کاتالۆنیا..دەستبەرداری سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوون نابێت

Saturday, 16/01/2021, 20:00

3403 بینراوە


ھەواڵ و دەنگوباسی خەون و ئاواتی بەدەستھێنانی ئازادی و سەربەخۆیی کاتالۆنیا، لە دنیادا بە کۆتایی نایەت. کاتالۆنی نەتەوەیەک مێژوو ستەمی لێکردووە، لێ ویست و خواستی نەکوشتووە.، بۆیەکا بێ پەروا ھەر دەرەتانێکی بێتە بەردەم، دەیقۆزێتەوە بۆ ئامانجی بوونە دەوڵەت.
دەسەڵاتی ستەمکاری ئیسپانی، بە زەبروزەنگ و دەرکردنی بڕیاڕی قورس و سزای گران و ڕاوەدونان، بەدرێژایی ساڵانێکە دەیەوێ ڕووبەڕووی نەتەوەی کاتالانی و ئامانجی ئازادی و سەربەخۆییان بێتەوە،لێ نە مەدرید توانیویەتی بەرشەلۆنە بێدەنگ بکات و نە بەرشەلۆنە ئامادەیە بە هەر نرخێک دەستەبەرداری دروشم و داواکانی بێت.
کاتالۆنییەکان نەتەوەیەکی زیندووی ھۆشیارن و لەسایەی ھەرچی ئێمە پێمانوایە ئەوروپای بەھەشت و وڵاتانی یاسای ئازادی گەلان و دیموکراسی و سیستەمی لیبەڕاڵی و مافەکانی مرۆڤ دا، دابینکەری ئاوات و ئامانجی تایبەتمەندی نەتەوەکان، خەباتێکی ژیرانە بۆ مافە ڕەواکانی خۆیان لە ئازادی و گەیشتن بەدەوڵەتبووندا دەکەن. بەواتایەکی تر ھەرچی خۆشگوزەرانی و دروشمە سارد و سڕ و بێ گیانەکانی دەقی یاسا و خەیاڵی تیۆریستان و زارقەڕەباڵخی ھەڵەوەڕەکانی میدیا و ڕۆشنبیرییە، ناتوانن بە نوقڵی شیرینی درۆ و بەرژەوەندی پەرستی و غەریزەی زاڵی خۆیان، تەفرەی کاتالانییەکان بدەن و بڵێن بێدەنگ بن، سەردەمی لیبەڕاڵی دیموکراسی و گلۆبالیزمە و چیتان داوە لە ئازادی و سەربەخۆیی!!.
ھەڵبەت لەم سەردەمەدا ھەر نەتەوەی کاتالانیی بەتەنیا نییە، بانگاشەی سەربەخۆیی دەکات، ئەوە باسک و گالیزی و سکۆتی و وێڵزی و ئیرلەندی و چەندانی تر، کۆڵنەدەرانە و پشوودرێژانە بە شێواز و میتۆدی جیاواز ، بەدووی ئاواتەکانیانەوەن.
بەپێی وتارێکی رۆژنامەی Der Tagesspiegel ی ئیمڕۆ بڕیارە کاتالۆنیا لە 14.2.21 واتە مانگێکی تر ھەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوە بەرن. ئەم نەوە سیاسییەش، وەک ئەوانی پێشوویان سوورن لەسەر سەربەخۆیی و بەدەوڵەت بوون. ڕۆژنامەکە قسەی لەگەڵ Marie Kapretz ی نوێنەری حکومەتی کاتالانی لە ئەڵمانیا کردووە، ئەویش دەڵێ: نزیکەی 15,000 ھەزار کاتالانی لە ئەڵمانیا دەژین، حکومەتەکەمان ھەموو کارئاسانییەک دەکات تا زەمینە خۆش بکات کاتالۆنییەکانی هەندەرەانیش دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن..
لەم نێوەدا ھاوپەیمانی چەپی کۆماریی کاتالۆنی ، بە وریاییەوە مامەڵە و دانوساندن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی دەکات، نوێنەرەکانی لەپرسی بوجەدا دەنگیان بە پرۆژەکەی سەرۆکی حکومەت Pedro Sánchez دا. ئەمەش بەو نێتەی سەرۆکی سۆسیال دیموکرات،زووتر و زیاتر دان بەسەربەخۆیی کاتالۆنیا بنێن و ڕەزامەندی بدرێ لەسەر ئەو بڕەپارەیەی دوو ملیارد یۆرۆیەی داوایان کردووە، بۆ ژێرخانی ئابووری کاتالۆنیا.
کەواتە ھاوپەیمانی چەپی ناوبراو لە ڕووی ستراتیژییەوە باوەڕی بە جیابوونەوە لە ئیسپانیا و سەربەخۆیی ھەیە. بەڵام حکومەتەکەی چانسێ ناتوانێ لەوە زیاتر گفتی زیاتر بدات و ئێستا ئەویش لەژێر گوشارێکی زۆری حیزبەکانی ئیسپانی لە لایەک و داواکارییەکانی کاتالۆنییەکاندایە. ھەر لەم میانەدا وەک ڕۆژنامەکە ئاماژەی پێداوە، مانگی دێسەمبەر دادگایەکی ئیسپانی بڕیاری ئاسانکاری بۆ جیاخوازێکی کاتالانی دەرکرد.Oriol Junqueras کە، ئەندامی ھاوپەیمانی و جێگری سەرۆکی حکومەتی کاتۆلۆنی پێش 3 ساڵ بە 13 ساڵ سزا درا،لەسەرئەوەی ڕۆڵی گەورەی لە ڕیفەڕاندۆمی سەربەخۆییدا گێڕا، ئەو ڕیفەڕاندۆمەی مەدرید قەدەغەی کرد وتی نابێت بکرێ. وەک ئاگادارن ئەوە ساڵانێکە لە بەرشلۆنە و شارەکانی دیکەی کاتالۆنیا خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەردەبڕن لەدژی حکومەتی ناوەندی و داوای ئازادکردنی گیراوە سیاسییەکان دەکەن و دەڵێن« ئیسپانیای تۆتالیتێر» یاسای تۆڵەسەندنەوە بەسە.

جگە لەباوەڕ و ڕۆحی پشتیوانی و خۆشەویستیم بۆ پرسی ڕەوای کاتالۆنیا و ھەموو بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی نەتەوەکانی جیھان، دەمەوێ لەم باس و بۆنەدا چەند بڕگەیەکی تریش بەسەر بکەمەوە و چەپکێ تیشکی ڕووناکی زیاتر بخەمە سەر باسەکە.
+ جێی شانازییە نەتەوەیەک لەسەدەی 21 دا لە کیشوەری ئەوروپا بە مۆدێرنترین و شارستانیترین میتۆد و شێوازی دیموکراسی، داوای ئازادی و سەربەخۆیی دەکات ، کەچی لێی ناسەلمێنن. کەواتە لەم کۆنتێکسەدا، گەر پرسی کورد وەک نموونە بھێنینەوە شۆڕش کردن و خەباتی چەکداری و لە پێناوی بە دیموکراسیکردنی تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا، نە بارگاوییە و نە گەرەنتییە بۆ چارەسەری دۆزی کورد . خەبات بۆ دروشم و ئامانجێکی لەم چەشنە وەک ستراتیژ، نابەکام و زڕە و ملشکانی سیاسی لە دوایە و ھەڵەیەکی کوشندەیە. ئاخر چەمکی دیموکراسی و لیبەڕالیزم و مافی مرۆڤ، کۆنینە بێت یاخود مۆدێرنە، نەیتوانیوە و ناتوانێ، جێ بە بەرژەوەندی و پایەکانی دەوڵەتی نەتەوەی سەردەست و زاڵ ، چۆڵ و لەق بکات!.
+ جێی دەست خۆشییە، میللەتی کاتالۆنی و سیاسییەکانیان، ئەوانەی باوەڕیان بە سەربەخۆیی ھەیە شێڵگیر و مکوڕن لەسەر داوا ڕەواکانیان. هەروەها ھیچ کەس و لایەنێکیان لەوانەی لەگەڵ سەربەخۆیی کاتالۆنیادا نەبوون، دەستیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی دژ بە نەتەوەکەی خۆیان تێکەڵ نەکرد!...
لەم ڕوانگەوە گەر سەیری کوردستان بکەین، ڕەنگە شتێکی ئاسایی بێت کەس و لایەنگەلێک ھەبن لەگەڵ پرسی سەربەخۆییدا نەبن. بەڵام زیان و ئازار و ناخۆشییەکە لەوەدایە تۆمار بووە، کە بەشێکی بەرەی دژە سەربەخۆیی، بەھانا و پشتوانی لە فۆڕمی جاشێتی و خۆفرۆشی و خاکفرۆشی و ناپاکیدا خۆی دەنوێنێ. بە گوزارشتێکی تر، کورد خۆی بەشێک بووە لە تێکشکاندنی کورد، ئەگەر ھێزی سەرەکی هەرە کاریگەریش نەبوو بێت...!
مەخابن لە مێژووماندا ئەم دیاردەیە، چەند بارە بۆتەوە، بێ ئەوەی بکەرەکانی ئەم تاوانە نەتەوەییە، جارێک لە حوکمی قورس و بێ ڕووحمانەی مێژوو و جەماوەڕ سڵ بکەنەوە و بترسن.!!.
کەواتە ئەرکی نەتەوەیی سەرشانی ھەر تاک و ھێز و توێژێکە، لۆژیکانە بیر لە پرسی نەتەوەکەی بکاتەوە و ئاستی ھوشیاری نەتەوەیی خۆی خورت و بەرز بکاتەوە و لە ڕک و کینە و خۆخۆری پاکی بکاتەوە و بەرژەوەندی باڵای کورد و کوردستان بخاتە سەروو ھەموو ئیعتبارەکانی دیکەوە.، تا دەگەینە دوا ئامانج. دواتر لە کەشوهەوایەکی تەندروستدا درێژە بە پاشماوەی ململانێ کۆمەڵایەتی و سیاسی و یاساییەکان دەدەین .

# گەر وا نەکەن، ڕوو ڕەشانە بەر نەفرەتی مێژوو دەکەون...
# گەر وا نەکرێت، بە میرات ئازارێکی ویژدانی کوشندە بۆ نەوەکانی ئایندەتان بەجێدێڵن...
# گەر وا نەکەن ئێستا دەبنە درۆزن و تەفرەدەر و بازرگان و سبەینێش گۆڕتان تف باران دەکرێت...
+ سڵاو ...لە ویست و داوا و مافی «ئازادی و سەربەخۆیی» کاتالۆنیا و ھەموو نەتەوە بندەستەکانی جیھان ، کورد لە بەرایی ھەمووانەوە...
19Du, Aref Sadeq, Ismail Hassan und 16 weitere Personen
2 Kommentare
Gefällt mir
Kommentieren
Teilen
Kommentare
Weiteren Kommentar ansehen

Alaaden M Darwish
ئەو نەتەوانەی بن دەستن یەکگرتوو بن ئەمڕۆ ناسبەی دەگەن بەسەربەخۆیی
o Gefällt mir·
Antworten
Gib einen Kommentar ein ...


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە