانی من، نشتیمانی منیش بوو بە غوربەتی باوکم...)
بۆیە دەڵێم کاتێک کچەکەت خۆی بە بەشێک لە کولتورەکەی تۆ نازانێت هەوڵ بدە لێی تێبگەیت لە جێی سەرگەردانکردنی، زمانی تێگەیشتن بدۆزەرەوە، هەر وەک سانا عومەر لە زنجیرە تەلەفزیۆنییەکەیدا بە باوکی ئەڵێت تکایە هەوڵ بدە خۆشت بوێم، ئێوەش خۆتان بخەنە جێگەی مناڵەکانتان و هەوڵ بدەن وەک ئەوان بن و خۆشتان بوێن.
بۆ خوێندنەوەی کتێبەکەی د. علی الوردی  بە زمانی عەرەبی: